بارزانی، نه‌وشیروان و گرده‌كه‌ی سزا نه‌داوه
به‌كر ئه‌حمه‌د ئاكۆ
په‌رله‌مانتاری پێشووی فڕاكسیۆنی گۆڕان و كه‌سی دیاری نێو بزووتنه‌وه‌كه(عه‌دنان عوسمان) هۆكاری گرژیی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان بزووتنه‌وه‌كه‌ی و پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت، هۆكه‌ی ئه‌وه‌یه كه (سه‌رۆك بارزانی) له سه‌ردانه‌كه‌ی 28/4/2015دا بۆ سلێمانی نه‌چووه‌ته گرده‌كه، هه‌ربۆیه (نه‌وشیروان مسته‌فا) نیگه‌ران بووه و ئێستا هه‌ڵوێستی وایه كه دژ به بارزانی و پارتی وه‌ستاوه‌ته‌وه، كه ئاكامه‌كه‌یشی به زیان بۆ خه‌ڵكی ته‌واو ده‌بێ.
له وتارێكیدا له‌ژێر ناوی (ئەو یەک سەعاتەی کوردستانی هەژاند) كه له ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی (KNN)دا بڵاو بووه‌ته‌وه، (عه‌دنان عوسمان) وه‌ها گوزارشت له تێكچوونی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و گۆڕان ده‌كات و دیبه‌ستێته‌وه به سه‌ردانێكی (سه‌رۆك بارزانی) بۆ لای (جه‌لال تاڵه‌بانی)، بێئه‌وه‌ی سه‌ردانی ڕێكخه‌ره‌كه‌ی ئه‌و(نه‌وشیروان مسته‌فا) بكات و، ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر هاتبا و (سه‌رۆك بارزانی) سه‌ردانی (نه‌وشیروان مسته‌فا)ی كردبا و چایه‌كی له‌گه‌ڵدا خواردبایه‌وه، ساڵانێك له ململانێ و توندی و بارگرژی وه‌لا ده‌نرا. نووسه‌ری بابه‌ته‌كه باوه‌ڕی وایه، ''هه‌ماهه‌نگیی پارتی و گۆڕان دوابازنه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمه‌كه ده‌بوو''، ده‌كرا هه‌نگاوی گه‌وره بنێن و، سیاسه‌تی پاشه‌ڕۆژی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌نگڕێژ بكه‌ن، به‌ڵام چونكه (بارزانی) له سه‌ردانه‌كه‌یدا سه‌ردانی گرده‌كه‌ی نه‌كردووه، ئه‌وا هه‌موو شتێك له‌بار چوو!، به‌ڵام بێ‌ئاگا له‌وه‌ی كه له ڕاستیدا سه‌ردانی (سه‌رۆك) بۆ لای (مام جه‌لال) به‌و واتایه بووه كه هه‌رگیز نه‌یویستووه و نایشیه‌وێ سیاسه‌ت به كینه‌ی مێژووییه‌وه بكات و یه‌كێتییش وه‌ك هێزێكی سه‌ره‌كی كه ڕۆڵی له بیناكردنی ئه‌م هه‌رێمه‌دا هه‌بووه په‌راوێز بخرێ، نه‌ك به‌و واتایه‌ی پشتی له گۆران كردبێ.
(عه‌دنان عوسمان) نایشارێته‌وه كه له دنیابینیی بزووتنه‌وه گۆڕانه‌وه هه‌موو شتێك پیلان و كاردانه‌وه‌یه و وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێ ''لە راستیدا سەرنەدانی کاک مەسعوود بۆ لای کاک نەوشیروان جۆرێک لە هەڵوێستی سیاسی و بە پلان و نەخشە بووە نەک رێکەوت''، ئه‌مه نیشانی ده‌دات كه چه‌نده به حقده‌وه له كۆی كایه‌ی ژیانی سیاسی ده‌ڕوانن و هه‌ر جووڵه‌یه‌كی ئاسایی (سه‌رۆك بارزانی)یش كه پرس و ڕای ڕێكخه‌ره‌كه‌یانی تێدا نه‌بێت، ئه‌وا ده‌چێته خانه‌ی پیلانگێڕییه‌وه له بزووتنه‌وه‌كه و (نه‌وشیروان مسته‌فا)یش! بۆیه له راستیدا نووسه‌ر ناڕاسته‌وخۆ پێمان ده‌ڵێ، به‌م سه‌رداننه‌كردنه (نه‌وشیروان مسته‌فا) باری ده‌روونی تێك چووه، هه‌ر بۆیه له به‌ڵێنی هه‌ماهه‌نگیكردن بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخی ناله‌باری هه‌رێم پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه.
وه‌ك كاك(عه‌دنان) و ڕێكخه‌ره‌كیشی بیستوویانه‌ته‌وه، گوایه ئەو سەردانە خێرایە، په‌یامی (سەرۆک) بووه به‌رانبه‌ر به هەڵسوکەوتی گۆڕان و کاک (نەوشیروان).
ئاشكرایشی ده‌كات كه، نزیكتربوونه‌وه‌ی گۆڕان له یه‌كێتی و سه‌نگه‌ر گرتنیان له پارتی و بارزانی كه ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندی به ژیانی كوردستانیانه‌وه هه‌یه، هه‌ر له ڕقی نه‌چوونه لای (نه‌وشیروان) بووه، چونكه ئه‌وان گومانیان هه‌بووه كه پارتی و یه‌كێتی پلانێكیان هه‌بووبێ، هه‌ر بۆیه به په‌له‌پڕۆزێ ده‌چنه كن یه‌كێتی و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا تۆكمه‌تر ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یه‌كێتییه‌ی كه ڕێكخه‌ره‌كه‌ی ئێستای گۆڕان و كه‌سی دووه‌می ئه‌وسای، گورزی گورچكبڕی لێ دا و بۆ دژایه‌تیكردنی پارتی و حكوومه‌تی كوردستان، جارێكی دی بخاته‌وه ژێر كاریگه‌رییه‌كانی خۆی.
هه‌ر ئه‌م جۆر له بیركردنه‌وه ئانارشیستانه‌یشه هانی (نه‌وشیروان مسته‌فا) بدات سه‌عات چواری هه‌موو ڕۆژێك و به به‌رنامه‌وه له‌گه‌ڵ زۆرێك له سه‌رنووسه‌ره‌كانی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانی به ناو مێدیای ئه‌هلی له گرده‌كه كۆ ببێته‌وه و، دژ به (بارزانی) و پارتی دنه‌یان بدات و وتار و بابه‌تگه‌لێك بڵاو بكه‌نه‌وه كه، پڕ بن له جنێو، وروژاندن و چه‌واشه‌كاری. بۆ پێتان وایه خه‌ڵكی كوردستان ئه‌م حه‌قیقه‌تانه نازانن؟
لێره‌دا بیری كاك (عه‌دنان) و خه‌ڵكی كوردستانیش ده‌به‌مه‌وه بۆ کۆبوونەوەكه‌ی 17ی نیسانی 2014ی نێوان شاندی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتیی دیموکراتی كوردستان كه له‌پێناو هێنانه‌دی به‌رژوه‌ندییه باڵا‌کانی گه‌له‌که‌مان و له ڕوانگه‌ی هه‌ستکردن به به‌رپرسیاریه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخی ئێستای هه‌رێمی کوردستان و، هێنانه‌کایه‌ی قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی که ئامانجی یه‌که‌م و سه‌ره‌کی؛ خزمه‌تی هاووڵاتیان بێت به‌بێ جیاوازی و، پێکهێنانی حکوومه‌تی بنکه‌فراوان و یه‌کگرتوو دابمه‌زرێنن كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئیراده‌ی ده‌نگده‌ران و ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان و ڕێزگرتن له ده‌ره‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن بێت.
هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌کی هاوبه‌ش له سه‌رجه‌م لایه‌نه به‌شداره‌کانی کابینه‌ی هه‌شته‌می حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێك بێت، بۆ داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌کی هاوبه‌شی حکوومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای چاکسازی و چه‌سپاندنی دامه‌زراوه‌یی له هه‌رێمی کوردستان.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گۆڕان به‌ڵێنی دا كه، پشتگیریی ته‌واوی سه‌رخستنی به‌رنامه‌ی هاوبه‌شی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات، به شێوه‌یه‌ک که زامنی پاراستنی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ئینتیمای سیاسی و چوون به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێکی شه‌فاف و دوور له هه‌ر گوشار و سزایه‌کی سیاسی بێت. كه‌چی گرده‌كه و سه‌رۆكی گرده‌كه بێبه‌ڵێنییان كرد. به‌ڵام له سۆنگه‌ی بڕوای (بارزانی)یه‌وه كه داڕێژه‌ری ئه‌م پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و كاركردنه‌یه، بۆ ده‌بێ (نه‌وشیروان مسته‌فا) و گرده‌كه سزا بدات، كه له راستیدا ئه‌مه ڕێك پێچه‌وانه‌ی بیركردنه‌وه كورتبینانه‌كه‌ی ڕێكخه‌ر و هاوكارانیه‌تی. چونكه (نه‌وشیروان مسته‌فا) له هه‌ركه‌سی دی باشتر ده‌زانێ كه (سه‌رۆك بارزانی) چه‌نده به به‌ڵێنه و له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌ره‌كه‌یدا و راستگۆیه، كه ره‌نگه ئه‌مه زۆر جار زیانی به خۆی و پارتی‌یش گه‌یاندبێ.
هه‌ربۆیه له راستیدا حه‌قی هه‌ر كوردستانیێكه له بزووتنه‌وه‌ی گۆران و (نه‌وشیروان مسته‌فا) بپرسن كه، له كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان لە جەنگێکی گەورەی سەربازی دژ به تیرۆر و، جه‌نگی ئابووری لەگەڵ بەغدا و دەوروبەردایه، بۆ ئه‌ركی سه‌رشانی حكوومه‌ت و خه‌ڵكی قورس‌تر ده‌كه‌ن؟ بۆ سه‌رتان له جه‌ماوه‌ر و رای گشتیی كوردستان شێواندووه و، ڕاسته‌وخۆ به ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یكه‌ن و گه‌ر به‌رده‌وام بن له‌سه‌ری، ئاكامه‌كه‌ی له‌باربردنی ده‌ستكه‌وته‌كان و خه‌ونی له‌مێژینه‌ی كورد ده‌بێت! بۆ ده‌بێ هه‌میشه به چاوی گومان و سزادانه‌وه سه‌یری هه‌ر هه‌نگاوێكی (سه‌رۆك بارزانی) بكه‌ن و دڵڕه‌شانه، له سه‌روه‌ختی سه‌رپێكه‌وتنی هه‌رێمه‌كه‌مان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی پێچه‌وانه‌كه‌ی به گوێی گه‌لێكدا بده‌ن و، كارێك بكه‌ن كه ناحه‌ز و داگیركارانی كورد كه تا ئێستا نه‌یانتوانیوه بیكه‌ن، ئێوه بیهێننه دی؟
بۆ كه‌س هه‌یه نه‌زانێ، دڵفراوانی و بڕوابوون به به‌رانبه‌ر كه له بڕوابوون به‌خۆوه سه‌رچاوه ده‌گرێ، له خاسیه‌ته هه‌ره ئاشكراكانی (سه‌رۆك بارزانی)ن، كه‌واته هه‌ڵه‌ن كه پێتان وابێ چونكه (بارزانی) سه‌ردانی نه‌كردوون، کەواته (نەوشیروان مسته‌فا) و گردەکەی سزا داوه، ئاخر سیاسه‌ت و فه‌رمانڕانی به بۆچوونی گوماناوی و قینله‌دڵی و داواجار چه‌واشه‌كاری ناكرێ، كه هه‌میشه‌یش خه‌ڵكی كوردستان باجه‌كه‌ی ده‌دات.




