نەوشیروان مستەفا كەی واز دەهێنێت؟

'خهبات'
نەوشیروان مستەفا، دوای ئەوەی مام جەلال لە گۆڕەپانی سیاسی دەرچوو، ئەو دەرفەتەی بۆ رەخسا كە بیسەلمێنێ، ئەو كەسێكی شەڕانگێز نییە و هاوپەیمانیخواز و سازانخواز و لایەنگیری ئارامییە، چونكە هەمیشە زۆر بە تووندی وەڵامی ئەوەی دەدایەوە كە ئەو باڵە تووندڕەوە شەڕانگێز و دژەپارتییەكەی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووبێت و یەكێك لە هۆكارەكانی جیابوونەوەكەشی لە یەكێتی و مام جەلال، نزیكبوونەوە و رێككەوتنی یەكێتی نەبووە لەگەڵ پارتی. بەڵام ئەو پێشڕەوی و مایسترۆییەی ئێستا بۆ دژایەتیی پارتی دەكات، هەموو بەرگری لەخۆكردنەی نەوشیروان مستەفای دایە دواوە و ئەوەی سەلماند، كە نەوشیروان مستەفا بە رقێكی كۆن لەگەڵ پارتیی دیموكراتی كوردستاندا هەڵسوكەوت دەكات و، دەیەوێ لەو رێگایەشەوە ببێتە زەعیمی قوتابخانەیەكی كۆن كە ئێستا هیچ كوردێك ئەوەی قبووڵ نییە.
مێژووی نەوشیروان مستەفا، رێگەی پێنادات تاوەكو كۆتایی بە ئارامی هیچ هاوپەیمانییەك درێژە پێبدات، بەتایبەتیش لەگەڵ پارتیی دیموكراتی كوردستاندا، ئەو پارتی بە رێگری جێبەجێبوونی بیرۆكەكانی خۆی لێكدەداتەوە. ئەو رێككەوتنانەی كە لە رابردوودا كە لەنێوان پارتی و یەكێتیدا كراون، ئەندازیارەكەیان لەلای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، مام جەلال بووە، نەك وەك نەوشیروان مستەفا هەندێكجار گوتوویەتی ئەو ئەندازیارە من بووم. نەوشیروان مستەفا كە مێژووەكەی دەڵێ، دەستی سوورە بە خوێنی پێشمەرگەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان، حیزبی شیوعیی كوردستان، حیزبی سۆسیالیستی كوردستان، پارتیی سۆسیالیستی كورد، پارتیی كرێكارانی كوردستان، پارتیی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق و بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان و چەندان گرووپی دیكە، دوای شەڕێك نەختێك ئارام دەبێتەوە، بەڵام حەزەكەی بۆ گفتوگۆكردن و ئارامی، سەرئەنجامەكەی سەرناكێشێت بۆ هاوپەیمانییەكی بەهێزتر، بەڵكو سەردەكێشێت بۆ شەڕێكی تازەتر.
نەوشیروان مستەفا، لە نزیكترین هاوپەیمانی خۆی هەڵدەگەڕێتەوە، تەنانەت لە نزیكترین هاوڕێیەكانیشی. هەڵگەڕانەوەی ئەمجارەی لە پارتیی دیموكراتی كوردستان، شتێكی چاوەڕوانكراو بوو بۆ زۆر لە پارتییەكان، بەڵام هەندێكی دیكەیان وایاندەزانی نەوشیروان مستەفا بە ڕاستی دەیەوێت "چوار ساڵی ئارام لە كوردستاندا هەبێت"، نەوشیروان مستەفا بە كردەوەكانی خۆی دەریخست كە ئەو پارتیانە و هەموو ئەو خەڵكانەی وەك ئەو بیریان دەكردەوە، هێشتا بە تەواوی نەوشیروان مستەفایان نەناسیووە.
نەوشیروان مستەفا نەیتوانی لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەیدا هەڵبكات لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا كە ئامادە نەبوون تاكڕەویی نەوشیروان مستەفا لە سەپاندنی بیر و شێوازی مامەڵەكەی لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا قبووڵ بكەن. ئەوەی نەوشیروان بۆ سەپاندنی خۆی پەنای بۆ دەبات سیاسەتێكی پۆپۆلیستی (شعبوی)یە، كە سەرئەنجام هەر تاكێكی گەلی كوردستان لێی تێبگات دەزانێت كە نەوشیروان مستەفا بەهیچ شێوەیەك باوەڕی بە گەل و ئیرادەی گەل نییە، بەڵكو باوەڕی بە سەپاندنی ئیرادەی خۆیەتی بەسەر گەلدا و باوەڕی بە بەكارهێنانی گەل هەیە بۆ مەرامە رقاویەكانی خۆی.
ئەوانەی لەناو خودی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە وردی لە سیاسەتی نەوشیروان مستەفا تێدەگەن، ئەو راستییە زۆر بە روونی دەزانن كە ئەویش ئەوەیە، نەوشیروان مستەفا كە لە مام جەلال هەڵگەڕایەوە ئامادەیە لە هەموو كەسێك هەڵگەڕێتەوە، ئەوەش دەزانن كە نەوشیروان مستەفا دەیەوێت ناكۆكیی كۆن زیندوو بكاتەوە، كە مام جەلال و كاك مەسعوود كۆتاییان پێهێنا و پەشیمان و بەداخیش بوون لەوەی لە كۆندا روویدا و، ئەوە كرایە مێژوویەكی ناخۆش كە نابێ بەهیچ شێوەیەك بۆ هیچ كارێكی تازە بیری لێبكرێتەوە. وەك بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و زۆر لە ئەندامەكانی بزووتنەوەی گۆڕانیش لێكیدەدەنەوە، نەوشیروان مستەفا خۆی بە میراتگری قوتابخانەی 1964 دادەنێت، ئەو مایسترۆیەی كە ئێستا بۆ دژایەتیی پارتی دەیكات، بە تەواوی شەرمەزاری ئەو ئیئتیلافە حكوومی و ئیدارییەی كرد كە دوای هەڵبژاردنەكان لە كوردستان و عێراقدا لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكەدا ئەنجامیدا.
حیزبێكی ئیسلامی یان پەرلەمانتارێكی دیكە یاخود خەڵكانێك چۆن باوەڕی پێدەكەن، ئەوە پرسیارێكە لەو لایەن و كەسانە دەكرێت كە كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی ئەو هالە پۆلپۆتییەی كە نەوشیروان مستەفا دروستی كردووە.
نەوشیروان مستەفا، لەو جووڵەیەی ئێستایدا بە هیچ شێوەیەك مەبەستی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو مەبەستی پارتیی دیموكراتی كوردستانە. ئەوانەی لە كۆڕی یارانی نەوشیروان مستەفادا دادەنیشن دەزانن كە نەوشیروان مستەفا چۆن لە نووسینەكانی رابردووی و، ئێستایش وا بیردەكاتەوە كە دەبێ پارتیی دیموكراتی كوردستان ببردرێتە ئەودیوی ئاوی قەندیل و دەبێ تەنیا لە دهۆك بێت. ئەوانەی ئێستا وەك نەوشیروان مستەفا دەڵێن ئێمە هاوبۆچوونین لەگەڵ گۆڕانی نەوشیروان مستەفادا، ئایا هاوبۆچوونن لەگەڵ ئەو بیركردنەوە شەڕانگێزییە رقاوییەی نەوشیروان مستەفادا؟ ئایا ئەو حیزبانە پێیانباشە ببنە لە بەشێك لە هەوڵێك بۆ زیندووكردنەوەی مێژوویەكی ناخۆش و درێژەپێدانی؟
نەوشیروان مستەفا، لە هەموو كارێكدا تاكڕەوی دەكات و هیچ هەڵسوكەوت و هیچ پەیڕەوێكی قبووڵ نییە كە رێگە لە هیچ هەڵسوكەوتێكی بگرێت، بۆیەش كەسانی بەوشێوەیە هەمیشە پاساو دەدەنە بەكارهێنانی هێز لەبەردەم خۆیاندا، كە ئەوەش لە كۆمەڵگە مەدەنییەكاندا زۆر مەترسیدارە. ئەوەی نەوشیروان مستەفا لە شاخ دەیكرد كەمزیانتر بوو لەچاو ئەو حاڵەتەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.
رابردوو و ئێستای نەوشیروان مستەفا رێگەی پێنادات بە باوەڕەوە باسی دیموكراسی بكات. مێژووی خوێناویی نەوشیروان مستەفا و ئێستای تاكڕەوانەی لەناو بزووتنەوەیەكی سیاسیی وەك گۆڕاندا، بە هیچ شێوەیەك رێگەی پێنادەن ئیرادەیەكی شەڕانگێزانەی رقاوی بە ناوی دیموكراسییەوە بەسەر پارتیی دیموكراتی كوردستان و جەماوەری هۆشیاری كوردستاندا بسەپێنێت.




