٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

نابێت لە جیاتی تەواوی خەڵك بڕیاری چارەنووسساز بدرێت

سەرچاوە: KDP.info

محەممەد ئەحمەد

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی رابردووی هەرێمی كوردستاندا، نزیكەی 70%ـی خەڵك بەشدارییان لە پڕۆسەی دەنگداندا كرد و لە 30%ـی خەڵكی دەنگدەری هەرێمی كوردستان بەشدارییان نەكرد و دەنگیان بە هیچ لیست و قەوارە و كاندیدَك نەدا. هەرچەندە پەرلەمانی كوردستان لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە بۆ دەركردن و پەسەندكردنی یاسا و پڕۆژەیاسا و هەروەها وەك دەستگایەكی چاودێر بەسەر حكوومەت و دامودەستگا تەنفیزییەكاندا شەرعییەتی تەواوی هەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت كە لە بڕیارداندا لەسەر پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەكان تەنیا و تەنیا بگەڕێینەوە بۆ پەرلەمان.
ئێمە ناڵێین شتێكی باش نییە ئەگەر پەرلەمان ئەو كارانە ئەنجام بدات، بەڵام هەروەك چۆن خراپ و خراپتر هەیە، بە هەمان شێوە باش و باشتریش هەیە.
دەربارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە گەورەترین و باڵاترین دامەزراوەی سەرۆكایەتییە لە هەرێمی كوردستاندا، ئایا بۆ دەبێت لە بەها و دەسەڵاتی ئەو دامەزراوەیە كەم بكرێتەوە و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان ئەنجام بدرێت، لە كاتێكدا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە باشتر و دروستر و شەرعیترە نەوەك تەنیا 111 كەس دەنگ لەسەر چارەنووسی خەڵك بدەن، ئایا نیەت و مەبەستی ئەو لایەنانە چییە لەو پێداگرییەیان لەسەر ئەو پرسە؟ ئایا ئەوە بە مانای بێبەشكردنی تەواوی خەڵكی كوردستان نییە لە مافی بڕیاردانیان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەكەیان؟ بێگومان وەڵامەكەی روونە، چونكە ئەو لایەنانە لە بڕیاری خەڵك دەترسن و دەزانن كە باڵانس و پێگەی جەماوەرییان دابەزیوە و لەلایەكی دیكەوە دەیانەوێت بە سازدانی مانۆڕی لەم چەشنە و دروستكردنی قەیرانی سیاسی، پرسە گرینگ و سەرەكییەكان لەبیر خەڵك بەرنەوە، ئەوان ترسیان هەیە لەوەی كە:
1-ئەو رێژەی 30%ـەی خەڵك كە لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا دەنگی بە هیچ لیست و قەوارە و كاندیدێك نەداوە و بەشداریی دەنگدانی نەكردووە، بە پێچەوانەی مەیل و خواستی ئەوان دەنگ بدات، هەر بۆیە دەیانەوێت مافی ئەو هەموو خەڵكە زەوت بكەن.
2- بەشێك لەو دەنگدەرانەی كە لە رابردوودا دەنگی بە كاندیدەكانی ئەوان داوە، ئێستا پەشیمانن لە دەنگدانیان بەوان، چونكە هیچ یەكێك لەو بەڵێنانەی كە بە خەڵكیان داوە، نەیانبردووەتە سەر.
3- بەشێك لە خەڵك كە دەنگیان بۆ كاندیدی دیكە داوە بە هۆی ئەوەی كە كاندیدەكانیان دەنگی پێویستی نەهێناوە، دەنگەكانیان  بۆ ئەو كاندیدانە چووە كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانن، ئەمەیش هەرچەندە شێوازێكی یاسایی و دروستە، بەڵام دواجار كاندیدی ئەو بەشە لە خەڵك نەبوونە، چونكە هەڵبژاردن بە شێوەی لیستی نیمچەكراوە بوو.
بەو پێیە ئەگەر بە وردی و ماتماتیكییانە لێكی بدەینەوە، ئەوا پەرلەمانی كوردستان نوێنەری تەنیا نیوەی خەڵكە نەك تەواوی خەڵك، هەر بۆیە دەڵێم مافی دەنگی خەڵك لەسەر پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەكان زەوت مەكەن  و لێگەڕێن با خەڵك بڕیاری خۆی بدات.                                                                               

هەواڵی پەیوەندیدار