٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەركردایەتیی كورد لە شۆڕشــــەوە بۆ دەوڵەت ڕۆڵی فازڵ میرانی لــەم هاوكێشەیەدا

سەرچاوە: Hewler

لە كۆنگرەی ئاشتیی دوای جەنگی یەكەمی جیهانیدا، (وودرو ولسون)ـی سەرۆكی ئەمەریكا ڕەزامەندیی پێشان نەدا لەسەر ئەو ڕێككەوتنە نهێنیانەی نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا بۆ دابەشكردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان خۆیاندا.

(جۆن كۆڵ)ـی نووسەر لە كتێبێكیدا بە ناوونیشانی (هاوپەیمانێتیی دژ بە بابل65) دەڵێت كە (ولسون) پشتیوانیی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كردووە بۆ كورد و ئەرمەنیش، چونكە هەردوو لا بە ملیۆنەها كەسیان لە ململانێكردنی توركدا لەناو چووە. بەڵام دوای ئەوەیش، پرسی كورد وەك خۆی مایەوە تاوەكوو ئێستا.

هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق لە 1921، پرسێك بە ناوی كەیسی كوردی دروست بوو. هەرچەندە ڕەگی كێشەكە بۆ كاتی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی دەگەڕێـتەوە، بەڵام بە زیادكردنی ولایەتی مووسڵ بۆ سەر دەوڵەتی عێراقی، كێشەكە ئاڵۆزتر بوو و بوو بە خاڵی وەرچەرخان تا ئەوەی كێشەكان سەریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەك هەڵدا و بۆ ماوەی چەند ساڵێك بەردەوام بوو لە مێژووی عێراقی نوێدا.

لە مێژووی خەباتی كوردی و هەلومەرجی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا لەگەڵ دەستگەی سەربازیی حكوومەتدا، كە بە ژمارە و چەكیش زیاتر بوو، ژمارەیەك سەركردەی كوردی خاوەن ڕێچكە دەركەوتن كە ڕۆڵێكی گرنگیان هەبوو لە بەخشینی بەردەوامێتی بە بزاڤەكە و بۆ ماوەی دەیان ساڵ و هەر لەو ماوەیەیشدا، چەند سەركردەیەكی كاریزما ناوبانگێكی زۆریان دەركرد لە نێو خەڵكدا و لەوانەیش (شێخ مەحموودی حەفید) و (مەلا مستەفای بارزانی) كە توانی پرسی میللەتەكەی بخاتە سەر گۆڕەپانی نیشتمانی و هەرێمی و جیهانی.

بەڵام كاری سەربازی لە چیاكاندا هیچ بەرهەمێكی نابێت ئەگەر لە لایەن مرۆڤی كوردەوە لە ناو شاردا و لە بۆنە هەرێمی و جیهانییەكاندا پشتیوانی نەكرێت. بۆیە دامەزراندنی پارتێكی سیاسی كە ئەركی سیاسیی بگرێتە ئەستۆ، بوو بە زەروورەتێك و بۆیە پارتیی دیموكراتی كوردستان لە 16ـی ئابی 1946ـدا لەسەر دەستی خوالێخۆشبوو (مەلا مستەفای بارزانی) و لە سەر خاكی كۆماری مەهاباد لە كوردستانی ئێراندا دامەزرا.

دوای ئەوەیش چالاكییەكانی پارتی گوازرایەوە نێو عێراق و سەنتەری قورسایی لە كوردستانی عێراق، بەڵام ڕۆڵێكی سیاسیی لە ناوەندی عێراقدا هەبوو بۆ ئەوەی پرسی كوردی و مافی گەلی كوردیش بە گەلانی تری عێراق بناسێنێت. هەروەها پارتی لەسەر ئاستی جیهانیش كاری كردووە بۆ ئەوەی نەهامەتییەكانی گەلی كورد بخرێتە ڕوو.

گەلی كورد، گەلێكی ئاشتیخوازە و دەیەوێت بوونی خۆی و دەوڵەتی خۆی هەبێـت و ناوی وەك گەلانی تر لە مێژوودا تۆمار بكرێت. هەروەها بەندەكانی مافی مرۆڤ مافی چارەی خۆنووسینی دەداتێ و بەمەیش دەتوانێت ببێـتە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ كە ئاڵای كوردستان بە سەریدا بشەكێـتەوە و جێگەی خۆی لە ئەنجوومەنی نەتەوە یەكگرتووەكاندا دابین بكات بۆ ئەوەی ئاڵاكەی لەگەڵ ئاڵای وڵاتانی تر بشەكێتەوە، ئەمەیش مافێكی ڕەوایە و كەس ناتوانێت قسەی لەسەر بكات.

لە لای خۆیەوە، پارتی دەستی كرد بە كاری سیاسی و هاوڕاییەكی بێوێنە لە نێوان سەركردایەتیی شۆڕشی ئازادیخواز و سەركردایەتیی حزبدا هەبوو بە تایبەتی لە دانوستانە ماراسۆنییەكەی كە لەگەڵ حكوومەتە یەك لە دوا یەكەكاندا ئەنجامیان دا.

هەر لە سەرەتای دروستبوونی لە ساڵی 1946ـدا، پارتی بانگەشەی بۆ خۆبەڕێوەبردنی كوردەكانی عێراق كردووە، بەڵام دوای ئەوە و لە ناوەڕاستی ساڵانی نەودەوە ڕێچكەیەكی تری گرتووەتە بەر، ئەویش داواكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆیە بۆ گەلی كورد. لەگەڵ ئەوەیشدا لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە نیسانی 2003ـدا، ڕازی بوو كە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا بمێنێتەوە وەك چارەسەرێكی كاتی و لەسەر ڕاسپاردەی ئەمەریكا تاوەكوو هەلومەرج بۆ دامەرزاندنی دەوڵەتی كوردی لەبار دەبێت.

وەك ئاشكرایە پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتێكی عه‌لمانیی لیبراڵە و یەكێكە لە پارتە كوردییە سەرەكییەكان لە عێراق، (مەلا مستەفا)ـی دامەزرێنەری وەك سەرۆكی ئەو پارتە مایەوە تاكوو ئەو ڕۆژەی كۆچی دوایی كرد لە 1979ـدا، ئینجا بەڕێز (مەسعوود بارزانی) كە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، جێگەی گرتەوە.

گومان لەوەدا نییە كە گواستنەوە لە شۆڕشەوە بۆ دەوڵەت پێویستی بە كارامەیی و ئەزموونی جیاواز لە ئەوانی ڕۆژانی جەنگی پارتیزانی هەیە. لێرەدا چەند كەسایەتییەك هەیە كە هاوبەشن لە دانوستاندا لەگەڵ حكوومەتی ناوەندا و بۆیە پێویستە لێرەدا باس لە ڕۆڵی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان بەڕێز (فازڵ میرانی) بكەین كە باسی خۆی بۆ سایتی گوڵان دەكات:
كوڕی جووتیارێكی ئەم كوردستانەیە بە هەوڵ و كۆششی زۆر و ڕكابەرایەتیی ژیان و ئەزموونەكانی و كاركردن لە ڕیزی شۆڕشی كوردی و ڕیزی پارتی هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە. كەسێكە حەزی لە خوێندنەوە هەیە و بایەخ دەداتە پەرەپێدانی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی و مەعریفی و بە خۆبەخشكردن كاری كردووە بۆ ئەوەی بچێـتە نێوەندی جیهانی سیاسەتەوە تاوەكوو گەییشتووەتە ئەو پۆستەی ئێستا تێیدایە.

ساڵی 2009 جارێك چاوم بە بەڕێز (فازڵ میرانی) كەوت لەگەڵ شاندێكدا و جارێكی تریش لە میانەی كردنەوەی كۆنگرەی پارتێكی كلدانی لە عەینكاوە چاوم پێ كەوت و لەو بۆنەیەدا چەند ئاستەنگێك هاتە پێشەوە كە مەبەست تێیدا تێكدانی كۆنگرەكە بوو، بەڵام لەبەر ئامادەبوونی بەڕێز (فازڵ میرانی) ئەو هەوڵانە پووچەڵ كرانەوە.

هەر لە دەستپێكی کۆنگرەدا، بەڕێز (فازڵ میرانی) وتاری بە زمانی عەرەبی پێشكەش كرد و زۆر بە لەسەرخۆیی و لە ناخەوە قسەكانی دەردەهاتن، ئەمەیش نیشانەی ڕۆشنبیرییەكی فراوان بوو. جێی ئاماژەیە كە بەڕێز (میرانی) خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە یاسا و كەسێكی مافپەروەرە و هەر لێرەیشەوە سەرەتای كاری سیاسیی دەست پێكردووە بۆ ئەوەی پارسەنگییەك لە نێوان كارەكاندا بپارێزێت لە ڕوانگەی لۆژیكی ڕێز و یاساوە.

هەروەها لە وتەكانی بەڕێز (فازڵ میرانی)ـدا بۆم دەركەوتووە كە كەوتووەتە ژێر كاریگەریی كەسایەتیی خوالێخۆشبوو (مەلا مستەفا بارزانی) و ڕێبازی خەباتی وەك سیمبولێك لێ كردووە و شوێنی دەكەوێت. بڕوای بە فرەیی و ڕێز لە ڕای بەرانبەر هەیە و هەروەها لە وتارەكانیدا دیارە كە بڕوای بە میانگیری هەیە و زۆر جاریش ڕای خۆی لەگەڵ ڕای فەرمی دەردەخات، ئەمەیش لەبەر ئەو پۆستە بەرزەی كە لەناو حزبدا هەیەتی و دەبینین كە باس لە سیاسەتی حزب و ڕای خۆی دەكات و بەمەیش پێوەندییەكی هاوسەنگ دروست دەبێـت بۆ ئەوەی بەرپرسانیش ڕای خۆیان لە هەر بابەتێكدا هەبێـت.

گرنگیی كەسایەتیی بەڕێز (فازڵ میرانی) لەوەدایە كە دەتوانێت لەگەڵ نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕین مامەڵە بكات، ئەو نەوەیەی كە چاوی بە خۆشگوزەرانی و خۆشی و ئۆتۆمبێلی نایاب و ئاهەنگ و زانستی نوێ و تەكنەلۆژیا و ئینتەرنێـت و مۆبایل و كەناڵە ئاسمانییەكان و دەستگە جۆراوجۆرەكانی میدیا هەڵهێناوە.

پرسیاریش لەم بابەتەدا ئەوەیە: چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم نەوەیەدا دەكرێت؟
لە لایەكەوە حزب و پرەنسیپەكانی و بایەخی بە ئەزموونی كوردی و زۆر باشیش دەزانێـت كە پرەنسیپەكانی شۆڕش كە كوڕانی گەلی كوردی لە هەموو چین و توێژەكانی لە خۆ گرت و خۆیان بەخت كرد بۆ گەییشتن بە سەركەوتن بۆ ئەوەی پێگەی گەلی كورد لە نێو گەلانی جیهاندا بەرز بێـتەوە، بەڵام نەوەی پاش ڕاپەڕین مەیل و ئارەوزوویان بە لایەكی تردا دەڕوات، بۆیە دەبێـت زمانێكی تر بدۆزرێتەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ نەوەی ئینتەرنێـت و مۆبایلدا. چونكە هیچ لە بەرژەوەندیی حزبدا نییە كە پشت لەو چینە بكات كە لە داهاتوودا دەبێـتە فاكتەرێكی سەرەكی لە دەوڵەتی كوردیدا و لە لایەكی دیكەوە ناكرێـت دوای ئەو ئەم چینە بكەوین و پرەنسیپەكانی شۆڕش لە بیر بكرێن كە فاكتەری سەرەكی بوو بۆ بەردەوامبوونی شۆڕشی كوردی لەگەڵ هەموو نەوەكانی پێشوودا.

ئەم هەلومەرجە تازەیەیش پێویستی بە ئەزموون و عەقڵانییەت هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵیان و بەڕێز (فازڵ میرانی)ـیش لەم بارەیەوە بۆ گۆڤاری گوڵان ده‌ڵێت: پێویستە حزب دەرگەكانی بە ڕووی گەنجاندا بكاتەوە بە تایبەتی ئەوانەی كە خاوەنی دیدی نوێن بۆ پێشهاتەكان و دەبێـت بە دوای زمان و دیدێکی هاوبەش بگەڕێین لە نێو خۆمان و ئەو لاوانەی كە پاش ڕاپەڕین لە دایك بوون یان لەو كاتە پەروەردە بوون، چونكە هەندێك جار خوێندنی هەڵەیان هەیە بۆ شۆڕش و وا دەزانن كە كاری حزبی شتێكی كلاسیك و كۆنە و زۆر جاریش شانازی بە نیشتمانپەروەریی خۆیانەوە ناكەن و دەڵێن كە پێوەندیی ئەوان تەنیا بۆ خۆشگوزەرانیی ژیانی تایبەتی خۆیانە و داوا دەكەن كە ئەوەی دەیانەوێت بۆیان ئەنجام بدرێت. زۆر سرووشتییە كە مرۆڤ لەگەڵ ئازادیی تاكدا بێت و بانگەشەی بۆ بكات، بەڵام نابێـت ئازادیی كۆمەڵگە پشتگوێ بخات.

لە لایەكی دیكەوە، بەڕێز (فازڵ میرانی) دەڵێت: نابێـت ئەو وزە گەورەیەی لەو گەنجانەی دوای ڕاپەرین هەیە، مامەڵەی هەڵەی لە گەڵدا بكرێت یان بگوترێت كە بە هیچ ڕازی نابن و ئینجا پشتگوێ بخرێن. ئەوان نەوەی سەردەمی خۆیانن، نەوەی تەكنەلۆژیا و ئینتەرنێت و میدیای ئازاد و كەناڵە ئاسمانییەكانن.

بۆیە ئاساییە ئەگەر تێگەییشتنی ئەوان بۆ هەندێك بابەت جیاواز بێت. ئێمە پێویستە هەر دوو لا بە دروستی بخوێنینەوە. دەبێـت بڵێین كە ئەوەی ئێوە دەیڵێن ڕاستە، بەڵام دەبێت یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی بگەینە خاڵی هاوبەش. ئێمە ئەمڕۆمان دروست كرد، دەبێت ئێوەیش بە داهێنانی خۆتانەوە بێنە نێو كاروانەكەوە.

ئەمەیە نوێگەریی پڕاكتیكی نەك تەنیا تیۆری، واتا بە سوودوەرگرتن لە خوێن و بیری تازە و گرێدانیان بە مێژووەوە، چونكە نابێت دابڕان لە نێوان ئەوان و شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕینەكان و شۆڕشەكانی تری كوردایەتیدا هەبێـت. نابێ وا هەست بكەن كە ئەمانە كەلەپووری ئەوان نییە.

چەند شتیكی ئاڵۆزی تر هەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك نوێنەری سیاسی بۆ هەرێم دەیگرێتە ئەستۆی خۆی، ئەویش ئەوەیە كە شۆڕش سەركەوت و ئێستایش هەرێم ڕووبەرێكی زۆری سەربەخۆیی هەیە، بەڵام دەبێت ڕابردوو لە بیر نەكرێت، چونكە ڕەنگدانەوەی چالاكییەكانی شۆڕش و دوژمنی هاوبەشە كە هەموو هێز و پارتەكانی لە ژێر چەترێكدا كۆ كردەوە بە مەبەستی بەرەنگاریكردنی دوژمنان، لە بەرژەوەندیی هەمووانیشدایە كە یەك بگرن بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجی سەرەكی كە بەدەستهینانی سەربەخۆییە.

ئینحا پاش گەییشتن بە ئامانج، هێز و پارتەكان لە یەك دوور دەكەونەوە و هەر یەكە و ستراتیژییەتی تایبەتی خۆی دەبێت. لێرەدا لەسەر پارتیی دیموكراتی كوردستان پێویستە كە كار بۆ دۆزینەوەی زمانێكی هاوبەش لە نێو هێزە سیاسییەكاندا بكات، كە ئیسلامی و سیكیولار و گۆڕانخوازیشی تێدایە.

لە میانەی ئەم بەسەرهاتانەدا، بەڕێز (فازڵ میرانی) ئامادەبوونێكی زۆر گرنگی هەبووە لە ئاڕاستەكردنی وتاری بۆ ئەو هێزانە بە بەرەی پڕۆفشناڵەوە و بە شێوەیەكی سیاسیی زیرەكانە كە مەبەستی نزیكردنەوەی ڕا و بۆچوونەكان بوو و هەروەك لە سەرەتادا ئاماژەمان پێ دا، میانڕۆیی هەڵبژارد بۆ ئەوەی زەمانەتی مافی بەرانبەر بكات و دەستی لە مافی حزبیش نەبێتەوە.

كاری سەربازی پێویستی بە خێرایی و بڕیاردانی لەناكاو هەیە لەسەر بەسەرهاتەكان، بەڵام لە ئاشتیدا، پێویستە ژمارەیەك ڕاوێژكار هەبن لەناو یان لە دەرەوەی حزب كە لە گەڵ سكرتێر كار بكەن بە تایبەتی ئەگەر لە پارتێكی گەورەی وەك پارتییدیموكراتی كوردستاندا بێـت.

ئێستایش باس لە لایەكی تری هاوكێشە سیاسییەكە دەكەین، ئەویش پێوەندییەكانە لەگەڵ ناوەند (بغداد).

ئەو تەنگژانەی كە ناوە ناوە لە پێوەندییەكاندا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەكی گشتی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی حكوومەتی ناوەندی كە هێشتا مانای تەواوی فیدڕاڵییەت تێناگات، بەڵكوو هەروەك چۆن بەڕێز (فازڵ میرانی) باسی لێوە دەكات، نیوەی بەرپرسەكانی بەغداد دان بە فیدڕاڵییەتدا نانێن. بۆیە وەك چاودێران دەڵێن، ئەو بەرپرسانەی بەڕێز (میرانی) باسیان دەكات، نەك تەنیا بڕوایان بە فیدڕاڵییەت نییە، بەڵكوو مامەڵەی زۆرینە و كەمینەی سیاسی لەگەڵ هەرێمدا دەكەن.

هەر بۆیە نابینین كە ستراتیژییەتێكی نووسراو هەبێت، بەڵكوو هەموو هاوپەیمانییەكانیش كاتین و دەكرێـت بەردەوام بگۆڕدرێن. لەم دوخەدا، كورد وەك پردێكی سیاسیی لێ هاتووە كە قازانجەكەی دوای گەییشتن بە ئامانج دەربكەوێت.

بۆیە پێویستە سەركردایەتیی كوردی بەردەوام ئاگادار بێت بۆ وەرگرتنی ئەو مافانەی لە سەری ڕێك كەوتوون و لە دەستووردا دیاری كراون.

سەبارەت بە چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی تری كوردستان، چاوپێكەوتنێكم لەگەڵ بەڕێز (میرانی) ساز دا پاش ئەوەی كە مەسیحی و ئێزدییەكان كەوتنە بەر هێرشی چەكدارە نەناسراوەكان لە 02/12/2011، دیدێکی ڕوون و تێگەییشتنێكی قووڵی هەبوو سەبارەت بە خەمەكانی پێكهاتەكانی تری كوردستان بە تایبەتی گەلی كلدانی كە مافەكانی خۆی بە پەراوێزخراو دەزانێت لە هەرێمی كوردستاندا بە پێچەوانەی ئەوانی ترەوە و منیش خۆم باش لە تێگەییشتنی بەڕێز (میرانی) بۆ مافی پێكهاتەكانی تر تێدەگەم.

بەردەوامیش تێبینی دەكەم كە هەمووان وەك یەك تەماشا دەكات، بۆیە پێویستە نوێنەرێك بۆ كلدانییەكان لای سەركردایەتیی كوردستان هەبێت، چونكە خەمی كلدانییەكان دەبێـت لە كلدانییەكانەوە ببیسترێت نەك لە كەسانی تر.

كەسایەتیی بەڕێز (فازڵ میرانی) ڕەهەندێكی نیشتمانیی هەیە و باش لە سرووشتی گەلی عێراق تێدەگات و باشیش ئاگای لە پڕۆسەی سیاسی و ڕەهەندە كۆمەڵگەیی و تایفەگەرییەكان هەیە.

بۆیە دەتوانین بەڕێز (فازڵ میرانی) لەگەڵ ئەو چینە كەسایەتیانە پۆلێن بكەین كە ئاگایان لە پێكهاتە و بارودۆخی عێراق و كوردستان هەیە.

هەروەها كەسایەتییەكی پڕاگماتیكیی شیاوە بۆ كاری سیاسیی هێمن لەسەر بنچینەی پشتیوانیی بناغەی دەوڵەتێكی كوردیی مەدەنی لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەكسانی و پێكەوەژیان لە نێو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەدا

هەواڵی پەیوەندیدار