٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مووچە ناگەڕێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

بە لاوازكردن و لەباربردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی، كێ قازانج دەكات و چیی زیانی بەر دەكەوێت؟ هەندێ دەنگ و ئاوازیش بیستران كە نەك تەنیا باسی لاوازكردنی دەكات، بەڵكو بە زیادەیشی دەزانێ و داوای نەمانی دامەزراوەی سەرۆكایەتی دەكات. ئەوە لە حاڵێكدایە كە سەرۆكایەتی لە دە ساڵی ڕابردوودا، ڕۆڵی سەروەریی لە كوردستاندا گێڕاوە. هەوڵی داوە ئەو كەلێنەی لە نەبوونی سەربەخۆیی و دەوڵەتبووندا لە ئارادایە تا ڕادەیەك پڕ بكاتەوە.
نەهێشتن یان لەباربردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی، نیشانەگرتنی سەروەریی هەرێمی كوردستانە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر سەرۆكایەتی نەمێنێت، كێشەی كارەبا و مووچە و بەنزین و نادادپەروەری و گەندەڵی، هەر وەك خۆی دەمێنێتەوە و بگرە قووڵتریش دەبێت. چونكە لە بنەڕەتدا بەڕێوەبردن و دەستەڵاتی جێبەجێكار لەم وڵاتەدا لە دەستی سەرۆكایەتیدا نەبووە. حكوومەت و وەزارەتەكان و پارێزگا و یەكە ئیدارییەكانی دیكە، بەرپرسی سەرەكیی ئەم دۆسیانەن. لەوەیش بترازێ، دوو زۆنی و چەند زۆنی و ڕوانگای جیاوازی حزبەكان بۆ ژیان و سیاسەت و داهاتوو، گرفتێكی دیكەی ئەم وڵاتەیە. نەبوونی ڕوئیای هاوبەشی نیشتیمانی لەسەر پرسە جەوهەرییەكان، هەموو ئەو هەوڵانە پەك دەخات كە دەیەوێ ژیان لە كوردستاندا بخاتە سەر ڕێگەیەكی دروست.
گرفتێكی دیكە لاوازی دامەزراوەكانی چاودێری و جیانەبوونی دەستەڵاتەكان، باڵادەستیی حزبە لە كاروباری وڵات. زۆر بە هەڵەدا دەچین كە گرفتەكانی ئەم سەرزەمینە لە دامەزراوەیەك كورت بكەینەوە، كە مەعنییش نییە بە كێشەكان. ئەرك و كاری دامەزراوەی سەرۆكایەتی زۆر ڕوون و ئاشكرایە و خۆی لە سێ دۆسیەی سەرەكیدا دەبینێتەوە و، تا ڕادەیەكی زۆریش لە ئەدای خۆیدا سەركەوتوو بووە. سیاسەتی دەرەكی و ئیدارەدانی شەڕ و دۆسیەی ئاساییش، سێ تەوەری سەرەكیی كاری سەرۆكایەتیی هەرێمن و، ئەگەر هەرێمی كوردستان شانازییەكیشی هەبێت، لەم سێ دۆسیەدا وەدەستی هێناوە.
بۆ توندوتۆڵكردنی ئەم وڵاتە و قووڵتركردنی دادپەروەری، گۆڕەپانێكی گەورەی كاركردن هەیە ئەگەر نییەتی كاركردن هەبێت. بەڵام ئەگەر هەموو هەوڵێكی نەشتەرگەری لە سەرۆكایەتیدا چڕ بكرێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە گرفتەكان قووڵتر دەبنەوە. پەڕوباڵكردنی سەرۆكایەتی، ڕووتاندنەوەی هەرێمی كوردستانە لە سەروەری و بەخشینەوەی سەروەرییە بۆ بەغدا. ئەو بەغدایەی نە سیستەمەكەی و نە پێوەرەكانی، هیی ئەوە نیین ئێرەیی پێ ببەین و بیكەین بە سەرمەشقی خۆمان. بە نەمانی سەرۆكایەتی، مووچە ناگەڕێتەوە و گیرفانەكانیش پڕ نابن، بەڵكو دەبینەوە پاشكۆی عێراقێكی زەلیل و بندەست.

هەواڵی پەیوەندیدار