٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

چۆن بسازێین؟

سەرچاوە: KDP.info

جەبار قادر
دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر چارەسەركردنی دەرهاویشتەكانی كۆبوونەوەکەی 23ـی حوزەیران هەنگاوێكی ئەرێنییە، چونكە دواجار دەبێت هەموو لایەنەكان بگەڕێنەوە بۆ میكانیزمی گفتوگۆ و یەكترقبووڵكردن، چونكە بەرژوەندی و بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی ئەوە دەخوازێت كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان گفتوگۆ بكەین.
یەكێك لە ئاریشە گرینگەكان ئەوەیە كە هەندێك لایەن قسە لەسەر سازان دەكەن و دەشڵێن دواجار دەبێت لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆوە كێشەكان چارەسەر بكەین، بەڵام لەگەڵ ئەمەدا جەخت لەسەر سووربوونیان لەسەر پرۆژەكەیان دەكەنەوە، پرسیاری هەرە گرینگ ئەوەیە كە جەخت لەسەر جێبەجێكردنی پرۆژەكەت دەكەیتەوە، چۆن دەسازێیت؟ ئەگەر سازان و دانوستان بە مەرجی چەسپاندنی پرۆژەكەتان بێت، كوانێ دەتوانیت بسازێیت؟
بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی و سەقامگیربوونی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا وا دەخوازێت كە بارودۆخەكە هێور ببێتەوە و، گفتوگۆكان بە ئاقارێكی ئەرێنیدا ببەین، ڕێز لە بۆچوونی جیاواز بگرین و بە هەندی وەربگرین. چونكە بنیادی كابینەی هەشتەم و سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەسەر بنەمای تەوافوق و سازان و لێکتێگەیشتن بووە، ئەگەرنا هەموومان ڕوون بوو لامان كە ئیدارەكردنی كابینەیەكی بنكەفراوان قورسە بتوانێت سەركەوتووبێت و، ئامانجەكانی خۆی بپێكێت. بەڵام ئەمە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی وای دەخواست و دەخوازێ كە هەموومان پێكەوە ئەم ئەزموونە لەبارە بپارێزین و لێ نەگەڕێین لەبار بچێت، بۆیە گرینگە میدیا و چاودێران و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەكان بە زمانێك قسە بكەن كە پاراستن و كۆكردنەوەی كۆدەنگیی نیشتمانی بە ئاراستەیەكی بەردەوام بهێڵێتەوە.
گومانی تێدا نییە سەقامگیربوونی پرۆسەی سیاسی و كۆدەنگیی ناوماڵی لایەن و پێكهاتە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، سەقامگیری ئابووری و دەروونی و كۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، ئەم بارودۆخە ئەوە دەخوازێت كە ئیدامە بەپێكەوبوونی ناوماڵی لایەنە سیاسییەكان بدرێت، گفتوگۆكان بە ئامانجی كۆكردنەوەی بۆچوونەكان ڕێزگرتن لە تێروانینە و دیتگاكان بێت، چیتر كار بۆ ناشیرینكردنی دامودەستگا نیشتمانی و كەسایەتییە ڕموزەكانی وڵاتەكەمان نەكەین، گومان درووست نەكەین و ڕێز لە ماندوبوون و شەونخوونیی هێزی پێشمەرگە و دامودەستگە ئەمنییەكانی ئەم هەرێمە بگرین.
دواجار دەبێت لەسەر ئەو پرۆژە یاسایانەی كە ڕەهەندێكی نیشتمانییان هەیە و پەیوەستە بەهەموومان پێویستە بسازێین، بەڵام بەمەرجی جێبەجێكردن و جەختكردنەوە لەسەر ئەجێندای هیچ لایەنێك نا، بەڵكو دەبێت هەموومان ڕەزامەندبین و ڕێز لە ئیرادەی یەكتر بگرین. كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و دانوساندنەكان بەمەرج، خزمەت بە پرۆسەی سیاسی و نیشتمانی ئەم هەرێمە ناكات، هەمووشمان دەبێت ڕەچاوی بەرژوەندی هاووڵاتی و سەقامگیربوونی پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتی بكەین و، ڕێز لە ئیرادەی كۆی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە جیاجیاكانی ئیتیكی و ئایینی ئەم هەرێمە بگرین.
هاووڵاتیان لە بەردەم كۆمەڵێك قەیرانی ناوخۆییدان، ئەوان پێویستیان بە باشتركردنی ژیان و سەقامگیریی زیاترە، بۆیە گرینگە كێشە ناوخۆییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان و لە ناویشیاندا دەرهاویشتنی كێشەناوخۆیی حزبەكان نەخرێنە ناو ئەم مشتومڕەی ئێستاوە، بۆیەشە پرۆژە یاسای دەستوور و لەناویشیاندا پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم، باشترین بژاردە گفتوگۆی بەردەوامە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسانە، بە تایبەت لەناو ئەو لیژنەیەی كە بۆ ئامادەكردنی دەستووری كوردستاندا دروست بووە، كە بە سازان و دانوستان دەكرێت بەند و خاڵەكانی تێدا یەكلا بكرێتەوە.


 

هەواڵی پەیوەندیدار