٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەوڵەتی قانوون هۆكاری دژایەتی كردنی سەرۆك بارزانی ئاشكرا كرد

سەرچاوە: KDP.info

كەریم قادر


یاسین مەجید سەركردە لە دەوڵەتی قانوون لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هۆكاری دژایەتی كردنی سەرۆك بارزانی ئاشكرا كرد و گوتی: سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان تێدەكۆشێ.


هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لە كەس شاراوە نین، دۆست و دوژمنان ئەو راستییە دەزانن، ئەو لە پێناو باڵاكردنی دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی هەموو قوربانییەكە، مساوەمەكردن لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و مافە نەتەوەییەكانی كورد لە كاروكرداریدا جێگەی نییە و نابێتەوە. هاوكات رێگە نادات دیكتاتۆریەت بگەڕێتەوە عێراق.


ئەم هەڵوێستانە شوێنهەڵگرانی دیكتاتۆریان قەڵس و نیگەران كردووە، چونكە بە حوكمی ئەو رۆڵەی سەرۆك بارزانی لە هاوكێشەی عێراق و ناوچەكە هەیەتی بە كۆسپە گەورەكەی خۆیانی دەزانن بۆ كۆنترۆڵكردنی عێراق و گەمەكردن بە داهات و سامانەكەیەوە. ئەوەتە یاسین مەجید لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەی دوێنێ یەكشەممە لە تەلاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵدا كردی پەردەی لەسەر كرۆك و هۆكارەكانی دژایەتی كردنی لیستەكەی بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی بەرامبەر سەرۆك بارزانی بە تەواوی لادا، بەوەی سەرۆك بارزانی بۆ بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان لەسەر حسابی بەغدا تێدەكۆشێ و گوتی: بارزانی مەترسییەكی راستەقینەیە لەسەر ئابووری و ئەمنی قەومی عێراق و دەیەوێ هەولێر لەسەر حسابی بەغدا رۆڵی سیاسی هەبێت و لەشكری كوردستان ئاڵتەرناتیڤی سوپای عێراق بێت و كوردستان لە بەغدا بە هێزتر بێت.


ئەمانە كرۆكی دژایەتی كردنەكانی ئەو لیستەیە بۆ سەرۆك بارزانی، بۆیە هیچ كۆمێنتێك نادەم و بۆ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست جێدەهێڵم، لەبەر ئەوەی پێموا نییە كوردێك هەبێ نەزانی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر چین.


بە دیوێكی دیكە بۆ من ئاشكراكردنی هۆكاری دژایەتی كردنی دەوڵەتی قانوون بەرامبەر سەرۆك بارزانی لە لایەن سەركردەیەكی ناو بازنە بچوكەكەی مالیكی زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی دەخوازێ سەرجەم پارتەكانی كوردستان بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە و هەڵوێست لەو دژایەتی كردنە وەربگرن، بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان وەپێش هەموو بەرژەوەندییەكی دیكە بخەن، چونكە كوردستان ئەمانەتێكە لەسەر شانی هەمووان.


هاوزەمان وادەكات رۆژنامە ئەهلییەكانی كوردستانیش بە خۆدابچنەوە، نەمازە ماوەیەكە لەسەر كێشە و تەنگژەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ رووی رەخنەكانیان بە تەنێ روو لە سەرۆك بارزانییە، هەر لە ختوخۆڕایی خۆیان كردبوو بە لاگیری سیاسەتەكانی مالیكی!بەڵام ئەوەتە یاسین مەجید لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا بە ئاشكراكردنی هۆكاری دژایەتی كردنەكانیان رێگەكەی بۆ هەمووان كورت كردەوە. بۆیە ئەو پرسیارانە دێنە پێش، كە دەمێكە ئاشكرامان كردوون بەغدا نایەوێ هەرێمی كوردستان پێش بكەوێ و مافە دەستووریەكانی پراكتیزە بكات.ئایا كەسێك هەیە لە كوردستان نەیەوێ هەرێمەكەی پێش بكەوێ، بێئەوەی چاوی لە مەرحەمەتی بەغدا بێت، كە هەموومان دەزانین چ مەرحەمەتێكن و هێشتا بۆنی كیمیاوی لە كونە كەپومان دێت؟ ئایا كەسێك لە كوردستان هەیە نەیەوێ كوردستان خاوەن هێزێكی رێكوپێكی راهێنراوی پڕ چەك بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەرەشە بەردەوامەكانی ئەم و ئەو؟ كەواتە دژایەتی كردنی دەوڵەتی قانوون بۆ تەواوی هاووڵاتیانی كوردستانە بە هەموو پارت و پێكهاتەكانییەوە. ئەمەش كرۆكی كێشەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانە، كە لە بەهاری رابردووشدا سەرۆك بارزانی ئاشكرای كرد و لە ژوورە تاریكەكانی مالیكی و دەوڵەتی قانوون هێنایە دەرەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار