ده‌ستوور و چاره‌سه‌ری هێڵی سوور

كه‌ریم قادر
دوای ئه‌وه‌ی رۆژی 23ی حوزه‌یرانی رابردوو هه‌ر چوار فراكسیۆنی(گۆڕان، یه‌كێتی، یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ) كوده‌تایه‌كی خۆڵه‌مێشییان به‌سه‌ر پره‌نسیپی سازاندا كرد، كه ته‌واوی پۆسته باڵاكانی حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی له‌سه‌ر دامه‌زراوه. ماوه‌یه‌كیشه گوێمان له لێدوانی سه‌مه‌ره ده‌بێت كه گوایه "هه‌ڵه‌ی حوزه‌یرانی 2013 دووباره ناكه‌ینه‌وه" و "ناچارمان مه‌كه‌ن هه‌رێمێك رابگه‌یه‌نین".
چۆن پزیشك له‌سه‌ر ته‌ندروستی و پارێزه‌ر له‌سه‌ر كێشه و فیته‌ر له‌سه‌ر خراپبوونی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان نان په‌یدا ده‌كه‌ن، هه‌ندێ له حزبه سیاسییه‌كانی كوردستانیش، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی هیچ به‌رنامه‌یه‌كیان نییه بۆ پێشخستنی دۆخی ئه‌م هه‌رێمه، راستییه‌كه‌ی ده‌یانه‌وێ به دژایه‌تیكردنی به‌رنامه‌كانی پارتی دڵی ئه‌م و ئه‌و له خۆیان رازی بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی له دواكارتدا جارێكی دیكه دووله‌تی بكه‌نه‌وه(هه‌وڵه‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ و كاره‌كانیان له سه‌روبه‌ندی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق و خۆ به‌ستنه‌وه‌یان به سیستمی سیاسیی عێراق و دوالێدوانی نوێنه‌ری گۆڕان له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی) راستیی ئه‌م مه‌به‌سته ده‌رده‌خات.
ئه‌وه‌ی كه‌مێك چاودێریی بارودۆخ و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی كردبێت، بێ ماندووبوون ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێ، كه ئه‌وانه وازیان له‌و مه‌به‌سته‌یان نه‌هێناوه. بۆیه دژایه‌تیی ده‌ستوور ده‌كه‌ن. سه‌ره‌تا به بانگه‌شه‌ی به هه‌رێمكردنی كه‌ركووك ده‌ستیان پێكرد، به‌ڵام له‌به‌ر زۆر هۆكار، كه هه‌ندێكی له ده‌ره‌وه‌ی توانای كورده، بینییان ئه‌وه سه‌رناگرێ، بایاندایه‌وه و بۆ هه‌مان مه‌به‌ست و كه‌وتنه دروستكردنی ته‌نگژه له ناوخۆدا، كه هه‌رێم خۆی له سایه‌ی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی بۆی دروست كراوه، ئاریشه و ته‌نگژه‌ی كه‌م نییه.
ئه‌وان، كه بینییان پێپیلكه‌ی یه‌كه‌می هه‌وڵه‌كانیان، دواكه‌وتنی مووچه و بێكاری و ته‌نگژه‌كانی وه‌كو كه‌میی كاره‌با و سوته‌مه‌نی هاووڵاتیان توڕه ناكات، كه بێئاگایانه كار له‌سه‌ر دڕدۆنگردنی خه‌ڵك له یه‌كتری ده‌كه‌ن. وێڕای بوونی لیژنه‌یه‌كی 21 كه‌سی بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، پشتیان له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و ته‌نگژانه و ده‌ستوور كرد، كه به‌پێی په‌یامه‌كه‌ی رۆژی 16/07/2013ی سه‌رۆك بارزانی بۆ گەلی كوردستان و هێز و لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كه ده‌ڵێ: "هه‌ر لە ئێستایشەوە داوا لە سەرۆكایەتیی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەكەم كە لەژێر ڕۆشنایی ئەو نامەیەم كە لە 12ـ 6ـ 2013 دا ئاراستەی سەرۆكایەتیی خولی ئێستای پەرلەمانم كردبوو، دوای هەڵبژاردنەكانی 21/9/2013 دەستبەجێ لە كۆبوونەوە دەستپێكییەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بە زووترین كات میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بگەنە تەوافوق لەسەر هەمواركردنی پڕۆژەی دەستوور و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم." واته ده‌بوو كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی پڕۆژەی دەستوور و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بكرابایه، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه، ئه‌وان به به‌ته‌نگژه‌كردنی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نه‌ك خۆیان له‌و ئه‌ركه دزیه‌وه، به‌ڵكو له 23ی حوزه‌یرانی رابردوویشدا به كوده‌تا خۆله‌مێشییه‌كه‌یان پشتیان له‌و سازانه‌ش كرد، كه وڵاتی پێ به‌ڕێوه ده‌بردرێ. به‌مه‌ش ته‌نگژه‌یه‌كی دیكه‌یان دروست كرد.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م هه‌وڵانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێداون، ئه‌وان ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژێیه‌ی دروستیان كردووه بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌م ده‌ستووره روناكی نه‌بینێ و كوردستان نه‌بێته خاوه‌ن ده‌ستووری خۆی، كه به زۆرینه‌ی ره‌های ده‌نگی په‌رله‌مانتارن په‌سند كراوه و ته‌نها خرانه ریفراندۆمی ماوه. ئه‌مه‌ش زیاتر له‌به‌ر مادده‌ی 2ی ده‌ستووره، كه له بڕگه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌مدا باس له سنووری كوردستان ده‌كات و له بڕگه‌ی سێیه‌میشدا به روونی ده‌ڵێ "نابێ هه‌رێمێكی نوێ له‌نێو سنووری هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێندرێ." واته هه‌ر هه‌وڵێكی له‌م جۆره به ده‌ستوور هێڵی سوره. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ویست و كۆنه‌هه‌وڵه‌كانی ئه‌واندا ناگونجێت.
پارتی له پێناو ئه‌وه‌ی كوردستان ببێته خاوه‌ن ده‌ستوور، وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، ئه‌وه‌ی پێویست بوو بۆ دروستكردنی هاوهانگی نێوان هێز و لایه‌نه‌كانی كردی، هه‌موو لایه‌كیش، ئه‌گه‌ر خۆیان له خوا نه‌كه‌ن، ئه‌و راستییه ده‌زانن، كه پارتی هه‌رگیز حزبیانه بیری نه‌كردووه‌ته‌وه. ئێستایش پێویسته ئه‌و هێزانه هه‌ست به به‌رپرسیارێتیی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییی خۆیان بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی كوردستان ببێته خاوه‌ن ده‌ستوور، نه‌خاسمه رۆژ به رۆژ پێگه‌ی هه‌رێمه‌كه له ئاستی جیهانیدا سه‌نگینتر ده‌بێت، بۆ كوردستان پێشبینی ئاسۆیه‌كی گه‌شتری لێده‌كرێ. به‌مه‌ش زۆر له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن، نه‌ك ئاماژه‌كردن به دووله‌تكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به بیانووی كه‌میی به‌نزین و كاره‌با، كه ئیداره‌كه راسته‌وخۆ خۆی به‌رپرسیاره، به‌ڵام ده‌ركه‌وت ئه‌وانه هه‌مووی به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست به‌رامبه‌ر هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش به دوو مه‌به‌ست ده‌كرێ، له لایه‌ك بێتواناییی خۆیان له به‌ڕێوه‌بردن بشارنه‌وه، له لایه‌كی دیكهیشه‌وه بۆ دڕدۆنگكردنی خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌یه له پرسه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، بۆیه هه‌وڵه‌كانی به كیانكردن به موزایه‌ده‌ی سیاسی داده‌نێن، كه خۆیان باش ئاگادارن كار و هه‌نگاوی جیددی بۆ نراوه.




