٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سایكۆلۆژییای لەشەرعییەت خستن

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا
لە قەدەری بەدی ئەم میللەتەدا هاوتەریب لەگەڵ هەموو ئەو تێكۆشانانەی ویستوویەتی شەرعییەت لە كوردستان بخاتە سەرپێ، هەوڵێكی نێوخۆییش هەبووە بۆ لەباربردنی شەرعییەت و لە شەرعییەت خستن.
لەشەرعییەت خستن لە كوردستاندا بەر لەوەی كردەیەكی یاسایی و سیاسیی دروست بێت، پتر سایكۆلۆژییایە كە ئاوسە بە عەبەسییەت و ئێرەیی، بارگاوییە بە ڕق و یەكترقبووڵنەكردن، لێوانلێوە لە حەزی ئینكار و لەناوبردن و تۆڵە. لەشەرعییەت خستن لە كوردستاندا پێش ئەوەی پڕۆسەیەكی حەقیقی بێت و پێداویستییەكانی هەبن، وەهمێكی دروستكراوە و مەكینەی ڕاگەیاندن و جنێو و سووكایەتیكردن پاڵپشتیی دەكات.
كوردستان قۆناغە سەختەكەی شەڕی ناوخۆی تێپەڕاند و هەموو ئەو هەوڵانەی تینووی لەشەرعییەت خستن و ڕاپێچكردنی كوردستان بۆ تونێلی تاریك بوون، سەری نەگرت. دوای 2003 یەكەمین هەوڵی لەشەرعییەت خستن لە لایەن نەوشیروان مستەفا ل ەدژی هاوڕێ و هاوسەنگەری خۆی مام جەلال ئەنجام درا. ئەو یەكێتیی لەت كرد بۆ ئەوەی مام جەلال لە بەغدا بكەوێتە هەڵوێستی لاواز و قسەی نەڕوات و لەشەرعییەت بكەوێت. ئەو هەوڵە زیانی لە پێگە و دەستڕۆییشتووی كوردستانیش دەدا لە عێراق و ناوچەكە. چۆن حزبی سەرۆككۆمار ئینشقاقی تێبكەوێت و ئەوەیش ڕۆڵی خۆی هەر بگێڕێت؟ سەرۆكی هەرێم باش لەو مەترسییە گەییشت و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی حزبەكەی سەرۆككۆمار بوو.
دووەمین هەوڵی جیددی بۆ لەشەرعییەت خستنی كوردستان، بەیاننامەكەی بزووتنەوەی گۆڕان بوو بەر لە ڕووداوەكانی حەڤدەی شوبات. بەهاری عەرەبی شەهیەی ڕێكخەری گۆڕانی كردووە بۆ ئەوەی چانسی خۆی بۆ گەڕێكی دیكەی لەشەرعییەت خستن تاقی بكاتەوە. بەبێ موناسەبە داوای هەڵوەشانەوەی حكوومەت و پارلەمانی كرد. ئەوە لە كاتێك بوو كە دوو ساڵ بوو هەڵبژاردنی هەرێم كرابوو و چەند مانگێكیش بەسەر هەڵبژاردنەكانی عێراق تێپەڕیبوو و، گەل شەرعییەتی نوێ كردبوو. ئەگەرچی نوێنەریشیان لە پارلەمان هەبوو، بەڵام ئەو حەزی لە شۆڕش و كۆدەتا بوو و ئەم حەزە ڕووداوەكانی حەڤدەی شوباتی لێكەوتەوە. كوردستان تۆكمەتر لەوە بوو حەزەكە بتوانێ لێكیهەڵوەشێنێت و خۆی لەبەرانبەر ئەم وەهمە بەدەستەوە بدات.
شكستی نەوشیروان مستەفا لە هەڵوەشاندنەوەی كوردستان نەبووە هۆی ئەوەی كۆتایی بە حەزی لە شەرعییەت خستن بهێنێت. ئاسانترین نێچیر لەو كات ڕەشنووسی پڕۆژەی دەستوور بوو، ئەو توانی بە پشتبەستن بە میدیا، كەشێكی ناڕەوای وا بخوڵقێنێت كە ئاكامەكەی ئەوە بوو لەپێناو سازاندا دەستوور بە شێوەیەكی نایاسایی بگەڕێتەوە پارلەمان و سووكایەتی بە مافی خەڵك كرا.
هاتنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ناو حكوومەت دەرفەتێكی زێڕینی بە حەزی لەشەرعییەت خستن بەخشی، كە لە بەتاڵكردنی دامەزراوەكان لە مانا دەستی كراوە بێت. ئێستا حكوومەت بە دەست ئەو پەتایە دەناڵێنێت و، لە پێنج حزبی بەشدار لە حكوومەت چواریان خۆیان لە بەرپرسیارێتی شاردووەتەوە. پارلەمانیش كرایە ناوەەندێكی حزبی و لە مانا نیشتیمانییەكەی شۆرا.
دامەزراوەی سەرۆكایەتی لە هەرسێ دۆسیەی ئیختساسیی خۆی كە دیپلۆماسی و ئیدارەی شەڕ و ئاساییشە، ئەوپەڕی سەركەوتنی وەدەست هێناوە، دەبوایە بدرێتە بەر چەقۆی لەشەرعییەت خستن. لە پڕۆژەیاسایەكەی گۆڕاندا دامەزراوەی سەرۆكایەتی كە سەركەوتووترین دامەزراوەی كوردستانە لەبار بردراوە و، كراوەتە دامەزراوەیەكی بێكەڵك و ئەسیری بڕیاری حزبەكان.
نەشتەرگەرییەكەی گۆڕان بۆ سەرۆكایەتی ئەوەندە بێڕەحمانەیە، كە هیچ بوارێك بۆ قسە ناهێڵێتەوە. سووربوونیان لەسەر ئەو نەشتەرگەرییە و ڕەتكردنەوەی هەموو پێشنیاز و پڕۆژەیەك بۆ چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم پێشانی دا، كە زۆر لەمێژە نەوشیروان مستەفا كار بۆ 20ـی 8 و لەشەرعییەت خستنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی دەكات. ئەوان شێتانە چاوەڕێی 20ـی 8ـن، بەبێ ئەوەی چارەسەرێكیشیان پێ بێت بۆ دوای 20ـی 8. لە دوای 20ـی 8 سایكۆلۆژیای عەبەسییەت و لەشەرعییەت خستنی كوردستان دادەمركێت؟ یان سەرەتایەك دەبێت بۆ كۆتاییهاتن بۆ هەموو هەوڵێك كە حەزی لەباربردنی وڵاتی هەیە؟

هەواڵی پەیوەندیدار