سیاسه‌تی نه‌وت و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان

كه‌ریم قادر
له‌به‌رئه‌وه‌ی له وڵاتێك گه‌وره بووینه بڕی هه‌ره زۆری داهاته‌كه‌ی له فرۆشتنی نه‌وته، بۆیه هه‌ر بیرمان له‌لای نه‌وته و به سه‌رچاوه‌ی خۆشژیانی ده‌بینین، كه واشه. به بیرمه كه تازه لاو بووین و ده‌ممان له سیاسه‌ت وه‌رده‌دا زۆر به ژیانی هاووڵاتیانی وڵاتانی كه‌نداو سه‌رسام بووین و، له‌لای خۆمانه‌وه ئه‌وێمان وه‌ك به‌هه‌شتێك وێنا ده‌كرد و خه‌ڵكه‌كه‌یشمان به مرۆڤی به‌ختیار ده‌زانی، چونكه تێر و خۆشگوزه‌ران بوون.
گه‌وره و بچووكی كوردستان ده‌زانن وڵاته‌كه‌ی ئێمه به‌و سامانه سرووشتییه ده‌وڵه‌مه‌نده، كه ئێستا له‌لایه‌ن شاره‌زا و پسپۆڕانی ئه‌و بواره مه‌زه‌نده‌ی وا ده‌خرێته ڕوو، مرۆڤ هێنده‌ی نامێنێ له خۆشیان بفڕێ. پێشتر نه خۆمان ده‌سته‌ڵاتمان به‌سه‌ریدا هه‌بوو، نه له داهاته‌كه‌شی سوودمه‌ند بووین، به‌پێچه‌وانه‌وه زه‌ره‌رێكی زۆرمان له بوونه‌كه‌شی كردبوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی له هه‌ر شوێنێك دڵۆپێك نه‌وت بدۆزرایه‌ته‌وه، ئه‌م شوێنه له خه‌ڵكه ره‌سه‌نه‌كه‌ی چۆڵ ده‌كرا و خه‌ڵكی عه‌ره‌ب ده‌هێنرانه ده‌وروبه‌ری ناوچه‌كه، هه‌روه‌ها به داهاته‌كه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ده‌كڕدرا و خاكی كوردستانی پێ كاول ده‌كرا، ته‌نانه‌ت وه‌ك پێشاندانی ناڕه‌زایی له‌نێو گه‌نجانی كورد ئه‌م گوزارشته ئایرۆنیكه "نه‌وتی عێراق بۆ عه‌ره‌ب، به‌ڕووی كوردیش بۆ كورد" باو بوو. ئه‌مانه له‌باره‌ی بایه‌خ و كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م سامانه قسه‌ی نوێ نین، هه‌موو كورد، ئه‌گه‌ر لێكدانه‌وه‌ی دروستی بۆ بكه‌ن ده‌یزانن.
دوای نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق و پێداگیریی سه‌رۆك بارزانی له‌سه‌ر چه‌ند مادده‌یه‌ك بۆ پێدانی تایبه‌تمه‌ندی به هه‌رێمی كوردستان، كه یه‌كێك له‌وانه مه‌سه‌له‌ی دۆزینه‌وه و ده‌رهێنانی نه‌وت بوو، ده‌رفه‌تێك هاته پێش ببینه‌وه به خاوه‌نی نه‌وتی خۆمان. به سوودوه‌رگرتن له‌و مادده و بڕگانه‌ی ده‌ستوور، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانه‌وه بۆ بوون به خاوه‌نی ئه‌م سامانه له چوارچێوه‌ی مۆركردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی جیهان هه‌نگاوی باشی ناوه و توانرا كوردستان بخرێته سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهانی، كه ئه‌مه كاریگه‌ری به‌سه‌ر بارودۆخی سیاسییشه‌وه ده‌بێت، چونكه خه‌ڵك بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تۆیش ده‌كات. ئێستایش له هه‌موو ئاسته‌كاندا زۆر به زه‌قی هه‌ست به‌م كاریگه‌رییه ده‌كه‌ین و كه‌موزۆرێك به‌سه‌ر بژێوی هاووڵاتیانیشه‌وه دیاره.
به‌ڵام خه‌ریكه، هه‌ندێ له حزبه سیاسییه‌كان له روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی حزبییه‌وه ئه‌و پرسه‌ش به ده‌ردی چیرۆكی "نه‌دی و بدییه‌كه ده‌به‌ن". هه‌یانه له‌م پرسه‌دا هه‌ر بۆ تانه‌دان قسه‌ی سه‌رزار و بنزاری شه‌فافیه‌ته، هه‌یانه ده‌ست نه‌ماوه ماچی نه‌كات بۆئه‌وه‌ی ئاسته‌نگ بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه دروست بكات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و حزبانه پێشتر به ناوی خه‌باتكردن بۆ ئازادیی گه‌لی كورد و به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خۆشگوزه‌ران چه‌ندین رۆڵه‌ی ئه‌م وڵاته‌یان به كوشت داوه، به‌ڵام كه ئێستا پرۆسه‌كه راسته‌ڕێ بووه و بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی داهاتی كوردستان و هۆكارێكی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پیلانی "برسیكردنی خه‌ڵكی كوردستان"، هه‌ر رۆژه په‌ڵپێك ده‌گرن بێئه‌وه‌ی هیچ سوودێكی كوردستانی تێدا بێت، ته‌نها ئه‌وه‌یه ئاش له ئاوی "سیاسه‌تی به برسیكردنی كوردستان" ده‌كه‌ن، كه هه‌موومان ده‌زانین كێی له پشت بوو و، به چ نیازێك به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕا و، به چ پاساوێك تا ئێستایش به ته‌واوی ناگات.
بۆیێ هه‌ر پاشه‌كشه‌كردنێك یا ئاسته‌نگ دروستكردنێك بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه "فرۆشتنی راسته‌وخۆی نه‌وت" پێی بزانن یا نا به مانای هه‌وڵدان بۆ به پاشكۆكردنه‌وه‌ی كوردستان بۆ سیاسه‌ته‌كانی به‌غدا دێت، كه هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی به‌عسی سه‌ددامیدا نییه؛ بۆیێ پێویسته ئه‌و حزبانه ئه‌و راستییه بزانن، نه سه‌ركردایه‌تیی سیاسی كوردستان نه هاووڵاتیانی كوردستان له‌ژێر هیچ پاساوێكدا ده‌ستبه‌رداری ئه‌و مافه سرووشتییه نابن، ئێستایش له‌لایه‌ن زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵكی كوردستان گوزارشته ئایرۆنیكیه‌كه گۆڕاوه و بووه به "نه‌وتی خۆمان بۆ خۆمان، له‌بری كاولكردن، وڵاتی پێ ئاوا ده‌كه‌ین."




