ڕۆشنبیر و سیاسەت؛ (لە سۆنگای ئەو هێرشەی دەکرێتە سەر ڕۆشنبیرانی پشتیوانی بارزانی)

سهرۆ قادر
رۆشنبیران لە ژیانی کۆمەڵگای کوردستان
رۆشنبیر کێیە؟ ئەوە پرسیارێکە زۆر جاران لەناو کەشی رووناکبیریدا دەکرێتەوە. لە روانگای جیاوازەوە تاریفی بۆ دەکەن و ئەرکی بۆ دادەنێن. بۆ تێگەیشتن لە مانا و پێگە و ئەرکی رۆشنبیران، پێویستە ئاوڕێک لە مێژووی دەرکەوتن و قۆناغە جیاجیاکانی ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە بدەینەوە، ئینجا دەتوانین لە مانا راستەقینەکەی ئەم زەمانەی رۆشنبیری تێبگەین.
زانین و کۆکردنەوەی زانیاری، پێویستییێکی بنەڕەتیی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە و خودی بەشەر بەرەو مرۆڤایەتی هەنگاوی پێناهاویشترێ، ئەگەر بەردەوام زانیارییەکانی زیاد نەکات و، توانایی تێگەیشتن لە خۆی و دیاردە سرووشتی و کۆمەڵایەتییەکانی نەبێت. ئەگەر باوەڕمان بێت کە بنیادەم لە نەزانیی موتڵەقەوە بەرەو ئەم قۆناغەی ئێمە هەنگاوی ناوە، ئەوجا رۆڵی ئەو کەسانە دەردەکەوێ کە ژیانی خۆیان بۆ تێگەیشتن و تێگەیاندنی کۆمەڵگا تەرخان کردووە. زاناکان هەمیشە و لە هەموو قۆناغەکانی پێگەیشتنی بەشەردا پێشەنگی کۆمەڵگا بوونە. لێرەدا مەبەستم لە زانایی بە مانای عالمی ئەم رۆژگارە نییە. لە پرۆسەی پیشکەوتنی زانیاریی ناو کۆمەڵگادا، لە هەر بوارێک و لە قۆناغی خۆیدا مانا و شوێنی چەمکەکان دەگۆڕێن. زانایی لە رۆژگارانی کۆندا بە هەر تەقەلایەکی مەعریفەتجویانە دەگوترا کە رووی لە کەشفکردن و ئاشکراکردنی رازەکانی سرووشت یان کۆمەڵگا بایە.
رۆشنبیر ئەو کەسەیە کە لە رۆژگاری خۆیدا، لە بوارێکی دیاریکراوی مەعریفیدا(زانین) زانایی و شارەزایی هەیە. ئەو زانایی و شارەزاییە بۆ روونکردنەوەی واقیع و سەرلەنوێ تێڕوانینەوەی پەیوەندییەکان بەکار دێنێ. تایبەتمەندییەکی دیکەی رۆشنبیر لە هەبوونی وزەی داهێنانیدایە. کەسی زانا و شارەزا لە زاتی خۆیدا وا هەڵکەوتووە دەتوانێ بە داهێنانەوە دەست بەرێتە ناو پەیوەندییە ئینسانییە-کۆمەڵایەتییەکان و چۆنیەتیی هەڵکەوتنیان ئاشکرا دەکات و، بۆ بەرژەوەندیی پێشکەوتن و خۆشبەختیی مرۆڤ، لە نوێ پێشنیازی داڕشتنەوەیان دەکات. لەو بوارەدایە زەینی رەخنەگرانەی رۆشنبیر دەردەکەوێ. رۆشنبیران هەڵگر و توێژەر و پەیامبەری مەعریفەتن. ئەو توێژەیە کە زاتی وا هەڵکەوتووە لە سیستەمی کۆمەڵایەتیدا کار لەناو زانیاری و زاناییدا دەکات و پێیدا دەچێتەوە و رەخنەی لێ دەگرێ و داوای داهاتنی مۆدیلی نوێ دەکات.
رۆشنبیران هەڵکەوتەی ناو سیستەمی مەعریفیی کۆمەڵگای خۆیانن و توانایی مەلەیان لە ناو کولتوور و مەعریفەی کۆمەڵگای جیهانیدا هەیە. هەر رۆشنبیرێک بە کولتوور و پلەی مەعریفەتی کۆمەڵگاکەی دەناسرێتەوە، بۆیە ئەوە رۆشنبیرانن کە نوێنەرایەتیی کولتوورە جیاوازەکان دەکەن. رۆشنبیران بە قووڵی لە واقیعی کۆمەڵایەتیی خۆیان دەگەن و لەو سۆنگەیەوە هەر یەکیان بەپێی باری سایکۆلۆژی و پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی و واقیعی سیاسیی وڵاتەکەی، هەڵوێست لە شوێنی کاری خۆی وەردەگرێت و شێوازی کار دیاری دەکات. مەبەستم لە هەڵوێست و شێوازی کاری رۆشنبیر وەک تاکێک ئەوەیە، دەچێتە ناو سیاسەت، تەنیا بە نووسینەوە خەریک دەبێ، ئانارشیستانە رەفتار لەگەڵ دیاردەکان دەکات، بێدەنگ دەبێت یان لەوانەیە خۆی بکوژێت. لە هەموو حاڵەتێکدا کاریگەری خۆی دەنوێنێ.
'هەموو خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەکان رۆشنبیر نین،'
رۆشنبیر مرۆڤێکی خوێندەواری خوێنەر و بیرکەرەوە بە کەشی داهێنانە. بۆیە هەموو خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەکان رۆشنبیر نین، ئەوانە دەتوانن زانیاری وەربگرن و بە شێوەیەکی دیاریکراو بەکاری بێنن و بکەونە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی ئاسایی، بەڵام قەت بیر لە پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوە و دامەزراندنەوەی ناکەن. گومانی تێدا ناکەم چەندی خوێندەواری زیاتر و ئاستی بەرزتر بێت، ئاست و ژمارەی رۆشنبیران زیاتر دەبێت.
رۆشنبیر لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگا هەڵدەکەون و داهێنان لە رێچکەی خۆیاندا دەکەن. ئەو سیاسەتمەدارانەی بە رووناکبینی و زانایییەوە بەشداریی کەشی سیاسی دەکەن، لە جوغزی خۆیاندا کاریگەر دەبن و گۆڕانکاری دروست دەکەن و رەوشی کۆمەڵ بەرەوپێشەوە دەبەن. وەک تۆماس جیفرسۆن، شارڵ دیگۆڵ، گۆڕباچۆف، ڤاسلاف هاڤێل، مهاتما گاندی، نیلسۆن ماندێلا. هەروەها ئەو ئەدیبانەی دەست لەسەر هەناسەی مرۆڤ دادەنێن ژمارەیان زۆرە، وەک جەلالەدینی رۆمی، تالستۆی، ئامیل زولا، ژان پۆڵ سارتر، ئەمین مەحفوز، گارسیا ماکیز، نالی. بیردۆز و تیۆڕسیەنە کاریگەرەکان کە ئەزموونی کۆمەڵگاکان دادەڕێژنەوە. وەک نموونە ژان ژاک رۆسۆ، تۆکۆفێل، مارکس، فرۆید. هونەرمەندانی سینەمایی و شانۆیی و جۆرەکانی پەیکەرتراشی و نەقاشی- تەشکیلی، هەروەک نموونە چارلی چاپلین، ئانتۆنی کوین، ئانجێلینا جوولی یان مایکل ئانجێلۆ، رافائێل، پیکاسۆ.
'لایەندارێتیی رۆشنبیران لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کراوە و لە مانایدا لێرە و لەوێ بەپێی بەرژەوەندیی ئایدیۆلۆژی،
باری کۆمەڵایەتی و سیاسییان سووک یان سەنگین کردووە'
بۆ سەرهەڵدانی توێژی رۆشنبیران، زەمینەی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتووی بە جموجۆڵ و بەرهەمهێنان پێویستە. رۆشنبیر بە مانا و ئەرکی ئەم رۆژگارە مۆدێرنە لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی زانادا دروست دەبێ و زەمینەی گەشەکردنی هەیە. بۆیەیش دیاردەی رۆشنبیران بە تایبەتمەندییەکی سەردەمی مۆدێرن دەزاندرێ. ئەو دیاردە کاریگەرە لەگەڵ سەرەتاکانی نوێبوونەوە و پەیدابوونی سەرمایەداری هاتە بوون و رۆڵی دروستکردنی فکر و دهوڵەمەندکردنی مەعریفەی کۆمەڵایەتییان وهئەستۆ گرت. کۆمەڵگا نوێیەکان نەیاندەتوانی هیچ هەنگاوێک بەرەوپێشەوە بنێن ئەگەر رۆشنگەریی رووناکبیرەکانیان نەبایە. کۆمەڵگا و بزووتنەوەکانی، بەبێ بەرهەمی فکریی رووناکبیران(رۆشنبیران) توانایی هەڵنانی هیچ هەنگاوێکیان نییە، چونکە دەبێ بزانن چیی بە دی دێنن. ئەو چییە لە بەرهەمی رۆشنبیران هەڵدێنجرێ.
ئا لەو رۆڵەوە بیرۆکەی رۆشنبیری لایەندار و بەهەڵوێست دروست بوو. لایەندارێتیی رۆشنبیران لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کراوە و لە مانایدا لێرە و لەوێ بەپێی بەرژەوەندیی ئایدیۆلۆژی، باری کۆمەڵایەتی و سیاسییان سووک یان سەنگین کردووە. ئەوەش دیسان بۆ ئەو رۆڵە دەگەڕێتەوە کە رۆشنبیران لە دروستکردنی فکری بزووتنەکان هەیانبووە. رۆشنبیران بە کار و پرۆسەی بەردەوامی داهێنانی خۆیان، زەمینەی دروستبوونی ئایدیۆلۆژیاکان و ئامانجەکانیان دروست کردووە، جا با خۆیان راستەوخۆ بەشدار و پێشەوا نەبووبن، هیچ لە رۆڵە کۆمەڵایەتییە مەعریفییەکەیان کەم ناکاتەوە. کاریگەریی فکری رۆشنگەرانەی رۆسۆ و ڤۆڵتێر لە شۆڕشەکانی ئەمهریکا و فەڕانسا، رۆڵی کاڕڵ مارکس لە داڕشتنەوە و فراوانکردنی ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم، رۆڵی رۆشنبیرانی توێژەری رۆژهەڵاتناس لە خەمڵاندنی ئایدیۆلۆژیای نەژادپەرستی و راسیزم و ئاپارتاید. کاریگەریی فکریی دارڤین و نیچە و هایدگەر لە درستبوونی فاشیزم و نازیزم. رۆڵی رووناكبیرانی سەدەی بیستەم لەسەر کرانەوەی کۆمەڵایەتی و دروستبوونی کۆمەڵگای مەدەنی و چارەی کێشەی ژن. لەو بوارەدا ناوی ئامیل زولا و ئاندرێی ژید و بێرتراند ڕاسێل و ژان پۆل سارتهر و سیمۆن دیبۆڤار دەدرەوشێنەوە. سەدەی بیستەم بە سەدەی ئەو رۆشنبیرانە دادەندرێ.
مناقەشەیەکی درێژ بە پانتاییی سەدەی بیستەم لەسەر پێناسە و رۆڵی رۆشنبیران هەیە. خودی چەمکی رۆشنبیر لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەیەم لە ناو کۆمەڵگای پڕ لە جموجۆڵی رۆشنگەرانەی فەڕانسادا دروست بوو. زیندانیکرانی ئەفسەرێکی جوی ناو سوپای ئەو وڵاتە، کێشەیەکی فراوانی لێکەوتەوە و رۆشنبیرانی خستە بەردەم ئەرکێکی ئینسانییهوه، ئاخۆ رەوایە دریفوسی ئەفسەری فەڕانسایی لەبەر ئەوەی جوە بە جاسوس دابندرێ و هەموو مافەکانی لێ بسەندرێتەوە و بۆ دوورگەیەکی دوور، دوور بخرێتەوە؟! ئەوە بە کردەوەیەکی نەژادپەرستانە دژی پەیڕەوانی دینی یەهودی داندرا. رۆماننووسی بە ناووبانگ ئامیل زولا بەو وتارەیەوە بەناووبانگە کە دژی سەرۆکوەزیران و بە دیفاع دریفوس نووسی. ئەو هەڵوێستەی ئامیل زولا نەک هەر رۆشنبیران، بەڵکو کۆمەڵگای ئەو وڵاتەی خستە مناقەشەیەکی چارەنووسساز و مێژووییهوه؛ دەبێ سەرەڕای جیاوازیی دینی، دیفاع لە هاووڵاتیان بکرێ و مافەکانیان بپارێزرێ؟ کەواتە دەبێ دیفاع لە دریفوس بکەین و پاشەکشە بە سەرۆکوەزیر بکرێ! ئامیل زولا بە زیندانێکی درێژ مەحکوم کرا و ناچار بوو رابکات و وڵات بەجێبێڵێ. رۆشنگەران و نووسەرە ناودارەکان کەوتنە بەردەم کێشەیەکی نوێوه کە دەبوا رێگای راستەقینەی بۆ بدۆزنەوە: ئەرێ کەسانی زانا هیچ ئیلتزامیان بەرامبەر لێقەوماوانی کۆمەڵایەتی لەسەرشانە یان نا؟ ئەرێ ئێمە ناومان چییە؟! ئا لەوێوە بە راستی مەفهومی رۆشنبیر (ئانتیلکتوێل) و ئیلتزام و بێدەنگنەبوونی تاریف کرا. ئەو قسەیە واناگەیەنێ پێش ئەو رووداوە، دیاردەی رۆشنبیری نەبووبێ. کۆکردنەوەی زانیاری و ناسینی زیاتری سرووشتی مرۆڤ و ناخی گێتی لە تایبەتمەندییەکانی وجودی مرۆڤن. بەڵام دەبێ بزانین لە هەر قۆناغێکی پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا، کەسانی زانا و رۆشندڵ لە چ بارودۆخێک و لە کام ئاستی زانیاری و مەعریفەی کۆمەڵگاکاندا هەڵدەکەون و چ دەکەونە بەرامبەر چارەکردنی کام ئەرک و چ ئامانجێکهوه!
ئەگەر رۆشنبیر بریتی بێت لەو کەسە زانایەی لە سەردەمی مۆدێرن هەڵدەکەوێ، ئەدی زانای سەردەمی سیحر و ئەفسانەکان چیی پێدەگوترێ؟ فەیلەسوفانی ئاتێن کێن؟ پێغەمبەران و بیرمەندە دینییەکانی دوای ئەوان دەکەونە چ خانەیەکهوه؟ هەموو ئەوانە لە سەردەمی خۆیاندا بەو گەنجینە مەعریفییەی لەبەردەستیان بووە و بە ئامرازە مەعریفیانەی دەیانتوانی فەرهەنگسازی و باوەڕسازی بکەن، داڕێژەر و بنیادنەری فکری کۆمەڵگا بوون؛ شەجەرە مێژووییەکەی توێژی فکر و مەعریفە بەم چەشنەیە ساحر- کاهن- فەیلەسووف- پێغەمبەر- عالمی دینی-عارف- رۆشنگەران- رۆشنبیران. هەر یەک لەوانە لە زەمانی خۆیدا کەسایەتیی زانستی و کۆمەڵایەتی تایبەتی هەبووە. لە سەردەمی جاهیلیەتی موتڵەقدا ئەوە ساحر و کاهنەکان بوون کە هەوڵی کۆکردنەوەی تەجرەبە سەرەتاییەکانی مرۆڤیان دەدا و، بەپێی توانایی ئەوکات کۆخ و کاولی کولتووریان هەڵدەچنی و نەوەکانیان لەسەر مەعریفەتی دەستکەوتووی ئەکات رادەهێنا. هەر ئەو ئەرک و کاریگەرییەیشە تا ئێستا لە زاکیرەی مرۆڤاتیدا ناسڕێنەوە. ئاتێن لە یۆنانی کۆندا مەکۆی ژمارەیەک رۆشندڵی گەورە بوو کە هەوڵیان دا لە هەموو بوارەکانی ژیان و وجود، لێکدانەوەی راستەوخۆ بکەن و سەرچاوەکانیشیان سحر و ئەفسانە و ئەزموونەکانی رۆژانە بوون. فەیلەسووفەکانی یۆنان بناغە و رێچکەیان بۆ بیرکردنەوەی قووڵ و زانستیانەی بەشەریەت داڕشت. گرینگیی پێغەمبەران بە پلەی سێیەم دوای فەیلەسووفەکان دێت. لە سەردەمی دینەکاندا کە مرۆڤ تەنیا هۆشی بە لای لێکدانەوەی گێتی و خودی بەشەردا دەچوو، پێغەمبەران رۆشندڵانی گەورەی ئەو زەمانن و روانگا و رێکخستنێکی گونجاو بۆ ئەوکاتیان دەدایە کۆمەڵگاکان. چونکە پێغەمبەرەکان لە وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاریدا، پشتیان بە بیستن و گوتن دەبەست نەک نووسین و خوێندنەوە، بۆیە زانا و موجتەهیدەکانی دوای خۆیان دەبوا پشت بە دەقی پیرۆزی ئەوان ببەستن، بۆ هەندێش دەبوا هانی نووسینەوە و تۆمارکردن بدەن. بۆیە ئەگەر پێغەمبەرەکان ئامرازی مەعریفییان(بیستن و گوتن) هەمانی سەردەمی جاهیلیەتی موتڵەق بوو، ئەوە زانا موجتەهیدەکانی دوای خۆیان هەنگاوێک هاتنە پێشەوە و پشتیان بە دەقی نووسراو دەبەست. هەڵبەت ئەو دیاردەیەش بارودۆخی مێژوویی-کۆمەڵایەتیی خۆی هەبووە.
محەممەد عابد جابری لەسەر ئەم خاڵە هەڵوێستەیەکی دهوڵەمەندی کردووە، بەڵام گرفتەکەی لەوەدایە کە زانا موجتەهیدەکانی قۆناغی تدوین(نووسینەوە)ی بە هاوتای رۆشنبیرانی سەردەمی مۆدێرن داناوە و دەیەوێ بڵێ، لە دووسەد ساڵەی دوای هاتنی ئیسلام و دەستپێکردنی قۆناغی تدوین(تەدوینtedwîn) دیاردەی رۆشنبیری دروست بووە نەک لە سەردەمی مۆدێرن و رووداوی دریفوس. من ئەوە بە تێکەڵکردنی پەیامی قۆناغەکانی شەجەرەی زانایان و رۆشندڵان دەزانم. لە یەک شەجەرەن، بەڵام وەک یەکدی نین. رۆشنگەرانی سەردەمی رێنسانس نەک هەر پشتیان بە دەقی نووسراو دەبەست، بەڵکو دیاردەیەکی نوێ لە سەردەمێکی نوێدا بوون. پێشکەوتنی زانست و تهکنۆلۆژیا، گۆڕانگاریی گەورەی لە سیستەمی کۆمەڵایەتی دەخواست، هەر لە نیزامی سیاسییەوە تا پێگە و رۆڵی تاک لە بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی. رۆشنگەریی سەردەمی رێنسانس کە قۆناغی یەکەمی داڕشتنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای واقیعی و زانستی بوو، کەسایەتیی رۆشنگەر زانیاریدەر و پێشنیازکەر و رەخنەگرێکی لەئاشتینەهاتووی سیستەمی دینی بوو. هەروەک چۆن پێغەمبەران هەمان کاریان بەرامبەر ساحر و کاهنەکان دەکرد و جاهیلیەتیان رەت دەکردەوە. سەرەنجام لە قۆناغی رۆشنگەریدا میتۆد و زانستی بە دنیاییکردنی رێکخستنەوەی کۆمەڵگا پاشەکشەی بە میتۆد و زانیاریی دینی و لاهوتی کرد. رۆشنگەران پێغەمبەر نەبوون، چونکە مامەڵەیان لەگەڵ واقیع و زانیاری بوو. ئیدی نەدەبوا پێغەمبەر دروست بن و دین زەمانی دروستبوونیان نەمابوو. بەڵام ئەو رۆشنگەرانە لەسەر خەتی پیغەمبەران دەرۆیشتن.
رۆشنبیر بە مانای ئەم سەردەمە تایبەتمەندییێکی کۆمەڵگای مۆدێرن و بەجیهانیبووە. هەموو قۆناغەکانی سەرمایەداری وەک یەکدی مۆدێرن و نوێ نین، هەربۆیە تیپ و کاریگەریی هەڵگرانی زانست و زانیارییەکەی وەک یەک نین. رۆشنبیرانی سەردەمی مۆدێرن لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە وەک زەرورەتێک هاتنە وجود و ئەو کارهی رۆشەنگەرەکانی پێش خۆیان دووبارە نەکردەوە، بەڵکو چەندین هەنگاو هاتنە پێشتر. ئەوان خۆیان کردە دەمڕاستی مافەکانی مرۆڤ و ئەو مافەیان لە ناوەرۆکە کۆگەلییەکەی(اجتماعی) پتر جیا کردەوە و، کردیانە لێکدانەوەی مافەکانی تاک، تاکیان کردە دروشمی سەرەکی. هەروەها پازیاندایە ناو مافی پێکهاتە پەڕاوێزخراوەکان؛ وەک مافی رەشەکان، مافەکانی ژن، دیموکراسیی کۆمەڵایەتی قووڵ، سیستەمی سیاسی و ئیداریی روون، کەمکردنەوەی دەخالەتی دەوڵەت و بوارکردنەوە بۆ کۆمەڵگای مەدەنی، بایهخدان بە گەشەسەندنی پلاندار و بەردەوام. دیفاعکردن لە تێکەڵبوونی کولتوورەکان لێکنزیکبوونەوەیان و سەرەنجام بەجیهانیبوون. هەر لەو روانگایهوەیە کە برنارد شۆ دەیگوت؛ رۆشنبیران گێلانە وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە کە لێیان نەکراوە. ئالبێر کامۆ نیشتمانی بە هیی خۆی نەدەزانی ئەگەر مافەکانی بۆ دابین نەکات. راسێل و سارتهر سەرانسەری دنیایان دەپێوا و هەموویان بە بواری چالاکیی فکری خۆیان دەزانی و، لە هەر کوێ غەدر هەبا ئەوان سەنگەریان لێدەدا، ئاندرێ مالڕۆ لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا تا باشووری ئەورووپا لە جەنگەکان بەشدار بوو (لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا فرۆکەوانی جەنگ بوو بۆردوومانی بەرەکانی فرانکۆی دەکرد) دوایی بووە وەزیری رۆشنبیریی فەڕانسا لە زەمانی دیگۆڵ.
لە یەکەم جەنگی جیهانی تا شەستەکانی سەدەی رابردوو، لەو کۆمەڵگایانەی نەژادپەرستی و نازیزم و فاشیزم و کۆمۆنیزم رێگایان نەدەدا رۆشنبیران رۆڵی کاریگەری خۆیان ببینن، دیاردەی خۆکوشتنی داهێنەران هاتە کاوە. لە یەکێتیی سۆڤیێت نموونەی سێرگێی یەسنین. لە ئەمهریکا هیمینگوای، سادقی هیدایەت لە ئێران.
هەر لە دەیەی سییەکانی سەدەی رابردوو، مناقەشە لەسەر پێناسەی رۆشنبیران و ئەرکەکانیان لە باسە داغەکانی نووسەرە کاریگەرەکان بوو. جولیان بێندا لە کتێبی ''خیانەتی رۆشنبیران''دا کەسایەتیێکی نموونەیی ئەوتۆ لە رۆشنبیر دروست دەکات، کە هەمیشە ئامادەی دیفاع لە راستی بێت و هیچ کاتێک خۆی و بەرژەوەندییەکانی لەبەرچاو نەبێت. بە پێچەوانەوە بێت ئەوە بە خائینیان دادەنێ. ئانتۆنیۆ گرامشی بیرمەندی تێکۆشەری دژی فاشیزم، رۆشنبیران بە خاوەن ئەرک دەزانێ و پێیوایە چینوتوێژە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵ دەدەن رۆشنبیری خۆیان دروست بکەن تا بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن. لەو روانگایەوە گرامشی دیاردەی رۆشنبیر بە مولتەزیم(ئۆرگانیک) دادەنێ. ئەو پێیوایە هەموو بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان رەنگی ئەو ئەرک و بەرژەوەندییە دەڕێژن کە داهێنەر لە کۆمەڵگادا هەوڵی بۆی داوە. لەو سۆنگایەوە گرامشی رۆشنبیرانی دینی و بۆژوازی و کریکاری(سۆسیالیستی) و جووتیاری و وردەبۆرژوازی بە ڕەوا دەزانێ. لە ئایدیۆلۆژیای مارکسیستیدا رۆشنبیران لە زاتی چینایەتیی خۆیاندا پێشکەوتوخواز نین، تەنیا بە دابڕانیان لە پێگەی چینایەتیی خۆیان و هاتن بۆ ناو بەرژەوەندیی چینی کرێکار، دەبنە توخمێکی باش و ئەرێنێ. رۆشنبیران بە رەگەزی سەرەکیی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی نەدەزاندران و بەردەوام بەرەنگاری رەفتار و کرداری رۆشنبیرانەوە دەبووەوە.
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سێ رووناکبیری ناسراو باسیان لە دیاردەی رۆشنبیران کردووە؛ جەلالی ئالی ئەحمەد لە ئێران(1964/ در خدمت و خیانت روشنفکران)، ئیدوارد سەعید(1994/ المثقف و السلطة) لە فەلەستین(ئەمهریکا!)، محەممەد عابد جابری(1995/المثقفون فی الحضارة العربیة) لە مەغریب. جەلالی ئالی ئەحمەد لەژێر کارتێکردنی ئانتۆنیۆ گرامشیدایە، بەڵام ڕەگوڕیشەی دیاردەکە بە مێژوودا شۆڕ دەکاتەوە و لایەنی دینی و نەتەوەیی تێدا تۆخ دەکاتەوە. ئالی ئەحمەد لەوە غافڵە کە رۆشنبیرانی سەردەمی مۆدێرن پەیام و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، بە یەک میزان لەگەڵ موجتەهیدانی دینی و ئەدیب و عارفانی مێژووی پێش مۆدێڕن ناکێشرێن.
ئیدوارد سەعید رۆشنبیر بە کەسێکی زانای داهێنەر دەزانێ کە ناکرێ بەرامبەر نابەرابەری و کڵۆڵیی کۆمەڵایەتی و دیکتاتۆری و داگیرکاری بێدەنگ و بێلایەن بێت؛ سەعید زاتی رۆشنبیر لە ئیلتزام و لایەنداریی حەقدا دەبینێ. لەو رووەوە رۆسنبیران دەکاتە بەشێک لە بزووتنەوەی سیاسی و چاودێر بەسەر سیاسەتمەدارانی خوار و خێچدا. دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم بە ئەرکێکی بێسازشی رۆشنبیران دەزانێ.
محەمەد عابد جابری، مێژووی پەیدابوونی رۆشنبیری بۆ کولتووری عەرەبی- ئیسلامی دەگێڕێتەوە. ئەو پێیوایە زەرورەتی تەفسیری دینی و تەنزیمی دەستەڵاتی سیاسی، لە سەرەتای قۆناغی تەدویندا(تۆمارکردن) رۆشنبیری دروست کرد، نەک دیاردەیەک بێت تایبەت بە قۆناغی مۆدێرن و هەڵقوڵاوی کولتووری رۆژاوایی و مەسیحی بێت.
'ناکرێ یەکێک رۆشنبیر بێت و مۆرکی کولتووری کۆمەڵگاکەی خۆی هەڵنەگرێ.'
هەڵبەت پەیدابوونی دیاردەی رۆشنبیران لە رۆژاوا واناگەیێنێ کە ئەو توێژە لەوێوە بۆ کۆمەڵگاکانی دیکە کۆپی کرابێت. مۆدێرنێتی قۆناغێکە لە کاتی خۆیدا هەموو کۆمەڵگاکان پێیدەگەن و، تیپی رۆشنبیرانی تایبەت بەخۆیان بەرهەم دێنن. لە هەمانکاتدا مێژووی خاوەنبیرانی دینی و فەلسەفی و ئەدەبی لە رۆژهەڵاتدا، کاریگەریی خۆی بەسەر تیپی رۆشنبیرانی ئەم سەردەمەی رۆژهەڵات دادەنێ. ناکرێ یەکێک رۆشنبیر بێت و مۆرکی کولتووری کۆمەڵگاکەی خۆی هەڵنەگرێ. ئەسەری خاوەنبیرانی کۆنی ناوچەکەمان بە تەکوینی هەر رۆشنبیرێکی خۆمانەیییەوە دەنیشێ و دەبێتە بەشێک لە ناسنامەی. هیچ رۆشنبیرێک داهێنانی پێناکرێ ئەگەر رەگی لە مێژووی مەعریفەی کۆمەڵگاکەیدا نەبێت.
'لە ژیانی کوردستاندا(جیا لەم بیستودوو ساڵەی دوایی لە باشوور) روانگایەکی پەروەردەیی ستراتیژی بۆ پێگەیاندنی مرۆڤ نەبووە.'
کۆمەڵگای کوردستان خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نەبووە، بۆیە لە ژیانی کوردستاندا(جیا لەم بیستودوو ساڵەی دوایی لە باشوور) روانگایەکی پەروەردەیی ستراتیژی بۆ پێگەیاندنی مرۆڤ نەبووە. ئەو کۆمەڵگایە لە سێ پارچەی ژێردەستی داگیرکەراندا بوونی ئینکار دەکرێ و، خزێندراوەتە ناو ستراتیژی سەرانسەریی میللەتی باڵادەست و کار لەسەر تواندنەوەی دەکرێت. بۆیە ئاسایییە لەو کۆمەڵگایە دیاردەی رۆشنبیر بە کامڵی سەرهەڵنەدات و، رۆشنبیری خۆیی بریتییە لە تێکەڵەیەک لەنێوان ستراتیژی پەروەردەی باڵادەست و هەوڵی تەنیای تاکە کەسێک، کە دەیەوێ لە خەیاڵی خۆیدا جێی دەوڵەتی نەبووی نەتەوەیی پڕ بکاتەوە و، خۆی بکاتە نموونەی رۆشنبیرە چاوەڕوانکراوەکە. لە ئەنجامدا تەنیا کەسێکی خاوەن زانیاریی ناکۆک دروست دەبێ کە سیفەتی هەرە دیاری یاخیبوون و پەرچدانەوەی توانەوە و داگیرکاری دەبێت. هەر ئەوەش وایکردووە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا تیپی لێکچووی رۆشنبیر بوونی نییە. لەو رووەوە هەست بە نەبوونی رۆشنبیری بیردروستکەر دەکرێ و، بزووتنەوەکانی کوردستان لە هەژارییێکی ئاشکرادا دەژین و، ئەو ئەلتەرناتیڤانەی وەریدەگرن هەمووی بەرهەمی کۆمەڵگای باڵادەست و رۆژاوایە.
نەبوونی رۆشنبیر بە هەموو سیفەتە مەعریفییە ئامادەکراوەکەی، بە مانای نەدیتنی خوێندەواران و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاکان نییە. ئێمە خاوەنی مێژوویەکی ئەدهبی کلاسیکی خۆمانین کە جیا لە کوردبوونی، نموونەیەکی زیندووی ئەدەبی کلاسیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەدەبی کلاسیکی کوردی یەکپارچە نییە و لە نێوان کاریگەریی ئەدەبی کلاسیکی فارسی و عەرەبی و تورکیدا دابەش بووە.
تاکە بواری مۆدێرن و خۆییی ناو کۆمەڵگای کوردستان، بزووتنەوە نەتەوەییەکەیەتی. لەوێدا هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی روانگای هاوبەشە، بەڵام کولتوور و پەروەردەی هاوبەشی نییە، بۆیە وابەستەییێکی نهێنی لەناو بیری ناسیۆنالیستی کوردی، بۆ سێ کولتوورە باڵادەستە داگیرکەرەکە هەست پێدەکرێ، ئەوەش حاڵەتێکی سەرسوڕهێن نییە. هەر سیستەمێکی پەروەردەیی کەسایەتییەکانی خۆی بەرهەم دێنێ، جا با ئەو کەسانە بەرپەرچی خودی سیستەمەکەش بدەنەوە. ئینسانی بەروبوومی ژینگە و سیستەمی زانیاری پێدان و راهێنانی کۆمەڵایەتییە. هەر وەک چۆن ژنێکی ئاگاهەست بە کۆتوبەندی چەمکە پەروەردەییەکانی جەندەری دەکات و بۆ نەهێشتنیان تێدەکۆشێ، بەڵام لە هەمانکاتدا ژیانی ''ژنایەتی''یش دەژیێت.
'فکری ناسیۆنالیستی بە ئامادەکراوی خزایە ناو کۆمەڵگا هەره تەقلیدییەکانی رۆژهەڵات، لەوانیش کوردستان.'
ئاگاییی ناسیۆنالیستی لە رۆژهەڵاتدا، ئەنجامی پێگەیشتن و کامڵبوونی کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکو چاولێکەری و کاردانەوە بوو لەبەرامبەر داگیرکاریی رۆژاوادا. فکری ناسیۆنالیستی بە ئامادەکراوی خزایە ناو کۆمەڵگا هەره تەقلیدییەکانی رۆژهەڵات، لەوانیش کوردستان. وەرگرتنی ئەو ئایدیۆلۆژیا کامڵە کە زۆر بە کەڵکی پاراستنی کولتووری محەللی دەهات، لە هەر کۆمەڵگایەکدا بەپێی ئاستی گونجاویی خۆیان دەستکاریان دەکرد و ناسنامەی خۆیان پێ تاریف دەکرد و، خۆیان پێ دەپاراست. چونکە ئەو ئاگایییە خۆکرد نەبوو، بۆیە رۆشنبیرییشی بۆ دروست نەببوو، هەر لەسەر دەستی خوێندەوارە تەقلیدییەکان وەرگیرا و درایە کۆمەڵگا. سەرەتا بزووتنەوەی سیاسی دروست بوو، ئینجا ئەو ئایدیۆلۆژیایە بڵاو کرایەوە. ئەو واقیعە، میکانیزمێکی سادەی محەللی کیفایەت بوو، پێویستی بە رۆشنبیر نەبوو و پێشی دروست نەدەکرا. هەر بۆیە بزووتنەوە نەتەوەییەکان بە رابەرایەتیی کەسایەتیی ئایین و شێخ و میرەکان دەستی پێدەکرد. دوایی وردە وردە ئاگایی بڵاو بووەوە و تۆزقاڵێک لە مەعریفە و ئەزموونی ناسیۆنالیستیی ئەورووپا گەیشتە رۆژهەڵاتی تەقلیدی و راپەڕی و، جۆرێک لە خوێندەواری پێگەیشتووی کۆمەڵگا بندەستەکان(بەتایبەتی کوردستان) پەیدا بوون، کە هەڵگری هەموو ئەو رەگەزە شێواوانە بوون کە پەروەردە لە کۆمەڵگایەکی بندەست بەرهەمی دێنێ، بەڵام جۆرێک لە هۆشیاریشیان هەبوو- بوونە ئامرازی بڵاوکردنەوەی ناسیۆنالیزم و (هەر زوو) رکابەری سەرکردایەتیی تەقلیدی ـ ئەو سەرکردایەتییەی بەبێ ئەو خوێندەوارە کەمتەجرەبە عەجولانەش، دەیتوانی بزووتنەوەکە بەڕێوەبەرێ. ئەو چاوتێبڕیەی خوێندەوارە عەجولەکان بووە بنەمای دژایەتی و حەساسییەتی سەرکردایەتیی تەقلیدی بەرامبەر بە دیاردەی تازە نەفەسی ''رۆشنبیران''ی ناسیۆنالیست. لە هەرچوار پارچەی کودستان تا ئێستایش دڕدۆنگییەکی فراوان لەنێوان ''رۆشنبیران'' و سەرکردایەتیی سیاسیدا هەیە.
'مۆدی دەستەڵاتدزێوی و بەرەنگاربوونەوەی حکوومەتی نیشتیمانی، لەناو جیلی یەکەمی هەوڵدەرانی رۆشنبیرانمان برەوی هەیە.'
لەو سەردەمەی کە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان زیاتر لە هەمیشە رۆشنبیر و سیستەمی سیاسییان تێکەڵ کردووە، لە پارچە ئازادەکەی کوردستان(هەرێم) مۆدی دەستەڵاتدزێوی و بەرەنگاربوونەوەی حکوومەتی نیشتیمانی، لەناو جیلی یەکەمی هەوڵدەرانی رۆشنبیرانمان برەوی هەیە. ئەو تیپە خوێندەوارەی بە پەلەپڕوزێ هەندێک لە ئەزموونی ئەورووپاییەکانیان بیستووە، بە شێوازێکی زۆر میکانیکی لە دژی بەرژەوەندیی وڵاتەکەی بەکاری دێنێ. ئەو مۆدە مەودای زۆر درێژ نابێ و دوای زیاتر لە بیست ساڵ سەربەخۆیی، زەمینەی سەرهەڵدانی رۆشنبیری مۆدێرنی خۆیی لە خەمڵاندایە. لە ئاماژەکانی ئەو تەقەلایە دروستبوونی سێ ئاراستەی رۆشنبیرییە کە ئەنجامەکەی بە رۆشنبیری راستەقینە کۆتایی دێت: یەکێکیان ئەو ئاراستەیەیه کە عەوداڵی نەقڵکردنی رۆشنبیری و عەقڵیەتی ئەورووپایە. ئەوانە بە شێوەیەکی میکانیکی کار لەسەر رۆشنگەری دەکەن و داهێنەری مۆد و لاساییکردنەوەن. هەڵبەت دەستیان لە نووسین و وەرگێڕان بە هەمان ئاراستەدایە و لەسەر خوێنەرانی گەنج بێکاریگەری نین. سلێمانی مەڵبەندی ئەو تەوژمەیە. ئاراستەی دووەم محافیزەکارانە و ئایینیانەیە. ئەوەیان هەنگاوێک لە توندڕۆیی دینی دوورکەوتووهتەوە، بەڵام، توند بە داب و نەریتەوە نووساوە و بڕوای بە ئازادیی بیرکردنەوەی رەها نییە. ئیخوانییەتی یەکگرتوو، مەکۆی ئەو ئاراستەیەن. ئاراستەی سێیەم بە سەمتی تێگەیشتن لە بنەماکانی پێشکەوتن و، چاکسازی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و، بیرکردنەوەی رەها و تێگەیشتن لە واقیعی کۆمەڵگاکەی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکات. ئەو ئاراستەیە دژی سیستەمی سیاسی نییە و هەوڵی بەشداربوونی تێدا دەدات.




