٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ترسان و، پشتیان لە سەربەخۆیی كرد

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

قەیرانی سیاسیی ئێستای هەرێم، دوو بابەتی جەوهەریی لە بیری زۆر خەڵك بردەوە. یەكەمیان شەڕی داعش و پتەوتركردنی ئەو سنوورانەی بە خوێنی پێشمەرگە ئازاد كران، دووەمیشیان سەربەخۆیی بوو، كە هەنگاوی زۆر مەزنی نابوو و لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا مەقبولییەتێكی باشی وەدەست هێنابوو. سەربەخۆیی لە ڕووی زرووفی بابەتییەوە كێشەیەكی ئەوتۆی لەبەردەمدا نەمابوو.
دوای گەڕانەوەی سەرۆكی هەرێم لە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپایی، بارزانی لەگەڵ حزبەكان ئەنجامی سەردانەكەی ئاشكرا كرد. بەپێی سەرچاوەكانی ناو كۆبوونەوەكە حزبەكان لەسەر ئەوە ڕێككەوتن دەست بكەن بە هەنگاوە عەمەلییەكانی پڕۆسەی سەربەخۆیی و، لە كاتێكی كەم و فەترەیەكی ئینتیقالیدا سەربەخۆیی یەكلایی ببێتەوە. ئەو كۆدەنگییە مایەی خۆشحاڵییەكی زۆری خەڵك بوو. هەر بەپێی سەرچاوەكانی نێو كۆبوونەوەكە، بڕیار لەسەر پێكهێنانی كۆمیتەی سەربەخۆیی یان ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆیی درا. ئەركی كۆمیتەكە قورس و مێژوویی بوو. چونكە لە یەككاتدا دەبوایە كاری بۆ سەربەخۆیی كردبا و هێڵە گشتییەكانی سیستەمی سیاسیی دەوڵەت و دەستووریشی كێشابا. ئامادەكاری بۆ ڕیفراندۆم و دەستپێكردنی پڕۆسەی دانوساندنی ئاشتیانە لەگەڵ ناوچەكە و بەغدا و، پێداویستییە ئابوورییەكانی سەربەخۆیی و یەكخستنی پێشمەرگە و ئامادەسازیی ڕای گشتیی، بۆ ئەم پڕۆسە مەزنە بەشێك لە ئەركەكانی كۆمیتەكەی پێكدەهێنا. بەشێكی دیكەی ئەركەكان یارمەتیدانی لیژنەی دەستووری بوو بۆ ئەوەی دەستوورێكی كراوە و سەردەمیانە بۆ وڵاتێكی دیموكراتی و پارلەمانی بنووسرێتەوە. ئەمە خواست و ئیرادەی هەموو لایەنێك و تاكێكی كوردستانی بوو، وڵاتێك بكه‌وێته‌ سه‌رپێ كە سەربەخۆ و دیموكراتی بێت.
بەڵام دوای كۆبوونەوەكە بەشێكی زۆری حزبەكان پشتیان لە بەڵێنەكانیان كرد و كاریان بۆ شتێكی دیكە كرد، كە لەبەرانبەر كاركردن بۆ وڵاتێكی سەربەخۆ و دیموكراتیكدا بچووك و كەمبەها بوو. ئەوان پشتیان لە پڕۆسە و بەڵێنەكە كرد، چونكە وای بۆ دەچوون ئەگەر سەربەخۆیی بكەوێتە سەر پێ، ئەوا ئەجێندای مێژووییی پارتی سەركەوتووە و ئەگەر سیستەمەكە تەواو پارلەمانیش بێت، كێرڤی جەماوەریی پارتی هەڵدەكشێت و لە هەڵبژاردنەكانی دوای سەربەخۆییدا، ئەوا ئه‌وه‌ پارتی دەبێت كه‌ زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی پارلەماندا ده‌باته‌وه‌.
ئەم ترسە هانی ئەندازیارانی 23ـی حوزەیرانی دا ئەولەوییەتەكە لە سەربەخۆییدا نەبینن، بەڵكو لە ڕێی ئەو پارلەمانەی بە تەوافوق دامەزراوە، پارتی لە پڕۆسەی سیاسی وەدەربنێن. مەسەلەی سەرۆكایەتی نێچیرێكی باش بوو و وای بۆ دەچوون هیچ دەرچەیەكی یاسایی نییە لە سوودی پارتی بێت و لە نەشتەرگەرییەكی پارلەمانی و بە مەنتیقی زۆرینە، هەموو تۆڵەیەك لە پارتی بكەنەوە.
ئەوە لە حاڵێكدا بوو هۆكاری سەرەكیی دروستبوونی گرێكوێرەی سەرۆكایەتی، خودی حزبەكان بوون. ئەوان ڕێگرییان كرد ڕەشنووسی دەستووری پەسەندكراو بخرێتە ڕاپرسی و داوای سازانیان كرد. پەكخستنی دەستوور بووە هۆی ئەوەی ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكیش یەكلایی نەبێتەوە. حزبەكان خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە دزییەوە و هەموو شتێكیان خستە ئەستۆی پارتی و لە ڕێی مەكینەكانی ڕاگەیاندنیان بە هەموو توانایەك كاریان لەسەر لەكەداركردنی بارزانی كرد و كێشەكانیان لەوەدا كورت كردەوە، كە كەسێك دەیەوێ ده‌ست لە كورسییه‌كه‌ی به‌رنه‌دات. ئیدی باسی ئەوە ناكەن كە خەڵك دەبێ سەرۆك هەڵبژێرێت یان پارلەمان؟ و، ئەگەر پارلەمانیش سەرۆك هەڵبژێرێت ئەوا دەبێ پرس بە خەڵك بكرێت كە ئایا پارلەمانتار ئەو حەقەی هەیە؟ چونكە خەڵكی كوردستان مومارەسەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆكیان كردووە و ئەم مافە لای ئەوانە و، دەبێ بە مۆڵەتی گەل ئەو مافە بگەڕێندرێتەوە بۆ پارلەمانتار.
لەم پڕۆسەیەدا حزبەكان بە چەند جۆرێك ستەمیان لە خەڵكی كوردستان كرد. لە مناوەرەیەكی ئیعلامی و سیاسیی ئاڵۆزدا كۆسپیان بۆ سەربەخۆیی دروست كرد. ڕێگەیان لەوە گرت ئەم وڵاتە ببێتە خاوەنی دەستوور و، ویستیشیان لەجیاتی خەڵك بڕیار لە جۆری سیستەمی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆك بدەن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار