ئێمهیش قبووڵی ناكهین

فەرحان جەوهەر
لە دنیادا پەرلەمان هەمیشە بەشێكی سەرەكیی چارەی كێشەی گەلەكەیەتی و هەرچی بكرێت بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی خۆی و دەربازبوون لە قەیران درێخی ناكات، بەڵام لە بەدبەختیی ئهم كورده، پەرلەمانهكهمان بووه به ئامرازێك بۆ تەحهدداكردن و حزبەكان وهك كارتێكی گوشار بهرانبهر به یەكدی بەكاری دەهێن.
رەنگە هەندێك ئەو پرسیارە بكەن بڵێن: خۆ دەبێت هەموو ململانێ سیاسییەكان لە پەرلەمان یەكلایی ببنەوە؟ ههڵبهت پرسیارێكی ڕەوا و لە جێی خۆیەتی، منیش لەگەڵ ئەوەم هەموو كێشە و ململانێ سیاسییەكان لە پەرلەمان چارە بكرێن، بەڵام تێبینیی وشەی 'هەموو' بكەن، هەموو كێشەكان نەك بە جۆرێك گەر كێشەك بۆ بەرژەوەندیی من بوو ئەوا دەبێت سازانی لەسەر بكرێت و، كێشەیەكیش لە دژی بەرژەوەندیی ئەوی دی بێت، دەبێت بە شێوازی یاسایی بەحت چارە بكرێت.
دەمەوێت بیرتان بۆ سەرەتای دانیشتی پەرلەمان ببهمەوە؛ له پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا بە ڕوونی هاتووە: پەرلەمان لە یەكەمین دانیشتنی خۆیدا سەرۆك جێگرو سكرتێر بۆخۆی هەڵدهبژێرێ، لەبەرئەوەی حزبەكان نەگەیشتبوونە سازان و پەرلەمانیش بەبێ حزبەكان نەیتوانی سەرۆك هەڵبژێری، ماوەی حەوت مانگ پەرلەمان چاوەڕێی حزبەكان بوو تا گەیشتنە سازان، ئینجا سێ ناویان بۆ ئەندامان ناردە پەرلەمان و بە تەوافوق هەڵمانبژاردن، ئەگەر بۆ ئەوكات بەپێی یاسا بوایە، ئهوا پەرلەمان گەورەترین پێشێلكردنی یاسایی ئەنجام داوه، بهڵام 'حیلە شەرعیێك' دۆزرایهوه و گوترا كه گوایە یەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی هێشتراوهتەوە، دهپرسم كه لە هیچ كونجێكی ئەم دنیایەدا ئهمه ڕوویداوە كۆبوونەوە بۆ ماوەی حەوت مانگ دەرگای كراوە بێت؟ بەڵام لەبەرئەوەی ئەو كاتە لە بەرژەوەندیی خۆیان بوو و، تا لە دەرەوەی پەرلەمان حزبەكان رێكنەكەوتن، بە یەك وشەیش باسی ئەو پێشلكارییە نەكرا، ههڵبهت ئێمەی ئەندامانی پەرلەمانیش حەوت مانگی به مووچه و بێ كار له چاوهڕوانیدا بووین.
كهچی ئەمڕۆ باردۆخەكە گۆڕاوە، چونكە من بە سازان بەشی خۆم دەست كەوت و بەشی تۆش دەبێت بە یاسا بێت! ئێستا لە خەڵك بوونەتە ئەندامی سۆپەر یاسایی، وەك بڵێی خەڵكی ئەو وڵاتە نین و لە ئەستێرەیەكی ترەوە دابهزیون. خۆ زۆر تێنەپەڕیوە و خەڵك ئەمەی لە بیرە و ئەوەی ئەمڕۆیش دەبینن، ئەگەر ڕاستە كه ئێوە جگە لە چارەی یاسایی بۆ كێشەكان بە هیچ جۆرە چارەیێكی دی رازی نابن، ئەوا دەبێت ئەو پۆستانەی دەستیشتان كەوتوون بە شێوەیەكی یاسایی و حەقی خۆتان بێت، نابێت هەر لە سەرەتاوە بە حكوومەتی هاوپەیمانی رازی بوونایە و خۆتان بگرتایە، تا ئەو كاتەی دەبوونە زۆرینە و حكوومەتتان دروست كردبایە، نەك لە نیوەی رێگا لە هاوپەیمانانتان هەڵگەڕێنەوە. وەك ئەوەی خەڵكی كوردستا بیریان چووبێتەوە كە دەتانگوت: پێكهێنانی حكوومەت بەبێ ئێمە سنوورەكەی تا دێگەڵەیە و بەس؛ تاكو پۆستەكانیشتان وەرگرتن رێككەوتنی سراتیژی هەبوو، بەڵام كە بەشی خۆتان بە زیادەوە وەرگرت، رووتان لە لایەكی تر كرد و جاڕی مردنی ئەو رێككەوتنەتان دا، لایەكەی تریش مامەڵەی بە ئارامیی خەڵكەوە دەكرد و دەیگوت: ئەگەر بەشداریمان پێ بكەن لە دەستەڵات ئەوا بەڵَێنی چوار ساڵ ئارامیتان دەدەینێ، واتە ئەگەر من نهیێمە دەستەڵاتهوه ئارامیتان تێك دەدەم، ئەمڕۆیش كه هاتوونەته دەستەڵاتهوه دەڵێن، ئەگەر ئەوە نەكەن كە من بۆتان دادەنێم، ئەوا دیسان ئارامیتان تێكدەدەم؛ ئاخر ئهوانه پەرلەمانیان كردووهتە ئامرازێك بۆ وەدەستهێنانی دەستكەوتی حزبی و، گوێنەدان بە بارودۆخی سیاسی و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان، دە كەواتە ئەوە ئێمەیش قبووڵمان نەكرد.




