پیاوه مه‌زنه‌كه

محه‌ممه‌د خدر
گه‌لی كوردستان كه هێشتا به مافی چاره‌نوسی خۆی نه‌گه‌یشتووه، بێ هۆ نییه؛ چه‌ندان هۆكاری بابه‌تی و خودی و ده‌ره‌كی هه‌ن، یه‌كێك له‌و ده‌رد و به‌ڵا زۆر ترسناكانه به‌دحاڵیبوون و فریوخواردنه، به‌داخه‌وه ئه‌و خه‌سڵه‌ته له چه‌ندان قۆناغی مێژوویی‌دا خۆی دووباره كردوه‌ته‌وه، هه‌میشه دوژمناكانمان سودیان له ساویلكه‌یی و ده‌مارگیریی عه‌قڵیه‌تی په‌ڕگیریی خۆمان وه‌رگرتووه؛ ئه‌وه‌تا له ڕۆژگارێكی وه‌كو ئه‌مڕۆدا، كه شه‌ڕی جانه‌وه‌رێكی وه‌كو داعش یه‌خه‌ی گرتووین، ده‌سه‌ڵاته شه‌پڕێوه‌كه‌ی به‌غدا مووچه‌ی بڕیوین، وڵاتانی داگیركه‌ر دنه‌ی پشێوی و ناكۆكیی ناوخۆ ده‌ده‌ن، كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ی سیاسی كه مێژوویێكی زۆر شومیان هه‌یه له شه‌ڕی ناوخۆ، شه‌ڕی (ده‌وه‌ن، ئاش) به لایه‌نێكی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ری وه‌كو پارتیی دیموكراتی كوردستان ده‌فرۆشن، به ناوی گۆڕانكاری له سیسته‌می سیاسی‌دا گۆبه‌ندێكیان ناوه‌ته‌وه، پسپۆر و سیاسه‌تمه‌دارانی بیانییش سه‌ری لێ ده‌رناكه‌ن. وڵاتێك به مافی سه‌ربه‌خۆییی سیاسی نه‌گه‌یشتبێ، ژێرخانی ئابووری و سه‌رخانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی له ئاستی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت و پێگه‌یشتندا نه‌بێ، چۆن و به چ شێوازێك ده‌یانه‌وێت سیسته‌می سیاسی بگۆڕن.
ئه‌وكاره‌ی ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یكه‌ن، ئاوكردنه به ئاشی دوژمنانی گه‌لی كوردستان. ڕۆژانه بڵندگۆ، فیتنه‌گێڕه‌كان ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ كۆمه‌لێك زمان هه‌راشی هه‌ڵه‌وه‌ر، به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكانی دڵسۆزی وه‌كو كاك ئاشتی هه‌ورامی، كه وه‌كو به‌هره‌یه‌كی زۆر ده‌گمه‌ن و دانسقه هه‌ژمار ده‌كرێ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان، له‌جیاتی ئه‌و تانه و ته‌شه‌ره‌ی لێی ده‌گرن، ده‌بوو داوای لێبوردنیان لێی بكردبا به‌رامبه‌ر ئه‌و بوختان و چه‌واشه‌كاریانه‌ی كه پێشوتر بۆیان هه‌ڵبه‌ستبوو. كورد و كوردستان به خه‌ونیش وه‌كو ئێستای به‌خۆوه دیووه، نه‌وتی خۆی بۆ خۆی بفرۆشێ؟ ڕژێمه داگیركه‌ره‌كان كوردیان ته‌نها به جاش و هاووڵاتی پله‌دوو قبووڵه، شه‌رم نییه چاومان له نموونه‌یه‌كی وه‌كو شه‌هرستانی بێت ئاخۆ كه‌ی خێرمان پێ ده‌كات كاره‌با و سووته‌مه‌نیمان ئه‌داتێ، ئه‌گه‌ر مشوورخۆریی رێبه‌رانی خۆمان و پسپۆرێتیی ئه‌و پیاوه مه‌زنه نه‌بوایه، ئێستا چیمان ده‌كرد؟ بڕینی مووچه، شه‌ڕی داعش، ئاسته‌نگی ناوخۆ، ئه‌و هه‌موو كاره‌ساتانه ڕوویان كردووه‌ته كوردستان، به‌ڵام هێشتا له‌به‌رامبه‌ر شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق، كوردستان وه‌كو ئه‌ورووپا وایه.
له‌م ڕۆژگاره‌دا پێویسته سه‌ركرده و مرۆڤه مه‌زنه‌كانی وه‌كو وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كان پشتگیری بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی پشتئه‌ستوور بن به ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌یان، ئه‌گه‌ر هه‌موومان هاوكار و پشتیوانی یه‌كتر بین، به دڵنیایه‌وه هه‌موو ئه‌و قه‌یرانه و كێشانه تێده‌په‌ڕێنین و سه‌رده‌كه‌وین.




