٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پێكەوەبوون بژاردەی پارتییە

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

لە سەروبەندی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمدا لەناو كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، لەبارەی پرسی حكوومەتی بنكە فراوان گفتوگۆ گەرم بوو.
هەموو رایەكان لەسەر كرۆكی (پێكەوەیی) و بڕوا بوون بە دروشمی سەرەكی بەرنامەی هەڵمەتی پارتی بۆ هەڵبژاردن ( پێكەوە بەرەو كوردستانێكی گەشتر) كۆك بوون و ئەوەیشیان بە پێویست دەزانی كە لەپێناوی پێكهێنانی حكوومەتی بنكە فراواندا هیچ بلاك لیستێك نەبێ و سنوور و هێڵی سوور هەڵگیرێ و هەموو حزبەكان، بەوانەیشیانەوە كە یەك كورسیان لە پەرلەمان هەیە، پشكیان هەبێ.

بێگومان لە هەندێ وردەكاریدا جیاوازی لەناو رایەكاندا هەبوو. ئەو جیاوازییانە یەكتر بڕ نەبوون. بەڵام ئێستا كە سەرنج لە كۆی ژیانی سیاسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان دەدەین دەزانین دەبوا ئەوسا هەندێ لەو جیاوازییانە زیاتر بە هەند وەگیرانایە و، یەدەگێك لە بژادەیان بۆ دانرایە.
سەرەڕای كۆكبوون، بەڵام ئەوسا لەناو پارتیدا وترا سازان تایتڵە بۆ سەپاندنی ئەو رایەی كە هەر لایەك خۆی بە پەسەندی دەزانێ ئەگەر نا ئەوا ئامادەن هەرچی كارتە لەسەر مێزی سازان تێكەڵ و پێكەڵی بكەن.

ئەوسا وترا؛ بەكارهێنانی چەمكەكانی زۆرینە و كەمینە، دیموكراسی و دیكتاتۆریی، پەرلەمانی و سەرۆكایەتی لە تاوتوێی سیاسیدا تایتڵی شاردنەوەی ململانێ و حەزی دەسەڵاتە و تەنیا شەنوكەوی بەرژەوەندییەكانە و لە كوێوە بای بەرژەوەندی هەڵبكات بەوێدا شەن لە خەرمانەی ئەو چەمكانە دەدەن. تەنانەت رۆژێك دێ پێچەوانەی وتنی ئێستایان كار بە هەمان ئەو چەمكانە دەكەن. ئێستا كە دژی زۆرینەی پەرلەمانن و بە دیكتاتۆری زۆرینە ناوی دەبەن، رۆژێك دادێ بە ناوی زۆرینەی پەرلەمانەوە غەدر لە هەمووان دەكەن. نەتەوەكان و پێكهاتەكان و حزبەكانی دیكە بە كەمینە لە قەڵەم دەدەن و لە هەموو كار و چالاكییەكی پەرلەمان و ژیانی سیاسی دووریان دەخەنەوە. تەنانەت ئەوان دژی سەركەوتووی یەكەمی هەڵبژاردنەكانیش دەوەستنەوە و هەرچی ناوی سازانی نیشتمانی نێوان پێكهاتەكانی ناو پەرلەمانە دەیكەن بە ژێر گێچەڵە پێچەلپێچەكانی بەناو یاساوە. ئەوان كە وتیان نابێ سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵببژێردرێ، چونكە سەرۆكێكە گوزارشت لە ئیرادەی چەند حزبێكی ناو پەرلەمان دەكات نەك گوزارشت لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان، بۆیە دەبێ سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵببژێردرێ، رۆژێك دێنەوە و هەڵدەگەڕێنەوە و داوا دەكەن سەرۆك لە پەرلەمان هەڵببژێردرێ. بۆ پاساوی ئەمەیش دەیان تیۆری و بیردۆزی جیاجیا ریز دەكەن و، چەندین یاساناس و گوتاربێژی ناو میدیا تاو دەدەن بەوانەیشیانەوە كە پێشتر تیۆریزەی تەرحەكانی پێشوویان كردووە.

پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی بنكە فراوان هاموشۆی زۆری كرد. كۆسپی جدی سەر رێگای وەلانا و سەبری ئەیوبی لەگەڵ ململانێكانی دەرەوەی خۆیدا هەبوو. زۆری چاوەڕێ كرد تا یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆی لەسەر كاندیدەكانی یەكلاكردەوە. دواجار ئەو حكوومەتەی بەو پێكهاتەیە پێكهێنا كە پارتی بە 38 كورسی پەرلەمانەوە جگە لە سەرۆك وەزیران تەنیا 5 وەزارەتی بۆ خۆی هێشتەوە. لەگەڵ جێگری سەرەكوەزیران 5 وەزارەتیش بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە تەنیا 18 كورسی لە پەرلەمان هەبوو. بۆ بزووتنەوەی گۆڕانیش كە 24 كورسی لە پەرلەمان هەبوو، لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان 4 وەزارەت. ئەوسا لەو سەروبەندەدا لەناو پارتیدا ئەم غەدر لەخۆكردنە بەرامبەر ئیستیحقاقی دەنگی دەنگدەرانی، لەپێناوی سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و كاركردنی پێكەوەیی بۆ كوردستانێكی گەشاوەتر قبووڵكرا و تا هەنووكەیش هەمان گیانی وەرزشی درێژەی هەیە.

لەسەروبەندی پێكهێنانی حكوومەتی بنكە فراوانی هەرێمی كوردستاندا مەرجی پێشوەختەی بەشداران بەرنامەی حكوومەتەكە بوو. لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنرا و كەوتنە تاوتۆكردنی بەرنامەی حزبە بەشدارەكان بۆ ئەوەی لە كۆی خاڵە هاوبەشەكان و بژاردە باشترەكانی ناو ئەو بەرنامانەدا بەرنامەیەك بۆ حكوومەت دابڕێژرێ و، بەو دەرەنجامەیش گەیشتن و نێچیرڤان بارزانی لەبەردەم پەرلەماندا ئەو بەرنامە هاوبەشەی خوێندەوە و بە كۆی دەنگ پەسەند كرا. ئەوسا لەناو پارتیدا وترا سەرەڕای بایەخی بەرنامەی هاوبەش بەڵام متمانەی هاوبەش بەو بەرنامەیە و پابەندبوون پێوەی بە بایەخترە. چونكە ئەگەر ئەو متمانە و پابەندییە نەبێ، زەمانەتی سیاسی و ئیداریی نابێ كە سبەی رۆژێ هەر حزبە باسی بەرنامەی خۆی بكاتەوە و بەرامبەرێنە لەگەڵ بەرنامە هاوبەشەكەی حكوومەتە بنكە فراوانەكەدا بكات و بڵێ بەرنامەكەم جێبەجێ نەكراوە.
لەسەروبەندی پێكهێنانی حكوومەتی بنكە فراواندا، هەندێ خولیای نائومێدی سەرەتاتكێی لەگەڵ پارتییەكاندا دەكرد و پێیدەگوتن لەیادتان بێ سەركەوتن و دەستكەوت خاوەنی زۆرن، بەڵام كێشە و شكست هەتیو و بێكەسن. لە دەستكەوتەكاندا شەریكی پارتی زۆر دەبن بەڵام لە شكست و گرفتا پارتی بەتەنیا دەهێڵنەوە و هەموو بەرپرسیارێتییەكەی دەخەنە ئەستۆ.

پێی دەگووتن لەبیرتان نەچێ دەشێ ئەو حزبانەی لە حكوومەتی بنكە فراواندان و لە كۆی بڕیارەكانی حكوومەت و بەتایبەتیش لە كەیسە نیشتمانی و چارەنووسسازەكاندا خاوەن بڕیارن، لە پەرلەمان و مێدیادا ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی سەرسەخت. لەو لایشەوە تەنیا پارتی و پارتییەكان وەك داكۆكیكار لە حكوومەت بمێننەوە و هەموو بەرپرسیارێتییەكان لە ئەستۆی خۆیان بگرن.
ئەوسا دەگوترا؛ یەكێتی نیشتمانی لە كۆكردنەوەی دەنگدا، فێری گەمەی گوتاری تیژ بووە بەرامبەر بە پارتی و حكوومەت، كە بەشداری لە حكوومەتی بنكە فراوانیشدا دەكات، هێشتا رووبەرێكی فراوان لە گوتاری سیاسی و پەرلەمانی و مێدیایی بۆ زمانی توند و رەخنەی گێچەڵكردن بە پارتی دەهێڵێتەوە و پەیڕەوی دەكات.

ئەوسا دەوترا؛ هەرچەندە بەڵێنی بزووتنەوەی گۆڕان بە دەنگدەرانی چوونە ناو حكوومەت بوو، هەروەها رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەڵێنیداوە كە چوار ساڵی ئارامی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەڕێ بكەین، بەڵام بزووتنەوەكە بە ئۆپۆزسیۆنبوون و زمانی زبر و گێچەڵی سیاسی و كۆمەڵایەتی گۆش كراوە و، منەتی دەنگدەرانی بەسەر بزووتنەوەكەوە ئەو جۆرە گوتارەیە لە دژی پارتی، كە ئەگەر گۆڕان نەیمێنێ واتە منەتی بە دەنگی دەنگدەرانی نەماوە و، ئەوانیش دەنگی خۆیانی لێ دەسێننەوە

ئەوسا لەناو پارتیدا و ئێستایش دەوترێ؛ ململانێ لەگەڵ ستراتیژی سیاسی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، بێ بەش نییە لە كاریگەرییە ئیقلیمییەكان و ئێستایش ئەو كاریگەری و شوێن دەستە كاڵ نەبۆتەوە. لە پشتەوەی بەشداری لە حكوومەتی بنكە فراوانیشدا، ئەو كاریگەرییە هەر دەمێنێ و سەرەتا لە هەندێ كەیسی بچووكی خزمەتگوزاری و گوتاری مێدیایی و لێدوانی بەرپرسێك لێرە و پەرلەمانتارێك لەوێ دەست پێدەكاتەوە و، دواتر لە كەیس و پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەكانی وەك نەوت و گاز و گەشەسەندنی ئابووری و پەیوەندیی هەرێم و بەغدا و گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و یەكپارچەیی خاك و ئیدارەی هەرێمی كوردستان و دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێم و سەربەخۆییدا خۆی زۆر بە توندی دەردەخاتەوە.

ئێستا پاشی یەك ساڵ لە ئەزموونی حكوومەتی بنكە فراوان، پارتییەكان ئەو گفتوگۆیانەی ناو خۆیان دەرس دەكەنەوە و بژاردەكان بەسەر دەكەنەوە.
پارتی دەزانێ هەموو گێچەڵەكان لە ژێر هەر تایتڵێكدا بن و بە هەر بەرگێكەوە خۆ بنوێنن یان لە یاساوە بپێچڕێن، هەر بە ئیمتیازەوە سیاسین. بەڵام لەبەرامبەردا راستگۆیانە بڕوای بە پێكەوەبوونە. ئەم بڕوا راستەقینەیەی پارتی متمانەی لای خەمخۆرانی ئەم وڵاتە پایەدار كردووە و، دەزانن هێشتا هەر پێكەوەبوون بژاردەی یەكەمی پارتییە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار