ماركێتی دژەپارتیبوون

زكری مووسا
دژەپارتیبوون ڕەوتێكی سیاسی و سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتییە وەك ڕكابەرێك یان هاوبەشێكی سیاسی سەیری پارتی ناكات، بەڵكو خەون بە سڕینەوە و نەهێشتنی دەبینێت و بۆ ئەم مەبەستە بە دەیان شێوە خۆی تاقی كردووەتەوە. بەشێكی زۆری وزەی هەڵگیرسێنەری شەڕی ناوخۆیش لە ئایدیای دژەپارتیبوونەوە سەرچاوەی دەگرت. لە كۆتایی نەوەدەكان بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی ددانیان بەوە نا كە دەیانەویست لە ڕێی چەكەوە كۆتایی بە پارتی بهێنن، بەڵام لەوەدا سەرنەكەوتن. ڕێككەوتنی ستراتیژی و ڕووخانی بەعس و تێكەڵكردنەوەی ئیدارەكان بۆ ماوەیەك هەناسەی دژەپارتیبوونی لە پڕۆسەی سیاسی دوور كردەوە و، تەنیا لە سایتە كوردییەكانی ئەورووپا دەدیترا.
زۆری پێنەچوو ئەم ڕەوتە گەڕایەوە، ئەم جارەیان بە چەكی ڕاگەیاندن و بە لەتبوونی یەكێتی گیانێكی تازەی وەرگرت. نەوشیروان مستەفا سەركێشیی قۆناغە نوێیەكەی ئەنتی پارتیبوونی دەكرد. ئەو هەوڵیدا لانی كەم بەشێكی زۆری ڕای گشتیی سلێمانی و گەرمیان پەلكێشی دنیای دژەپارتیبوون بكات. ئەو هەوڵە هانی حزبەكانی دیكەیشی دا بۆ كۆكردنەوەی جەماوەر بكەونە كێبڕكێی لەنێو ماركێتی دژەپارتیبوون.
ئێستا دژەپارتیبوون وەك مۆدێڵێك و وەك بەهایەكی درۆیین لە سەردەمی زێڕینی خۆیدا دەژیێت. ڕاگەیاندنەكانی دەڤەری سلێمانی ماندوونەناسانە و شەو ڕۆژ كار لەسەر ناشرینكردنی پارتی دەكەن. تەنانەت لە زەینی منداڵ و هەرزەكارانیشدا وێنەیەكی نادروستی وایان دروست كردووە كە پارتیبوون بە مەترسی بزانرێت. بەشێكی خەڵكی ئەم دەڤەرە بێ ئەوەی بزانن هۆكارەكەی چییە دژی پارتین. پرسیاریش لەوە ناكەن هۆكاری مەینەتی و ناعەدالەتی لە زۆنی سەوز و نیلی كێیە؟ خۆ كارنامەی سیاسیی هیچ لەو حزبانەی ئەو دەڤەرە لە پارتی باشتر نییە. ئەو قۆرخكاری و ناعەدالەتییەی لەوێ دەبیندرێت لە هیچ شوێنێكی دیكەی كوردستان نابینرێت.
ئێستا چیی ڕوویداوە؟
چوار حزبەكە ئەهریمەنێكیان لە زەینی جەماوەر و هەوادارەكانیان دروست كردووە كە ناوی پارتییە. بەپێی وێنەكەی ئەوان ئەوەی لە پارتی نزیك ببێتەوە یان تەنانەت لەگەڵی كۆببێتەوە یانیش سازانی لەگەڵ بكات، ئەوە جەماوەرەكەی لە دەست دەدات. بینیمان ڕێكخەری گشتیی گۆڕان كە چەند جارێك سەردانی پیرمامی دەكرد چۆن لە لایەن هەوادارنی سەرزەنشت دەكرا.
ئێستا چوار حزبەكە كەتوونەتە ناو داوێك كە خۆیان دایان ناوەتەوە. كەسیان ناتوانن لە ترسی جەماوەرەكەیان لە پارتی نزیك بنەوە و لەهەمانكاتدا پێویستیشیان بە پارتییە. بیر لەوە دەكەنەوە كە لەپێناو بەرژەوەندیی وڵات كێ گوێ لە پارتی بگرێت بەڵام بە مەرجێك كەمترین تێچوونی هەبێت و بە ناپاكیش لە قەڵەم نەدرێت. ئێستا پڕۆسەی سیاسی گەیشتووەتە بنبەست، چوار حزبەكە ناتوانن بە بێ پارتی دارێك لەسەر بەرد بنێن و لەگەڵ پارتییش بسازێن، ئەوا شەرمەزاری جەماوەرەكەیان دەبن. ئەندازیاری سەرەكیی ڕووداوەكەی 23ـی حوزەیران وای زانی ئیتر هەموو شتێك كۆتایی هات و دەبێ تەقەی خۆشی بۆ سەركەوتنی ڕەوتی ئانتی پارتی بكەن بەڵام تەخمینی ئەوەی نەكردبوو كە ڕەنگە ئەوە سەرەتایەك بێت بۆ شكستێكی دیكەی ڕەوتی دژەپارتی. ئێستا چوارحزبەكە پەنجەی پەشیمانیی ئەم ڕووداوە دەگەزن بەڵام ناشتوانن لێی پاشگەز ببنەوە. پاشەكشە بكەن دەدۆڕێن و پێداگیرییش بكەن هەر سەرناكەون.
ئایدیای دژەپارتیبوون مەترسییە بۆسەر ئاشتیی كۆمەڵایەتی، چونكە لەسەر بنەمای ئینكار هەڵچنراوە و بڕوای بە پێكەوەهەڵكردن نییە. ئەگەر بێتو پارتییش هەوادارانی بە نەفەسی هاوشێوە گۆش بكات لە دژی نەیارانی ئەنجامەكەی كارەساتبار دەبێت. ڕۆحی دژەپارتی ناتوانێ دیموكراتی بێت و هەڵگری هیچ چارەسەرێكیش نییە بۆ كێشەكان و بگرە لە هەوڵی ئەوە دایە وێنەكان بشێوێنێت. دژەپارتیبوون ناتوانێ وەڵامی پرسیارە حەقیقییەكانی كۆمەڵگە بداتەوە. ناتوانێ وەڵامی هەبێت بۆ ئەو بێسەروبەری و نادادپەروەرییەی لە دەڤەری سەوزدا هەیە. هۆكاری كۆچی گەنجەكان یاسای 30 حوزەیران نییە، هۆكارەكەی ئەوە نییە دۆسیەی نەوت و عیلاقاتی دەرەوە پارتی بەڕێوەی دەبات. بۆ ئەوەی دەڤەری سەوز لە قووڵایی گرفتەكان بگات پێویستە دژەپارتیبوون بە خۆیدا بچێتەوە و چیتر خۆی و هەوادارەكانیشی هەڵنەخەڵەتێنێت.
دژەپارتیبوون ناتوانێ خەڵك ڕزگار بكات، ڕزگاریی و بەختەوەریی گەل لە یەكگرتوویی و تەبایی و پێكەوەییدایە. ناوچەگەرایی و شارچێتی و دروستكردنی درزی كۆمەڵایەتی و كولتووری كە ڕەوتی دژەپارتیبوون لەسەری دەژیێت، دادی ئەم وڵاتە نادات. دژەپارتیبوون هەمان دووبارەكردنەوەی ئەو هەڵە مێژوویانەن كە میرنشینەكان تۆماریان كردووە و ڕێگر بوونە لەوەی گەلی كوردستان ببێتە هێزێكی تۆكمەی ناوچەكە.




