وه‌ڵامێك بۆ مه‌حموود ره‌زاییه‌كان

رێناس جانۆ
داوای لێبوردن له سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌ی خۆم ده‌كه‌م، چونكه ده‌زانم رێگه‌م پێنه‌دراوه وه‌ڵامی هیچ كه‌سێك بده‌مه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌پێناو پاراستنی یه‌كڕیزیی گه‌لی كورد له به‌غدا، كه به‌ڵێنی نێوانمان وابوو، له حه‌مرینه‌وه كوردایه‌تی بكه‌ین نه‌ك حزبایه‌تی. ده‌شزانم به‌م وه‌ڵامه‌م توشی ره‌خنه‌ی هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌م ده‌بم، ئه‌مه پرسێكی حزبییه و به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرم.
پێموابوو و بڕوایشم ده‌كرد، گه‌نجه‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌رچی بڵێن ئاساییه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نێكیان هه‌یه وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن(ئه‌زمووندارن) ده‌بێت وه‌ڵام بدرێنه‌وه، به دیدی من، ته‌ڤگه‌ری گۆڕان وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی ساوا و تازه دروستبوو، نۆرماڵه هه‌ندێك شتی هه‌بێ به گیانێكی رادیكاڵانه به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر ئاستی گه‌نجه‌كانیان ده‌ری ببڕن، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی به‌ته‌مه‌نه‌كانیان بۆ ئێمه واتایه‌كی تر ده‌گه‌یه‌نێت.
دوای خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی به‌ڕێز كام مه‌حموود ره‌زا ده‌رباره‌ی به‌ڵێنه‌كانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، كه بێویژدانانه و دوور له پێوه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندن قسه‌ی كردووه، منیش به ئارگۆمێنتی بیرهێنانه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانی گۆڕان، شتێك وه‌بیریان بهێنمه‌وه.
مه‌حموود ره‌زا له نووسینه‌كه‌یدا كه له سایته فه‌رمییه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی بڵاو كراوه‌ته‌وه، به هه‌مان رێتمی نه‌وشیروان مسته‌فاكه‌ی، گرێی ده‌روونییه‌كانی خۆیان به‌ستووه‌ته‌وه به هه‌ندێك رسته‌ی ناشیاو و دوور له ڕاستی. ویستوویه‌تی نه‌وشیروان ئاسا، دیسان له‌سه‌ر حیسابی هه‌ندێك شت خۆی به پاڵه‌وان نیشان بدات، بۆیه هه‌روه‌ك بڕیارم داوه هێرش نه‌كه‌م، به‌ڵام وه‌ڵامیش به مافی خۆم ده‌زانم.
دوای هه‌ره‌سهێنانی گۆڕان له جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانیان بۆ ده‌نگده‌رانی خۆیان(ئه‌یگۆڕین) ئێستا گۆڕان له هه‌وڵدایه خه‌ڵكی دیكه‌یش وه‌ك خۆی لێ بكات و، به‌ڵكه بڵێت نه‌ك هه‌ر گۆڕان به‌ڵێنه‌كانی به دی نه‌هێناوه، به‌ڵكو خه‌ڵكی تریش وابوون، به گوتنی هه‌له‌ق و به‌له‌ق(سلێمانی گوته‌نی)، په‌رده‌پۆشی نسكۆ و شكسته‌كه‌یان بكه‌ن به‌تایبه‌تیش دوای ته‌واونه‌بوونی رێژه‌یی یاسایی دانیشتنه‌كه‌ی 19ی ئابی په‌رله‌مانی كوردستان، كه به‌شێك بوو له خیانه‌ت و عه‌قڵی پیلانگێڕی.
ئه‌م به‌ڕێزه نازانم چۆن ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراقه، كه ته‌نیا خۆی و كاك نه‌وشیروان ده‌زانن به چ رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی تر سه‌ركه‌وتن و به چ نیاز و مه‌به‌ستێك؟ ئه‌وه‌یان هه‌ر ته‌نیا خوا ده‌زانێت. ئه‌م به‌ڕێزه واتا كاك مه‌حموود ره‌زا باس له 10 ساڵی ماوه‌ی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی كوردستان ده‌كات و، باس له به‌ڵێنه‌كان ده‌كات. پێشوه‌خته بیری چووه هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ خۆی و حزبه‌كه‌ی بكات له ماوه‌ی 6 ساڵی رابردوودا چیان گوت و چیان كرد؟ یاخود ده‌یانه‌وێ به به‌هانه‌ی ئه‌م شتانه‌وه دیسان خۆڵ بكه‌نه چاوی خه‌ڵك و خۆیان له جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كان دوور بخه‌نه‌وه و، به‌رپرسیارێتی هه‌ڵنه‌گرن. وه‌ك چۆن ده‌یانگوت "كوشتاری حزبی شوعی له پشتئاشان و شه‌ڕی براكوژی، ئێمه نه‌بووین و ئه‌وان بوون. به‌مشێوه‌یه‌یش ده‌یانه‌وێ خۆیان له 6 ساڵی بێبه‌ڵێنی په‌رده‌پۆش بكه‌ن.
كاك مه‌حموود وا ده‌زانێ خه‌ڵكی كوردستان له‌وه تێناگات كه شه‌و تاریكه و رۆژ رووناكه. ده‌بێ باشتر له‌وه تێبگات خه‌ڵكی كوردستان هۆشیار و به متمانه و چاوكراوه‌ترن، ده‌زانن كێ ناو ماڵی كورد تێكده‌دات و كێ ناو ماڵی كورد ده‌پارێزێ و، له به‌ره‌كانی جه‌نگ دژ به تیرۆر و گروپی تیرۆریستی داعش ده‌جه‌نگێ، باشتر له‌وه تێده‌گه‌ن كێ به‌رپرسی میحوه‌ری گردێك و ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌تی و ته‌نانه‌ت بۆ پرسه و سه‌ره‌خۆشیی شه‌هیدانی رێگای به‌رگری له خاك و نه‌ته‌وه‌یش، سه‌ردانی خانه‌واده‌كانیان ناكات.
چه‌ند خۆش ده‌بوو كاك مه‌حموود پێش نووسینی ئه‌و وتاره‌ی، ئامارێكی له‌به‌رده‌ست بوایه تا بیزانیایه چه‌ند زانكۆ و قوتابخانه له ساڵی 2005ه‌وه تا ئێستا كراونه‌ته‌وه، گرینگ ده‌بوو بیزانیایه چه‌ند سه‌نته‌ری ته‌ندروستی كراونه‌ته‌وه و چه‌ند قوتابی بۆ خوێندنی باڵا و بڕوانامه‌ی به‌رز، نێردراونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی وڵات. ده‌بوو ئامارێكی وردت هه‌بوایه بتزانیایه له ماوه‌ی ئه‌م 10 ساڵه‌دا چه‌ند كۆنسووڵگه‌ری و نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتانی جیهان له كوردستان كراونه‌ته‌وه، ده‌بوو له رێگه‌ی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌تانه‌وه بتزانیایه له شه‌ڕی داعشدا سه‌رۆك بارزانی چه‌ند رۆڵی هه‌بووه له دروستكردنی هاوپه‌یمانێتیی دژ به داعش و، چه‌ند وڵات هاتنه سه‌ر خه‌ت بۆ شه‌ڕی داعش و چه‌ند هاوكاریی سه‌ربازی گه‌یه‌نراوه‌ته كوردستان. ده‌بوو بیزانیایه له ماوه‌ی ئه‌و 10 ساڵه چه‌نده ده‌ستكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌بوونه؟ ده‌بوو كاك مه‌حموود پێش نووسینه‌كه‌ی ئاوڕی له‌وه بدایه‌ته‌وه كێ دووبه‌ره‌كی و ئینشقاقی كرد، له‌سه‌ر چی و ئۆباڵی له‌یه‌كترازانی ماڵی كورد له‌پێناو چی و، بۆ كێ بوو؟
كاك مه‌حمود ده‌بوو ره‌چاوی ئه‌وه‌ی بكردایه كه خۆی نه‌هێنێته ئه‌و ئاسته‌وه وه‌ڵام بدرێته‌وه، چونكه وه‌ڵامدانه‌وه په‌رده‌ی زۆر شت له‌سه‌رتان هه‌ڵده‌ماڵێ، كه چه‌ند ساڵه به ناوی گۆڕان و چاكسازییه‌وه مه‌رامی خۆتان جێبه‌جێ كردووه، نه‌ك ویستی خه‌ڵك.
له‌وه‌ش تێده‌گه‌ین كاك مه‌حموود و بزووتنه‌وه‌كه‌ی په‌رۆشن بۆ عێراقی خۆشه‌ویست!! ئه‌و عێراقه‌ی جه‌نابتان به یه‌كگرتووتری ده‌بینین له چاو شوێنی تر، ده‌زانم خه‌متانه عێراق هه‌ر عێراقی جاران بێ و هه‌ر كاتێك ویستیان بۆ له‌ناوبردنی ماڵی بارزانی له‌گه‌ڵیدا رێكبكه‌ون. به‌س پرسیارێك له ویژدانی كاك مه‌حموود ده‌كه‌م، ئه‌وه كێ بوو عێراقی تێكدا، بارزانی یاخود نووری مالیكی؟ ده‌كرێ بپرسن هۆكار چییه هه‌موو دنیا، به شیعه و سوننه‌ی عێراقیشه‌وه مالیكی به تاوانبار ده‌زانن له تێكچوونی ره‌وشی عێراق، ئه‌وه خێره ته‌نیا خۆت و ئامۆزاكه‌ت ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی سه‌رۆك بارزانی؟ ئه‌م گرێی ده‌روونییه چه‌نده درێژه‌تان پێ ده‌دات؟ ئه‌م گرێیه ده‌روونییه‌ی خۆت و ئامۆزاكه‌ت تاكه‌ی ده‌بێته گیانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌تان؟ چۆن توانیتان بیر له‌وه نه‌كه‌نه‌وه كه به چه‌ك و هێز و سوپا و شه‌ڕ و جاشایه‌تیتان، خه‌ونتان بێته دی، ئه‌وا چۆن بیرتان له نیساب ته‌واوكردن كرده‌وه؟
نووسینه‌كه‌ی كاك مه‌حموود باس له پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كات. سه‌یره موزایه‌ده به‌م پرسه‌یشه‌وه ده‌كه‌ن، ده‌بێ كاك مه‌حموود له خۆی و ئامۆزاكه‌ی بپرسێ، ئه‌رێ چه‌ند رۆژ له به‌ره‌كانی جه‌نگ بووین؟ چه‌ندجار تۆز و خۆڵ و سه‌رما و گه‌رمای به‌ره‌ی جه‌نگ لێیداوین؟ تۆ بڵێی له‌و ئاسته بیت خۆت له سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی بۆ پێشمه‌رگه به دڵسۆزتر بزانی؟ ئه‌وه پێشمه‌رگه‌یه له جیاتی ئه‌م پرسیاره‌ی من و تۆ وه‌ڵام ده‌داته‌وه. قه‌یدیناكات با گه‌ل بڕیار بدات، خۆ پارتی‌یش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی داوا كردووه، به‌ڵام كێ رێگره؟
ده‌زانم كاك مه‌حموود كاتێك ده‌ستی به نووسینه‌كه‌ی خۆی كردووه، وه‌بیر خۆی هێناوه‌ته‌وه كه پارتی هه‌موو كادیری خۆی بێده‌نگ كردووه و، ره‌چاوی دۆخه‌كه ده‌كه‌ن و زۆرتر خۆیان به به‌رپرسیار ده‌زانن، بۆیه به پشووی درێژه‌وه قسه‌ی خۆی كردووه و به خه‌یاڵی خۆی كه‌س نییه وه‌ڵامی چه‌واشه‌كارییه‌كانی بداته‌وه. ده‌بوو بیزانیایه له راستكردنه‌وه‌ی چه‌واشه‌كارییه‌كان درێخی ناكه‌ین و رێگه ناده‌ین خۆڵ بكرێته چاو میلله‌ته‌كه‌مانه‌وه.
كۆتا په‌یامیشم بۆ كاك مه‌حموود و هاوشێوه‌كانی ئه‌وه‌یه: پارتی به شانازییه‌وه هه‌موومانی وه‌ها په‌روه‌رده كردووه كه هۆكار نه‌بین بۆ ئه‌وانه‌ی، تێكدانی ناوماڵی كورد و ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی له به‌غدایان كردووه‌ته ئامانج، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه ئه‌و جوامێرییه‌مان به‌كار بهێنرێ بۆ رشتنی تۆوی دووبه‌ره‌كی و له‌یه‌كترازان، با چیتر په‌نجه‌كان یه‌كتر نه‌شكێنن و، ناچارمان نه‌كه‌ن په‌نا به‌رینه به‌ر وه‌ڵامدانه‌وه، ئه‌گینا ئێوه باشتر ده‌زانن وه‌ڵاممان چه‌ند توند ده‌بێ.




