سهروتاری KDP.info: ئەمەریكا و حەشدی شەعبی

ماوەیەكە هەندێك لایەن لەنێو خەڵك و لەنێو ڕیزەكانی پێشمەرگەیشدا ئەوە بڵاو دەكەنەوە، كە پارتی ڕێگرە لەوەی ئەمەریكا و هێزە هاوپەیمانەكان بە گورزی ئاسمانی یارمەتیی پێشمەرگە بدەن لە بەرەكانی كەركووك و جەلەولا و سەعدیە. ئەم هەوڵە شێواندنی ڕاستییەكان و دوورخستنەوەی ڕای گشتیی كوردستانە لە حەقیقەتی بابەتەكە.
هێزە هاوپەیمانەكان لەسەر ئەو بنەمایە یارمەتیی پێشمەرگەیان دا، چونكە پێشمەرگە بە هێزێكی كاریگەر و ڕەسەن دەزانن كە پێكهاتەكان دەپارێزێت و، لەپێناو پاراستنی بەهاكان و ئازادیدا دەجەنگێ. هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمان ئەوەندە دەقیق بووە كە تەنانەت بۆ جارێكیش خەڵكی مەدەنی نەبوونەته ئامانج. بۆیە لە هەر شوێنێك پێشمەرگە بیەوێت شەڕ بكات یانیش بەرگری بكات ئەوا هێزی هاوپەیمانان ئامادەیە یارمەتیی بدات.
لە لایەكی دیكەوە بڕیاری ناوەندی سیاسی و سەربازیی ئەمەریكا ئەوەیە، كە هەر شوێنێك حەشدی شەعبی لێ بێت ئەوا فڕۆكەكان بە هیچ شێوەیەك تەدەخول ناكەن و، نە پارتی و نە هیچ هێزێكی دیكەیش ناتوانێ ئەو بڕیارەیان بگۆڕێت.
ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو قسە بێبنەمایانەوهن دەبێ گلەیی لە خۆیان و سیاسییەكانیان بكەن كە دەستی حەشدی شەعبییان ڕاكێشا بۆ ناوچە كوردستانییەكان. ئەوان بە ڕێككەوتنی ژێربەژێر بەڵای هێزی حەشدی شەعبییان هێنایە سەر سنوورەكانی كوردستان. بۆیەشە هەر خۆیان بەرپرسن لەوەی كە فڕۆكە ئەمەریكاییەكان یارمەتیی هێزی پێشمەرگە نەدەن لە كەركووك و گەرمیان. ئەمە ڕاستییێكە كە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر بە باشی ئاگاداری حەقیقەتەكەیە.




