شەست و نۆ ساڵ خەبات، بەردەوامی و پێشەنگبوون

د. ڤیان سلیمان
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی سیاسی، جەماوەری و شۆڕشگێڕ بۆ داکۆکیکردن لە مافی نەتەوەیەک کە نەتەوەی کوردە، لە شازدەی ئابی ١٩٤٦ هاتووەتە ئاراوە؛ تا ئێستا بە چەندین هەوراز و نشێو و رێگای جیای خەباتکردندا تێپەڕیوە، دید و بۆچوون و پێناسەی پارتی بۆ شۆڕش و خەباتکردن و ئەو ئامرازانەی کە پارتی هەڵیبژاردوون، تازەیی لە هەمان کاتدا گشتگیربوون، تازەبوو لەوەدا کە یەکەمین حیزبی سیاسی بوو بۆ داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی گەلی کورد، دوور لە ناوچەگەری یان جۆرێک لە بیرکردنەوە یاخود ئایینێک، بەڵکو پارتی دانیشتووانی کوردستانی وەک هاونیشتیمانی دەبینی و هەمووانی بە یەک چاو سەیر دەکرد و، بە ئاراستەی هەموواندا دەیڕوانی کە ئەمەش خاڵە ئەرێنییەکەی لەوەدابوو کە لایەنگری پارتی لە هەموو ناوچەیەکی ئەم کوردستانە و سەر بە هەر بیروباوەر و ئایینێک، یاخود هەریەک لەو پێکهاتە نەتەوەییانەی کە دانیشتووی ئەم خاکەن، هەبوو؛ ئەمانەش خاڵی گرینگ و جیاکەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لەو راپەڕین و شۆڕشانەی کە پێشتر روویان دا. هاوکات شانبەشانی خەباتی سیاسی و پاشان چەکداری، تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و هەوڵی بەدیهاتنی مافەکانی ئافرەتی دەدا، کە ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی دیموکرات و پێشکەوتوخوازە و خەباتی کردووە بۆ سەلماندنی مافی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی، کەواتە پارتی شۆڕشێکی میللیی جەماوەری سەرتاسەری بوو.
ئەمەش لە هەمان کاتدا، بوو بە هۆی ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ناحەزانی نەتەوەکەمان بە چاوی دوژمنکارانە لە پارتی بڕوانن و هەموو هەوڵێکیان بخەنە گەڕ و هەموو شێوازەکانی پیلانگێڕی بەکار بێنن لە دژی پارتی، بەڵام پارتی هەر لە رۆژی دروستبوونیەوە ڕووبەرووی پلانی ناحەزان بووەتەوە و پێداگری کردووە لە خەباتی نەپساوە و، هەموو قوربانییەکی دا لە پێناوی ئەو پەیامەی کە بانگەوازی بۆ دا، لێرەدا ئەو کەسەی کە توانی سەرکردایەتیی ئەم بزووتنەوەیە بکات ڕابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد بارزانی نەمر بوو، کە بوو بە هۆی کۆکردنەوەی بیروڕا جیاوازەکان و هەموان شوێن هەنگاوەکانی و رێبازەکەی کەوتن کە ڕێبازی پیرۆزی بارزانییە.
ئەمڕۆیش کە یادی شەست و نۆیەمین ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەكەینەوە، هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەرێت، گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی گەورەترین گرووپی تیرۆریستی دەكەن و توانیویانە بەر بە هێرشەکانیان بگرن و توشی شکستیان بکەن، هەربۆیە كوردستان بایەخێكی نێودەوڵەتی و ستراتیژی پەیدا كردووە و بووە بە جێی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەم هەلومەرجەشدا پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین هێزی کوردستانی، هێزی سەرەکی بوو لە تێکشکاندنی تیرۆریستان و لەو پێناوەشدا گەورەترین قوربانی بەخشی؛ ئەمەش ئەوەی سەلماند کە پارتی دیموکراتی کوردستان گەورەترین بەربەستە لە رووی ئەوانەی کە دەیانەوێت دەستدرێژی بکەنە سەر خاک و گەلی کوردستان.
ئەمەش وای کردووە دوژمنانی گەلەکەمان لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر لە هەوڵی ئەوەدا بن پلان لە پارتی بگێڕن و، کار لەسەر هەڵوێستی هەندێک لایەنی ناوخۆیی بکەن و لە دژی پارتی بەکاریان بێنن بۆ مەبەستی نەگەیشتنی گەلەکەمان بە ئامانجی خۆی، چونکە پارتی و سەرۆک بارزانی بە ئاواتی گەلی کورد دەزانن هەروەک چۆن هاونیشتیمانیان هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ سەرۆک بارزانیدان و ئاواتیان تاکە ئاواتی سەرۆک بارزانییە، هەر بۆیە سەرۆک بارزانی متمانەیە بۆ هەمووان و مژدەبەخشە بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گەلەکەمان و، لەبەر ئەم هۆکارەش بە دڵنیاییەوە ئەم پلانەش وەک پلانە مێژووییەکان کۆتاییەکەی نوشوستی دوژمنان و سەرکەوتنی گەلی کوردە، پارتییش هەر وەک مێژوو سەلمێنەری ئەو راستییەیە کەوا لە هەموو کات و بارودۆخێکدا هەڵگری ئاڵای کوردستانە و پارتی پێشڕەوی کوردایەتییە.




