سه‌رۆكی به‌هێز، بۆ ده‌ربازكردنی پرۆسه‌ی سیاسی له قه‌یرانی تۆتالیتاری

فه‌رهاد محه‌ممه‌د
بیرمه‌ندی ئیتاڵی جێۆفانی سارتۆری زۆر جوان وه‌سفی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی نه‌مسای كردووه كه ده‌ڵێت: ''سه‌رۆكی نه‌مسا راسته ده‌سته‌ڵاتی زۆری پێدراوه، به‌ڵام ده‌سته‌ڵاته‌كان ته‌نیا ده‌سته‌ڵاتی سه‌ر كاغه‌زن و به كاری نه‌هێناون، بۆیه بێجگه له سه‌رۆكێكی ته‌شریفاتی هیچ ده‌سته‌ڵاتێكی خۆی پیاده نه‌كردووه''، له‌به‌رامبه‌ردا پرۆفیسۆر ی‌و چانگ شین ئوستادی زانستی سیاسه‌ت له زنكۆی تۆنجی له تایوان، هۆكاری پێدانی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته ده‌ستووریانه‌ی به سه‌رۆكی نه‌مسا ئاشكرا كردووه و ئاماژه‌ی داوه كه، سه‌رۆكی نه‌مسا تا ساڵی 1929 پێویستی به هیچ ده‌سته‌ڵاتێك نه‌بووه و ده‌سته‌ڵاتی زۆر سنووردار بووه، به‌ڵام كاتێك هێزی نادیموكراتی په‌یدا بوون و گوشار له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆسه‌ر په‌رله‌مان دروست بوو، سه‌رۆكی نه‌مسا له ده‌ستوور نازناوی پارێزه‌ری بێلایه‌نیی كۆماری نه‌مسای پێدرا، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی سه‌رۆكی نه‌مسا پێویستی به ده‌سته‌ڵات نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆماری نه‌مسا كه‌وته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌وه، ئه‌وا سه‌رۆكی نه‌مسا ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی هه‌یه رووبه‌ووی هێزه نادیموكراته‌كان و گوشاره ده‌ره‌كییه‌كان ببێته‌وه و ده‌سته‌ڵاته‌كانی خۆی به كار بهێنێت؛ ئه‌گه‌ر سه‌یری ماوه‌ی ساڵانی 1929- 1939ی نه‌مسا بكه‌ین كه هیتله‌ر داگیری كرد، هه‌ست ده‌كه‌ین نه‌مسا نموونه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه و سیستمێكی دیموكراتی ره‌گداكوتاو بووه، بۆیه فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك كارل پۆپه‌ر له‌گه‌ڵ داگیركردنی نه‌مسا كتێبی (كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه و دوژمنه‌كانی) نووسیوه. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه له ماوه‌ی ئه‌و 10 ساڵه‌ی سه‌رۆكی نه‌مسا به‌هێز بووه، به‌رهه‌می ئه‌م سه‌رۆكه كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه و دیموكراتییه‌كی ره‌گداكوتاو بووه، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وانه‌ی دژی ده‌سته‌ڵاته به‌هێزه‌كانی سه‌رۆكی نه‌مسا بوون، كارل پۆپه‌ر ناوی لێناون (دوژمنانی كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه)، ئه‌گه‌ر له‌م خاڵه‌وه به‌راوردێكی ده‌سته‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌ڵاته ده‌ستووریانه‌ی سه‌رۆكی نه‌مسا هه‌ینی، ئاشكرایه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌ڵاته‌كانی زۆر سنووردارترن و توانای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی نییه و، ته‌نانه‌ت به‌بێ ره‌زامه‌ندیی په‌رله‌مانیش توانای جووڵاندنی هێزی چه‌كداره‌كانیشی نییه، بۆیه جێگه‌ی خۆیه‌تی ئه‌و پرسیاره بكه‌ین، كێن ئه‌وانه‌ی له ده‌سته‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ترسن؟ ئه‌گه‌ر سه‌رنج له شێوازی پیاده‌كردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بده‌ین، له ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانیدا، ئه‌وجا چ به ئه‌مری واقیع سه‌رۆكی كوردستان بووبێت یان وه‌ك ئه‌وه‌ی دوو خوله به شێوه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستووری، ته‌نیا له‌و كاته‌دا ده‌سته‌ڵاته‌كانی خۆی به‌كار هێناوه كه هێزی نادیموكراتی ده‌ركه‌وتوون یان كوردستان كه‌وتووه‌ته ژێر گوشاری ده‌ره‌كییه‌وه، یان هه‌موو كورد نا‌ئومێد بووه و به ته‌نیا ته‌حه‌ددای سه‌رسه‌ختترین دوژمنی كوردستانی كردووه، لێره‌دا گرینگه ئاماژه به به‌كارهێنانی ده‌سته‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك بارزانی بكه‌ین:
1- سه‌رۆك بارزانی له ساڵی 1988 هیچ ده‌سته‌ڵاتێكی ده‌ستووری نه‌بووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی به پارێزه‌رێكی بێلایه‌نی خاك و خه‌ڵكی كوردستان زانیوه، خۆی بریاری داوه له خواكوڕك گه‌وره‌ترین داستان تۆمار بكات و لوتی سوپا زه‌به‌لاحه‌كه‌ی سه‌ددام حوسێن بشكێنت.
2- له ساڵی 1991 و له‌میانه‌ی كۆڕه‌وی خه‌ڵكی كوردستان، راسته سه‌رۆك بارزانی نه سه‌رۆكی هه‌ڵبژێراو بوو نه ده‌سته‌ڵاتی ده‌ستووریشی هه‌بوو، به‌ڵام بینمیان چۆن له ده‌ربه‌ندی كۆڕێ ته‌نیا 20كم له دووریی ناوه‌ندی شاری هه‌ولێر، رووبه‌رووی دوژمن بووه‌وه و نه‌یهێشت كوردستان داگیر بكرێته‌وه.
3- سه‌رۆك بارزانی له ساڵی 1998 بریاریدا ئاڵای كۆماری كوردستان له باشووری كوردستان به فه‌رمی هه‌ڵبكرێت، هه‌تا ئێستایش زۆر كه‌س به شه‌رمه‌وه ئه‌و ئاڵایه هه‌ڵده‌كه‌ن و به بیانووی لابه‌لا داوای گۆڕینی ئه‌و ئاڵایه ده‌كه‌ن.
4- له ساڵی 2003 سه‌رۆك بارزانی هیچ ده‌سته‌ڵاتێكی ده‌ستووری نه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ویژدانی هه‌ر تاكیكی ئه‌م وڵاته‌دا پارێزه‌رێكی بێلایه‌نی خه‌ڵك و خاكی كوردستانه، به ئاشكرا رایگه‌یاند سوپای توركیا به‌سه‌ر لاشه‌ی ئه‌ودا دێنه ناو خاكی كوردستانه‌وه.
5- له دوای رووخانی رژێمی به‌عس و پاشان حوكمڕانیی كاتیی ئه‌مه‌ریكا له عێراقدا، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و عێراق شاهیدن، كه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ده‌یانویست پێشمه‌رگه به ملیشیا ناوزه‌د بكه‌ن و بیكه‌ن به پاسه‌وانی سنوور له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌وكاتیش سه‌رۆك بارزانی ده‌سته‌ڵاتی ده‌ستووری نه‌بوو، به‌ڵام بریاری دا و رایگه‌یاند هیچ هێزێك نییه بتوانیت ده‌ستكاری هێزی پێشمه‌رگه بكات.
6- له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقدا، رۆژنامه ئه‌مه‌ریكاییه‌كانی وه‌ك وۆڵ ستریت جۆرناڵ و فاینشیاڵ تایمز شاهیدن، كه راشكاوانه ده‌یاننووسی گوشار مه‌خه‌نه سه‌ر مه‌سعوود بارزانی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سعوود بارزانی ته‌نیا ملكه‌چی گوشاری گه‌له‌كه‌یه‌تی، بۆیه گوشار خستنه سه‌ر بارزانی سوودی نییه، له‌و كاته‌شدا هێشتا سه‌رۆك بارزانی به فه‌رمی و یاسایی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوو.
7- له‌میانه‌ی خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له 2005-2009 سه‌رۆك بارزانی ده‌سته‌ڵاتی خۆی به كار هێناوه، ئه‌ویش له‌سه‌ر چاره‌نووسی كه‌ركووك بووه كه له راپۆرتی بیكه‌ر هاملتۆندا وه‌ك راسپارده هاتبوو چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركووك وازی لێ بهێنرێت، سه‌رۆك بارزانی له به‌غداوه به جیهانی راگه‌یاند (ئێمه پابه‌ند نابین به راسپارده‌كانی راپۆرتی بیكه‌ر هاملتۆن)ه‌وه.
8- سه‌رۆك بارزانی هه‌ر له خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا جارێكی دیكه‌ش ده‌سته‌ڵاتی خۆی به كار هێنا، ئه‌ویش راگه‌یاندنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی كوردستان بوو، كه به به‌رچاوی كامێره‌كانی سه‌ته‌لایت و له‌گه‌ڵ به‌رێز مام جه‌لال سه‌رۆككۆماری عێراق پێكه‌وه له یه‌كی حوزه‌یرانی 2009 جاری ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌یاندا.
9- له‌ماوه‌ی خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا، دیسان سه‌رۆك بارزانی چه‌ند جارێك ده‌سته‌ڵاتی خۆی به‌كار هێناوه، یه‌كه‌میان هۆشداریدان به سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئه‌گه‌ر پابه‌ند نه‌بێت به‌و رێككه‌وتنه‌ی حكوومه‌تی عێراقی له‌سه‌ر دامه‌زراوه، ئه‌وا ناچار ده‌بێت ئه‌م راستییه رووبه‌رووی گه‌لی كوردستان بكاته‌وه و گه‌لی كوردستان چ بریارێك بدات، ئه‌و، ئه‌و بریاره جێبه‌جێ ده‌كات.
10- دوای پێكهێنانی هێزی دیجله كه مالیكی ده‌یویست لاسایی ژه‌نه‌راڵ په‌تریوس بكاته‌وه و ده‌یویست به‌م بیانووه‌وه كه‌ركووك داگیر بكاته‌وه، سه‌رۆك بارزانی به ته‌واوی ده‌سته‌ڵاتی خۆی به‌كار هێناوه و هێزی پێشمه‌رگه‌ی جووڵه پێكرد، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه نه‌دات به بیانووی لابه‌لاوه كوردستان داگیر بكرێته‌وه، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا گوێبیستی هه‌ندێك له سه‌ركرده‌ی حزبه‌كان كه ناراسته‌وخۆ به‌رگرییان له هێزی دیجله ده‌كرد.
11- له‌گه‌ڵ داگیركردنی مووسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه، جارێكی دیكه سه‌رۆك بارزانی فه‌رمانی به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كردووه ئه‌و ناوچه كوردستانیانه‌ی كه پێشتر پێانده‌گوتن ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، پێشمه‌رگه ئه‌و ناوچانه‌ی پاراست.
12- له دوای داگیركردنی شنگال و به‌شێك له ده‌شتی نه‌ینه‌وا، سه‌رۆك بارزانی بڕیاری شه‌ری سه‌رتاسه‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌ژێر دروشمی (كوردستان یان نه‌مان) دا و، له ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا خۆی وه‌ك پێشمه‌رگه هاوشانی پێشمه‌رگه له شنگال تا جه‌له‌ولا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه بووه به‌بێ جیاوازی، وه‌زیری پێشمه‌رگه و ته‌واوی فه‌رمانده سه‌ربازییه مه‌یدانییه‌كانی پێشمه‌رگه به‌بێ جیاوازیی بیربۆچوونی سیاسی، هه‌موویان له میانه‌ی دیمانه‌كانیان له‌گه‌ڵ گوڵان رۆڵی سه‌رۆك بارزانی‌یان له‌م شه‌ڕه‌دا به‌رز نرخاندووه و ئاماژه‌یان به‌وه كردووه رۆڵی سه‌رۆك بارزانی نه‌بوایه تێكشكانی تیرۆریستانی داعش ئاسان نه‌بوو.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی ئاماژه‌مان پێكردن، ئایا سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی له‌و ماوه‌یه‌ی كه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بووه، بۆ یه‌كجاریش ده‌سته‌ڵاته‌كانی خۆی به‌و جۆره به‌كار هێناوه كه كاریگه‌ریێكی زۆر بچووكی له‌سه‌ر ئازادیی راده‌بڕین و چالاكیی سیاسی و حزبایه‌تی و رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد هه‌بووبێت؟ ئه‌گه‌ر به كاری هێناوه حه‌قه ئاشكرا بكرێت.
دیاره لێره‌دا حه‌قه ئه‌و پرسیاره ئاراسته‌ی رای گشتیی كوردستان بكه‌ین و گریمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هیچ ده‌سته‌ڵاتێكی ته‌شریعی و غه‌یره ته‌شریعی نه‌بێت، ئایا كه كوردستان كه‌وته به‌ر مه‌ترسییه‌وه، كه‌س ده‌توانێت سنوور بۆ ده‌سته‌ڵاته‌كانی دابنێت؟ ئایا كاتێك كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر بێت، گه‌لی كوردستان له سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی قبووڵ ده‌كات ده‌سته‌وه‌ستان دابنشێت و سه‌یری رووداوه‌كان بكات، ئه‌ویش بڵێت من ده‌سته‌ڵاتی ده‌ستووریم نییه؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بۆ ئه‌وانه‌ی له مێژووی گه‌لان نه‌شاره‌زان و یاری به میكانیزمه‌كانی دیموكراتییه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه، باشتره بچن مێژوو بخوێننه‌وه و له ئه‌زموونی گه‌لانه‌وه ئه‌و راستییه فێر ببن، هیچ سه‌رۆكێك به ده‌سته‌ڵاتی ته‌شریعی و غه‌یره‌ته‌شریعی، نه به هێز بووه نه لاواز بووه، هه‌ر بۆ نموونه كاتێك ئه‌ڵمانیا فه‌ره‌نسای داگیر كرد، كه‌س داوای له دیگۆل نه‌كرد فه‌ره‌نسا ئازاد بكاته‌وه، دیگۆل توانی فه‌ره‌نسا ئازاد بكات و ماوه‌یه‌كیش خۆی سه‌رۆكی حكوومه‌تی كاتیی فه‌ره‌نسا بوو هه‌تا كۆماری چواره‌م راگه‌یه‌نرا، حزبه‌كانی كۆماری چواره‌م به هه‌موو تێگه‌یشتی خۆیان پێیان وابوو ئه‌گه‌ر دیگوڵ ده‌سته‌ڵاتی نه‌بوو، ئیتر ئه‌وان ده‌توانن ببنه هاوشانی، به‌ڵام 12 ساڵ دوای ئه‌وه‌ی دیگۆل فه‌ره‌نسای ئازادی ته‌سلیم كردن، خه‌ریك بوو فه‌ره‌نسایه‌كی داگیركراوی بده‌نه‌وه، بۆیه میژوو سه‌لماندی ئه‌وه فه‌ره‌نسایه پێویستی به سه‌رۆكایه‌تیی دیگۆله نه‌ك دیگۆل پێویستی به سه‌رۆكایه‌تیی فه‌ره‌نسا بێت، له ئێستایشدا كوردستان پێویستی به سه‌رۆكایه‌تیی بارزانی هه‌یه، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.




