٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كێ لە بەرەی گەلە؟

سەرچاوە: KDP.info

فەرحان جەوھەر

بەرەی گەل زاراوەیەكی كۆنی سەردەمی باڵادەستیی ئایدۆلۆژیای ماركسییە؛ هەموو كودەتاچییەكان و سیستەمە شمولی و دكتاتۆریەكانیش، بە ناوی گەلەوە، خودی گەلەكەی خۆیان كوشتووە، تەنانەت شۆڕشی فەڕەنسایش ملی هەزاران لە رۆڵەكانی گەلەكەی بە مەقسەلە بەناووبانگەی، هەر بە ناوی گەلەوە پەڕاندووە؛ بۆیە ئەمە زاراوەیەكی مەترسیدارە و هەر هێز و لایەنێك بە كاری هێنا، پێویستە هەزارویەك پرسیار و گومانت لەلا دروست ببێت لەسەر ئەو هێزە.
لە دۆخی ئەمڕۆی كوردستان ئەم  زاراوەیە بووه‌تە وێردی سەر زمانی كۆمەڵێك هێزی سیاسیی وەك گۆڕان و ئیسلامی، هەر بۆ نموونە: حزبێكی وەك كۆمەڵ بە شەش كورسییەوە، بە ناوی بەرەی گەله‌وه‌ قسە لەگەڵ حزبێكی تری وەك پارتی دەكات كه‌ سیوهەشت كورسیی هه‌یه‌، خۆی پێ لەبەرەی گەلە و بەرامبەرەكەشی بە دەرچوو لە بەرەی گەل دەزانێت. لە رابردوویشدا ئۆپۆزسیۆن هەر بە ناوی گەلەوە قسەیان كردووە، كەچی ئەوەی ئەلف و بێی سیاسی بزانێ، دەبێت ئەو راستییە بزانێت ئۆپۆزسیۆن واتە كەمینە، چۆن دەكرێت كەمینە بە ناوی گەلەوە بڕیار و لێدوان بدات.
مێژوو فێرمان دەكات، هەموو ئەو هێز و لایەنانەی خاوەن ئەو تێزە یان ئەم تەرزەن لە بیركردنەوە، كە دەسەڵاتیان وەرگرتووە، بوونەتە جەلادی گەلەكانیان و خوێنڕێشتنێكیان بەرپا كردووە، سەروو بنی دیار نەبێت؛ هەرلە شۆڕشی كاسترۆ و ماو و لینینین و تا دەگاتە جەزائیر و قەززافی و سەددام، خۆیان پێ لە بەرەی گەل بووە و نەیارەكانیشیان بە دەرچوو لەبەرەی گەل زانیووە، بە ناوی گەلی هەژار و خێر لەخۆ نەدیوو هەزاران لە نەوەكانی ئەو گەلانەیان سەربڕیوە، بۆیە ئەركی هۆشمەند و عاقڵەكانی وڵاتەكەمانە بەر بەو نەهجە مەترسیدارە بگرن و میللەت لە و بەڵایە هۆشیار بكەنەوە و نەهێڵێن حزب و لایەنێكی سیاسی كە كەمترین ئەركی گەلی لەسەرە و، یەك رۆژ بۆ گەل و نیشتیمانەكەی نەك خۆێنی نەڕشتووە بەڵكو فرمێسكیشی نەباراندووە، بە ناوی گەلەوە بدوێت، لەمەش زیاتر بێیت و حزبێكی نەیاری خۆشت كە زۆر لە خۆت بە سەنگترە و ئەركی پاراستنی وڵاتەكەشی لە ئەسۆیە بە خۆێن، بە دژەگەلی بزانیت.
ئەوەی من تێبینیم كردووە لە نێوان گشت و هێز و لایەنە سیاسییەكان، كەمترین حزب كە بە ناوی گەلەوە قسە بكات، پارتیی دیموكراتی كوردستانە، لە كاتێكدا پارتی خاوەن زۆرترین كورسیی پەرلەمانی بووە، ئەو هێزانەی ئەمڕۆ بە ناوی گەلەوە قسە دەكەن، گەر وەك پارتی هێزی جەماوەری و هێزی سەربازی ودیپلۆماسی و  پەرلەمانی هەبوایە، بەحەق لەگەڵ هیچ لایەنێك نەدەجووڵانەوە و خوا ئەزانێت چییان بە نەیارە سیاسییەكانیان ئەكرد، رەنگە هەندێك ئەمە بە لایەنگری حزبی لێك بدنەوە، بەڵام  ئەوە سەلمێنراوە ئەوەی لە گفتوگۆ تووندوتیژ بێت، ئەو هێزەی بە راست و چه‌پ، بوختان و درۆكردن ببەشێتەوە و تەنها خۆی بە ڕاست بزانێت و، هەموو بیركردنەوەیەكی جیاوازی دەرەوەی دونیای سیاسیی خۆی، بە خیانەت بزانێت، لە هەناوی خۆیدا هەڵگری جۆرێكە لە فاشیزم، كە دەسەڵاتیش وەردەگرێت خۆی بە خاوەنی راستەقینەی گەل دەزانێت و هەركەس پێچەوانەی خۆی بیر بكاتەوە و یا رەفتار بكات، لە مللی دەدەن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار