پرۆژه‌یاسایه‌كی شه‌ڕانگێز

ئازا حه‌سیب قه‌ره‌داخی
نووسینگه‌ی راوێژكاریی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه نوێنه‌رایه‌تیی فراكسیۆنی گۆڕان ده‌كات، پرۆژه‌یاسایه‌كی ئاماده كردووه بۆ هه‌شته‌مین هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره (1)ی ساڵی 1992، فراكسیۆنه‌كانی یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوویش موباره‌كه‌یان كردووه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یاسایه ده‌ستی بردووه بۆ سیستمی كۆتا، له‌لایه‌ن حزب و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ناوه‌نده جۆراوجۆره‌كانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزاكانی كوردستانه‌وه به توندی به‌رپه‌چ درایه‌وه. كاك نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان و گوته‌بێژی پارتی‌یش ئه‌و هه‌وڵه‌یان ره‌ت كرده‌وه و رایانگه‌یاند، سیستمی كۆتا به‌رجه‌سته‌كردنی به‌شداری و مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستانه و، به هیچ پاساوێ نابێ نه ده‌ستی بۆ ببرێ نه رێژه‌كه‌ی كه‌م بكرێته‌وه.
• مه‌ترسیی ئه‌و پرۆژه‌یاسایه ته‌نیا له‌وه‌دا نییه كه ده‌ستی بۆ ئه‌م بواره گرینگ و هه‌ستیاره بردووه، به‌ڵكو له‌وه‌یش زیاتر ده‌ستی بۆ كۆی ژیانی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان بردووه و ده‌رگا له‌سه‌ر زوڵمكردن له حزبه‌كانی دیكه‌ی تێكۆشه‌ری كوردستان ده‌كاته‌وه، تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه له گه‌یشتنه په‌رله‌مان و به‌شداریكردن له ره‌سمی سیاسیی ئه‌م وڵاته‌دا بێبه‌شیان ده‌كات.
ساڵی 1991 كه به‌ره‌ی كوردستانی كاروبار و یاسا و رێكاره‌كانی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئاماده كرد، رێژه‌ی 7%ی وه‌كوو رێژه‌ی هه‌ره كه‌م دانا بۆ گه‌یشتن به په‌رله‌مان و، ئه‌گه‌ر هه‌ر حزبێك له‌و رێژه‌یه‌ی كه‌متری بهێنایه هیچ كاندیدێكی نه‌ده‌گه‌یشته په‌رله‌مان و ده‌نگه به‌ده‌ستهاتووه‌كانی دابه‌ش ده‌بووه‌وه به‌سه‌ر قه‌واره سه‌ركه‌وتووه‌كاندا. ئه‌وسا ئه‌م بابه‌ته مشتومڕی زۆری لێكه‌وته‌وه و حزبگه‌لێك كه خه‌باتی زۆر و قوربانی زۆر و زه‌وه‌ندییان له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستاندا دابوو، ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی. خه‌ڵكی كوردستانیش پشتیوانیی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌یان كرد. ئه‌وسا ئه‌و تێڕوانینه سه‌ركه‌وت كه ناكرێ پاشی ئه‌و هه‌موو خه‌بات و قوربانی و ماندووبوونه بۆ یه‌كه‌م به‌رهه‌می تێكۆشان كه دێته دی و یه‌كه‌م په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێرین، به ژماره و رێژه مامه‌ڵه بكه‌ین و پێوه‌رمان نیشتمانپه‌روه‌ریی و پادداشتدانه‌وه‌ی خوێنی شه‌هیدان نه‌بێ. ده‌ره‌نجام رێژه‌كه لابرا و تا هه‌نووكه ئه‌و پێوه‌ره نیشتمانییه پێوه‌ری گه‌یشتنه بۆ په‌رله‌مان كه به یاسا رێكخراوه و نرخی كورسییه‌كی په‌رله‌مان به‌پێی ژماره‌ی ده‌نگده‌ران وه‌كوو دابه‌شی هه‌ڵبژاردن دیاری كراوه و له هه‌ر خولێكی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا به‌پێی ژماره‌ی ده‌نگده‌ران ده‌گۆڕێ.
چوار فراكسیۆنه ناوبراوه‌كه له پرۆژه‌یاسای هه‌مواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌یاندا رێژه‌كه‌یان هێناوه‌ته‌وه گۆڕێ و له مادده‌ی نۆیه‌م (3)دا ده‌ڵێن: هه‌ر قه‌واره‌یه‌ك نه‌یتوانی (5%) یان زیاتری ده‌نگی ده‌نگده‌ران بهێنێ، نوێنه‌ری ناچێته په‌رله‌مان و ده‌نگه به‌ده‌ستهاتووه‌كانی دابه‌ش ده‌كرێته‌وه به‌سه‌ر قه‌واره براوه‌كاندا هه‌ر یه‌كه به رێژه‌ی بردنه‌وه‌یان.
به‌م هه‌مواره رێژه‌یه‌كی ته‌عجیزی بۆ حزبی غه‌یری خۆیان داده‌نێن. ئه‌وان كه خۆیان سوودمه‌ندن له یاسایه‌ك به‌بێ رێژه رێگای بۆ خۆشكردوون بگه‌نه په‌رله‌مان، دێن و رێژه بۆ حزبی شیوعیی كوردستان و حزبی سۆسیالیست و زه‌حمه‌تكێشان و چه‌ندینی دیكه داده‌نێن تا نه‌گه‌نه په‌رله‌مان. له كاتێكدا هه‌ریه‌كێك له‌و حزبانه رۆڵی سیاسی و به‌شدارییان له خه‌باتی رزگاریی نیشتمانیدا زۆر و گرینگه و گه‌له‌كه‌شمان كه هێشتا قۆناغی رزگاریی ته‌واو نه‌كردووه پێویستی به به‌شداریی هه‌موویانه.
هه‌ر له‌و پرۆژه‌یاسایه‌ی هه‌مواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردندا، ئه‌و چوار فراكسیۆنه كه كۆسپ بۆ نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كان داده‌نێن و كۆتا كه‌م ده‌كه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها رێ له قه‌واره و حزبی دیكه‌یش ده‌گرن بگه‌نه په‌رله‌مان. كه‌واته له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌م چواره ده‌یانه‌وێ ژیانی سیاسی و په‌رله‌مانیی له‌سه‌ر خۆیان تاپۆ بكه‌ن.
• له هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردن، یاسای ژماره (47)ی ساڵی 2004، هه‌رێمی كوردستان به یه‌ك ناوچه‌ی هه‌ڵبژاردن دانراوه. كه به هۆیه‌وه ده‌نگی ده‌نگده‌رانی حزب و قه‌واره‌كان له هیچ جێ و ناوه‌ندێكی ده‌نگداندا نافه‌وتێ و ده‌چێته سه‌ر كۆی ده‌نگه‌كانی ئه‌و حزب و قه‌وارانه. ئه‌مه‌یش ده‌ستكه‌وتێكی یاسایی و كۆكه‌ره‌وه‌یه‌كی ده‌نگی ده‌نگده‌رانه و له فه‌وتان ده‌یانپارێزێ و هه‌رێمیش وه‌كوو یه‌ك هه‌رێمی ته‌واو ده‌كاته گۆڕه‌پانی ده‌نگدان. كه‌چی ئه‌م چوار فراكسیۆنه كه گیانی ناوچه‌گه‌رێتی تێیاندا ره‌گوڕیشه‌ی هه‌یه له مادده‌ی پێنجه‌می پرۆژه‌یاساكه‌ی ئێستایاندا هه‌ر پارێزگایه‌كی هه‌رێمی كوردستان به بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن داده‌نێن.
له‌وانه‌یه یاساناسه بلیمه‌ته‌كانیان وایان بۆ هۆنیبێتنه‌وه كه به‌م هه‌مواره ده‌توانن له سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وییاندا ده‌نگی هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ی رێژه‌ی 5% تێناپه‌ڕێنن بۆ خۆیان بچننه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌نگه‌كانی پارتی له سلێمانی و گه‌رمیان ده‌فه‌وتێنن و به‌سه‌ر خۆیاندا دابه‌شی ده‌كه‌ن.
ئه‌م هه‌وڵه ده‌كرێ به‌وه لێكبدرێته‌وه كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ له رێی یاساوه ململانێیه‌كی سیاسیی درێژخایه‌ن و كۆنه‌قین له‌گه‌ڵ پارتی و ئه‌حزابی دیكه‌ی كوردستانی و شه‌ڕێكی ئایینی سواغدراو به یاسا له‌گه‌ڵ ئایین و ئایینزاكانی دیكه‌ی كوردستاندا، یه‌كلا بكه‌نه‌وه.
• له پرۆژه‌یاساكه‌یاندا له مادده‌ی نۆیه‌م (8)دا ده‌ڵێن: كورسییه‌كانی په‌رله‌مان كورسیی قه‌واره‌كانن نه‌ك ئه‌ندامه‌كان، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێك له حزبه‌كه‌ی جیا بووه‌وه و ئینتیمای خۆی گۆڕی یان هه‌ڵوێستێكی ناكۆكی له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌یدا هه‌بوو، ئه‌وا كورسییه‌كه‌ی لێ ده‌سێنرێته‌وه و حزبه‌كه‌ی یه‌كێكی دیكه‌ی له جێ داده‌نێ.
ئه‌مه یاسا نییه.. ئه‌مه به‌رنامه‌یه بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه له هه‌ر ئه‌ندامێكیان كه له قسه‌ی حزبه‌كه‌یان ده‌رده‌چێ یان ئینتیمای خۆی ده‌گۆڕێ یان واز ده‌هێنێ و بێلایه‌ن ده‌مێنێته‌وه. ئه‌مه له كاتێكدایه كه خۆیان ئیدیعا ده‌كه‌ن و زۆریش موزایه‌ده‌ی پێوه ده‌كه‌ن كه هه‌ڵگری په‌رچه‌می ئازادیی بیروڕا و هه‌ڵوێست و ئینتیمان.
ئه‌مه یاسا نییه.. ئه‌مه كاردانه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر به ئه‌زموونی تاڵ و بێسه‌روبه‌ریی خۆیان. ئه‌وان چونكه له بنه‌ڕه‌ته‌وه حزبی ئینشیقاقین و خه‌ڵكێك ده‌هێننه په‌رله‌مان دوایی لێیان جیا ده‌بێته‌وه و كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مانیشیان لێ ده‌گرێ، به‌مجۆره ده‌یانه‌وێ كورسییه‌كانیان له مونشه‌قه‌كان بسێننه‌وه.
ئه‌م فراكسیۆنانه گاڵته‌یان به په‌رله‌مانتارانی دیكه ده‌كرد و پێیان ده‌گوتن كۆیله‌ی حزبه‌كانیانن، كه‌چی به‌م هه‌مواره كۆیلایه‌تیی ئه‌ندام په‌رله‌مان بۆ حزب ده‌خه‌نه قاڵبی یاساوه.
له‌لایه‌ك ده‌ڵێن ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانمان نوێنه‌ری خه‌ڵكن، لێره‌شدا كورسییه‌كه‌یان لێ ده‌سێننه‌وه بێ ئه‌وه‌ی پرس به‌و خه‌ڵكه بكه‌ن كه ده‌نگیان داونه‌تێ!!
• رێكخراوه‌كانی لاوان و گه‌نجان و چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان زۆریان خه‌بات كرد بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی دیاریكراو بۆ كاندیدانی په‌رله‌مان كه‌م بكه‌نه‌وه، تا ده‌رفه‌تی گه‌یشتنی گه‌نجان بۆ په‌رله‌مان زیاتر بڕه‌خسێ. به‌رهه‌می ئه‌و خه‌باته‌یان له هه‌مواری چواره‌می یاسای هه‌ڵبژاردن، له یاسای ژماره (2)ی ساڵی 2009 دا چنییه‌وه و ته‌مه‌ن به 25 ساڵ دیاری كرا. ئێستا ئه‌م چوار فراكسیۆنه‌ی زۆریان لاف و گه‌زاف به گه‌نجانه‌وه لێدا له مادده‌ی هه‌شته‌می پرۆژه‌یاساكه‌یاندا ته‌مه‌نه‌كه‌یان به‌رز كردووه‌ته‌وه بۆ 30 ساڵ!!
هه‌موو ئه‌م به‌ڵگانه ده‌یسه‌لمێنن ئه‌مه‌ی فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان و یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو ئاماده‌یان كردووه، پرۆژه‌یاسایه‌كی شه‌ڕانگێزه.. دژی كۆتای نه‌ته‌وه‌كانه.. دژی حزبه‌كانی كوردستانه.. دژی لاوانه.. دژی یه‌كپارچه‌یی كوردستانه.




