په‌كه‌كه تا دێت وێنه‌ی خۆی ناشیرینتر ده‌كات

كه‌ریم قادر
لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی خۆی، هه‌په‌گه، باڵی سەربازی پارتیی کرێکارانی کوردستان بەرپرسیارییەتی تەقاندنەوەی هێڵی نەوتی کوردستان- جەیهانی گرتە ئەستۆ، كه رۆژی 29ی تەمموز لە شرنا‌خ له هێرشێكدا ته‌قێندرایه‌وه، كه رۆژانە نزیکەی 600 هەزار بەرمیل نەوتی هه‌رێمی كوردستانی بۆ بەندەری جەیهان دەگوازێتەوە تا بگاته بازاڕه‌كانی جیهان و به‌هۆیه‌وه‌ی داهاتێك بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان دابین بكرێ.
ئه‌م خۆ به به‌رپرسیار زانینه‌ی هێزی پاراستنی گەل، خوێندنه‌وه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێ، به‌ڵام نامانه‌وێ پێش رووداوه‌كان بكه‌وین، بۆیه ورده‌كارییه‌كان بۆ رۆژگار جێده‌هێڵین تا ماهیه‌تی ئه‌و به‌ناو سه‌ركرده بوده‌ڵانه زیاتر بۆ تاك به تاكی كوردستان روون ده‌بێته‌وه، كه به‌رنامه‌ی چ رقێكیان به‌رامبه‌ر هاووڵاتیانی كوردستان هه‌یه.
پاساوی ئه‌وانه هه‌رچییه‌ك بێت، به پله‌ی یه‌كه‌م ناشیرینكردنی خۆیان و ئه‌و كه‌سانه‌یه، كه لێره و له‌وێ به مه‌به‌ستێكی خۆیان به‌رگرییان لێده‌كه‌ن. به دیوه ئاشكراكه‌شی دژایه‌تیكردنێكی راسته‌وخۆی له‌سه‌رپێ وه‌ستانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و درێژه‌دانه به سیاسه‌تی به‌برسیكردنی خه‌ڵكی كوردستان، كه نزیكه‌ی دووساڵ ده‌بێت به پێشنیازی چه‌ند كه‌سێكی ناو حزبێكی كوردی له لایه‌ن نووری ئه‌لمالیكی و به فه‌رمانی وڵاتێكی ئیقلیمی، بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕدرا، هه‌ر بۆئه‌وه‌ی به قه‌ولی خۆیان پارتی ناچار بكه‌ن مل بۆ سیاسه‌تی به پاشكۆكردن بدات، كه هه‌وڵی له‌مێژینه و له‌پێشینه‌ی ئه‌م وڵاته‌یه، به‌ڵام ئه‌وه به چاوی خۆیان نابینن، چونكه هه‌موو دنیای ئازاد پشتیوانی له كورد ده‌كات.
دوور له سۆز و موجامه‌له‌ی سیاسی، ئه‌ندازه‌ی شۆڕشگێڕیی هه‌ر هێزێك به ره‌فتاره‌كانیه‌وه به‌نده، به‌وه‌ی ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكات چه‌نده له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییدایه، واته كار و ئه‌نجامه‌كان پێوه‌رن نه‌ك سلۆگۆنه‌كان. هه‌رچه‌نده زۆرجار ده‌گوترێ سه‌رانی قه‌ندیل، به‌ڵام به گوێره‌ی قازانجی ئه‌كشنه‌كانی په‌كه‌كه، چونكه فه‌رمانه‌كان هه‌مووی له ناندینی پایته‌ختی وڵاتێكی دراوسێ لێده‌نرێ و به ناوی خه‌بات دژی فاشیست و داگیركا‌ر ده‌رخواردی هاووڵاتیانی كوردستان ده‌درێ. ئه‌گه‌ر وا نییه، حیكمه‌تی سیاسی ئه‌و بڕیاره بێ دیراسه‌ت و كتوپڕه چ بوو، له دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پڕسووس، په‌كه‌كه رایگه‌یاند، به‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی كۆتایی پێهات و كوشتنی دوو پۆلیسی خسته ئه‌ستۆی خۆی، كه به تێڕوانینی خه‌ڵكانێكی زۆر نه وه‌ختی بوو، نه له به‌رژه‌وه‌نددا بوو، به‌مه‌یش خه‌ریكه شه‌ڕی توركیا دژ به داعش ده‌كه‌ن به شه‌ڕی خۆیان، كه له ئه‌نجامدا سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به ئاشكرا ماف به هێرشه ئاسمانییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر باره‌گاكانی په‌كه‌كه ده‌دات.
ئایا ئه‌وانه‌ی به‌رگری له سیاسه‌ته‌كانی په‌كه‌كه ده‌كه‌ن، هیچ كاتێك ئه‌و پرسیاره‌یان له خۆیان كردووه:
هێرشكردنه سه‌ر هێڵی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان- جه‌یهان له‌لایه‌ن هێزی پاراستنی گەل(HPG) باڵی سەربازیی پارتیی کرێکارانی کوردستان، چ سوودێكی بۆ ئێستا و پاشه‌ڕۆژی هاووڵاتیانی كوردستان هه‌یه؟ یا درێژه‌دانه به سیاسه‌تی به برسیكردنی هاووڵاتیانی كوردستان؟ دیسان بێ بڕیاركردنی هه‌ده‌په و ئیمراڵی له پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به كورد له توركیا، كه دوای تێپه‌ڕاندنی به‌ربه‌ستی له‌سه‌دا ده و به‌ده‌ستهێنانی هه‌شتا كورسی له په‌رله‌مانی توركیا ئومێدێكی گه‌وره دروست بوو، كه ئیدی كورد له‌م وڵاته به خه‌باتی په‌رله‌مانی پرسه‌كه به ئاراسته‌ی دروستی خۆی ده‌بات. به‌ڵام ئه‌وه‌ته په‌كه‌كه له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ له رێگه‌ی بێ بڕیاركردنی رۆڵی ئه‌و هه‌شتا كورسییه و گوێ نه‌گرتن له داواكارییه‌كانی ئیمراڵی و دژایه‌تیكردنی سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان، درێژه به سیاسه‌تی سه‌رنه‌گرتنی پرۆسه‌ی ئاشتی بدات، كه له پێش هه‌ر كه‌سێكی دیكه دژی به‌رژه‌وه‌ندیی كورده. وه‌ك راستییه‌ك، سه‌ره‌ڕای گۆڕانكارییه ئه‌رێنییه‌كانی، كه به‌رامبه‌ر دۆزی كورد له سه‌رده‌می ئاكپارتی له‌ناو توركیا روویداوه، به‌ڵام به حوكمی هۆكارگه‌لێك له شكستهێنانی پرۆسه‌ی ئاشتیدا، ئاكپارتییش به‌رپرسی یه‌كه‌مه، نه‌خاسمه خۆیان ئه‌وه باش ده‌زانن، كه پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری دۆزی كورد بێ كێشه و له‌مپه‌ر نابێت. واته نابێ ده‌وڵه‌ت به كاردانه‌وه كار بكات و پشت له پره‌نسیپ و ئیراده‌ی ئاشتی بكات، كه به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی دیكه‌ی تێدایه نه‌ك ئاكپارتی.
به مانایه‌كی دیكه، ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه ته‌واوی كورد، له سه‌روویانه‌وه حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و رۆڵه نیشتمانپه‌روه‌ره‌كانی ناو په‌كه‌كه، وێڕای كاركردن بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی، سه‌ركۆنه‌ی ماسته‌رمایند و جێبه‌جێكاری ئه‌و سیاسه‌ته پڕ له كینه‌یه‌ش بكه‌ن، كه كار بۆ له‌سه‌رپێ نه‌وه‌ستانی كورد ده‌كات.
هه‌رچه‌ند من بۆ خۆم هه‌وڵم داوه به دروستكردنی هه‌ندێ پاساو قه‌ناعه‌ت به خۆم بهێنم، كه په‌كه‌كه خه‌بات بۆ دۆزی میلله‌تێك ده‌كات. ئیدی دواجار له به‌ره‌نجامی كرده‌وه‌كانیدا ده‌گه‌مه ئه‌و قه‌ناعه‌ته، نه‌خێر ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه(بێگومان هه‌موویان نا) ده‌یكات زیاتر خۆكوشتنێكی شێتانه‌یه، چونكه له لایه‌ك له‌گه‌ڵ بارودۆخی ناوچه‌كه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردستان نایه‌ته‌وه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه نه‌ك به ته‌نها وێنه‌ی خۆی له ئاسته‌كاندا پێ ناشیرین ده‌كات، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ لێكه‌وته‌ی رووداوه‌كانیش بێ‌نرخ بكات، كه به‌لایه‌نی كه‌می تا ئێستا به قازانجی كورد شكاوه‌ته‌وه و پێشبینی ده‌كرێ له ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا له‌وه باشتر بێت.




