٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەڵێ، دیکتاتۆریەتی پەرلەمانی!

سەرچاوە: KDP.info

عوسمان عەلی وەیسی

لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا کە باس لە رای گەل دەکرێت، یەکێک لە ئامانجەکان ئەوەیە تاکەکان بە دوای راستییەکاندا بگەڕێن و ویژدان و بیریان، سەرچاوەی بڕیاردان بێت نەک حەزوو ئارەزووی بەرپرسانی پارتە سیاسییەکان، لە هەمان کاتدا رای گەل کۆتایی بە توندوتیژیی سیاسی دێنێت و لە ململانێ ناپێویستە سیاسییەکان دوورمان دەخاتەوە.
لە گەڕانەوە بۆ گەل، گەورەترین سەرمایەی دەوڵەتداری بە دەست دێت کە ئەویش سەقامگیریی سیاسییە.
لە بڕیارنەدانی ئەرک و کارە گرینگەکانی دەوڵەت و گەورە و بچووک لە لایەن پەرلەمان و گەڕانەوە بۆ گەل، دەبێتە هەوێنی ئارامی و ئاشتەوایی لە ناو وڵاتدا، ئارامیی دەروونی دەبەخشێتە کۆمەڵگا و، گەل لە گەمەی سیاسی و دەرئەنجامەکانی ئاسوودە دەبێت.
بە هیچ شێوەیەک پەرلەمان گوزارشت لە هەموو باشترین کەسە بەرپرسەکانی جڤات ناکات، لە رای گەلدا باشترین سوود لە بیروڕای ئەو کەسایەتییە سیاسی و رۆشنبیرانە وەردەگیرێت کە ئەوپەڕی لێهاتوویییان هەیە و نەهاتوونەتە ناو گەمەی سیاسییەوە، لە کاتێدا بە شڕۆڤە و دیتگاکانیان کاریگەریی زۆریان لەسەر خوێندنەوەی پێشهاتەکان هەیە.
رای گەل لە جیاتی پەرلەمان وا دەکات کە کەسایەتییە سیاسییەکان و هەوادارانی حزبە سیاسییەکان لە بازنەی میانڕەویدا بن و، لە گەل سڵ بکەنەوە، نەک هەر سواری کەڵکەڵەی سیاسیی خۆیان بن.
زۆر لە بیرمەندە دیارەکانی ماف و قانوون وەک جاستون جین و بارتلمی پێیان وایە، پەرلەمانەکان زۆر جار بە گوێرەی بەرژەوەندیی گشتی کار ناکەن، ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کە ریفراندۆم جێگای شیاوی خۆی لە دەستوورەکانی ئەورووپا و دەستووری ویلایەتەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا بگرێت.
لە گەڕانەوە بۆ رای گەل لە مەترسییەکانی حزبۆکراسی کەم دەکەینەوە، هەروەکو بلیمەتی زانستی سیاسەت دایسی دەڵێت: حکوومەت حزبی نامێنێ وێڕای بوونی حزبە سیاسییەکان.
نابێ دەستەڵاتێک ببێتە مەرجەعی هەموو دەستەڵاتەکانی تر، مۆنتسکیۆ زۆر جوان ئەو ئامانجەی پێکا کاتێ بە گوزارشتە قانوونییەکەی گەیشتە ئەوەی کە: دەبێ هەموو دەستەڵاتێک لە سنوورێکدا بە هۆی دەستەڵاتێکی ترەوە بوەستێنرێت، بە شێوەیەک دەستەڵاتێک نەتوانێ دەستەڵاتەکەی خۆی خراپ بەکار بێنێت یا ستەمکاری بە دەستەڵاتەکەیەوە بکات.
ئەگەر دەستەڵات خۆی لەخۆیدا فاسید بێت، ئەوا بۆ هەموو دەستەڵاتەکانی دەوڵەت راستە، نە دەستەڵات بێ بەرپرسیارێتی و نە بەرپرسیارێتی بێدەستەڵات، نە هەموو دەستەڵاتەکان لای دامەزراوەیەک و، نە یەکێکیان مەرجەعی بێ رکابەر، کەواتە لە بەرامبەر پەرلەمان و پەرلەمانتاریش دەبێ دەستەڵات هەبێت، هەم رایان بگرێت و هەم رێگە لە جێکەوتە ئەگەرەکانی خراپ بەکارهێنانی دەستەڵات بگرێت. یەکێ لە گەورەترین سیاسەتکار و بیرمەندی بەریتانیایی لۆرد ئاکتۆن دەڵێ: دەستەڵات بەرەو فەسادە یا دەكرێت فاسد بێت، دەستەڵاتی رەها فەسادی رەهایە، هەروەکو گۆستاف لوبۆنیش جەختی لەمە کردووه‌تەوە.
بێگومان دوو سیاسی و قانوونی ناکۆک نین لەسەر ئەوەی کە، جۆرج بیردو سەبارەت بە دامەزراوەیەک بۆ چاودێریی کاری پەرلەمانی گوتی، کاتێ فەرەنساییەکان چاودێریی پێشوەختیان هێنایە ئاراوە و بە دەستەیەکی سیاسییان سپارد، بیردو گوتی: ئایا دەکرێ بە دەستەیەکی سیاسی کە نەزوات و ئارەزووی سیاسی هەبێت، سنوورێک بۆ حەزی ستەمکاری و ئارەزووی سیاسیی دەستەیەکی تری سیاسی کە پەرلەمانە دابنێین؟ کەواتە دەبێ ریگە لە دیکتاتۆریەت و کەڵکەڵەی ستەمکاری بگیرێت، لەوانەش دیکتاتۆریەتی پەرلەمانی.
لە مێژووی دەستووری و سیستەمە حوکمڕانییەکان رای زانای فەرەنسایی ئیزمان دەخرێتە روو کە نابێت تەنانەت دەستەڵاتێک هەبێت لە دەستووریەتی یاساکانیش بڕوانێ، پاساوەکان ئەوە بوون کە قانوون هەروەک جان جاک رۆسۆ دەڵێ، گوزارشتە لە خواستی گەل و ئیرادەی گەلیش سەروەریی هەیە بەسەر هەموواندا و پەرلەمانیش گوزارشت لەو ئیرادەیە دەکات، هەروەها دادگا کاری حوکمکردنە بە گوێرەی یاساکان و ئەگەر پەرلەمان سنووری خۆی بەزاند، نابێت دەستەڵاتێک سنووری بۆ دابنێت....هتد، بێگومان پێچەوانەی ئەم رایەش سیبیر و بارتلمی و دوجی و ئەوانی تر، سەرەنجام بە کورتی:
ئەو بەڵگەیەی کە دەڵێ قانوون لە رێگەی پەرلەمانەوە گوزارشت لە خواستی گەل دەکات و نابێ سنووری بۆ دابنرێت و مەترسیی دیکتاتۆریەتی نییە، لەسەر ئەو سوڕە مەجازیە fiction سەرچاوەی گرتووە کە تیۆری گرێبەستی کۆمەڵایەتی رۆسۆ سەرچاوەکەیەتی، بەڵام قانوون لەسەر بنەمای مەجاز بنیات نانرێت، بەڵکو لەسەر کۆڵەکەی حەقائیق دەوەستێت، ئەگەر لەسەر ئەو حەقائیقانە بوەستین ئەوا قانوون کەمینەیەک تەحەککومی بەسەردا دەکات کە بە ناوی گەلەوە قسە دەکەن، ئەو تاکە کەمە بەڕێزانە دەبێ لەژێر چاودێریدا بن ئەگەر بمانەوێ رێز لە پره‌نسیپە سەرەکییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و قانوونییەکان بگیرێت، بەڵێ لە سەرووی ئەوان و لە تەنیشت ئەوانیشه‌وه‌ دەبێ دەستەڵاتێک گەل یا دادگا هەبێت پێیان بڵێ بوەستن!! ئەگەر بمانەوێت قانوون بە دەستی ئەوانەوە نەبێتە ئامرازی ستەمکاری.
سەلامەتیی دەوڵەت و سەلامەتیی گەل لە سەرووی قانوونەوەن، کامە قانوونە؟ ئەو قانوونەی بە هەڵەی یا بە ستەمی پەرلەمانی لەدایک دەبێت!! چونکە قانوون لەپێناوی گەل لەدایک دەبێت نەک بە پێچەوانەوە، قانوون ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی ئامانجێک و درکپێکردنی.
لە کاتی دانانی دەستووری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا گفتوگۆ لەسەر ئەوە کرا کە سەرۆکی وڵات لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێررێت، بەڵام مەترسیی دیکتاتۆریەتی پەرلەمانی و جێگرتنی لێکجیاکردنەوەی دەستەڵاتەکان، بووە هۆی بە لاوەنان و هەموارکردنی ئەم رایە و بڕیاریان دا سەرۆک گەل هەڵیبژیرێت نەک پەرلەمان. ئەمەش لە کتێبی جیرۆ سەبارەت بە دەستەڵاتی راپەڕاندن و فەیلەسوفی ئەمه‌ریکایی جاڕنەردا هاتووە و گواستراوەتە ناو کتێبەکانی قانوونی دەستووری عەرەبی.
هەروەها ئەمه‌ریکاییەکان هەروەک گوتیان، هەروەک ستەمکاری بۆ پادشا یان حاکم دەبێت بە هەمان شێوەش بە پەرلەمانی ئینگلیزییان گوت ستەمکار، بۆیە گوترا دەستەڵات لە دەستی سەرۆکدا بێت یان پەرلەمان مەترسییەکانی دیکتاتۆریەت و ستەمکاری و ملهوڕی وەک یەکن.
هەموو گفتوگۆ و بۆچوونەکان لەپێناو نیشتیمانسازی و دەوڵەتسازی و مرۆڤسالاری.
 

هەواڵی پەیوەندیدار