قازانجەكانی دانیشتنەكەی پارلەمان

زكری مووسا
دوو ڕۆژی ڕابردوو ئەحزابی خاوەن پڕۆژە، باری دەروونیی خەڵكیان شڵەژاند كە گوایە ڕۆژی سێشەممە لە دانیشتنی پارلەماندا خوێن دەڕژێ. پارلەمانتارەكانیان ڕۆژی سێشەممە بە چەكەوە هاتنە پارلەمان. كەسێك چەكی هەڵگرت واتای ئەوەیە ئەو ئامادەیی هەیە خەڵك بكوژێ. ژمارەیەك چەكداری حزبی لە پارلەمان دانیشتوون و ویستیان لەڕێی پڕۆژەكانیان بە زۆر مافی دەنگدان لە خەڵك بستێننەوە. ئەم دانیشتنە ڕێزی لە سازان نەگرت. ڕێزی لە ڕای دامەزراوەی سەرۆكایەتی نەگرت و پرسی پێ نەكرد.
دانیشتنەكە بەبێ ئەوەی پرس بە خەڵك بكات ویستی بە زۆرهملێ ڕێگە بۆ ستاندنەوەی مافی دەنگدانی خەڵك خۆش بكات. ئەو مافەی خەڵك مومارەسەی كردووە و بووەتە مافێكی موكتەسەب و دەبێ پرس بە خەڵك بكرێت كە ئایا پارلەمان بۆی هەیە لە جیاتی ئهوان بڕیار بدات؟ ئایا ئەو مافە دەداتەوە بە پارلەمانتار یان هەر لای خۆی دەمێنێ؟ بیست كۆنسووڵ بانگهێشتی دانیشتنە حزبییەكە كرابوون، كهچی تەنیا نوێنەری كۆنسووڵی ئێران تەشریفی هێنا. ئەوە پەیامێكی ڕوونه كە جگە لە ئێران وڵاتانی جیهان ڕازی نین لەم هەڵسوكەوتە. حزبەكان لەبیریان كرد كە لە خەڵكەوە هاتوون و دەبێ بۆ خەڵك بگەڕێنەوە. خۆ سایكس پیكۆ نین، بیانی بن و بەبێ وەرگرتنی ڕای خەڵكی كوردستان مافی لێ بستێننەوە.
دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی پارلەمانی كوردستان دانیشتنێكی ئاسایی نەبوو. ئەگەر ئاسایی بوایە خەڵك بایكۆتی نەدەكرد. ئەگەر ئاسایی بوایە كۆنسووڵی ئێران بانگهێشت نەدەكرا. باشە خۆ 'جەلسەی ئیفتتاحی' نییە خەڵكی بیانی بانگهێشت بكرێن.
دانیشتنەكەی پارلەمان دوو قازانجی بۆ گەلی كوردستان هەبوو كە تابلۆی پرسەكەیان بۆ ڕوونتر ببێتەوە:
یەكەم: مەكینەی ئیعلامیی حزبە خاوەن پڕۆژەكان شەوی دووشەممە هانی خەڵكی دەدا و دەنگۆی خوێنڕشتنی بڵاو دەكردەوە، بەڵام لە كردەدا وا دەرنەچوو. ئەوە پێشانی دا كە دانیشتنەكەی پارلەمان پتر دانیشتنێكی ئیعلامی سیاسی بوو نەك قانوونی.
دووەم: ئەم دانیشتنە خۆی لە خۆیدا تاقیكردنەوەی ئەو نموونەیە لە كاری سیاسی بوو كە لە پڕۆژەكەی گۆڕان و برادەرانی دیكەدا هاتووە. دانیشتنەكە دانیشتنێك بوو لەسەر میزاجی ئەو سیستەمە پارلەمانییەی گۆڕان دەیەوێت. دانیشتنەكە هێڵە گشتییەكانی دیكتاتۆریەتی پەرلەمانی لەسەر شاشەكان پێشانی هەموو هاووڵاتیاندا. پێشانی دا كە نوێنەرانی گەل نوێنەری گەل نین، نوێنەری حزبن و چەندە لەژێر كاریگەریی فەرمانی حزبەكانیانن. دەریخست كە سەرۆكی پارلەمان لە سیستەمی سەرۆكایەتی بە تامی گۆڕان چۆن ڕۆبۆتێكە لە دەست كەسێك كە لە دەرەوەی موئەسەساتی ڕەسمییە و هەڵیدەسووڕێنێ.
ئەوەیە چڕكردنەوەی دەستەڵات لە دەست كەسێكی دەرەوەی دامەزراوەكان، بەڵام لە بەرگی سیستەمی پارلەمانی. دانیشتنەكە كەلێنەكانی پڕۆژەكانی دەرخست كە چەندە مەترسیدارن و چەندە حەزیان لە خۆسەپاندن و ئینكار و پشتكردنە لە سازان.




