پارتی بە كردەوە سازانی كردووە بەڵام، بڕیاری گەل بە ڕەواتر دەزانێت

دڵشاد مستەفا وەسانی
دوای 23ی حوزەیرانی 2015 سازان و دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێم بوونەتە بابەتی رۆژ، ئەمەش لەوەوە هاتووە، كە لەو رۆژەدا پشت لە سازان كرا و، ئەو بنەمایەی كاركردن، وەك هۆیەك بۆ گەلەكۆمەكی بە كار هێندرا، لەو رۆژەدا دەركەوت، سازان بەلای ئەو حزبانەی زۆرینەیان هێنایە پێشەوە و سازانیان فەرامۆش كرد، بۆ ئەوەیە كە لە دژی پارتی بە كاری بێنن.
تا ئێستا هیچ هێز و لایەنێكی سیاسی، هێندەی پارتی بڕوای بە سازان نەبووە، چونكە پارتی بە كردەوە، نەك هەر كاری بۆ سازان كردووە، بەڵكو قوربانییشی لەپێناو ئەو سازانە داوە، كە تیایدا بەرژەوەندیی گەلی ڕەچاو كردووە، بەداخەوە دوای 23ی حوزەیران، سازانیان وا پیشان دا، وەك ئەوەی كەرەستەیەك بێت، بۆ ئەوەی هەر كاتێ دەرفەت هاتە پێشەوە، بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزب بەكار بهێندرێت، دەمەوێ بە ڕاشكاوی ئەوە بڵێم كە ئەوە پارتییە، بەجۆرێك كاری بۆ مەسەلەی سازان كردووە، كە هەوڵی داوە، پشت لە حزبایەتی بكرێت و روو لە كوردایەتی و خزمەتی خەڵك بكرێت، ئەو ئاراستەیەی پارتی زەمینەیەكی لەباری بۆ كاری پێكەوەیی و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە ناسك و هەستیارەی كوردستان ڕەخساند.
پارتی، هەمیشە پێی وایە، زۆرینەی پەرلەمانی خزمەت بە كوردستان ناكات، بۆیە لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتی ئەوەی هەبووە بە زۆرینە كار بكات و ویستی خۆی تێپەڕێنێت، بەڵام لەبەرئەوەی بەرژەوەندیی نیشتمانی لە بەرژەوەندیی حزبی پێ گرینگتر بووە، كاری بە سازان كردووە، ئەگەر هەڵبژاردنەكانی 2013ی پەرلەمانی كوردستان و 2014ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە بنەما وەربگرین، بۆ هەمو لایەك روون و ئاشكرا دەبێت، كە پارتی چەند لە هەقی هەڵبژاردنی خۆی خۆش بووە، ئەوەتا لە ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق 25 كورسی هەیە، بەڵام جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن بە گۆڕان بەخشی كە 8 كورسیی هەیە، لە پەرلەمانی كوردستان، پارتی 38 كورسیی هەیە، كەچی سەرۆكی پەرلەمانی بە گۆڕان بەخشی كە 24 كورسیی هەیە، لە حكوومەتیش بە هەمان شێوە، پارتی 38 كورسیی هەیە و پێنج وەزارەتی هەیە، یەكێتییش بە 18 كورسییەوە پێنج وەزارەت و جێگری سەرۆكی حكوومەت و دەستەی بە پلەی وەزیری هەیە، گۆڕان بە 24 كورسی 4 وەزارەت و دەستەیەك لە نێویاندا دوو وەزارەتی سیادی(وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی) هەیە، لە لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور كە لە 21 ئەندام پێكهاتووە، پارتی بە 38 كورسی 3 ئەندامی هەیە، گۆڕان بە 24 كورسی 3 ئەندامی هەیە، یەكێتی بە 18 كورسی 3 ئەندامی هەیە، ئایا ئەگەر پارتی بڕوای بە سازان نەبوایە و زۆرینەی رەچاو كردبا، چۆن دەبوو ژمارەی ئەندامانی لەو لیژنەیەدا وەك ژمارەی ئەندامانی گۆڕان و یەكێتی بێ؟
كە باس دێتە سەر دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، زۆر بەداخەوە، حزبەكان لە جیاتی خەڵك، بە شێوەی فەرمان قسە دەكەن و وشەی (دەبێ) بە كار دەهێنن، لە كاتێكدا ئەمە غەدرێكی گەورەیە لە خەڵك دەكرێت، دەستوور لە كۆی 97 دەنگی پەرلەمانتاران 96 دەنگی بە دەست هێنا و بووە هەقی خەڵك كە لە راپرسییەكدا بڕیاری خۆی لەسەر بدات، بەڵام ئەو هەقە لە خەڵك سەندرایەوە و جارێكی دی حزبەكان هەقیان بە خۆیاندا كە قسە هەر بۆ ئەوان بێت، لێرەیشەوە پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین كە هێزی ئیقلیمییش ڕۆڵی لە پاشەكشەپێكردنی هەقی شەرعیی خەڵكی كوردستان هەیە، چونكە چەند ئەو پرسە هەستیارانە لە دەستی حزبەكاندابن، هێندە بۆ وان ئاسانترە دەستی تێوەربدەن. لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، دیسان هەق لە خەڵك دەسەندرێتەوە، چونكە خەڵكی كوردستان لە 2009 مافی دەنگدانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیادە كردووە، بەڵام حزبەكان ئەو مافەی پێ ڕەوا نابینن جارێكی دی مومارەسەی بكاتەوە.
ئێستا، حزبەكان پشتیان لە سازان كردووە و سازان تەنیا بۆ ئەوە دەبینن كە پشكی زۆریان لە حوكمڕانیدا دەست بكەوێت، لە پەنای ئەو شەڕەی داعش و قەیرانی دارایی، حزبەكان چاككردنی ژیانی خەڵكی كوردستان بە ئەولەویەت نازانن، كەواتە تەگبیر چییە؟ ئایا دەكرێ ئەو هێنان و بردنەی حزبەكان بە مافی خەڵك و دۆخی سیاسی دەكەن، هەروا بمێنێتەوە و گەلی كوردستان سەرەڕای ئەوەی هەقی لێ دەسەندرێتەوە، نیگەرانیش بكرێت و هەر لە چاوەڕوانیدا بێت؟ بێگومان لە دۆخێكی وەك ئێستای هەرێمی كوردستان چارەسەر سازانە، بەڵام سازانی راستەقینە، ئەگەر سازانیش بە بنەمای كار نابیندرێ، پێویستە گەل بڕیار بدات، لەو دوو ڕێگایە زیاتر نییە، باشترین ڕێگە بڕیاری گەلە كە لە راپرسیدا بڕیار لە سەر سیستەمی سیاسی بدات، ئەم بڕیارەی گەل رەوایەتی لەو بڕیارە زیاترە كە حزبەكان لە نێوان خۆیاندا بیدەن، یان پەرلەمان پشت لە پرەنسیپی سازان بكات و بە زۆرینە بڕیار بدات كە ئاخۆ سیستەمی سیاسیی وڵات چۆن دەبێت، با هەموو ڕیگاكان بچنەوە ڕێگای گەل و، هەر گەل بڕیار لە سەر ئەو سیستەمە سیاسییە بدات كە دەیەوێت.




