٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ساكاشفیلی.. تۆڵەی جۆرجیا، لە ئەدێساوە لە پوتین دەكاتەوە؟

سەرچاوە: KDP.info

د. محەممەد خدر مەولوود

(ساكاشفیلی) سەرۆكی پێشووی جۆرجیا، ركابەری سەرسەختی رووسیا و (پوتین) و پارێزگاری ئێستای هەرێمی ئەدێسای وڵاتی ئۆكراینا، دوای ئەوەی پەڕەشێنكەی سەرۆكی ئۆكراینا لە ماوەی 24 سەعاتدا ناسنامەی ئوكراینایی و هاووڵاتیبوونی پێ بەخشی و فەرمانی بوون بە پارێزگای ئەدێساشی بۆ دەركرد، لە سۆنگەی ئەوەوە بوو، پەڕەشێنكە بە (پوتین) بڵێ :(بە دراوسێیەكەم، دۆستەكەم، دوژمنایەتیت دەكەم). ئەو پەڕەشێنكە، پەندە كوردییەكەی (دوژمنی دوژمنم، دۆستمە)ـی هەڵگێڕ و وەڕگێڕ پێ كرد، بەرپرسیارەتیی گرینگترین هەرێمی ئوكراینای دوای لەدەستچوونی (دوورگەی كریم)ـی كە ئەدێسایە، ڕادەستی (ساكاشفیلی) كرد.
ئەوسا هەندێ لە ناوەندی سیاسی و رۆژنامەوانی و توێژەران و شرۆڤەكارانی ئۆكراینا لە بەرانبەر ئەو كارەی پەڕەشێنكە تووشی جۆرێك لە نیگەرانی و پرسیار بوونەوە كە ئایا ئۆكراینا قەیرانی (پیاوی شیاو بۆ شوێنی شیاوی هەیە؟)، یات (تۆبڵێی پیاو لە ئۆكراینا قاتی بووبێ، پەڕەشێنكە لە دەرەوەی ئۆكراینا پیاوێك، بۆ پارێزگایەیەكی وەك ئەدێسا لەدەرەوەی وڵات، هاوردە بكات؟).
هاوردەكردنی (ساكاشفیلی) بۆ پارێزگاری ئەدێسا، مانگێكی بەسەر چوو و نەچووە ئایندەیەك هێشتا نادیارە، رووداوی دراماتیكی ئەو وڵاتە لە دوای رێككەوتنی (چوارینەی نۆڕماندی، منیسك)  درێژەی هەیە، وەك گەمەی رۆژانە وان، (ساكاشفیلی)ـیش گەمەی خۆی دەكات، بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی (ماریا گایدار)ـی  وەك جێگری خۆی و جێگری والیی هەرێمەكەی (ئەدێسا) دیاری دەكات. ناوەندەكانی ئۆكراینایش هەر دەپرسن (ماریا) كێیە؟ گەر بڕیار وابێ جێگری پارێزگار، بە تایبەتیش هیی ئەدێسا ئافرەت بێت، بۆ لە ئۆكراینا ئافرەتیش قاتی بووە؟ لە ئۆكراینایەكدا توخمی مێینە ئەكتیڤ و كاران و بە دەیەها ئافرەتانی داهێنەری بوارەكانی سیاسی و بەڕێوەبەرێتی هەن، لە وڵاتێكدا (چ بەرێژە و چ بە كار و كردەوە، ئافرەت باڵادەستە تێیدا)، تۆبێڵی كەسێكی وەك (یولا تیمۆشێنكە)ـی شۆخ و شەنگی لێ هەڵنەكەوتبێ بشێت بۆ جێگری (ساكاشفیلی)؟ ئەی (ماریا گایدەر) كێیە و لە كوێوە هاتووە؟
(ماریا) ناسراو بە (ماریا گایدەر)، تا ساڵی 2013 و سەرەتاكانی ساڵی 2014 وەك ئافرەتێكی ركابەری (پوتین) و ئۆپۆزیسۆنی رووسیا روو دەكاتە ئۆكراینا و لە شاری ئەدێسا دەگیرسێتەوە. ئەو  كچی (ئیگۆرگایدەر)ـی سەرۆكوەزیرانی نەوەدەكانی سەدەی پێشووی رووسیا بوو ، وێڕای ئەوەی لە سەردەمی (پوتین)ـدا ئەو ئافرەتە چالاكوانە شۆخ و شەنگە، سیاسەتمەدار، ئابووریزان، رۆژنامەوان و ركابەری سیستەمی سیاسیی (پوتین) بوو كە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە 2009 تا 2011 دەبێتە جێگری پارێزگاری كیرۆف لە رووسیای فیدراڵدا، پاشان لە ماوەی 2012 تا 2013 دەبێتە راوێژكاری سەرۆكی شارەوانیی مۆسكۆ، پاش ئەو رێككەوتەیش ژیانی سیاسی لە مۆسكۆ ئاوا دەبێ و ئەو شارە بەجێ دێڵێ، ڕوولە شاری ئەدێسای ئۆكراینا دەكات.
ئێستا ئەدێسای شاری هەرە ستراتیژی ئۆكراینا، لە دوای كریمی لەدەست چوو، لە باشووری وڵاتدا، پارێزگاكەی سكاشفیلی جۆرجی و جێگرەكەی (ماریا)ی رووسیاییە، تۆبڵێی ئەو شارە بەرگەی هێرش و چاوتێبڕینی رووس و (پوتین) بگرێت؟ لە كاتێدا (پوتین) لەسەر كورسیی قەیسەری رووسدا لە ناوچەكە بە كردەوە حوكمی قەیسەر دەگێڕێ و لە تووكنەرمیی (ئۆباما)ـی سەرۆكی ئەمەریكادا، جگە لە دەمباسی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا، خەریكە ئەوێیش بۆ جوداخوازەكان وەك كریمی باشووری نێو دەریای ڕەش دەبن بەدیفاكتۆ.
وا لە رۆژهەڵاتی وشكایی ئەدێسایشدا، ئاگری تۆپەكانی جوداخوازانیش دانیشتووانی سەنتەری شاری (ماریەپۆڵ) هەراسان دەكەن و لە رۆژئاوای ئۆكراینایش، پشێوی و ئاژاوەی (ڕاستڕەوان)ـی مۆكاتیشڤۆی ئۆكراینا، ناڕەزاییەكانیان نەك هەر كپ نەبوون، بەڵكوو بەرەو پایتەخت و گۆڕەپانی (مەیدان و خرێشات) سەر دەكەون، لە رۆژئاوای شاری ئەدێسایشدا، وڵاتی مەڵدافیا دەستەوەستان و دۆشداماوە، لە بەرانبەر (پوتین)ـدا ئەنگاوتەیە و ناتوانێ بڵێ لەل. دەبێ حاڵی ئەدێسای سكاشفیلی و (ماریا)ـی دوژمن و ناحەزی (پوتین)، چۆن بكەوێتەوە؟ ئۆكراینا بە چ خاڵێكی وەرچەرخاندا گوزەر پێ بكەن؟ ‌

   

هەواڵی پەیوەندیدار