٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بارزانی و نەوشیروان مستەفا مەکەنەوە بەگژ یەکا!

سەرچاوە: KDP.info

سلێمان عەبدوڵڵا یوونس
گرووپێک لە بازرگانانی سیاسەت (کە لەناو هەموو حزبەکاندا گەرایەکی مێژووییان داناوە) و (لەناو سەرجەم پارتە کوردییه‌کاندا بوونیان هەیە)، بەردەوام لە هەماهەنگیێکی ناڕاگەیێندراودان بۆ تێکدانی نێوانی ڕێبەرە کوردە دیارەکانی هەرێمەکە و، بەوهۆیەشەوە هەمیشە فەزای شڵەژانی سیاسی دروست دەکەن و، تیایدا بە بەردێک دوو نیشانی بەرژەوەندییە ناڕەواکانی خۆیان دەشکێنن.
ئەم گرووپگەلە زۆر پڕۆفیشناڵن لە بوارەکەی خۆیان و بەردەوام دەتوانن سەرکەوتووترین میکانیزم هەڵبژێرن بۆ کرمێکردنی دڵی ئەو ڕێبەرانە لە یەکتری و، بەردەوامکردنی دۆخی بێمتمانەیی نێوانیان.
ئەم گرووپە لە ململانێی ساڵانی شەستەکانەوە بۆئێستا، توانیویانە ڕیشەیەکی مێژوویی دابکوتن و درز بخە نێوان ڕێبەر و فیگەرە دیارەکانی حزب و بزاوتی کوردایەتییەوە، وەکو ئەوەی لەنێوان مستەفا بارزانی و مام جەلال لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دروستیان کرد و، دواتریش لە ناوەڕاستی حەفتاکان بۆ کۆتایی نەوەدەکان لەنێوان مام جەلال و کاک مەسعووددا بەردەوامییان پێدا.
ئەوانە هێشایش بە شێوەیەکی زۆر ئەکتیڤتر هاتوونەتەوە مەیدان و، جارێکی تر پەنایان بردووه‌تەوە بۆ وێناکردنی بەریەککەوتنی زبری نێوان کۆمەڵگای بارزانیزم و جەلالیزم و، لەم پێناوەدا لە ڕێگای گەشاندنەوەی پشکۆی ناکۆکییە مێژووییەکانی نێوان بارزانی و نەوشیروان مستەفا، پلانێکی جەهەنەمییان داڕشتووە.
ئاقڵمەندان و چاکەخوازانی ناو حزبی کوردی، ئەگەر پێش بەم پلان و پیلانە نەگرن، ئەوا نەک ناوبانگی مەسعوود بارزانی و نەوشیروان مستەفا، وەکو دوو ڕێبەری دیار لەبەردەم مەترسیێکی حەقیقیدایە، بەڵکو لەگەڵ ژەهراویبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ئەم سەرکردە کارێزماییەدا، بزواتی بەفیدڕاڵگەیشتووی کورد (کە هێششتا لە هەورازی دەوڵەتی کوردیدا وەستاوە) بەرەو چاڵی چارەنووسێکی تاریک، بە خاک و خەڵک و خواوە سەرەوخوار دەبێتەوە!

 

*له‌ په‌یجی نووسه‌ره‌وه‌ وه‌رگیراوه‌

هەواڵی پەیوەندیدار