٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كەمین و سەربەخۆیی

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

قەیرانی سیاسیی كوردستان چەندین پرسی گرینگ و ستراتیژیی لەبیر خەڵك بردەوە. سەربەخۆیی و شەڕی داعش و چاكسازی و بژێویی ژیانی خەڵك ئەو پرسە گرینگانەن لەماوەی چەند حەفتەی ڕابردوو كەمترین قسەی لەبارەیەوە كراوە. خەڵك ئەو ئومێدەی هەبوو لە سایەی سازان و كاری هاوبەشی لایەنەكان و حكوومەتی بنكەفراوان ژیانی باشتر ببێت و دادپەروەری بكەوێتە دۆخێكی گونجاو و بەیەكەوە هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێن.
قەیرانی ئەم دواییە و ڕووداوەكانی پەرلەمانی كوردستان پێشانی دا، كە هێزە سیاسییەكان پتر لە كەمینی یەكترن نەك ئەوەی خەمی پرسە ستراتیژییەكانیان هەبێت. تیمی كوردستانی لە بەغدایش ئەدایەكی باشی نەبووە. ئەوەندەی خەریكی پستەپست و كۆبوونەوە لەگەڵ كەسایەتی و فڕاكسیۆنە عەرەبەكانن كەمتر بیر لەوە دەكەنەوە پابەندی ئەو بەڵێنە بن كە بە دەنگدەرەكانیان داوە. ئەوان ئێستا لە حكوومەتە زەلیلەكەی بەغدا نوێنەری شاییستەی كوردستان نین. پاشماوەكانی مالیكی و شیعەكان لە دروستكردنی درز لەنێو تیمی كوردستانیدا سەركەوتوو بوونە. ئەوە لە كاتێكدایە بە سازان و لەیەكگەییشتن پۆستەكان دابەشكران و زۆربەیان لە بەشی خۆیان زیاتر پشكیان بەركەوت ئەویش تەنیا لەبەر خاتری پاراستنی یەكدەنگیی نوێنەرانی كورد لە بەغدا.
لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو هیچ كاتێك بە قەدەر ئێستا بارودۆخی دەولی و ناوچەیی بۆ یەكلاییبوونەوەی كێشەی كورد و گەییشتن بە سەربەخۆیی لەبار نەبووە. پێشمەرگە زۆر ئازایانە و بە خوێنی خۆی داعشی شكست دا و سەری گەلەكەی بەرزتر كرد. بەشێكی زۆری جیهانی ئازاد هێشتا ئەوەی بۆ هەزم ناكرێت خەڵكی كوردستان كە زۆرینەی موسڵمانی سووننەن چۆن بە خوێنی خۆیان پارێزگاری لە ئایین و پێكهاتەكانی دیكە دەكەن؟ چۆنچۆنی میوانداریی ئاوارە عەرەبەكان دەكەن؟ ئەو عەرەبانەی یەك سەدە كوردیان چەوساندووەتەوە.
پێشمەرگە ئازایە و گەلی كوردستان مرۆڤسالار و حەزی لە ئاشتییە و ئەیەوێ بە سەربەرزی بژیێت و خاوەن چارەنووسی خۆی بێت. جیهان ستاییشمان دەكات و گەلەكەمان بە بەهاكانی خۆی جیهانی سەرسام كرد. ئەدی گرفتە لە كوێدایە؟ گەلێك بەم سیفاتە بەرزە هەبێ، بۆ چی هێزە سیاسییەكانی لە كەمینی یەكترن؟ بۆ چی نوێنەرەكانیان لە بەغدا لەبەرانبەر فاشیلترین حكوومەتی جیهاندا خۆبەبچوكزان و پاشكۆن؟
ئەمانە هەر هەمووی بێ متمانەیی دروست دەكات. بێ متمانەیی نێوان هێزە سیاسییەكان و هەروەها بێ متمانەیی نێوان خەڵك و حزبەكان. لە ئەنجامیشدا ئەوەی زیانی سەرەكیی بەر دەكەوێت خەڵك و دۆزی ڕەوای كوردستانە. كات لە بەرژەوەندیی كوردستان نییە، چەندە حزبەكان شوێنكەوتووی سیاسەتی كەمیندانان لە یەكتری بن و تاكتیكیانە بجووڵێنەوە ئەوەندەیش دەرفەتی گرانبەهای سەربەخۆیی لە كیس دەدەن. لەبری ئەوەی لایەنە سیاسییەكان نەخشە بۆ شكاندن و وەدەرنانی یەكتر دابنێن ئەبێ بۆچوونێكی وازحیان لەبارەی ئاییندەی كوردستان و ستراتیژیی دووربینانەی نیشتیمانی هەبێت. ئێستایشی لەگەڵدا بێت خەڵك نازانێ بە دەقیقی بۆچوونی برادەرانی گۆڕان و یەكێتی و ئیسلامییەكان لەبارەی ئاییندەی كوردستان چییە. ئایا حەز دەكەن لەگەڵ دەوڵەتە فاشیلەكەی عێراقدا بمێننەوە و پاشكۆبوونی كورد بۆ سەد ساڵی دیكەیش درێژ بكەنەوە؟ یان لە گۆڕانكارییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان گەییشتوون و دەیانەوێ یارمەتیی گەلەكەیان بدەن بۆ سەربەخۆیی؟ ڕوونكردنەوەی ئەم خاڵە لە قازانجی ئەواندا دەبێت و پاڵپشتیی جەماوەرییش مسۆگەر دەكەن و پارتییش ناچار دەكەن لەبەرانبەر بۆچوونەكانیان نەرمتر لە جاران بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار