٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پڕۆژەی لاوازكردنی ناوەندی بڕیاری هەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

دڵشاد مستەفا وەسانی

ئەو پڕۆژانەی بۆ دەستوور و پرسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەخرێنە ڕوو، هەوڵێكن بە ئاڕاستەی لاوازكردنی ناوەندی بڕیار لە هەرێمی كوردستان؛ ئەوەی لەو جۆرە پڕۆژانە دەبیندرێ، ئەوەیە كە وای پێشان دەدەن، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆرن و دەبێت كەم بكرێنەوە، لێرەدا چەند پرسیارێك دێنە پێشەوە، ئایا ئەو پڕۆژانە بە ڕاست بۆ چاوگێڕانەوەیەكی راستەقینە و بە مەبەستی بەرەوپێشەوەبردنی ئەو دامەزراوەیەیە، یان مەسەلەكە تەنیا لەبەر ئەوەیە مادام (سەرۆك بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، بۆیە دەبێ دەسەڵاتی نەبێت؟
هەقە ئەو پرسیارەیش بكەین ئاخۆ لەوەتەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم لە 2005ـەوە دامەزراوە، پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دنیای دەرەوەدا چەند پێشكەوتووە؟ ئەگەر بە ویژدانەوە سەیری ئەو ماوەیە بكەین كە ناوەندی بڕیار بە هۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بەهێز بووە، كێرڤی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان چەند هەڵكشاوە؟ لە هەموو ئەو پرسیارانە و دەیانی دی، ئەو وەڵامانەمان دەست دەكەوێ كە بە درێژایی قۆناخی دوای راپەڕین 1991 تا بە ئەمڕۆ دەگات، قەت پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ دەرەوە، بە تایبەتیش لەگەڵ وڵاتە گەورە بڕیاربەدەستەكاندا، هێندەی ئەو ماوەیەی سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) گەشەی نەكردووە و بەهێز نەبووە.
دەبێ ئەو راستییە لە بەرچاو بگرین، كە هەمیشە پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەرەوەدا، لە ژێر كاریگەریی دۆخی حزبایەتیی هەرێمدا بووە، بۆیە دەرەوەیش بەپێی دۆخی حزبایەتیی هەرێم مامەڵەیان كردووە، بەڵام لە دوای 2005 و بە تایبەتیش دوای ئەوەی (سەرۆك مەسعوود بارزانی) لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە، وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان  متمانەی پێ درا، بۆ یەكەمجار ناوەندی بڕیاری كوردستان، وەك ناوەندێكی دیار و بەسەنگ دەركەوت، لەمەیشدا مێژووی تێكۆشان و ناو و ناوبانگی (سەرۆك بارزانی)، زیاتر ئەو ناوەندەی بڕیاری بەرەو پێشەوە برد، بە جۆرێك كە ئەگەر لێكۆڵینەوەیەك لەو ماوەیەی سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) بكەین، دەبینین هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی پەیوەندیی هەرێم و دەرەوە و ناوخۆیدا هەنگاوی گەورەی ناوە، ئەگەر جاران بەغدا لە چەند دەروازەیەك هەرێمی دواندبێت، ئەوا دوای 2005 ناچار بووە، لە یەك دەروازەوە هەرێم بدوێنێ، بەمەیش ناوەندێكی بڕیار لە كوردستان كارایە، كە قەت بەغدا حەز ناكات، ئەو ناوەندە بەهێزەی بڕیار هەبێت، لە هەمووی گرینگتر (سەرۆك بارزانی) لەو ناوەندە رایگەیاند كە شەڕی ناوخۆ حەرام كرا، ئەمەیش گەورەترین گورز بوو لەو بەرنامانە درا، كە دەیانەوێت، كوردستان گیرۆدەی فرەبڕیار بێت و بە ئارەزووی خۆیان و لە سایەی دۆخی فرەبڕیاریدا مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكەن.
لە سۆنگەی ئەمەوە، ئەو پڕۆژانەی داوای داماڵینی هەموو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەكەن و دەیانەوێ وەك ئەو نموونە خراپەی بەغدای لێ بكەن، زیانێكی گەورەبە ناوەندی بڕیاری كوردستان دەگەیەنن، ئەمەیش خزمەتێكی گەورە بەو ئەجێندایانە دەكات كە دەیانەوێ هەرێم خاوەنی ناوەندێكی بەهێزی بڕیار نەبێت، بۆیە پڕۆژەیەك دۆخی ئێستای كوردستان، نەك بەرەوپێش، بەڵكە بەرەو دواوە بگێڕێتەوە، هەق نییە رەواجی پێ بدرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار