٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەرۆكایەتیی په‌رله‌مان بە شکاندنی یاسا، دیموكراسی لەبار دەباتەوە

سەرچاوە: KDP.info

د. ڤالا فەرید*
چوار پڕۆژە‌یاسای تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، كە لە ڕۆژی 23/6/2015 لە په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كرا، بەزاندنی عورفی په‌رله‌مانی و بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی بوو؛ ناوەڕۆكی پڕۆژەكان، پاشەكشەیەكی مەترسیدارە لە ڕەوتی دیموكراتیک.

وێڕای ئەوەی كە خوێندنەوەی یەكەمی چوار پڕۆژەیاساكەی تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، كە لە ڕۆژی 23/6/2015 لە پەرلەمانی كوردستان کرا، پێشێلكردنی بنەمای سازان بوو، كە سیاسەتی ئێستای هەرێمی لەسەر دامەزراوە.
لە هەمان كاتدا بەزاندنێکی مەترسیداری نەریتی پەرلەمانی بوو، ئەوەی كە لە پەرلەماندا دەگوزەرێت ئەوەیە، كە ئەو دەوڵەت و هەرێمانەی دەستووریان نیە، یاسای دەستووری سروشتییان هەیە، واتە یاسای بنەڕەتیان هەیە، كە سروشتی دەستوریان هەیە و ئەو یاسایانە سیستمی حوكمڕانیی وڵات دیاری دەكەن، بەڵێ ئەم یاسایانە لەلایەن پەرلەمان دەردەچن وەكو هەر یاسایەكی تری ئاسایی، دواجار سیستمی حوكمڕانییان لەسەر دادەنرێت.
پرسیارە ئەوەیە ئاخۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لە وڵاتدا لە ڕێگای هەمواركردنەوەیەكی گشتی ئەو یاسایانە، بە زۆرینەیەکی سادەی دەنگی ئەندامانی په‌رله‌مان كارێكی یاساییە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، ئەو وڵاتانە دەكەینە نموونە، كە دەستوریان نییە بەڵام یاسای بنەڕەتییان هەیە وەكو  ئینگلتەرا و ئیسرائیل، ئینگلتەرا ئەو وڵاتەی كە پێشەنگی سیستمی په‌رله‌مانییە، تەنانەت تاکە ئەندام‌په‌رله‌مانێکیش بۆی هەیە پڕۆژەیاسا پێشكەش بە په‌رله‌مان بكات، بەڵام ئاخۆ تا ئێستا ئەندام‌پەرلەمان لەو وڵاتەدا هەڵساوە پڕۆژەیاسای گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی پێشکەش بکات!؟
ئایا سەرۆكایەتی په‌رله‌مانی ئەو وڵاتە بە زۆرینەی سادە سیستمی حوكمڕانی لە وڵاتەكەیدا دەگۆڕێت؟
لە وەڵامدا دەڵێین ئەم كارە پێچەوانەی عەرفی پەرلەمانییە، بۆیە هەرگیز ئەو وڵاتە دیموكراتخوازە پەنای بۆ نابات، چونكە ناسەقامگیری سیاسی لێدەكەوێتەوە، بە جۆرێك كەهەر چوار ساڵ جارێك كە حزبێك دەبێت بە زۆرینە، سیستمی حوكمڕانی بەو شێوەیە دەگۆڕێت كە خۆی مەبەستیەتی!
دەگەڕێینەوە په‌رله‌مانی كوردستان و شیكارییەك بۆ پڕۆژە‌یاساكان دەكەین، كە تایبەتن بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، هەموارەكان هەمواری ئاسایی نین، بەڵكو جەوهەرین، بە جۆرێك كە گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیان مەبەستە!
گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لە وڵاتدا، بە خوێندنەوەی هزری هەر چوار لایەنەكە بە زۆرینەی سادە تێدەپەرێندرێت، لە په‌رله‌مانی كوردستان گرێدانی دانیشتن بە50+1 ئەندامانە، واتە 56 ئەندام، دواجار پەسەندكردنی یاساكان بە زۆرینەی سادەی ئەو ڕیژەیەیە كە 29 ئەندامە، واتە گۆڕینی سیستمی حوكمرانی بەدەنگدانی 29 ئەندام بەپەسەندكراو دادەنرێت، ئەمە لە كام په‌رله‌ماندا ڕەوایە؟!
جگە لەوەی كە خەرقێكی مەترسیداری نەریتی په‌رله‌مانییە و ناسەقامگیرییەکی سیاسی بە دوای خۆیدا دێنێت، ئەو كارەی كە ئەنجامدرا پێچەوانەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵە كە لە ڕێكەوتی 14/4/2015 دەری كردووە و بڕیارەكانی ئەم دادگایە، خەسڵەتی پابەندییان هەیە بۆ هەموو عیراق، دادگای ناوبراو لە بڕیارەكەیدا دەڵێت: "لەسەر بنەمای پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان، په‌رله‌مان بۆی نییە دەست بۆ یاسایەك ببات، كە پێشێلكارییەكی ڕاستەوخۆ بێت بۆ ئەو پرەنسیپە"، ئەو پڕۆژانەی كە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە جگە لەوەی كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پەیوەنیدارن بە دەسەلاتی جێبەجێكار بە دیاریكراویش سەرۆكایەتی هەرێم، په‌رله‌مانی كوردستان بە شێوەیەكی تاكڕەوانە دەستی بۆ بردوون، تەنانەت بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ لایەنی پەیوەنیدار!
ئەمەش پێچەوانەی بڕیاری ئاماژە پێكراوە.
ڕەنگە پرسیار بكرێت، ئەوی چۆن یاساکە سێ جار هەموار کراوەتەوە؟ ئەگەر ئەوانە ئاسایی بوونە، ئەم جارەیان بۆ ئاسایی نییە؟
لە وەڵامدا دەڵێین هەر سێ هەموارەكە هەمواری ئاسایی ئەوتۆ بوون كە بەشێكیان بۆ ڕاستكردنەوە کرابوون، هیچ کامێکیان جەوهەری یاساكەیان نەگۆڕیوە كە بابەتی حوكمڕانییە.
جگە لەم خاڵانەی ئاماژەمان پێ كرد، هەرچوار پڕۆژەیاساكە پاشەكشەیەكی مەترسیدارن لە دیموكراسی، بە جۆرێك كە مافی هاووڵاتیان دەكەنە قوربانی مەرامە سیاسیەكانیان، ئێستا كە هاووڵاتی مافی خۆیەتی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ سەرۆكی وڵاتەكەی هەڵبژێرێت، ئەم مافەی لێ دەسەننەوە و دەیدەن بە په‌رله‌مان، لە كاتێكدا كە ئەو مافە بە پشتبەستن بە پرنسیپی ڕێزگرتن لە مافە وەدەستهاتووەكان (احترام الحقوق المكتسبە) هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت ئەو مافە لە هاووڵاتی وەربگرێتەوە، تەنها هاووڵاتی خاوەن ماف خۆی دەتوانێت تەنازول لەو مافە بكات لە ڕێگای ڕیفراندۆمێكی فەرمی، بێبەشكردنی هاووڵاتی لەو مافە لە ڕێگای پێشكەشكردنی پرۆژە یاسا و پەسەنكردنی بە زۆرینە، كودەتایە بەسەر دیموكراسیدا، هەموو نموونەكان لەو سیستمە په‌رله‌مانیانەی كە سەرۆك لە ناو په‌رله‌ماندا هەڵدەبژێردرێن،  لە هەوڵی ئەوەدان كە خۆیان لە دیموكراتییەتی ناڕاستەوخۆ ڕزگار بكەن و بەرەو دیموكراتیەتی ڕاستەوخۆ بچن، واتە لە هەڵبژاردنی ناو په‌رله‌مان بۆ هەڵبژاردنی ناو  گەل، فەرەنسا بە نموونە، توركیا بە نموونە و، هتد.
بەڵام په‌رله‌مانی كوردستان بە پێچەوانەی تەیاری دیموكراتیک، بۆ دواوە دەمانگێڕێتەوە، لە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی ناو گەل بۆ هەڵبژاردنی ناو پەرلەمان! ئایا ئەمە ڕەوایە؟!

سەرۆكی لیژنەی یاسا لە پەرلەمانی كوردستان*

هەواڵی پەیوەندیدار