چاره لاى كێیه؟

د.چواس حەسن
دوێنێ (9ـی ئاب 2015) سه‌رۆك بارزانى له په‌یامێكدا له‌باره‌ى بارودۆخى سیاسیى هه‌رێمى كوردستانەوە په‌یامێكى بڵاو كردەوه، كه گرینگیى هه‌نووكه‌یى و مێژوویى خۆى هه‌یه. بۆیه ده‌بێت شیكاریانه هه‌ڵوێستى له‌سه‌ر بكه‌ین؛ چونكه ئه‌م دۆخه‌ى هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌سته به ژیانى هه‌موومانه‌وه، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به چاره‌نووسى نه‌وه‌ى داهاتوویشه‌وه كه مافمان نییه هه‌روا و له‌خۆرا و بێ به‌رپرسیاره‌تى، چاره‌نووسیان دیارى بكه‌ین و به دار و به‌ردیدا بده‌ین.
بارزانى له سه‌ره‌تاى په‌یامه‌كه‌یدا بیرى هێناینه‌وه كه به خه‌باتى به‌ڕێزیان و پارته‌كه‌ى و هه‌موو كوردپه‌روه‌رێكى دیكه‌ى ئه‌م هه‌رێمه، ئه‌م هه‌رێمه و پرۆسه دیموكراسیه‌كه‌شى دامه‌زراوه و هه‌میشه پێشمه‌رگه‌ى:
- دیموكراسخواز
- نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر
- ئاشتىخواز بوون
بارزانى دەیەوێ بیرمان نەچێت كه ئه‌م هه‌رێمه له‌سه‌ر بنه‌ماى سازانى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانى كوردستان دروست بووه، ئه‌وكاته‌ى دوژمن پتر هێرشى دێنا و پتر ئه‌نفال و كیمیابارانى ده‌كرد، ئه‌وكات به‌ره‌ى كوردستانى بووه باشترین وه‌ڵامێك بۆ ته‌حه‌دداى گره‌وى له‌ناوبردنى نه‌ته‌وه‌كه‌مان. به‌ره‌ى كوردستانى و دواتریش راپه‌رین و دامه‌زراندنى هه‌رێمى كوردستان و داموده‌زگا هه‌ڵبژێردراوه‌كانى، به‌رهه‌مى سازان و ڕێكکه‌وتن و لێكتێگه‌یشتنى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانى گۆڕه‌پانى خه‌باتى نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوون. هه‌میشه سازان بووه كه بووه‌ته مایه‌ى ده‌ستكه‌وت بۆ گه‌لى كورد و ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ش ته‌نیا و ته‌نیا به سازان ده‌پارێزرێن، بۆیه سازان كۆڵه‌كه و بنه‌ماى سه‌ره‌كیى هه‌رێمه‌كه‌مانه، ده‌ستكه‌وته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمانه.
بارزانى ئاماژه‌ى بە مه‌ترسییه ناوخۆییه‌كانى سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌مانى دا، ئه‌مه‌شى چڕ كرده‌وه له:
1- تێكدانى به‌ئه‌نه‌قه‌ستى یه‌كڕیزیى نێوان هێزه سیاسییه‌كان له‌ناو په‌رله‌ماندا له ڕێگه‌ى هه‌وڵدان بۆ په‌راوێزخستنى هێزێكى گه‌وره و مێژوویى وه‌ك پارتى، له‌بابه‌تێكى هه‌ستیارى وه‌ك سیسته‌مى حوكمڕانى هه‌رێمه‌كه‌مان.
2- هه‌وڵدان بۆ دروستكردنه‌وه‌ى دووبه‌ره‌كى و دووئیداره‌یى له هه‌رێمى كوردستاندا، دواى ئه‌وه‌ى گه‌لى كورد باجێكى زۆرى ئه‌وانه‌ى دا و، هه‌وڵ و كۆششێكى زۆریشى دا بۆ نه‌هێشتنى دووبه‌ره‌كى و سڕینه‌وه‌ى ئاسه‌وارى دووئیداره‌یى.
لێره‌دا به‌ڕێزیان دێته‌سه‌ر باگراوندى كه‌سیى خۆى و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه، به كلتورێكى 100 ساڵه له به‌هاكانى پێكه‌وه‌ژیان و قوربانیدان له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیى و، به‌هاى به‌رز و جوانىی ئه‌خلاق و راستگۆیى و پێشمه‌رگایه‌تى و گیانفیدایى و به‌رنگارى و خۆڕ‌اگرى و ره‌تكردنه‌وه‌ى خۆسه‌پاندن په‌روه‌رده كراوه، بۆیه له‌م دۆخه‌دا هه‌ست به به‌رپرسیاره‌تیێكى گه‌وره ده‌كات و له‌و سۆنگه‌یەیشه‌وه، هۆشدارى ده‌داته سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان و نه‌خشه‌ڕێگاى چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م دۆخه به‌زۆر خوڵقێنراوه‌ی ئه‌مڕۆى هه‌رێمى كوردستان ده‌خاته ڕوو، كه بریتییه له (گه‌ڕانه‌وه بۆ هاوڵاتى)، گه‌ڕانه‌وه بۆ تاكى ئه‌م هه‌رێمه له هه‌موو بارێكدا، چ به ڕیفراندۆم بێت له‌سه‌ر پرسى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم كه چۆن هه‌ڵبژێردرێت؟ یان له ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه بێت، چونكه په‌رله‌مانى كوردستان به‌و دابه‌شبوونه‌ى ئێستایه‌وه ناتوانێت چاره‌یێكى یاساییانه‌ى كێشه‌كه بكات به شێوه‌یه‌ك كه ئارامى و سه‌قامگیریى كۆمه‌ڵگاكه‌مان بپارێزێت.
ئه‌مه‌ش ته‌واو وێك دێته‌وه له‌گه‌ڵ سیسته‌مى دیموكراسىدا، چونكه له سیسته‌مى دیموكراسیدا سه‌رجه‌م بڕیاره‌كان، به‌تایبه‌تیش بڕیاره چاره‌نووسسازه‌كان له‌لاى هاووڵاتیه و به‌س، هێزه سیاسییه‌كان ته‌نیا و ته‌نیا وه‌كیلێكى هاووڵاتین و ده‌كرێت هه‌ركات هاووڵاتى هه‌ستى كرد كه ئه‌و هێزانه ناتوانن كێشه‌كانى كۆمه‌ڵگا چاره بكه‌ن، ئه‌وا خۆى راسته‌وخۆ بێته‌وه ناو مه‌یدانى سیاسه‌ت و بڕیارى خۆى له‌سه‌ر چاره‌نووسى خۆى بدات.
به‌ڵێ له‌م دۆخه هه‌ستیار و ناسكه‌ى كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا، له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسییه‌كانى ده‌ره‌كى و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حەددا ناوخۆییه‌كاندا، ته‌نیا قووڵكردنه‌وه‌ى دیموكراسى و به‌هێزكردنى پێشمه‌رگه‌یه كه ده‌بنه مایه‌ى چاره‌كردنى كێشه‌كانمان.




