وه‌ڵامی چوار پرسیاری گرینگ سه‌باره‌ت به سیسته‌می په‌رله‌مانی

* د.فه‌رسه‌ت سۆفی
ده‌ستپێك:
به پێویستم زانی له دووتوێی ئه‌م بابه‌ته به سوودوه‌رگرتن له نموونه زیندووه‌كانی سیسته‌می په‌رله‌مانی دونیا، وه‌ڵامی كۆمه‌ڵێك پرسیار بده‌مه‌وه، ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستی پێشكه‌شكردنی تێروانینێكی روون سه‌باره‌ت به سیسته‌می په‌رله‌مانی كه هه‌ندێ جار له ئاكامی ململانێی سیاسی‌دا سیسته‌مه‌كه به شێوه‌یه‌كی نادروست وێنا ده‌كرێت.
پرسیاره‌كان:
- كۆڵه‌گه‌كانی سیسته‌می په‌رله‌مانی چین و به چی له سیسته‌مه‌كانی دی جیا ده‌كرێته‌وه؟
- مه‌رجه سه‌رۆك له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا ته‌نها له ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت؟
- مه‌رجه ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا هه‌موویان ده‌سته‌ڵاتی ته‌شریفاتی و پرۆتۆكۆڵی بن؟
- جۆره‌كانی به‌رپرسیاریه‌تی له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا چین؟ ئایا له‌و سیسته‌مه سه‌رۆك به‌رپرسیاره به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان؟
وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌م:
كۆڵه‌گه‌كانی سیسته‌می په‌رله‌مانی چین و به چی له سیسته‌مه‌كانی دی جیا ده‌كرێته‌وه؟
یه‌كه‌م: سیسته‌می په‌رله‌مانی:
ئه‌و سیسته‌مه‌یه كه به ڕوونى پره‌نسیپى هاوكارى (Cooperation) و هاوسه‌نگى (Balance) له نێوان ده‌سته‌ڵاتى یاسادانان و جێبه‌جێكردندا هه‌یه.
بنه‌ماكانى:
1- هاریكارى و هاوسه‌نگى نێوان ده‌سته‌ڵاتى جێبه‌جێكردن و یاسادان و لێكجیاكردنه‌وه‌ى نه‌رمى ده‌سته‌ڵاته‌كان. ئه‌مه‌ش به پشتبه‌ستن به‌و گوته‌یه‌ی مۆنتسكیۆ كه ده‌ڵێ(السلطه توقف السلطه)
2- دوانه‌ى ده‌سته‌ڵاتى جێبه‌جێكردن، واته ده‌سته‌ڵاتی جێبه‌جێكردن پێك دێت له، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار یان مه‌لیك.
3- حكوومه‌تێكى به‌رپرس له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا، به‌و واتایه‌ی كه حكوومه‌ت متمانه له په‌رله‌مان وه‌رده‌گرێت و به‌رپرسیاریشه له به‌رامبه‌ریدا؛ واتا په‌رله‌مان ده‌توانێت له رێگه‌ی میكانیزمه‌كانی چاودێریكردن، پرسیار و پرساندن و لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه و هه‌موو رێكارێكی دیكه‌ی پێوه‌ست به به‌رپرسیاریه‌تیی سیاسی به‌رامبه‌ر حكوومه‌ت بگرێته به‌ر.
سه‌ره‌تای سیسته‌می په‌رله‌مانی له به‌ریتانیا ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام ئێستا ئه‌م سیسته‌مه ته‌نها ئه‌و فۆرمه ته‌قلیدییه‌ی نییه كه له به‌ریتانیا پێی وه‌رگیرا، ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی سرووشتی سیسته‌می حوكمرانییان په‌رله‌مانیشه ،له ده‌ستووری خۆیاندا ئاماژه‌یان نه‌كردووه كه سیسته‌می حوكمرانی له‌و وڵات په‌رله‌مانییه، به‌ڵام به بوونی ئه‌و سێ بنه‌مایانه‌ی كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدان، ده‌زانین ئاخۆ ئه‌و سیسته‌مه په‌رله‌مانییه یان سیسته‌مه‌كانی دی. جگه له‌م كۆڵه‌گه بنه‌ڕه‌تیانه كه سیسته‌می په‌رله‌مانی پێ ده‌ناسرێته‌وه، ده‌كرێت له ورده‌كاریی سیسته‌می په‌رله‌مانی له وڵاتێكدا ته‌واو جیاواز بێت له‌گه‌ڵ وڵاتێكی دی، به‌ڵام له ئه‌نجامدا وێرای جیاوازییه‌كانیش سیسته‌م هه‌ر په‌رله‌مانییه، مادام ئه‌م كۆڵه‌گه بنه‌ره‌تیانه‌ی تێدایه، چونكه له رۆژگاری ئه‌مڕۆدا سیسته‌می په‌رله‌مانی ته‌نها یه‌ك فۆرم و شێوه‌ی نییه.
دووه‌م: سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی:
سه‌رۆكى وڵات راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت و سه‌رۆكى حكوومه‌ت بوونى نییه، واتا ده‌سته‌ڵاتی جێبه‌جێكردن یه‌كانه‌یه و له ده‌ستی سه‌رۆكی وڵاتدایه كه سه‌رۆك له لایه‌ن خه‌ڵك هه‌ڵده‌بژێردرێت. سه‌رۆكى ده‌وڵه‌ت خاوه‌نى ده‌سته‌ڵاتى جێبه‌جێكردنه و وه‌زیره‌كان به‌رپرسن به‌رامبه‌ر سه‌رۆك نه‌ك په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها له لایه‌ن سه‌رۆكیشه‌وه دیاری ده‌كرێن و سه‌رۆكیش ده‌توانێت لایان ببات؛ لێكجیاكردنه‌وه‌ى ده‌سته‌ڵاته‌كانى زۆر تونده. ئه‌م سیسته‌مه سه‌ره‌تا له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌ری هه‌ڵدا پاش به‌ركاربوونی ده‌ستووری ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 1789. ئێستایش له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌مه‌ریكای لاتین و زۆر وڵاتی دیكه‌ی جیهانیش سرووشتی سیسته‌می حوكمرانی سه‌رۆكایه‌تییه.
سێیه‌م: سیسته‌می نیمچه‌سه‌رۆكایه‌تی یان تێكه‌ڵ:
ئه‌م سیسته‌مه سه‌ره‌تا له فه‌ره‌نسا به‌پێی ده‌ستووری ساڵی 1958 كاری پێكرا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هات كه فه‌ره‌نسا رووبه‌رووی قه‌یران بووه‌وه كه به قه‌یرانی جه‌زائیر ناو ده‌برێت و، ژه‌نه‌ڕاڵ دیگۆل ئه‌م سیسته‌مه‌ی ته‌به‌نی كرد.
ئه‌م جۆره له‌سیسته‌مى حوكمرانى به‌شى زۆرى ده‌سه‌ڵاته‌كانى جێبه‌جێكردن ده‌دات به سه‌رۆكى وڵات و سه‌رۆكى حكوومه‌تیش له شێوه‌ى (وه‌زیرى یه‌كه‌م) ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌رۆكى وڵات ده‌توانێت په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.
حكوومه‌ت به‌رپرسه له به‌رده‌م هه‌ریه‌ك له په‌رله‌مان و سه‌رۆكى ده‌وڵه‌ت، كه په‌رله‌مان و سه‌رۆك ده‌وڵه‌تیش ده‌توانن هه‌ڵیبوه‌شێننه‌وه. سه‌رۆك راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت. سه‌رۆكى ده‌وڵه‌ت له زۆر كاتدا به‌بێ ره‌چاوكردنى ده‌رئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن، خۆى سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیره‌كانى دیاری ده‌كات. (سریلانكا به نموونه)، هه‌روه‌ها جۆرجیا و رۆمانیا و چه‌ندین وڵاتی دی ته‌به‌نی سیسته‌می نیمچه‌سه‌رۆكایه‌تییان كردووه.
چواره‌م: سیسته‌می مه‌جلسی یان حكوومه‌تی جه‌معی:
ئه‌م سیسته‌مه به شیوه‌ی پچڕپچر و بۆ ماوه‌یه‌كی كورت سه‌ره‌تا له فه‌ره‌نسا كاری پێكرا له ساڵی 1792، له دوای رووخانی رژێمی پاشایه‌تی، هه‌روه‌ها له ساڵی 1848 و ساڵی 1871 له دوای شكستی ناپلیۆنی سێیه‌م. هه‌روه‌ها له ده‌ستووری نه‌مسادا له ساڵی 1920. به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی نه‌هێنا. ئه‌م سیسته‌مه ته‌نها له سویسرا سه‌ركه‌وتنی هێناوه كه له ساڵی 1874 كاری پێده‌كرێت و تیایدا په‌رله‌مان باڵاده‌سته و زۆربه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌كان له لای په‌رله‌مانه. بۆ نموونه له سویسرا حكوومه‌ت له حه‌وت وه‌زیر پێكهاتووه و به شێوه‌ی ده‌وری وه‌زیره‌كان ده‌بنه سه‌رۆكوه‌زیران، واته سه‌رۆكوه‌زیرانی فیعلی بوونی نییه.
ئه‌نجام:
هیچ یه‌ك له‌و سیسته‌مانه نادیموكراسی نین، هیچ كامیشیان یه‌ك فۆرمیان نییه و له وورده‌كاری و جێبه‌جێكردنیاندا جیاوازن، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌و سیسته‌مانه كۆڵه‌گه‌ی بنه‌ره‌تیی خۆیان هه‌یه و پێوه‌ری جیاكردنه‌وه‌یان ئه‌و كۆڵه‌گه سه‌ره‌كیانه بوو كه ئاماژه‌مان پێدان. هه‌ر یه‌ك له‌و سیسته‌مانه‌ش خاڵی باش و خراپی خۆی هه‌یه. نموونه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و سیسته‌مانه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی له ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتنی به ده‌ست هێنا، به‌ڵام هه‌مان سیسته‌م له زۆر وڵاتی ئه‌مه‌ریكای لاتین شكستی خوارد؛ بۆ نموونه له پۆلیڤیا له سایه‌ی ئه‌و سیسته‌مه زیاتر له 150 كوده‌تای سه‌ربازی ئه‌نجام دراون.
به‌هه‌مان شێوه سیسته‌می په‌رله‌مانی له به‌ریتانیا و سوێد سه‌ركه‌وتنی هێنا، به‌ڵام له ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا له كاتی خۆیدا هیتله‌ر و مۆسۆلۆنی به‌رهه‌م هێنا، له‌م سه‌رده‌مه‌یش مالیكی بۆ هێناین. یان سیسته‌می حكوومه‌تی جه‌معی یان مه‌جلسی له سویسرا سه‌ركه‌وتنی هێنا و جوانترین نموونه‌ی دیموكراسی هێنایه كایه‌وه، كه‌چی هه‌مان سیسته‌م له نه‌مسا و فه‌ره‌نسای ئه‌وكات شكستی خوارد.
به جێبه‌جێكردنی كۆڵه‌گه‌كانی سیسته‌می په‌رله‌مانی له دووانه‌یی ده‌سته‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و، بوونی هاریكاری و هاوسه‌نگی له نێوان ده‌سته‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و لێكجیاكردنه‌وه‌ی نه‌رمی ده‌سته‌ڵاته‌كان و بوونی حكوومه‌تێكی به‌رپرس به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه له هه‌رێمی كوردستاندا سرووشتی سیسته‌می سیاسی په‌رله‌مانییه، ئه‌گه‌رچی له ورده‌كاریدا جیاوازه له سیسته‌می عێراق یان به‌ریتانیا یان هه‌ر وڵاتێكی دی، به‌ڵام گرینگ كۆڵه‌گه بنه‌ره‌تییه‌كانی سیسته‌می په‌رله‌مانی له یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوونیان هه‌یه، ته‌نانه‌ت له پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانیش هه‌موو ئه‌و كۆڵه‌گه بنه‌ره‌تیانه‌ی سیسته‌می په‌رله‌مانی ئاماده‌ییان هه‌یه.
وه‌ڵامی پرسیاری دووه‌م:
مه‌رجه سه‌رۆك له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا ته‌نها له ناو په‌رله‌ماندا هه‌ڵبژێردرێت؟
شیوازه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا:
1- په‌رله‌مان هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكى حكوومه‌ت و سه‌رۆكى ده‌وڵه‌ت هه‌ڵده‌بژێرێت، له‌م شێوازه‌دا له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك چه‌ند نموونه‌یه‌ك ده‌خه‌ینه روو:
- له مادده‌ی 49 له ده‌ستووری لوبنان سه‌رۆك به زۆرینه‌ی 2/3 له ناو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌گه‌ر كه‌س ئه‌م ڕێژه‌یه‌ی نه‌هێنا، ئه‌وا به زۆرینه‌ی ره‌ها هه‌ڵده‌بژێردرێت، به‌ڵام ماوه‌ی ساڵێك زیاتره په‌رله‌مانی لوبنان ناتوانێت سه‌رۆكی لوبنان هه‌ڵبژێرێت و لوبنان بێ سه‌رۆكه.
- به‌پێی مادده‌ی 86 له ده‌ستووری باشووری ئه‌فریقیا سه‌رۆك له ناو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت.
- له مادده‌ی 70 له ده‌ستووری عێراق سه‌رۆك له ناو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت.
- سه‌رۆكی ئیستۆنیا له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت..هتد.
2- په‌رله‌مان هه‌ڵده‌ستێت به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكى حكوومه‌ت و سه‌رۆكى ده‌وڵه‌ت به به‌شداریی نوێنه‌رى هه‌رێمه‌كان، ئه‌م نموونانه‌ی خواره‌وه له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك ده‌خه‌ینه روو:
- بۆ نموونه له ئیتالیا به‌پێی مادده‌ی 83 له ده‌ستووری ئه‌و وڵاته سه‌رۆك له دانیشتنێكی هاوبه‌شی په‌رله‌مان و نوێنه‌ری هه‌رێمه‌كان به زۆرینه‌ی 2/3 هه‌ڵده‌بژێردرێت و، هه‌ر هه‌رێمێك سێ نوێنه‌ری ده‌بێت جگه له هه‌رێمی (ڤالی داوسنا) كه یه‌ك نوێنه‌ری ده‌بێت. ئه‌گه‌ر كه‌س ئه‌م زۆرینه‌یه‌ی نه‌هێنا جارێكی دی ده‌نگدان دووباره ده‌كرێته‌وه، ئینجا ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و زۆرینه‌یه نه‌هات بۆ جاری سێیه‌م ده‌نگ ده‌ده‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌م جاره كامه‌یان زۆرینه‌ی ره‌های هێنا ده‌بێته سه‌رۆك.
- به‌پێی مادده‌ی 41 له ده‌ستووری پاكستان‌دا، سه‌رۆك له لایه‌ن هه‌ردوو به‌شی په‌رله‌مان و نوێنه‌ری هه‌رێمه‌كان هه‌ڵده‌بژێردرێت.
- له هیند به‌پێی مادده‌ی 54 له ده‌ستووره‌كه‌یاندا سه‌رۆك له لایه‌ن هه‌ردوو مه‌جلیسی په‌رله‌مان و ئه‌ندامانی هه‌ڵبژێردراوی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان هه‌ڵده‌بژێردرێت.
- له ئه‌ڵمانیا سه‌رۆكی وڵات له لایه‌ن كۆنگره‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێردرێت كه پێك دێت له په‌رله‌مان و نوێنه‌ری لانده‌ره‌كان(هه‌رێمه‌كان) و ژماره‌یه‌ك له هاووڵاتی دیاری ئه‌ڵمانیایش به‌شدار ده‌بن له‌م كۆنگره‌یه‌دا بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك.
- له یۆنان سه‌رۆك له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت و له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی كۆماری (مجلس الجمهوریه) ته‌زكیه ده‌كرێت كه ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه پێك دێت له سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌و حزبانه‌ی نوێنه‌ریان هه‌یه له په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیره‌كانی پێشوو كه له په‌رله‌مان متمانه‌یان وه‌رگرتووه.
3- په‌رله‌مان سه‌رۆكى حكوومه‌ت هه‌ڵده‌بژێرێت و پاشایش به شێوه‌ی پاشایه‌تی ده‌سته‌ڵات بۆ نه‌وه‌كانی ده‌گوازێته‌وه:
هه‌ریه‌ك له به‌ریتانیا، سوێد، هۆڵه‌ندا، ئیسپانیا، به‌لجیكا، نه‌رویج و لۆكسمبۆرگ نموونه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه‌ی دیاریكردنی سه‌رۆكی وڵات، كه ئه‌مانه مه‌له‌كیه‌ی ده‌ستوورین و مه‌لیك ده‌سته‌ڵاتی فیعلی نییه.
4- په‌رله‌مان سه‌رۆكى حكوومه‌ت هه‌ڵده‌بژێریت و سه‌رۆكى ده‌وڵه‌تیش له لایه‌ن گه‌له‌وه به شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌م نموونانه‌ی له خواره‌وه ده‌یانخه‌ینه‌ڕوو سه‌رجه‌میان سرووشتی حوكمڕانی تێیاندا په‌رله‌مانییه، به‌ڵام سه‌رۆك راسته‌وخۆ له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت:
- له مادده‌ی 126 له ده‌ستووری پورتوگالدا هاتووه كه سه‌رۆك له هه‌ڵبژاردنێكی راسته‌وخۆدا هه‌ڵده‌بژێردرێت.
- به‌پێی مادده‌ی 60 له ده‌ستووری نه‌مسا به‌هه‌مان شێوه سه‌رۆك راسته‌وخۆ له لایه‌ن گه‌له‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ و، بۆیشی هه‌یه ته‌نها دوو خول خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه.
- له سه‌نگاپوره سه‌ره‌تا سه‌رۆك له ناو په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرا، به‌ڵام به‌پێی هه‌مواری ده‌ستووری ساڵی 1991 كرایه هه‌ڵبژاردنی راسته‌وخۆ له ناو خه‌ڵكه‌وه، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌ڵاتی گرینگیش درایه سه‌رۆكی وڵات، به‌ڵام سیسته‌م هه‌ر په‌رله‌مانییه.
- ئیرله‌ندا بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ سه‌رۆك راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت، بۆیشی هه‌یه خولێكی دیكه‌یش خۆی كاندید بكاته‌وه.
- به‌پێی مادده‌ی 101 له ده‌ستووری توركیا سه‌رۆك راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت كه پێشتر له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرا.
- به‌پێی ده‌ستووری مه‌نگۆلیا له مادده‌ی 31 سه‌رۆك راستوخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت.
- له سلۆڤاكیا به‌پێی هه‌مواری ده‌ستووری ساڵی 1998 سه‌رۆك له ناو خه‌ڵكدا هه‌ڵه‌بژێردرێت بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ كه پێشتر له‌ناو په‌رله‌ماندا بوو.
- له ئایسله‌ندا سه‌رۆك راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ و بۆیشی هه‌یه بۆ چه‌ندین خول خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه، چونكه ماوه‌ی خۆهه‌ڵبژاردن به دوو خول دیاری نه‌كراوه.
- له هه‌ریه‌ك له كرواتیا، فنله‌ندا، بولگاریا، لیتوانیا، سربیا و سلۆڤینیا سه‌رۆك راسته‌وخۆ له لایه‌ن گه‌له‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت، وێرای ئه‌وه‌ی كه سیسته‌م په‌رله‌مانییه.
ئه‌نجام:
هه‌موو ئه‌و نموونانه‌ی له سه‌ره‌وه باسمان كردن، سرووشتی سیسته‌می حوكمڕانی تێیاندا په‌رله‌مانییه، به‌ڵام سه‌رۆك به شێوازی جیاواز هه‌ڵده‌بژێردرێت، كه‌چی سیسته‌میش هه‌ر په‌رله‌مانییه و میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك سرووشتی سیسته‌مه‌كه ناگۆرێت، هه‌موو ئه‌و شێوازانه‌ش دیموكراسین؛ بۆیه مه‌رج نییه ئه‌گه‌ر سه‌رۆك راسته‌وخۆ هه‌ڵبژێردرێت ئیتر سیسته‌م له په‌رله‌مانی بگۆڕدرێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی یان تێكه‌ڵ، به‌ڵكو بنه‌ره‌ت بۆ دیاریكردنی جۆری سیسته‌می حوكمرانی ئه‌و بنه‌مایانه بوو كه له پێناسه‌ی سیسته‌می په‌رله‌مانیدا ئاماژه‌مان پێدا. ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ شوێن به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی وڵاته‌كه‌یان سه‌رۆك دیاری ده‌كه‌ن، بۆ نموونه له بۆسنا و هه‌رسك، وێرای ئه‌وه‌ی سیسته‌م په‌رله‌مانییه، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی هه‌یه و هه‌ر یه‌ك نوێنه‌ری پێكهاته‌یه‌كه و بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ له ماوه‌ی چوار ساڵه به شێوه‌ی ده‌وری ده‌بنه سه‌رۆك.
یان ئیماره‌ی ئه‌ندۆرا هه‌رچه‌نده سیسته‌م په‌رله‌مانییه و ده‌سته‌ڵاته‌كان له ده‌ستی سه‌رۆكوه‌زیرانه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی له رووی به‌رگری له لایه‌ن فه‌ره‌نسا و ئیسپانیا پارێزگاری لێ ده‌كرێت، هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و مه‌ترانی كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی له ئیسپانیا ئه‌میری یه‌كه‌م و دووه‌من بۆ ئه‌ندۆرا.
رۆژ به رۆژ رێژه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له په‌رله‌مانه‌وه ده‌گۆرن بۆ هه‌ڵبژاردنی راسته‌وخۆ له زیادبووندایه، بۆ نموونه له ساڵی 1975 له ئه‌ورووپا 36 ده‌وڵه‌ت هه‌بوون و 10 ده‌وڵه‌تیان مه‌له‌كی ده‌ستووری بوون، هه‌روه‌ها 10 ده‌وڵه‌ت سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرا، له كاتێكدا ته‌نها پێنج ده‌وڵه‌ت سه‌رۆكیان راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژارد. له ساڵی 2000 له كۆی 46 ده‌وڵه‌تی ئه‌ورووپایی 10 ده‌وڵه‌ت مه‌له‌كیه‌ی ده‌ستووری بوون، 12 ده‌وڵه‌ت سه‌رۆكه‌كه‌یان له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا، كه‌چی 20 ده‌وڵه‌ت سه‌رۆكیان راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه هه‌ڵبژاردنی راسته‌وخۆی سه‌رۆك به رێژه‌یه‌كی زۆر زیادی كردووه و هه‌ر له زیادبوونیشدایه و دوانموونه‌ش توركیا بوو.
بۆیه كه له مادده‌ی دووه‌م له یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ژماره (1) ساڵی 2005دا هاتووه: سه‌رۆك راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت، به هیچ شێوه‌یه‌ك سرووشتی سیسته‌می په‌رله‌مانی له كوردستان ناگۆڕێت و هه‌ر به په‌رله‌مانی ده‌مێنێته‌وه، چونكه مه‌رج نییه له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا سه‌رۆك ته‌نها له ناو په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرێت، چه‌ندین نموونه‌مان خستنه روو سیسته‌م په‌رله‌مانی بوو، به‌ڵام سه‌رۆك راسته‌وخۆ له ناو خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت.
وه‌ڵامی پرسیاری سێیه‌م:
مه‌رجه ده‌سته‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك له سیسته‌می په‌رله‌مانی هه‌موویان ده‌سته‌ڵاتی ته‌شریفاتی و پرۆتۆكۆلی بن؟
هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا سیسته‌می په‌رله‌مانی یه‌ك فۆرمی نییه تا بڵێین به شێوه‌یه‌كی ره‌ها له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا سه‌رۆك ده‌سته‌ڵاته‌كانی ته‌نها ته‌شریفاتین. له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا هاوسه‌نگی و هاریكاری له نێوان ده‌سته‌ڵاته‌كاندا هه‌یه. وه‌ك ئاماژه‌شمان پێدا ده‌سته‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا له دوو به‌ش پێك دێت، ئه‌وانیش ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكی كۆمارن، كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌سته‌ڵاته‌كان له‌ژێر ده‌ستی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا لاسه‌نگیی ده‌سته‌ڵات دروست ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ش به وه‌رگرتنی كۆمه‌ڵێك نموونه‌ی سیسته‌می په‌رله‌مانی هه‌وڵ دراوه جۆرێك له هاوسه‌نگی له ده‌سته‌ڵاته‌كانی هه‌ردوو به‌شی ده‌سته‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا به‌رقه‌رار بكرێت، كه له خواره‌وه چه‌ند نموونه‌یه‌ك ده‌خه‌ینه روو، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خه‌ن مه‌رج نییه له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا هه‌میشه ده‌سته‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی وڵات ته‌شریفاتی بن:
- له فینله‌ندا، سیسته‌م په‌رله‌مانییه، به‌ڵام سه‌رۆك فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانه و به‌رپرسی كاروباری ده‌ره‌وه‌یشه.
- له چیك سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت و سیسته‌میش په‌رله‌مانییه، كه‌چی سه‌رۆك مافی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی هه‌یه.
- له سه‌نگاپوره سیسته‌م په‌رله‌مانییه، به‌ڵام به‌پێی هه‌مواركردنێكی ده‌ستووری له ساڵی 1991دا سه‌رۆك كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌ڵاتی فیعلی هه‌یه شانبه‌شانی سه‌رۆكوه‌زیران.
- له باشووری ئه‌فریقا سیسته‌م په‌رله‌مانییه و سه‌رۆك له ناو په‌رله‌مانیش هه‌ڵده‌بژێردرێت، به‌ڵام سه‌رۆك كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌ڵاتی گرینگی هه‌یه، بۆ نموونه ده‌توانێت داوا بكات بابه‌تێك راپرسیی جه‌ماوه‌ری له سه‌ر بكرێت.
- له پورتوگال سیسته‌م په‌رله‌مانییه، به‌ڵام به‌پێی مادده‌ی 120 له ده‌ستووری ئه‌و وڵاته سه‌رۆك فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانه و كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌ڵاتی دیكه‌ی گرینگیشی هه‌یه.
- به‌پێی مادده‌ی 87 و 88 له ده‌ستووری ئیتاڵیا، سه‌رۆكی وڵات كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌ڵاتی فیعلی پیاده ده‌كات، سه‌رۆك فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانه و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی باڵای به‌رگری ده‌كات و، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریشه و ده‌شتوانێت په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
- به‌پێی مادده‌ی 31 له ده‌ستووری مه‌نگۆلیا وێڕای ئه‌وه‌ی سیسته‌م په‌رله‌مانییه، به‌ڵام سه‌رۆك به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یه و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه و ده‌شتوانێت باری له‌ناكاو رابگه‌یه‌نێت به‌پێی كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر كه له ده‌ستووره‌كه‌یاندا دیاری كراون.
- له توركیا به‌پێی مادده‌ی 117 سه‌رۆكی كۆمار فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانه به نوێنه‌رایه‌تیی په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی ده‌كات.
- له هه‌ر یه‌ك له بولگاریا، سربیا، سلۆڤینیا، ئه‌لبانیا و كرواتیا، سیسته‌م په‌رله‌مانییه و سه‌رۆكیش فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانه.
له زۆربه‌ی ئه‌م نموونانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسمان كردن، سه‌رۆكی وڵات ده‌توانێت لێبوردنی تایبه‌ت بۆ زیندانییه‌كان ده‌ربكات و سزاكانیش كه‌م بكاته‌وه. هه‌روه‌ها هه‌موو سه‌رۆكێك له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا مافی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی یاساكانی هه‌یه بۆ په‌رله‌مان و، ئینجا جاری دووه‌م په‌رله‌مان به زۆرینه‌یه‌كی تایبه‌ت یاساكه تێده‌په‌ڕێنێت.
ئه‌نجام:
به وه‌رگرتنی ئه‌و نموونانه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی له سه‌ره‌وه باسمان كردن كه هه‌موویان په‌رله‌مانیی ته‌واون و، به‌راوركردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌ڵاتانه‌ی له مادده‌ی ده‌یه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه كه له 19 برگه‌دا دارێژراون، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌سته‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم زۆر ئاسایین و هیچ مه‌ترسی یان لادانێكی تێدا نییه كه سیسته‌مه‌كه له سیسته‌مێكی په‌رله‌مانییه‌وه بگۆڕێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی یان نیمچه‌سه‌رۆكایه‌تی. بگره كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌ڵات هه‌ن له زۆربه‌ی سیسته‌مه‌كانی په‌رله‌مانیدا سه‌رۆك هه‌یه‌تی له كوردستان سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی پێنه‌دراوه، بۆ نموونه ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان.
له كۆی ئه‌و نۆزده برگه‌یه‌ی وه‌ك ده‌سته‌ڵاتی سه‌رۆك له مادده‌ی ده‌یه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تیدا هاتوون، (11) ده‌سته‌ڵات پرۆتۆكۆلی و مه‌رسوم و ته‌شریفاتین، واتا ئاشكراكه‌رن(كاشف)، ده‌سته‌ڵاتی 'منشأ' نین. هه‌روه‌ها چوار له‌و ده‌سته‌ڵاتانه په‌یوه‌ستن به ره‌زامه‌ندیی په‌رله‌مانه‌وه، واتا به‌بێ په‌رله‌مان سه‌رۆك ناتوانێت پیاده‌یان بكات، بۆ نموونه ناردنی هێز و هاتنی هێزی ئیتیحادی پێویستی به ره‌زامه‌ندیی په‌رله‌مانه یان راگه‌یاندنی باری نائاسایی ده‌بێ به‌پێی یاسایه‌ك له په‌رله‌مان ده‌ربچێت.
ده‌مێنێته‌وه چوار ده‌سته‌ڵات كه سه‌رۆك به ته‌نها پیاده‌یان ده‌كات و ده‌سته‌ڵاتی فیعلین ئه‌وانیش بریتین:
1- مافی هه‌یه بۆ یه‌ك جار ئه‌و یاسا و بریارانه بگه‌رێنێته‌وه بۆ په‌رله‌مان ئینجا جاری دووه‌م، په‌رله‌مان ده‌توانێت به زۆرینه‌ی ره‌ها تێی بپه‌رێنێت و سه‌رۆك مافی گه‌راندنه‌وه‌ی نییه. ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ش له هه‌موو سیسته‌مێكی په‌رله‌مانیدا به سه‌رۆكی وڵات دراوه.
2- لێبوردنی تایبه‌ت بۆ به‌ندكراوان، به‌پێی یاسا، ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ش له زۆربه‌ی هه‌ره زۆری سیسته‌مه په‌رله‌مانییه‌كانی دونیا به سه‌رۆكی وڵات دراوه.
3 په‌سه‌ندكردنی حوكمی له‌سێداره‌دان، یان سووككردنی بۆ به‌ندكردنی تاهه‌تایی، دیسان ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ش له زۆربه‌ی وڵاتانی سیسته‌م په‌رله‌مانی به سه‌رۆكی وڵات دراوه و هیچ مه‌ترسییه‌كیشی تێدا نییه، به پێچه‌وانه‌وه له رۆژگاری ئه‌مڕۆدا ئاراسته‌ی دونیا به‌ره‌و لابردنی حوكمی له‌سێداره‌دانه.
4- سه‌رۆك بۆی هه‌یه بانگهێشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكات بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ناچاری و خۆیشی سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌كات، ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ش له ئاسایی ئاساییتره و له هه‌موو سیسته‌مێكی په‌رله‌مانیدا ئه‌مه وه‌ك 'ته‌حصیل حاصل' وایه.
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌یه كه له مادده‌ی یه‌كه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمدا پێی دراوه و وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئه‌مه‌شیان ده‌سته‌ڵاتێكی نامۆ نییه له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا بۆ سه‌رۆكی وڵات، ئێمه توانیمان (10) وڵات بدۆزینه‌وه كه سرووشتی سیسته‌می حوكمرانی تێیاندا په‌رله‌مانیی ته‌واوه و، له هه‌ندێكیاندا سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مانیش هه‌ڵده‌بژێردرێت، كه‌چی له هه‌مان كاتدا سه‌رۆكی وڵات فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانه.
ئه‌وه‌ی تریشیان ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌یه كه له مادده‌ی دووه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمدا هاتووه، كه سه‌رۆكی هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا نوێنه‌رایه‌تیی هاووڵاتیانی كوردستان ده‌كات و به ناویانه‌وه ده‌دوێ و هه‌ماهه‌نگی له نێوان ده‌سته‌ڵاته فیدراڵیه‌كان و ده‌سته‌ڵاته‌كانی هه‌رێمدا ده‌كات. ئه‌مه‌شیان زۆر ئاساییه و له ده‌ستووری هه‌موو وڵاتان ئه‌م رۆڵه به سه‌رۆك دراوه و، ته‌نانه‌ت له‌و پرۆژانه‌ش كه لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم پێشكه‌شی په‌رله‌مانیان كرد، هه‌موویان ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌یان به سه‌رۆك داوه و هیچ جیاوازییه‌كی له سه‌ر نییه.
بۆیه مه‌رج نییه كه سیسته‌م په‌رله‌مانی بوو سه‌رۆك ده‌سته‌ڵاته‌كانی ته‌شریفاتی بن، چه‌ندین نموونه‌مان خستنه روو، كه سیسته‌م په‌رله‌مانییه و ته‌نانه‌ت سه‌رۆك له هه‌ندێكیاندا له‌ناو په‌رله‌مانیش هه‌ڵده‌بژێردرێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌ڵاتی فیعلیشی هه‌یه.
وه‌ڵامی پرسیاری چواره‌م:
جۆره‌كانی به‌رپرسیاریه‌تی له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا چین؟ ئایا له‌و سیسته‌مه‌دا سه‌رۆك به‌رپرسیاره به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان؟
دوو جۆر به‌رپرسیاریه‌تی هه‌یه له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا ئه‌وانیش:
1- به‌رپرسیاریه‌تیی تاوانی(جنائی):
ئه‌م به‌رپرسیاریه‌تییه له زۆربه‌ی سیسته‌مه‌كانی حوكمرانیدا هه‌یه و كاتێك دروست ده‌بێت كه، سه‌رۆكی وڵات خیانه‌تی گه‌وره بكات یان پێشێلی سامناكی ده‌ستوور بكات، یان سوێندی ده‌ستووری بشكێنێت. له‌و كاته‌شه‌یشدا زۆرینه‌یه‌كی په‌رله‌مان ئیتیهامی ده‌كات و زۆرینه‌یه‌كی دیاری راوی په‌رله‌مان دوای ئیدانه‌كردنی له لایه‌ن دادگای ده‌ستوورییه‌وه له پۆسته‌كه‌ی دووری ده‌خه‌نه‌وه.
له‌سه‌ر به‌رپرسیاریه‌تیی تاوانی له هه‌ندێ وڵاتی دونیادا كه سیسته‌میان په‌رله‌مانییه به‌رامبه‌ر سه‌رۆكی وڵات ئه‌م چه‌ند نموونه‌یه ده‌خه‌ینه روو:
- له مادده‌ی 130 له ده‌ستووری پوتوگالدا هاتووه، كه سه‌رۆكی وڵات دادگایی ده‌كرێت له به‌رده‌م دادگای دادی باڵادا له ئه‌نجامی ئه‌و تاوانانه‌ی له كاتی هه‌ڵسان به كاره‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای پێشنیازی پێنجیه‌كی ئه‌ندامه‌كانی په‌رله‌مان و به ره‌زامه‌ندیی 2/3ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، سه‌رۆك له پۆسته‌كه‌ی دوور ده‌خرێته‌وه ئه‌گه‌ر دادگا ئیدانه‌ی كرد.
- له مادده‌ی 89 له ده‌ستووری باشووری ئه‌فریقادا هاتووه، كه سه‌رۆك ئیقاله ده‌كرێت به ده‌نگی 2/3ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له حاڵه‌تی پێشێلكردنی گه‌وره‌ی ده‌ستوور یان نه‌یتوانی به ئه‌ركه‌كه‌ی هه‌ڵبستێت.
- له مادده‌ی 90 له ده‌ستووری ئیتالیادا هاتووه، سه‌رۆكی كۆمار به‌رپرسیار نابێت به‌رامبه‌ر ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكات، ته‌نها له كاتی ئه‌نجامدانی خیانه‌تی گه‌وره یان پێشێلكردنی ده‌ستوور نه‌بێت. له‌و كاته‌یشدا له دانیشتنێكی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی په‌رله‌مان به زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامه‌كانی ئیدانه ده‌كرێت.
- له مادده‌ی 30 له ده‌ستووری مه‌نگۆلیا هاتووه: ئه‌گه‌ر سه‌رۆك سوێندی ده‌ستووری شكاند یان پێشێلی ده‌ستووری كرد یان ده‌سته‌ڵاته‌كانی خۆی خراپ به كار هێنا، ده‌كرێت له پۆسته‌كه‌ی لابدرێت به بریاری دادگای ده‌ستووری و به ره‌زامه‌ندیی زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامانی په‌رله‌مان.
- به‌پێی مادده‌ی 60 له ده‌ستووری نه‌مسادا هاتووه: نابێ سه‌رۆكی وڵات ئیتیهام بكرێت ته‌نها ئه‌و كاته نه‌بێت كه ولایه‌ته‌كه‌ی ته‌واو كردبێت. ئه‌گه‌ر بویسترێت له كاتی ولایه‌ته‌كه‌ی ئیتیهام بكرێت ده‌بێ به رێگای راپرسیی جه‌ماوه‌ری بێت و، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه ده‌خرێته راپرسی كه 2/3ی په‌رله‌مان له‌سه‌ری رازی بن. ئه‌گه‌ر له راپرسیی جه‌ماوه‌ری ئیتیهامكردنی سه‌رۆك ره‌ت كرایه‌وه ئه‌وا په‌رله‌مان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و ده‌بێ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته بكرێت.
له هه‌موو ئه‌و نموونانه‌ی له سه‌ره‌وه باسمان كردن سه‌رۆكی وڵات كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌ڵاتی فیعلیشی هه‌یه، به‌ڵام سه‌رۆك ته‌نها به‌رپرسیاریه‌تیی تاوانی له سه‌ره نه‌ك به‌رپرسیاریه‌تیی سیاسی.
2- به‌رپرسیاریه‌تیی سیاسی:
به‌و واتایه‌ی كه په‌رله‌مان ده‌توانێت پرسیار و پرساندن و لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه و ته‌حقیقی په‌رله‌مانی بكات، به‌پێی پێوه‌ره‌كانی سیسته‌می په‌رله‌مانی، ئه‌م جۆره به‌رپرسیاریه‌تییه ته‌نها بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه، واته سه‌رۆكی وڵات له رووی سیاسییه‌وه به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان به‌رپرسیار نابێت.
ئه‌نجام:
ئه‌گه‌ر پاساو ئه‌وه بێت كه په‌رله‌مانی كوردستان ناتوانێت لێپرسینه‌وه‌ی سیاسی له سه‌رۆكی هه‌رێم بكات بۆیه سیسته‌م په‌رله‌مانی نییه، ئێمه پێمان وایه ئه‌مه لێكدانه‌وه‌یه‌كی ده‌قیق نییه، چونكه له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا سه‌رۆكی وڵات ته‌نها له حاڵه‌تی پێشێلكردنی سامناكی ده‌ستوور یان شكاندنی سوێندی ده‌ستووری یان خیانه‌تی گه‌وره له‌سه‌ر داوای رێژه‌یه‌كی 'مه‌وصوف' له په‌رله‌مان دوای ئیدانه‌كردنی له لایه‌ن دادگای ده‌ستوورییه‌وه له متمانه ده‌خرێت.
هه‌رچه‌نده به‌رپرسیاریه‌تیی تاوانی له یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمدا باسی نه‌كراوه، به‌ڵام له مادده‌ی شازده‌یه‌م له یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمدا هاتوو: به‌لای كه‌مه‌وه 3/4ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان له ده‌نگدانێكی نهێنیدا ده‌توانن سه‌رۆكی هه‌رێم له متمانه بخه‌ن. به تێروانینی ئێمه له‌م مادده‌یه مه‌به‌ست به‌رپرسیاریه‌تیی تاوانییه، بۆیه‌ش به روونی باسی لێ نه‌كراوه، چونكه له كوردستان دادگای ده‌ستووری نییه، به‌ڵام به‌رپرسیاریه‌تیی تاوانی له پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان به روونی جێگای كراوه‌ته‌وه. ده‌شكرێت له هه‌ر هه‌مواركردنێك بۆ یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئه‌م بابه‌ته روونتر باسی لێوه بكرێت.
كه‌واته ناكرێت په‌رله‌مان چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیره‌كاندا ده‌كات له لێپرسینه‌وه و میكانیزمه‌كانی چاودێریكردن به هه‌مان پێوه‌ریش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی وڵات‌دا بكات، جا ئه‌گه‌ر سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مانیش هه‌ڵبژێردرێت. واته ئه‌گه‌ر گریمان میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له كوردستان گۆرانكارییشی تێدا كرا و له‌ناو په‌رله‌مانیش هه‌ڵبژێردرا، ئه‌وا په‌رله‌مان ناتوانێت هاوشێوه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، چونكه له هه‌موو دونیا و له هه‌موو سیسته‌مه په‌رله‌مانییه‌كانیش ئه‌مه وه‌ك پرنسیپێك چه‌سپاوه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رۆك ده‌سته‌ڵاتی فیعلیشی هه‌بێت، ناكرێت به‌رپرسیاریه‌تیی سیاسی هاوشێوه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكه‌وێته ئه‌ستۆی سه‌رۆكی وڵاته‌وه.
*ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستانه




