لە چاوەڕوانی سازان یان دەرچوون لە قەیران؟

سەرۆ قادر
هەرێمی کوردستان، پشتی لە هەموو هەڕەشەکان کردووە و سەرکردەکانی سەرقاڵی کێشەیەکن، کە کۆتاییەکەی هیچە! داعش چەند کیلۆمەترێک لە شارە گەورەکانمانەوە دوورە، وڵاتانی دەوروبەر دەستیان هێناوەتە ناو کێشەکان(ئەگەر خوڵقێنەری نەبن!)، باری ئابووری هەروا خراپ دەبێت(سەرکردەی حزبەکان دوعا دەکەن خراپتر بێت). بیانووی ئەم قەیرانە، چەسپاندنی دیموکراسییە لە وڵاتێکدا نە دەوڵەتی هەیە و نە سەروەری خۆیەتی، تا نیزامێکی دیموکرات بۆ سیستەمی سیاسی دروست بکات. لە کوردستاندا دەستاودەستکردنی دەسەڵات ئێستا لە ئەولەویەتدا نییە، چونکە هەڵمی هەناسەی دوژمن دەمانگاتێ. ئینجا سەرکردەی ئەو حزبانەی دەستاودەست دەخوازن، نەک هەر واقیعبین نین، بەڵکو بە کردەوە و بە باوەڕ، چەند قۆناغەڕێ لەو ئامانجەوە دوور و جیاوازن. پەرێزی ئەوانە تا ئێستایش شاهیدیی باوەڕبوونیان بە دیموکراسیی بۆ نادات. کەواتە کیشەکە لەسەر خواستێکی دیکەیە. ئەو خواستەیان دوورخستنەوە و ڕووخاندنی بارزانییە.
وڵاتی ئێمە وەک خاک، ساڵێکە لە دەستی کوردستانیاندایە، بەڵام سەربەخۆ و خاوەنی چارەنووسی خۆی نییە. لە هەر تێکچوونێکی پارسەنگی سوپایی و سیاسیدا، تەفروتونا دەبین. وڵاتانی داگیرکاری کوردستان لە دەوروبەرمان، دەیانەوێت لەم قۆناغە یەکلاکەرەوەدا، هیچ نیزام و دەسەڵاتێکی دەستڕۆیشتوو لە هەرێمی کوردستاندا نەبێت. بۆیە شیعاری "قەی چی ئەکات با سەرۆکمان نەبێت" بە حزبە دۆستەکانیان بەرز کردووەتەوە. بە پێچەوانەی ئەوانەوە، بارزانی و هاوپەیمانەکانی، دەزانن کورد لە کێبەڕکێیەکی مێژووییدایە لەگەڵ زەمان و ڕووداوەکان. ئەگەر مافی سەربەخۆیی لە دەست بدەین، ئیدی بە درێژایی سەدەی بیستویەک، بندەست دەمێنینەوە.
کورد لە بەرامبەر ئەرکی مێژوویی خۆیدایە. لێرەدا پێویستە بارزانی پشتیوانیی بکرێت تا لە قۆناغەکە دەردەچین. ئەگینا مەبەست سەرۆکایەتیی هەرێم نییە. من پێموایە ئەگەر ئەو پۆستە ئامانج بوایە، بارزانی ئەوە تێدەگات کە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی یاساییی خۆی، دەبێ یەکێکی دیکە لە حزبەکەی خۆی کاندید بکات(دەشیکرد).
بەو تێگەیشتنە لە خواستی بارزانی، لە بەردەوامیکردنیدا لە سەرۆکایەتیی وڵات، دەردەکەوێت مەترسییەک بە ناوی دیکتاتۆری وجودی نییە. دوای سەربەخۆیی، ئەوە دەستڕەشی و سەلەفییەت و توندڕۆییی دینی و ئایدیۆلۆژیی عەبەسییەتە کە وەک هەڕەشە، لەوانەیە ببنە لەمپەر لە پێش مەدەنییەت و دیموکراسی. ئەویش ئەوکات بیری لێ دەکرێتەوە.
یەکڕیزیی نیشتمانی، لە پێشەوەی هەموو خواستێکی دیکەیە، چونکە هەڕەشەیەک لەسەرمانە کە ڕەش و سپی پێکەوە لەناو دەبات. فرسەتێکمان لەپێشە ئەگەر وریا نەبین، بە یەک جار لە دەست هەمووان دەچێت. حیکمەتی یەکڕیزبوونمان لەوەدایە. پێویستە حکوومەتی کوردستان بەهێزتر بکرێت، داوای لێ بکرێت تواناکانی خۆی کۆ بکاتەوە، سامانی وڵات بپارێزێت تا گەلەکەمان لە بەڵای بەر دەرگا، دوور بکەوێتەوە. لە گەندەڵی و دژایەتیکردنی دامودەزگای هاوچەرخدا، هەموو حزبەکان بەشدارن، کەسیان لەوی دیکە باشتر نییە. تەنیا دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویییان جیاوازە. بۆیە بەرزکردنەوەی ئەو شیعارە(گەندەڵی) وەک شیعاری سەرەکی، چاوی گەل بەستن و ماڵی خۆ وێرانکردنە. جیهانی مەدەنی، بەرخۆدان و پاراستنی وڵاتیان لە کورد دەوێت، داوای دیموکڕاسی خاڵسی لێ ناکەن. هەڵبەت ئەم قسەیەم بۆ پەنادانی گەندەڵی و نەبوونی دامودەزگا نییە. وەک پەندە کوردییەکە دەڵێ: ئەگەر گاڕانیان بە خڕی برد، ناتوانی لە گۆلکەسوورەکەت بپێچییەوە!
بۆیە من پێموایە، پێویستە سەرۆک بارزانی، بیر لە دەرچوونێکی بەهێز و خێرای وڵاتەکەمان لەم قەیرانە بکاتەوە. ڕاوێژی یاساناسە شارەزاکانی کوردستان(ژمارەیان زۆر نییە) وەربگرێت و دۆخەکە یەکلایی بکاتەوە. ئەو یەکلاکردنەوەیە لە بەرژەوەندیی سەربەخۆیی و پاراستنی گیان و خاکی هاونیشتمانیان بێت. ئەولەوییەت لەوەدایە نەک لە کات بە فیڕۆدان و وەخت کوشتن. پێویستە وڵات نەگاتە قۆناغێک کە ئیدی کەس ددان بە کەسی تردا نەنێت. سەرۆک کارە سەرۆکایەتییە چاوەڕوانلێکراوەکەی بکات. میللەتان بۆ ڕزگاری سەرۆکیان پێویستە تا ئیرادەیان یەکبخات، نەک مەکۆی عەبەسییەتی کاتبەفیڕۆدەر، کە چارەنووس بەرباد دەدات. زۆرینە و کەمینە بووەتە یارییەکی ترسناک کە ئیرادەی دەرەکی و دژ، دەستەکانی ناوخۆ دەجووڵێنیت. لە ناوە و دەرەوەی پەرلەمان، دژی هاوپەیمانانی کوردستان، بەتایبەتی ئەمەریکا، بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان.. قسە دەکرێت و تانەیان لێ دەدەن، کەچی نوێنەری ئێران دێننە ناو هۆڵی پەرلەمان و دەیکەنە چاودێری یەکلاکردنەوەی نەهێشتنی هیچ سەرۆکێک بۆ کوردستان! ئیدی یارییەکە قێزەوەن بووە.
بۆیە ئەگەر سەرکردەی حزبەکان، بە خێرایی لە بەرژەوەندیی یەکڕیزی و چارەنووسی گەل و نیشتمان ڕەفتار نەکەن، سەرۆک با بۆ مێژووی خەباتی کورد و کاریزمای خۆی و ئامانجی سەربەخۆیی گەل بگەڕێتەوە، چونکە دیارە پێناوێکی دیکە بۆ ڕزگاری نابیندرێت.
لە 'گوڵان'ـەوە




