٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سیاسەتی پارتی لە باكوور و دەستكەوتی مێژوویی

سەرچاوە: KDP.info

سه‌روتاری KDP.info

سەبارەت بە بارودۆخی تازەی توركیا لە دوای هەڵبژارنەكان و وەزعی تازەی هەدەپە و ئاكەپە و هەروەها پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئاكەپە هەندێك لێكدانەوەی نادروست و بێ بنەما خراونەتە ڕوو و، هەندێ نووسەر و لایەنی سیاسی بەبێ ڕەچاوگرتنی ڕاستیی بابەتەكان دەیانەوێ لە مشتێ ئاودا مەلە بكەن و خاڵی سیاسی كۆ بكەنەوە.
هەموو لایەك ئەوە باش دەزانن كە لە توركیای كەمالیدا ئەوەی پەیوەندی بە گەلی كوردەوە هەبوو قەدەغە بوو، هەر لە ئەدەبیات و زمانەوە بگرە هەتا جل و بەرگی كوردی و حزبی كوردی. بەڵام ئێستا دۆخەكە چۆنە؟ لەو ئینكارە توندە گەییشتە ئەوەی كە ئەردۆگان بە ئاشكرایی لە دیاربەكر و هەولێر بڵێت: ئەو ڕۆژە نەما كەس بتوانێ ئینكاری گەلی كورد بكات. ئەم گۆڕانە، ڕاستە لەبەرانبەر مافەكانی گەلی كورد زۆر كەم بوو، بەڵام بۆ توركیا لە فاشیزمەوە بگۆڕێت بۆ دداننان بە بوونی كورد، وەك شۆڕشێك هەژمار دەكرێت. وەك هەموومان دەزانین ئاكپارتی ڕۆڵی سەرەكی لەم كرانەوە و گۆڕانكارییە هەبوو. هەرێمی كوردستانیش ڕۆڵی هەبوو لە هاندانی ئاكپارتی بۆ كرانەوە بەسەر مافەكانی گەلی كورد.
ئەوەتا بە ئیعترافی كەسانی نزیك لە پەكەكە، بارزانی و پارتی ڕۆڵی كاریگەریان لەم بابەتەدا گێڕا. ئەو هەوڵانەی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بۆ پێشخستنی دۆزی كورد و گۆڕینی هەڵوێستی ئاكپارتی خستیانە گەڕ، هەمووی لەپێناو گەلی كورد بوو لە توركیا و ئەنجامی سەرسووڕهێنەریشی لێ كەوتەوە، كە ئێستا دەیبینین و كورد سوودی لێ بینیوە. كورد لە چوارچێوەی پارتێكی سیاسیدا دەچێتە پارلەمانی توركیا و لەوێ دەتوانێ بەرگری لە مافەكانی بكات. ئایا ئەگەر ئەو گۆڕانكارییە نەبانه‌، كورد دەیتوانی بە ئازادی بچێتە پارلەمان؟ ئایا ئەگەر سیاسەتی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ڕێخۆشكردن و هاندانی ئاكپارتی بوونی نەبا، ئەو دەستكەوتانە دەهاتنە دی؟
ئێستایش بە بۆچوونی ئێمە لە بەرژەوەندیی گەلانی توركیا و بە تایبەتی گەلی كورددایە كە هەدەپە و ئەكەپە بە یەكەوە حكوومەتی تازە پێك بهێنن.
ئەوەی لە توركیا كراوە ڕووداوێكی مێژووییە و ئەوەی پارتی لەم بەشەی كوردستان بۆ پێشخستنی دۆزی كورد كردوویەتی دەستكەوتی زۆر گرانبەها و بەرچاون و لەسەر ئەرزی واقعدا دیارە. پارتی دەستبەرداری سیاسەتەكەی نابێت و هەرچی كردوویەتی بۆ بەدیهێنانی دەستكەوت و بەرژەوەندیی گەلەكەمان بووە و، لەوەیشدا سەركەوتووە. جا ئەگەر لێرە و لەوێ خوێندنەوەی نادروست بۆ سیاسەتی پارتی بكرێت ئەوە هیچ بایەخێكی نییە، گرینگ ئەوەیە كورد بگاتە مافە ڕەواكانی خۆی.
پارتی نە لەناو مشتێك ئاودا مەلە دەكات و نە لە ناویشیدا دەخنكێت و، سیاسەتەكانیشی لە باكووری كوردستان ئەنجامی هەبووە و، لەو سیاسەتەیشی بەردەوام دەبێت و دواجار ئەنجامەكانی ئەم سیاسەتە ڕاستەی پارتی باشتر ڕوون دەبێتەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار