پاکیجەکانی پارتی باشترینە

دانا مەنمی
دەستورو پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە، پیویستە لایەنەکان سازانی نیشتمانی لەسەر بکەن و دواتر لە پەرلەمانی کوردستان بەرگیکی یاسای بکەن بە بەردا، هەربۆیە ئەم پرسە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەتاک بەتاکی هاونیشتمانیانەوە هەیە، هاونیشتمانیان مافی خۆیانە لەسەر ئەم پرسە ڕاوەستن و تێبگەن و شارەزایی بەندە یاسایی و دەستوورییەکان بن، هەربۆیە پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕاشکاوانە ئەم پرسە دەبەستێتەوە بە بڕیاری گەلەوە، گەل سەرچاوەی بڕیاردانە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە نیشتمانییەکان واتە (سەنگی محەک) لای میللەتە، نەک لایەنێکی سیاسی !
پرۆسەی سیاسی لە کوردستان لە ژیر تەوافقات و سازانی لایەنەکان دامەزراوە، بۆ سازان و ڕێککەوتن لەسەر هەر پرسیک دیالۆگ و گفتوگۆی سیاسی بەمانای دانوستان پیویستیەکی هەنووکەییە، لەم دیدەوە پڕۆژەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا ڕادەیەک نزیکە لەیەک و بە بۆچوونی من لە یەک سەرچاوە هەڵقوڵاوە، ئەم پڕۆژەیە ئیستا ڕیگرە لەبەردەم سازانی نیشتمانی، ئیستاش ڕوون نییە یەکێتی و گۆڕان چ جۆرە سازانیکیان دەویت، هەر ڕۆژە و لە ئاوازیک دەخوینن، ڕای میللەتیان قبووڵ نییە و ڕێگریشن لە بەردەم سازاندا، دووفاقی لە سیاسەتیاندا هەیە، بۆ موزایەدەی سیاسی سەروبنی زمانیان لەگەڵ میللەتە و داوای مافی هاووڵاتیبوون دەکەن !
وەلێ لە واقیعدا دژ بەدەنگی گەلن بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم. ستراتیژی پارتیی دیموکراتی کوردستان هەنگاونانە بۆ سەربەخۆیی سیاسی و دەستەبەرکردنی کیانیکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی دەولەتداریدا بۆ دۆزی کورد، ئەم بابەتە لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و قواعیدی پارتیدا بڕاوەتەوە هەنگاوی پیویستی بۆ نراوە، هەم لەسەر ئاستی نیوخۆی و هەرێمایەتی و هەمیش لەسەر ئاستی ئەورووپاو ئەمریکاو جیهان، مانەوەی (سەرۆک بارزانی) هیزو ئیرادە دەبەخشێتە پرسە نیشتمانیەکان، هەستی کوردایەتی و ئینتیمای نیشتمانی لای هاووڵاتیان سەنگین تر دەکات، ڕۆحییەتی کوردبوون و کوردایەتی زیندوو دەبیتەوە، چون (سەرۆک بارزانی) هەڵگری ڕۆحییەتی کوردبوون و کوردایەتییە. پاکیجەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان باشترینە لە نیو باشەکاندا، بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ترسیان هەیە لە دەنگ و ئیرادەی میللەت، خۆ ئەگەر نا ئەوە مەیدان قۆڵی لێ هەڵماڵن!
ئەم میللەتە هیندە بێباک نییە کە چاو لە ئاست ڕاستییەکان دابپۆشیت، قورسایی و ڕۆڵ و پیگەی (سەرۆک بارزانی)، بەدەر لە پۆستەکەی وەک سەرکردەیەکی کاریزمی و نیشتمان پەروەر، هاونیشتمانیان بە باوەڕیکی پتەو متمانەی پێ دەبەخشنەوە، قورسایی و ڕۆڵی (سەرۆک بارزانی) لە پۆستەکەیدا نییە، بەڵکو لە خودی کەسایەتیی سەرۆک بارزانیدایە، لە حکمەت و فەلسەفەیدایە، نەک پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم، (سەرۆک بارزانی) یەکێکە لەو ڕابەرە خۆشەویستانەی کە لە دڵی میللەتدا دەژیێت.




