سەرۆکایەتیی هەرێم و جووڵەی داشە حزبییەکان!

سلێمان عەبدوڵڵا یوونس
ئەم خولەی سەرۆکایەتیی هەرێم کە بە سەوزی خوراوە و هەریەکێک لە یەکێتی و گۆڕان و هێزە ئیسلامییەکان، بە شێوەیەکی ڕێژەیی جیاواز، بەشیان هەبووە لەم بەسەوزخواردنەدا. کەچی بۆ نەگبەتی پارتی، ئەو هێزانە لەژێر گوشاری بنکە جەماوەریەکانیان ناچارن، لەبری کاراکردنی سەفقە حزبییەکانی نێوانیان لەگەڵ پارتیدا (کە هەر یەکەیان بە شێوەیەکی جیاواز سەفقەیەکی حزبیی تایبەتیان لەگەڵیدا هەبووە) بە لیستی قەرزاراندا بچنەوە.
ئایا باسکردنی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم لەلایەن گۆڕان و یەکێتییەوە باس و خواسێکی ستراتیژییە و پەیوەندیدارە بە پرسی دیموکراتیزەکردنی سیستمی فەرمانڕەوایی هەرێم و نویکردنەوەی دیموکراسی و کرانەوە و ڕەوایەتیی سیاسی زیاتردا؟ یان هەر لە بنەڕەتەوە ئەم باس و خواسە، پرسێکی حزبییە و جووڵانێکی تاکتیکی و برەودانێکی زیرەکانە و فریودانی عەوامە، بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەستکەوتی حزبیی زیاتری دوای سەفقە سیاسییەکان و سەرەنجامیش بەرفراوانکردنی پێگەی خۆیان لەناو حزبۆکراتیەتی کوردیدا، کە پارتی لەم حزبۆکراتییەتەدا پشکی هەرە گەورەی بردووە، لە سۆنگەی لاوازی و پەرتەوازەیی ئەوان و هەبوونی سیاسەتی ژێر بەژێر لەگەڵیاندا؟
ئاخر باسکردنی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم لەلایەن گۆڕان و یەکێتییەوە، وەکو سیاسەتی ئەبستراکتی جووڵاندنی داشە حزبییەکان دەردەکەوێت و نابێت بە سیاسەتی جێگەی هیوا، بەبێ بوونی ئەلتەرناتیڤی حەقیقی و بەبێ بوونی کاندیدی ڕکابەر بۆ کاندیدە تاقانەکەی پارتی (جا ئەو کاندیدە بارزانی بێت یان هەر کاندیدێکی دیکەی پارتی بێت) چونکە لەوادەی نەبوونی کاندیدێکی ڕکابەردا، سیاسەتێکی ئاوا دەتوانێت پارتی قەڵەوتر بکات و ڕکابەرەکانیشی لاوازتر، بەتایبەت کاتێک بۆ عەوام دەردەکەوێت ئەم سیاسەتە هەر لە سرووشتییەوە ئامانجی رێکخستنەوەی باڵانس و نفوز و دەستکەوتی حزبی بووە بەرلەوەی ئامانجی ڕێکخستنەوەی باڵانس و نفوز و دەستکەوتێکی کوردی بووبێت.
لە ڕووی تاکە کەسیشەوە، رکابەری لەگەڵ بارزانی پێویستی بەکاندیکردنی هاوتای بارزانییە بۆ سەرۆکایەتیکردنی هەرێم لەلایەن گۆڕان و یەکێتییەوە، بەڵام ئایا گۆڕان و یەکێتی لە غیابی مام جەلالدا، ئەم کاندیدە ڕکابەرەیان هەیە؟ خۆ لە ڕووی حزبییشەوە، ئەو حزبەی کاندیدی دەبێت بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم، دەبێت وەک پارتی هێزێکی پێشەنگ بێت. بەڵام ئایا دوور لە عاتیفە و دوور لە موزایەدە و هاشوهوش، لە سەردەمی بەجووت پاشکۆبوونیاندا (یەکێتی و گۆڕان) ئیرادەی پێشەنگبوونیان ماوە؟
له پێگهی تایبهتی نووسهر له فهیسبووك وهرگیراوه




