٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

(بارزانی لە روانگەیەکی کوردستانییەوە).. لێگەڕێن با بارزانی رەسالەتی مێژوویی خۆی تەواو بکا

سەرچاوە: KDP.info

حوسێن یەزدانپەنا

لەم بابەتەدا، تێکەڵ بە ململانێکانی تایبەت بە باشووری کوردستان لە سەر دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم نابم. ئەوەی مەبەستمە نۆڕین لە بارزانی بە پێوەری بایەخ و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانە:
1- ئەوەی لەم رۆژگارە و لەم ئاستە لە بەرپرسایەتی سیاسیی و حقووقیدا، بڤەی باس و تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستانی شکاند، مەسعوود بارزانی بوو. بارزانی لە وەدیهێنانی ئەم ئامانجەدا راستگۆیە و ئەگەر لێیگەڕێن، لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا، وەدیی دێنێ.
2- ئەو سەرکردە سیاسییەی بە ئاشکرا، باسی لە هەڵوەشاندنەوەی سنوورە دەستکردەکان و مافی یەکگرتنەوەی کورد و کوردستان کردووە، هەر ئەو و نموونەی دڵخوازیشی یەکگرتنەوەی ئاڵمانیا و جیابوونەوەی چێکۆسڵۆڤاکیا لە یەکتر بووە.
3- هێما نەتەوەییەکان و یادگارە بە نرخەکانی کۆماری کوردستان: پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان و سروودی ئەی رەقیب، مەسعوود بارزانی لە عێڕاق و لە باشووری کوردستان و هەرێمی کوردستان، لە هەڵوەشان و شاردنەوە و لابردن، پاراستنی.
4- لە سەرکردەکانی ئەم قۆناغەی بزووتنەوەی کورد تەنیا مەسعوود بارزانیم پێ شک دێ، بەرانبەر بە دەسەڵاتی بە هێز و گەورەتر لە خۆی، بزانێ بڵێ: نا. ئەو نەیهێشت پۆل بریمەر، کڵاوی "فیدرالیزمی پارێزگاکان" بکاتە سەر کورد.
5- ئەوەی نەیهێشت ئەرتەشی تورکیای دۆستی نازداری ئەمه‌ریکا و تەنیا دەرووی هەناسەی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، لە زاخۆ بپەڕێتەوە و روو لە هەولێر بکا، هەر مەسعوود بارزانی بوو.
6- ئەوەی ئێرانی لە هەرێمی بەر دەسەڵاتیدا، لغاو کردووە و نەیهێشتووە باشووری کوردستان ببێتە باشووری لوبنان، بارزانییە.
7- ئەوەی لە مێژووی کورددا، توانی هەموو حیزبە رکابەر و دەستبەخوێنی یەک سوورەکان لە چواردەوری مێزێک کۆ بکاتەوە و لەسەر خاکی هەرێمێکی بچووک و دەوردروا بە دوژمن، جاڕی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بدا، مەسعوود مستەفا بارزانی بوو.
8- هەر بارزانی بوو کە توانی لە رووداوێکی مێژووییدا، پێشمەرگە بە چەک و چۆڵ و ئاڵای کوردستانەوە، بە سنووری دەوڵەتی تورکیادا، بگەێنێتە کۆبانێ و ئەمه‌ریکا رازی بکا، بە هاواری کۆبانێوە بفڕێ.
9- هەر بارزانییە لە هەرێمە بچووک و گەمارۆدراو بە عارەب و عەجەم و تورکەکەیدا، هەبوونی بنکە و بارەگا و چالاکیی هەموو حیزبە چەکدارەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانی پێهەڵدەگیرێ.
10- لە ناو سەرکردەکانی ئەو وڵاتانەی تووشی "بەهاری عارەبی" بوون، تەنیا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، فەرمانی سەرکوتی بۆ لاوانی ناڕازیی هەرێمەکەی دەرنەکرد و زمان و هەنگاوی چارەسەری رەچاو کرد.
بۆیە مەسعوود بارزانی نەک هەر بۆ باشووری کوردستان، بەڵکوو، بۆ سەرجەم کورد، دەرفەتە. سەرکردە سیاسییەکان و تاک و گرووپەکانی کورد دەبێ، کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرن. دەنا دانیشتن لە سێبەری سووکی دارەکانی بارزان و ژیان لە پەنای کێلی شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا لە ناو "میللەتی بارزان"دا، بۆ کەسێکی ماندووی، خۆشی لە ژیان نەدیتووی، بە لاوی پیربووی وەک مەسعوود بارزانی، خۆشترە لە رۆنیشتن لە سەر کورسیی قورسی سەرۆکایەتیی وڵاتێکی پڕکێشە و کەلێن و دژبەریی..... لێگەڕێن با بارزانی رەسالەتی مێژوویی خۆی تەواو بکا.


21 پووشپەڕی2715
12ژوولای2015

 

هەواڵی پەیوەندیدار