ئه‌دی پشكی خه‌ڵك؟

دڵشاد مسته‌فا وه‌سانی
ئه‌و دیمه‌نی حزبایه‌تییه‌ی ئه‌مڕۆ له گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستاندا ده‌بیندرێت، پرسیارێكی لای خه‌ڵك دروست كردووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌و حزبانه‌ی به‌ناوی پرۆژه‌ی خزمه‌تكردنی خه‌ڵكەوە، چوونه ناو هه‌ڵبژاردن و دواتر به‌شدارییان له حكوومه‌تدا كرد، چی‌یان له‌و دۆخه گۆڕی كه به قه‌ولی خۆیان به‌رنامه‌یان بۆی هه‌بوو؟
له‌گه‌ڵ هاتنه‌كایه‌ی دۆخی دوای 17ـی شوباتی 2011 كه به هۆیه‌وه، به‌شێكی ئه‌وانه‌ی له سه‌كۆی خۆپیشاندانه‌كانی به‌ر ده‌ركی سه‌رای سلێمانی بوون، گه‌یشتنه حكوومه‌ت و هه‌ندێكی دیكه‌ش له‌و رابه‌رانه‌ی خۆپیشاندان له سه‌ر شانۆ نه‌مان، هه‌ندێ رۆشنبیر و خوێنده‌واریش هه‌ر له‌وكاتدا هه‌ستیان به‌وه كرد، كه ئه‌و بزاوته، ئه‌و بزووتنه‌وه ناڕازییه نییه كه چاوه‌ڕوانییان ده‌كرد، زوو ده‌ركیان به‌وه كرد كه حزب ڕۆڵی هه‌یه، هه‌ر وایشی لێهات، چونكه به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌وه، كه‌شێكی تازه‌ی حوكمڕانی هاته‌كایه‌وە، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه هیچ حزبێك قبووڵی نه‌بوو چیدی ئۆپۆزسیۆن بێ، له‌به‌رئه‌وه حكوومه‌تێكی بنكه‌فراوان دروست بوو.
له‌م ماوه‌یه‌شدا، جارێكی دی سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌كان ده‌ستی پێكردووەته‌وه، كێشه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، هه‌موویان هه‌ر به‌ناوی خه‌ڵكه‌وه قسه ده‌كه‌ن، داوای پۆست و پله و پشكی حزبه‌كانیان ده‌كه‌ن، ئه‌مه له كاتێكدایه، هه‌رێمی كوردستان به دۆخێكی ناخۆش و ئاڵۆزدا ده‌ڕوات، شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی، كاریگه‌رییه‌كی خراپییان كردووەته سه‌ر كوردستان. لێره‌وه‌یه پرسیارێك دێته پێشه‌وه، ئه‌رێ ئه‌وه له كوردستان هیچ كێشه‌یه‌ك نییه جگه له پشكی حزبه‌كان له حكوومه‌تدا؟ كه سه‌یری كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و حزبانه ده‌كه‌ین، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین له وڵاتی ئێمه هیچ كێشه‌یه‌ك نییه، چونكه ته‌نیا باس و خواسیان هه‌ر باسی پشكیانه له حكوومه‌تدا و قه‌ت باسی كێشه‌ی خه‌ڵك ناكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌و نێوه‌دا شایانی باس نه‌بێ، له كۆبوونه‌وه و دیدار و لێدوانی جیاجیادا، خه‌ڵك نه‌بۆته بابه‌ت، به‌ڵكو ته‌نیا پشكی حزب بابه‌ته، دوای 23ـی حوزه‌یرانیش جارێكی دی سه‌رۆك بارزانی له په‌یامێكدا وه‌بیر هه‌مووانی هێنایه‌وه، كه ئه‌وله‌ویه‌ت چاككردنی ژیانی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه بێت، له راستیدا ئه‌وله‌ویه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه نییه كام حزب پشكی چه‌ند ده‌بێ و ئه‌وی دیكه چه‌ندی به‌ر ده‌كه‌وێت، به‌ڵكو ئاوڕدانه‌وه‌ی خێرایه له ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك، هه‌ق نییه حزبه‌كان ئه‌وه به خه‌ڵك رابگه‌یه‌نن كه ده‌ستكه‌وت و پشكی ئه‌وان یه‌كسانه به ده‌ستكه‌وتی خه‌ڵك، چیدیكه‌ش خه‌ڵك ئه‌وه‌یان لێ وه‌رناگرێت، كه هه‌ر چه‌ند ساڵێك چه‌ند لایه‌ن و گرووپێك خۆیان بكه‌نه نوێنه‌ری خه‌ڵك و به‌ناوی خه‌ڵكه‌وه ته‌نیا خه‌میان ئه‌وه‌بێ پشكیان له حكوومه‌تدا چه‌نده؛ هه‌ڵوێستی هه‌ندێ حزب به ده‌ستكه‌وته‌وه گرێدراوه، ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ی ده‌یانه‌وێ وه‌ده‌ستی بێنن، كه ده‌ستیان‌كه‌وت ده‌نگیان نامێنێ، پارتی رۆژانی به‌ر له پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، له هه‌ندێ پشكی خۆی بۆ لایه‌نه‌كانی دی خۆش بوو، كه‌چی ئێستایش هه‌ر داوای پشكی زیاتری لێ ده‌كرێت، كه‌واته ئه‌ی گوتووێژكارانی حزب هه‌ر به‌دوای پشكی حزبه‌وه مه‌بن، ئه‌دی پشكی خه‌ڵكتان وه‌بیره؟




