٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پارتی و یەكێتی

سەرچاوە: KDP.info

سەروتاری ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتی

شەڕی نەگریسی خۆكوژی، قۆناغێكی تاریك و تاڵ بوو و، بەشێكی ئاسەوارە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی هەتا ئێستایش هەر ماون. خۆشبەختانە ئەم قۆناغە ناخۆشە كۆتایی هات و بە ڕێككەوتنی ئاشتیی نێوان یەكێتی و پارتی و دواتریش ڕێككەوتنی ستراتیژی و كاری پێكەوەیی، دەستكەوتی زۆر مەزن لە ئاستی نێوخۆیی و عێراق و نێودەوڵەتی، بۆ هەرێمی كوردستان مسۆگەر كران.

پێكەوەبوونی یەكێتی و پارتی، لەسەر ئەو بنامایانە بوون كە جەنابی مام جەلال و سەرۆك بارزانی لەسەری ڕێككەوتبوون، كە خۆی لە تەوافوق و كردنەوەی لاپەڕەیەكی تازە و كاركردنی هاوبەش بۆ پێشخستنی كوردستان دەدیتەوە. پارتی و یەكێتی بەیەكەوە گەییشتنە زۆر ئامانجی مەزن. كوردستان بووژایەوە و ئیدارەكان یەكیان گرتەوە و فرەیی سیاسی و ئازادیی بیروڕا پەرەی سەند. هەر بەهۆی ئەم پێكەوەبوونە، پێگەی گەلی كوردستان لە ئاستی جیهانیدا هەڵكشانێكی بێوێنەی بەخۆیەوە دیت. هەموو ئەوانە لە ئەنجامی برایەتی و پێكەوەبوونی پارتی و یەكێتییەوە بووە.
هەر ئەو برایەتییەش بووە كە وای كرد، پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی داعش بشكێنێت. فیداكاریی پێشمەرگەی پارتی و یەكێتی لە یەك سەنگەردا، باشترین بەڵگەیە كە یەكبوون و یەكڕیزی چۆن دەبێتە هۆی سەركەوتن و شانازیی نیشتیمانی. لەناو سەنگەرەكاندا لەژێر فەرماندەیی پێشمەرگەیەكی یەكێتی دەیان پێشمەرگەی پارتی شەهید بوونە و، لەژێر فەرماندەیی پێشمەرگەیەكی پارتییش، پێشمەرگەی یەكێتی خوێنی خۆی بەخشیوە. ئەوە ئەم وانە گرانبەهایەیە كە دەبێ سیاسییەكانی پارتی و یەكێتی لێی فێر بن و بیكەنە هەوێنی كاری داهاتوویان. دەبێ لەوەیش دڵنیا بین كە پێشمەرگەی پارتی و یەكێتی دەستلەناودەست ڕێگە نادەن خەڵكی تر بە شێوەیەكی نامەسئولانە یاری بە چارەنووسی گەلی كوردستانه‌وه‌ بكەن.
لەگەڵ ڕێز بۆ هەموو یەكێتییە تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرەكان، بەداخەوە لەناو یەكێتی هەندێ دەنگ هەن كە دەڵێن یەكێتی لە ماوەی ڕابردوودا بووەتە پاشكۆی پارتی. ئەمە دوورە لە ڕاستی؛ یەكێتی هاوبەش و هاوپەیمانی پارتی بووە و زۆر جاریش پارتی بۆ پشتیوانی لە یەكێتی لە مافی خۆی خۆش بووە. باشترین نموونە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009 بوو كە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی لەتكردنی یەكێتی لە لایەن نەوشیروان مستەفاوه‌، یەكێتی دەنگی زۆر دابەزی، بەڵام پارتی ڕەچاوی ڕێككەوتنی ستراتیژی و بەرژەوەندیی كوردستانی كرد و كورسییەكانی خۆی لەگەڵ یەكێتی بەش كرد و، هەر بە چاوی یەكێتییەكەی جاران سەیری یەكێتی كرد. بەڵام ئەوانەی ئیمڕۆ هەوڵی تێكدانی نێوان پارتی و یەكێتی دەدەن، ئەوانەن كە هاوشان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا خاوەنی هەمان گرێ دەروونییە كۆنەكانی خۆیانن. هەر ئەوانەیشن نەك تەنیا بوونەتە پاشكۆی، بەڵكو بڕیاری یەكێتییشیان تەسلیمی نەوشیروان مستەفا كردووە.
قەیرانەكەی ئێستا نە لە مەسلەحەتی كوردستانە و نە لە بەرژەوەندیی یەكێتییش. ئەبێ یەكێتییەكان بە قووڵی بیر لەوە بكەنەوە كە ئایا گۆڕان هیچ كات ئامادە دەبێت كە لەپێناو بەرژەوەندیی كوردستاندا، یەك كورسیی خۆی بداتە یەكێتی؟ ئایا ڕەوایە چارەنووسی جەماوەری یەكێتی بدرێتە دەستی كەسێك كە حزبەكەیانی لەتوپەت كرد و، ئێستایش دەیەوێ زیاتر بچووكی بكاتەوە و، هیچ ئیشێكی نییە، تەنیا دەیەوێ جەماوەری یەكێتی لەسەر بنەمای دوژمنایەتیی پارتی بۆ لای خۆی ڕابكێشێت و، دەیەوێ سیستەمێك دابمەزرێنێت كە لە گردەكەوە بە ڕیمۆت كۆنتڕۆڵ، پارلەمان و سەرۆكی وڵات و جەماوەری یەكێتی كۆنتڕۆڵ بكات؟ ئایا ڕەوایە كەوادیری یەكێتی گوێ بۆ نەفەسی دوژمنكارانە شل بكات و، پشت لەو ئاشتی و برایەتییە بكات كە جەنابی مام جەلال بناخەی بۆ دانا؟
 

هەواڵی پەیوەندیدار