٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لەگەڵم نەبیت، خاینی!

سەرچاوە: KDP.info

فەرحان جەوھەر

ماوەیەکی زۆرە جۆرە گوتارێکی ترسناک دنیای رۆشنبیریی ئێمەی تەنیووە، ھەڵگرانی ئەم گوتارە تەنھا و تەنھا خۆیان پێ راست و لەسەر حەقە. ھەرکەس جیا لە دیتگای ئەوان بڕوانێتە سیاسەت و كایه‌ی رۆشنبیری، خاین و خۆفرۆشە! ئەوانەی وەک ئەوانیش بیر دەکەنەوە نیشتمانپەرەوەر و له‌سه‌ر حه‌قن.
هه‌ڵبه‌ت ئەم جۆرە رۆشنبیرانە ھەڵگری گوتاری شەعبەوین و، وەک بەشێک لە ئه‌و سیاسیانه‌ بیر دەکەنەوە كه‌ چاوەڕێن لەلایەن بیر كۆڵانه‌وه‌ دەستخۆشییان لێ بکرێت، چونکە دەزانن بیروچوونەکانیان لەلایەن رۆشنبیرانی جیددی و نیشتیمانپه‌روه‌ره‌وه‌ بایەخێکی نییە، بۆیە دێن و لە پەنای عەقڵی سادەوە خۆیان حەشار دەدەن و كاریان بووه‌ به‌ پەلاماردان.
  خاوەنی ئەم جۆرە رۆشنبیرییه‌یش، جیھان بەسەر دوو جۆر بیرکردنەوەدا دابەش دەکات، بیری باش و خراپ، خاین و نیشتمانپەروەر، رەش و سپی، جگە لەو دوو شێوازەیش ناتوانن ھیچ رێگایەک و بیرکردنەوەیەکی جیاوازتر لەمە بدۆزنەوە؛ ئاخر ئەم تەرزە له‌ بیرکردنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەدە تاریکەکان كه‌ تا ماوەیەکی زۆر باڵادەست بوو، ئەنجامەکەیشی شەڕ و ماڵوێرانیی زۆری بۆ مرۆڤایەتی به‌ دواوه‌ بوو.
رۆشنبیری جگە لەوەی مەعریفەیە، رێگایەکیشە بۆ لێکتێگەشتنێکی مەدەنیانە و دوور لە تووندوتیژی لە نێوان مرۆڤەکان و نەتەوەکانیش، رۆشنبیریی باڵا ھیچ کاتێک بەرامبەرەکەی رەت ناکاتەوە و ھەمیشە بیروڕا جیاوازەکانی دەرەوەی دونیای بیرکردنەوەی خۆی بە سەرچاوەی ئازادیی خۆی دەزانێت، ڤۆڵتیر دەڵێت: (لەگەڵ بیروبۆچوونەکانت جیاوازم، بەڵام لەپێناوی ئەوەی تۆ بتوانی بیروبۆچوونەکانت بە ئازادی دەرببڕی، ئامادەم گیانم بەخت بکەم). ئەوەی ئەمڕۆ بەشێک لە رۆشنبیرانی ئێمە بە ناوی رۆشنبیرییەوە دووبارەی دەکەنەوە، جگە لە گوتارێکی سیاسیی درۆزنانەی پۆپۆلیستی ھیچی تر نییە، لە دونیای رۆشنبیریدا کەسی مەعریفی و رۆشنبیر رێزلێگیراوە، جا ھەڵگری ھەر بیروچوون و مەیلێکی سیاسی بێت؛ رۆشنبیری جیددی ھیچ کاتێک یەک رێگا و یەک ئایدۆلۆژی و یەک مەزەبی ئایین و یەک جۆر دنیابینی بە ڕاست نازانێ بۆ دووبارە تەفسیرکردنەوەی ژیان و دیاردەکانی.
رۆشنبیران لە رێگای بەرھەمەکانیانەوە ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، نەک ھەڵوێستەکانیان، ھیچ کەس لە ئێمەیش ناتوانین پێناسەکانی رۆشنبیری دابەش بکەین. لە سه‌رده‌می داگیرکردنی فەڕەنسا لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە، بەشێک لە رۆشنبیرانی فەڕەنسا پاڵیاندایە پاڵ داگیرکەرەکەیان، بەڵام ھیچ کەس لە فەڕەنسا نەیانگوت ئەمانە رۆشنبیر نین یان خاینن، دوای ئازادبوونی وڵاتەکەشیان ئەو رۆشنبیرانە لە وڵاتی خۆیان رێزلێگیراو بوون. ئەو شەپۆڵەی ئەمڕۆیش ھەندێک لە رۆشنبیران بە خاین و خۆفرۆش دادەنێت، رێگا خۆشکەرە لە بەردەم دروستکردنی کەشێکی سیاسیی پڕ دیماگۆگیانە کە دەرەنجامەکەی زۆر ترسناکە، ئەو رۆشنبیرەی ناتوانێت جیاوەزییەکانی دەرەوەی چوارچێوەی بیرکردنەوەی خۆی قبووڵ بکات، حەق نییە گلەییش لە ھیچ سیاسیێک بکات کە بۆچی دیموکراسیانە ھەڵسوکەوت ناکات؟ ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە پێویستمانە، جۆرە گوتارێکی رۆشنبیریانەی نوێیە کە خاڵی بێت لە ئایدۆلۆژیا و چیتر جیھان بۆ دووبەرەی رەش و سپی دابەش نەکات و، جیاوازی و ھەڤڕکییەکان بخاتەوە ناو سیاقێکی عەقڵانی کە بە جۆرێک توانای لەخۆگرتن و قبووڵکردنی ئەوی دی ھەبێت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار