٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کۆدەتای سپی وکۆدەتاى سوور

سەرچاوە: KDP.info

جەلال شێخ عەلی 
ڕۆژی 23/6/2015 بڕیار بوو پەرلەمانتاران ئاسایی دابنیشن و چەند پڕۆەیاسایەك و، چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە هەرێمى کوردستان تاوتوێ بکەن...
لەو ڕۆژەدا، وەک دابونەریتێکى پەرلەمانی، چەند فراکسیۆنەك لە دانیشتنەکەى پەرلەمان دابڕان، هەڵوێستگرتنێک بوو لە چۆنیەتى هەڵسوکەوت و مامەڵەکردنى چەند فراکسیۆنێكی پەرلەمانی کوردستان بەرامبەر بە پرسی پۆستى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان، کە پرسێکى گرنگ و چارەنووسگۆڕە و پەیوەستە بە ئایندەى کوردستانەوە و، پێویستى بە سازانی نیشتمانییە.
بەهەر حال دانیشتنەکە رێگای یاسایی خۆی گرتەبەر و بە گوتەى خۆیان (سەرکەوتووانە) و بە شێوەیەکى یاسایی بەڕێوە چوو؛ ئەمە وێڕای دابڕانى پەرلەمانتارانی چەند فراکسیۆنەک لەو دانیشتنە!
جا ئەوەى پێم سەیر بوو دوابەدوای دانیشتنەکە پەرلەمانتارانی سەر بە فراکسیۆنە کوردستانیەکانی بەشدار لەو دانیشتنەى پەرلەمان، لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە ڕایان‌گەیاند ئەو کارەمان (کۆدەتای سپی) بوو!
بەڕێزان کۆدەتا سپی بێت یاخود سوور هەر یەک واتای هەیە، ئەویش کۆدەتایە دژی شەرعیەت!
واتە ئۆپۆزسیۆن لە ڕێگای پەرلەمانتارەکانیەوە و بە فەرمی دانی بەوەدا نا کە ئەوان کۆدەتاچین و، دژی شەرعیەت پلان دادەڕێژن.
ئاخئۆ ئێوە دەزانن کۆدەتا ئەوەیە کابرایەکی سەربازی یان دەستەیەکی دەسەڵاتخۆشەویست بە پێی نەخشەیەکی تۆکمە و ورد داڕێژراوى سەربازی و ئایدۆلۆژی و ئیدارییەوە بڕیاری تەقاندنەوەی ڕەوشێکى بێوەی و ئارام دەدەن و، دەیشڵەژێنن؟ وەك کۆدەتاکانی حزبە گۆڕبەگۆڕەکەی بەعس.
دیارە ئێوە خولیای ئەوەن بەزمەکەی کۆدەتاى بەعس بێننەوە ئارا لەم کوردستانەی خۆماندا!
جا با کۆدەتاچییەکان  باش بزانن و وەئاگا بێنەوە کە ئێرە کوردستانە نەک ولاتێکی عەرەبی یاخود ئەفریقایی، کوردستانیش هەرێمکی تازەیە کە خەریکە پەیتاپەیتا هەنگاو  بەرەو دیموکراسی و بوونەدەوڵەت دەنێت و، دەبێتە وڵاتێکی ئازادیخوازی نموونە لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا.
کوردستان ولاتێکی عەرەبی نییە کە ڕژێمەکەی بە کۆدەتا هاتبێتە سەر حوکم و، خۆی بەسەر میللەتەکەیدا سەپاندبێت.
گەلی کوردستان بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ سەرۆکی خۆی هەڵبژاردووە، نەك بە کۆدەتا وەک ئێوە خەونی پێوە دەبینن و، پیلانی بۆ دادەرێژن!
کۆدەتاکەى ئێوە کۆدەتایە  لە ئیرادە و خواستى گەلی کوردستان؛ هەوڵێکە بۆ دابڕکردنی مافە دەستوورییەکەی تاک بە تاکی کورد کە بریتیە لەوەى بە خۆی سەرۆکی خۆی هەڵبژێرێت؛ کۆدەتای ئێوە بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی نییە، کۆدەتای ئێوە پێشکەشکردنى خزمەتێكە بۆ ئەو لایەنانەى کە پشتگیریتان لێ دەکەن بۆ ئەوەى ڕەوشەکەمان لێ تێک بدەن.
گەلی کوردستان باش دەزانێت کە کۆدەتای ئێوە بە سەرپەرشتیی ئایەتوڵڵاکان بەڕێوە چوو؛ ڕۆژی 23/6/2015 بوو بە ڕۆژێکى ڕەش لە مێژووەکەتاندا و، چیدکە ناتوانن گەلی کوردستان هەڵبخەڵەتێنن بە بیانووى جۆراوجۆر.
بۆیە کۆدەتاکە سپی بێت و سوور بێ، هەر کۆدەتایەکە لە شەرعیەت، ئەو شەرعیەتەى کە میللەت دەنگی پێ داوە؛ ئێستا سەدەى بیستویەکە سەردەمی کۆدەتا نەماوە و، چیدکە ڕێ لە گەل مەگرن و، کۆدەتای لێ مەکەن؛ با گەلی کورد بڕیاری خۆی بدات نەك ئێوە بە کۆدەتا سپی و سوور و ڕەشەکەتانەوە ئەم گەلە سەرکوت بکەن؛ ئەو ڕۆژە ڕۆیی کە لایەنێک بە کۆدەتا خۆی بەسەر میللەتدا بسەپێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار