٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بارزانی چیی دەوێت؟

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

ئەو كاتەی بارزانی لە لایەن پارلەمانەوە هەڵبژێردرا، نەیارانی، ئەم بابەتەیان بە كوده‌تایەك لە دژی دیموكراسی لەقەڵەمدا. چۆن سەرۆكی وڵات بە سەفەقەی چەند حزبێكی نێو پارلەمان هەڵدەبژێردرێت؟
بارزانی لە ڕێی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆوه‌ دەنگی حەفتا لەسەدی بە دەست هێنا و ماوەبۆدرێژكراو نەبوو، كەچی نەیارانی ناڕەزایەتیی خەڵكیان لە حەڤدەی شوبات لە بوونی ناعەدالەتی قۆزتەوە و سواری مەوجەكە بوون و بۆ دەستكەوتی سیاسی، ئەم ناڕەزاتییەیان لە ناوەڕۆك بەتاڵ كرد. هەڵوێستی سەرۆك لەبەرانبەر ئەم ناڕەزایەتییە زۆر دیموكراسیانە بوو. سەرۆك پێشنیازی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد، ئەو بابەتە لە لایەن نەیارانی ڕەت كرایەوە، چونكە ترسیان لە هەڵبژاردن هەبوو. ئەوان حەزیان لە شۆڕش بوو. ئاخر تەپوتۆزی بەهاری عەرەبی مەستی كردبوون.
نەیاربوون هەر بەردەوام بوو، كاتێك بارزانی بە دەنگی یەكێتی و پارتی و توركمان و مەسیحییەكان لە پارلەمان هەڵبژێردرایەوە، نەیارانی ئەوەیان بە كودەتا لە دژی دیموكراسیهەژمار كرد. هەڵوێستی بارزانی و حزبەكەی لەبەرانبەر ئەو مەوجە كرانەوەی زیاتر بە ڕووی نەیاران بوو. پارتی لە زۆر لە ئیستحقاقاتی خۆی لە هەڵبژاردن خۆش بوو. حكوومەتێكی بنكەفراوانی پێك‌هێنا.
نەیارانی بارزانی ئەوە باشتر لە هەموو كەسێك دەزانن كە بارزانی لە زۆر لە وێستگەكاندا تەنانەت پارێزەری ئەوان بووە و پشتیان پێی بەستووە. ئەوە قسەی حزبە ئیسلامییەكانە كە زۆرجار گوتوویانە بارزانی نەبێ یەكێتی لە سلێمانی دەمانخوا. بزووتنەوەی گۆڕانیش لە زۆر مەحفەلدا ئەوەیان باس كردووە كە، پارتی و بارزانی ئەوان لە سەركێشی و عەسكەرتاریەتی هەندێ بەرپرسی یەكێتی دەپارێزێت.
ئەو كاتەی بزووتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی جیابووەوە، ئەوە بارزانی بوو نەیهێشت یەكێتی پشتی به‌ ئەرز بكەوێ، بۆ ئەوەی میراتگرانی لەگەڵ یەكتر هەڵبكەن. بەهاناوه‌چوونی بارزانی بۆ حزبەكان لە یەك شتی ئەساسییەوە دێت و ئه‌وه‌یه‌ كه‌، بارزانی نایەوێت سەقامگیریی كوردستان تێك بچێت. ئەوە ئەولەویەتی سەرەكیی بارزانی بووە كە حزبەكان تەفاهومیان لەگەڵ یەكتر هەبێت. بەڵام ئەو تەفاهومە بۆچی و لەپێناو چی؟ بارزانی دەیەوێت ئەو تەفاهوم و یەكڕیزییە بەردەوام بێت، ئەویش لەپێناو خزمەتكردنی پڕۆژەیەكی گەورەتر ئەویش سەربەخۆییە.
ئەوەی ئێستا لە دژی بارزانی دەیكەن ئەوپەڕی بێئینسافییانە. هەموویان دەزانن بارزانی لەم شەڕەدا چیی بۆ كورد و كوردستان و ڕۆژئاوا و كۆبانێ كرد.... كەچی نەیارانی جگە لە قسەی بەتاڵ هیچیان بۆ ئێزدی و كۆبانێ لە هەگبەدا نەبوو. نەیارانی دەزانن سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەڕدا تەنیا شكستدانی داعش نییە، بەڵكو دیاریكردنی سنوورەكان و خاكە كە دەیان ساڵە عه‌ره‌بێندراوه‌ و زەوت كراوە.
بارزانی چیی دەوێت؟ ئایا بە ڕاستی دەیەوێ ئەم وڵاتە بكەوێتە داوی دیكتاتۆرییه‌وه‌؟ ئەگەر وایە چۆن ڕازی بوو ڕەشنووسی دەستوور كە بە كۆی دەنگی لایەنەكان و ڕای پەرلەمان پەسەند كرابوو بگەڕێتەوە بۆ پێداچوونەوە؟ ئەگەر ئەو ویستەی هەبێ چۆن ڕێگەی خۆش كرد لیژنەیەكی بیست و یەك كەسی دووبارە بە دەستووردا بچێتەوە؟ خۆ لە دوای هەڵبژاردنی 2013ه‌وه‌ بارزانی و حزبەكەی دەیانتوانی بەبێ گۆڕان و ئیسلامییەكان حكوومەت پێكبهێنێ. خۆشبوون لە ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن و كرانەوە بەسەر گۆڕان و حزبەكانی دیكە بۆچی و لەپێناو چیدا بوو؟
كەسە یەكەمەكانی گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو، لە هەر كەسی دیكە باشتر دەزانن بارزانی چیی دەوێت و بۆ وا دەكات. هه‌ڵبه‌ت بارزانی ویستی لەم قۆناغە هەستیارەدا هەموویان بەیەكەوە بن و لە دەرگەی سەربەخۆیی بدەن. سەركردەكانی چوار حزبەكە بەڵێنی پاڵپشتیكردنی ئەو پڕۆژە نیشتیمانییەیان بۆ سەرۆك دووپات كردەوە. ئەوان دەیانزانی بۆچونی بارزانی بە كورتی ئەوەیە كە كوردستان نە هەرێمە و نە دەوڵەت و ناشبێ ببێتەوە پاشكۆی بەغدا. چیتر نابێ شوێنێكی دیكە و كەسێكی دی بڕیار لەسەر قووت و چارەنووسی گەلی كوردستان بدات. دەبێ چارەنووسی كوردستان لە قۆناغێكی ئینتیقالیی كورتدا یەكلایی ببێتەوە.
بارزانی دەیەوێ ئەو دەستوورەی دەنووسرێت، دەستوورێك بێت بۆ دەوڵەت و بەپێی بەها كارپێكراوەكانی جیهانی ئازاد بنووسرێت. لە تەك ئەوەیشدا شەڕی داعش و جێگیركردنی سنوورەكانی كوردستان و پاراستن و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان، بابەتێكی دیكەی سەرەكییە كە تەواوكاری هەوڵەكانی ترە بۆ بەهێزكردن و دامەزراندنی دەوڵەت. سەرۆكی حزبەكان زۆر بە وردی ئاگاداری ورد و درشتی پلان و داخوازییەكانی سەرۆكن و متمانەی تەواویشیان پێی هەیە و پاڵپشتیی دەكەن. بەڵام لەگەڵ جەماوەر و ڕێكخستنەكانی خۆیان دوور و نزیك باسی ئەم بابەتە جەوهەریانەیان نەكردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار