٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

خاوەن پڕۆژەكان بە دوای چییەوەن؟ وڵاتێكی بێ پارتی؟

سەرچاوە: KDP.info

زکری مووسا

پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێم لەم چەند ڕۆژەدا ئاسۆیەكی ڕوون و ئیجابی ناخەنە بەر چاو. كێبڕكێی حزبەكان بۆ پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ئەو گومانە دروست دەكات كە مەبەست پتر گوشاری سیاسی و قووڵتركردنی قەیران بێت. چونكە پڕۆژەكەی گۆڕان و یەكێتی و ئیسلامییەكان جیاوازییەكی ئەوتۆیان نییە و هەر سێكیان شتێك دەڵێن. پرسیار ئەوەیە بۆ لایەنەكان هەموویان بە هاوبەشی پڕۆژەكەیان پێشكەش نەكرد؟ جگە لەوەیش ئەم پڕۆژەكارییە كاری لیژنە بیستویەك كەسییەكەی دەستووریش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر ئەم پڕۆژانە هەن ئەدی لیژنەكە خەریكی چییە؟ بۆیە پێناچێت دەستوور بەلای حزبە خاوەن پڕۆژەكان بابەتێكی بایەخدار بێت، پێشتریش ئەزموونی پەكخستنی ڕەشنووسی دەستوورمان بینی. ئەو ڕەشنووسەی بە دەنگی 96 پارلەمانتار و كۆدەنگی 39 حزب پەسەند كرا بۆ ڕاپرسی بەڵام بە شێوەیەكی نایاسایی گەڕێندرایەوە ژێر چەقۆی حزبەكان.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵ داوای كشانەوەی چوار لایەن دەكات لە حكوومەت. بێگومان مەبەستی لەم چوار لایەنە پارتی نییە. ئەو دەیەوێ بڵێت لە حكوومەتی پێنجلایەنەدا خەتاباری سەرەكی پارتییە و دەبێ بە تەنیا جێی بهێڵین. ئەمەیان زیاتر تابلۆی ڕووداوەكان ڕوون دەكاتەوە و پەردە لە نیەتی خاوەن پڕۆژەكان لادەدات. داواكە دیموكراسی و تەقسیمی دەستەڵات و گەییشتن بە سەقامگیری نییە. داواكە گۆڕینی یاسای سەرۆكایەتیی نییە بەڵكو داواكە قووڵتركردنی قەیران و دەرپەڕاندنی پارتییە لە كۆی هاوكێشەكان. بێگومان داواكردنی كشانەوە لە حكوومەت بە مانای ڕووخاندنی دێت و لە هەمان كاتیشدا پێشكەشكردنی پڕۆژەی لەباربردنی سەرۆكایەتی لە ئارادایە. لەگەڵ ئەوەیش وڵات لەشەڕە و لەژێر ئابڵۆقەیە و میوانداری دوو ملیۆن عەرەب دەكات و لەدەرگەی سەربەخۆییش دەدات. ڕووخاندنی حكوومەت و لەباربردنی سەرۆكایەتی ئەویش لەو دۆخە ئیستیسنائیەدا هەڵگری چ پەیامێكە؟ ئایا پارتی بە تەنیا لەشەڕە لەگەڵ داعش و بەغدا و نێكڕای هەڕەشەكان؟ ئەگەر بە تەنیا نیە ئەدی ئەو مناوەرە نابەجێیە چییە كە حزبەكان لەدژی پارتی دەیكەن؟ داوای مەروان گەلالی كە حزبەكەی مێژوویەكی هاوبەشیشی لەگەڵ توندڕۆییدا هەبووە غیابی بەرپرسیارێتیی ئەو دەگەیێنێت لەبەرانبەر تەحەدیاتی بەردەم كوردستان.
ئەگەر قسەكەی گەلالی بەشێك بێت لە سناریۆی خاوەن پڕۆژەكان ئەوە قەیرانەكان زۆر قووڵ دەبنەوە و ئەو ئومێدەی بۆ گەییشتن بە سازان لە ئارادا بوو كاڵتر دەبێتەوە. لە هەموویشی سەیرتر لە ماوەی ڕابردوو ئەحزابی خاوەن پڕۆژە دوور و نزیك خۆیان لە قەرەی سەربەخۆیی و پێشمەرگە و شەڕی داعش نەداوە. ئەو سێ شتەی لای پارتی ئەولەوییەتن و جێگەی نیگەرانیی پارتین. ئەگەر لە دۆسیەی سەربەخۆیی هەڵوێستێكی ڕوونیان هەبا ئەوە سازشی پارتی شتێكی چاوەڕوانكراو بوو. بەڵام ئەوەی ئێستا دەبیندرێ نە ویستی دەستوور لە ئارادایە و نەیش سەربەخۆیی قسەی لەبارەیەوە دەكرێ. ئەو دوو شتەی بۆ پارتی مانای مان و نەمان دەدات. بۆیەشە زۆر ئەستەمە لایەنەكان بتوانن پارتی بخەنە دۆخێكەوە كە تەسلیمی ویستیان بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار