رۆڵی هەرێمی كوردستانی عێراق لە تێكشكاندنی داعشدا

*هێمن ههورامی
بەهار بە مانای لە دایكبوونەوە و نوێبوونەوە و ئاڵوگۆڕ دێت، لە بری چێژوەرگرتن لەم بەهارە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵی شیكردنەوە و چوارچێوە داڕشتنی ستراتیژیەتێكی جەماعییە بۆ لاوازكردن و لە كۆتاییشدا تێكشكاندنی ئەو گرووپە تیرۆریستییە بەربەریەی بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراوە، كە لەمەودوا بە داعش ناوی دەهێنین.
لە پاییزی ساڵی 2014ەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ستراتیژیی بۆ لەناوبردنی داعش. لە كاتێكدا هاوپەیمانێتیەكەی دژ بە داعش گورزی ئاسمانی لە عێراق و سووریا ئەنجام دەدات، هێزی سەربازیی كوردی، كە بە پێشمەرگە ناسراون، لەسەر زەمین، شەڕی داعش لە هەرێمی كوردستانی عێراق(كە لەمەودوا بە هەرێمی كوردستان ناوی دەبەین) و بەشەكانی دیكەی عێراقدا دەكەن. ئەمە ئەو دۆخەیە كە لە ئێستادا لەئارادایە، بە هەوڵی یەكگرتوو و بە هاوكاری نێوان یاریزانە نێودەوڵەتییەكان، هاوپەیمانێتیی دژ بە داعش توانیویانە ئەم گرووپە تیرۆریستییە كوشندەیە لاواز بكەن. ئەگەر هەنگاوی داهاتوو تێكشكاندنی داعش بێت، ئەوا پێویستمان بە بیركردنەوە هەیە لە گرتنەبەری هەنگاوی سەربازی و ناسەربازی، كە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی دۆخەكە بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكرێت.
دەكرێت ئەركی شكستپێهێنان و لە كۆتاییدا تێكشكاندنی داعش بۆ دوو قۆناغ دابەش بكرێت: ستراتیژیەتی سەربازی و ستراتیژیەتی جەماعی. دەكرێت قۆناغی یەكەم پتر ورد بكرێتەوە، هەروەك ئەوەی پێشمەرگە ئەنجامی داوە. كاتێك داعش دەستی كرد بە هێرشكردنە سەر ئەو خاكانەی لە ژێر دەستی كورددا بوون، پێشمەرگە دەستی دایە پرۆسەیەكی بە پەلە كە لە سێ قۆناغ پێكهاتبوو:
1ـ بەرگرتن بە پێشڕەویی داعش بەرەو هەرێمی كوردستان.
2ـ پاشەكشەپێكردن و ڕزگاركردنی ئەو ناوچانەی داعش دەستی بەسەرداگرتبوو.
3ـ شكستهێپێنانی داعش لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و لە عێراقدا بە گشتی.
بەهۆی بەكارهێنانی ئەم ستراتیژیەتەوە، پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەی بە دەست هێنا لە قۆناغی یەكەم و دووەمدا. بەڵام پێشمەرگە ناتوانێت بە تەنها لە قۆناغی سێیەمدا سەركەوتوو بێت. لە ئێستادا، پێشمەرگە ناتوانێت و ئەو جۆرە چەك و ئەو جۆرە سیستمی چەكەی نییە كە پێویستن بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی سێیەم. كەواتە پێویست بە پشتیوانییەكی سەربازیی زیاتر، هەروەها چەكی پێشكەوتووتر دەكات لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
سەرەڕای ستراتیژیەتی سەربازی، بۆ تێكشكاندنی ئەم گرووپە تیرۆریستییە، دەبێت وەڵامێكی جەماعیش هەبێت- بە تایبەتی، ستراتیژیەتێكی نێودەوڵەتیی و گشتگیر و جەماعی كە پشتیوانییەكی تەواو لە هێزەكانی پێشمەرگە بكەن. پێشمەرگە تەنها هێزن لەسەر زەوی شەڕی داعش دەكەن، هەروەها تەنها هێزن كە سەركەوتوو بوون لە شكستپهێنانی داعشدا. بەوپێیە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دركی بە ڕۆڵی گرینگی پێشمەرگە كردووە و لە سەرەتای بیركردنەوەدایە لەبارەی دەستەبەركردنی چەكی پێویست بۆیان. لەوەش زیاتر، شەریكەكانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی ڕێگایان داوە بە سوپاكانیان بۆ ئەوەی پشتیوانیی ئاسمانی دەستەبەر بكەن و كار لەگەڵ نەتەوە شەریكەكانیاندا بكەن بۆ ئەنجامدانی گورزی ئاسمانی بە ئامانجگیراو لە عێراق و سووریا وەك بەشێك لە ستراتیژیەتێكی گشتگیر بۆ لاوازكردن و تێكشكاندنی داعش.
پێویستە ئۆپەراسیۆنەكانی گۆڕەپانی شەڕ و گورزە ئاسمانییە سەربازییەكان بەردەوام بن لە دژی داعش لە عێراق و سووریا، تاوەكو ئەم گرووپە لاواز دەبێت و تێكدەشكێت، لەبەر ئەوەی داعش تەنها هەڕەشەیەكی ناوچەیی نییە، بەڵكو لە هەمان كاتدا هەڕەشەیەكی نێودەوڵەتیشە، دۆخەكە پێویستی بە وەڵامێكی نێودەوڵەتی هەیە.
بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی سیستماتیكی و قێزەوەن، داعش توانیویەتی زیان بە خەڵكانی مەدەنی بگەیەنێت و بەردەوام لەسەر بنەمای ئیتنی خەڵكانی مەدەنی بكاتە ئامانج. داعش ناسەقامگیری لە عێراق و سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست كردووە، هەروەها بووهتە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی ناوچەیی. لەوەش زیاتر، داعش بەردەوامە لە ڕاكێشانی هەزارەها شەڕكەری بیانی بۆ نێو ڕیزەكانی لە سووریا و عێراقدا. لەبەر ئەم هۆكارانە پێویستە لە ئێستادا و بە گوێرەی ئەم واقیعە هەڵسوكەوت بكەین.
بۆ ئەوەی باشتر لەو قەیرانەی ئێستا تێبگەین و ستراتیژیەتێكی سەركەوتوو پیادە بكەین، دەبێت بە تەواوەتی لە قۆناغەكانی پەرەسەندنی ئەم قەیرانە تێبگەین. وێنە پڕ لە مەترسییەكانی مەدەنییە بێتاوانەكان: كورد و كوردی ئێزدی، موسوڵمان و مەسیحی و خەڵكانی لۆكاڵی و خەڵكانی بیانی كە دەكوژرێن و دەستدرێژیی جەستەییان دەكرێتە سەر و سەریان لە لەشیان جیا دەكرێتەوە و بە زیندوویی دەسووتێنرێن لە عێراقدا، كە تەواوی جیهانیان تووشی شۆك كرد. لە سەرەتادا پلانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە بەربەرییە لە پێشڕەوییاندا بەرەو مووسڵ بە مەبەستی ڕزگاركردنی كۆمەڵێك زیندانی بوو. ئامانجیان دەستبەسەرداگرتنی شارەكە و بەرفراوانبوونیان لە ناوچەكەدا نەبوو. بەڵام ئەمە دەقاودەق بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو لە هاوینی ساڵی ڕابردوودا ڕوویدا.
ئەوەی لێرەدا شایستەی ئەوەیە بە بیری بهێنینەوە ئەو سیاقەیە كە تێیدا داعش سەریهەڵدا و ئەو پەرەسەندنە گرینگانە بوون كە ڕوویاندا لە هاوینی ساڵی 2014دا. سەرهەڵدانی داعش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لە نێویاندا هەوڵی شكستخواردوو بۆ سەپاندنی عێراقێكی یەكگرتوو لە ناوچەكەدا، شكستەكانی حكوومەتی سەرۆكوەزیران، نووری ئەلمالیكی، هەروەها نەبوونی متمانە و هاوكاری لە نێو گرووپە جیاوازەكانی عێراقدا. سیاسەتە تایفەگەری و تاكڕەوییەكانی مالیكی ئاگری ناكۆكییە تایفەگەرییەكانی خۆش كرد، لەگەڵ دوورەپەرێزخستنی سوننەكان لە عێراق و پێشێلكردنی دەستوور و شكستی حكومڕانی لە بەغدا.
لەوەش زیاتر، نەبوونی سوپایەكی نیشتیمانی لە عێراق و بنیاتنانی سوپایەكی تایفەگەری– هەروەك بە «سوپای دەنگدەر» بۆ مالیكی ناسراوە- ئەویش بۆ تەلاعوبكردن بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆی، یەكێكی دیكەیە لە فاكتەرەكان. بەوپێیە، لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا، مالیكی نزیكەی 500,000 دەنگی لە نێو سوپادا بە دەست هێنا. هۆكارێكی دیكە كە بەشدار بوو لە سەرهەڵدانی داعش بریتییە لەو كەشە سۆسیۆ-سیاسییەی لە عێراقدا لە ئارادا بوو، كە كەشێكی لەبار بوو بۆ سەرهەڵدان و بەهێزبوونی داعش. لەبەرئەو هۆكارانەی ئاماژەیان پێكرا، تێڕوانینی ئێمە ئەوەیە كە داعش بەرهەمی حكومڕانی شكستخواردووی مالیكی بوو لە عێراقدا.
ئەوە تێڕوانینێكی بەربڵاوە كە داعش نەخۆشیی ناوچەكە نییە، بەڵكو نیشانەی ئەو نەخۆشیەیە كە لە ناوچەدا لە ئارادایە، كە لە بنەڕەتدا بەهۆی ئەم سیاسەتە شكستخواردووانەوە دروست بوون. عێراق و هەرێمی كوردستان لەم دۆخەدا نەدەبوون ئەگەر حكوومەتی بەغدا گوێی بۆ ئەو هۆشداریانە بگرتایە كە لەلایەن بەرپرسانی كوردەوە، هەروەها دۆستە ئەمەریكاییەكان و هاوەڵە ئیقلمییەكانەوە پێی درا. ئێستا ئێمە لە شەڕێكی كوشندە و قەیرانێكی مرۆییداین.
پێش ئەوەی مووسڵ بكەوێتە دەستی داعش، لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2013دا، بەرپرسانی كورد حكوومەتی فیدڕاڵی عێراقیان لە بەغدا ئاگادار كردەوە لەبارەی هەڕەشەی ئان و ساتی داعش لە دژی شارەكە و پێشنیازی هاوكاریشیان كرد بە ڕەوانەكردنی هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگریكردن لەو ناوچەیە. بە داخەوە، گوێ بە ئاگادارییەكانی ئێمە نەدرا. شەش مانگ دواتر، لە 9ی حوزەیرانی ساڵی 2014دا مووسڵ كەوتە دەستی میلیشیا بەربەرییەكان. دوای چەند سهعاتێك لە كەوتنی مووسڵ، پێنج فیرقەی سوپای عێراق و فیرقەیەكی پۆلیسی فیدڕاڵی بە تەواوەتی داڕووخان و بە دەیان هەزار سەرباز شوێنەكانی خۆیان و چەكی قورسیان بۆ داعش جێهێشت. لە ماوەی چەند سهعاتێكدا، داعش لە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی دڕندەوە گۆڕا بۆ دەوڵەتێكی تیرۆریستی بێ پێشینە.
بەڵام ئەوە تەنها توانای سەربازیی داعش نییە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەیەوە نیگەران بن، بەڵكو ئەو داهاتە دارایی بێ پێشینەیە بوو كە بۆ تیرۆریزم دەستەبەر دەكرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەكانی دیكەی جیهاندا.
بۆ ئەوەی ئەم تێڕوانینە بە بەرفراوانتر بخەینەڕوو:
1ـ داعش بۆ هەر رۆژێك لە نێوان سێ بۆ شەش ملیۆن دۆلار بە دەست دەهێنێت لە ڕێی فرۆشتنی نەوت و فرۆشتنی ئاسەوارەكانی عێراق و گەنم لە بازاڕی ڕەشدا.
2ـ پارەی كۆمەك و سەرانە و باج وەردەگرێت.
3ـ ئەو خاكەی كۆنتڕۆڵی كردووە لە ئەردەن گەورەترە.
4ـ چەكی پێشكەوتووی پێیەو لە چەند بەرەیەكەوە شەڕ دەكات، بە هەزارەها شەڕكەری بیانی لە سەرتاسەری جیهانەوە، لە نێویاندا لە وڵاتانی ئەورووپاوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچن بۆ ئەوەی بچنە نێو داعشەوە.
لەگەڵ بوونی ئەو توانا داراییە و ئەو هاوسۆزییە ڕوو لە گەورەبوونە، دەكرێت ئەوە ڕوو بدات كە قابیلی بیرلێكردنەوە نەبێت. پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادە بێت و هەموو فاكتەرەكانی ئەم هاوكێشەیە لەبەرچاو بگرێت. داعش لە عێراق و سووریا هەڵدەسورێن-ڕەنگە سبەینێ بگاتە لای ئێوەش. تەنانەت ڕاستییەكی ترسێنەر هەیە ئەویش ئەوەیە كە بە پەنهانی خەڵكانی گەنجی ئێوە ڕادەكێشرێن بۆ نێو ئەم گرووپە تیرۆریستییە بەربەرییە. كەواتە، دەبێت هەر نەتەوەیەكی ئازادیخواز نیگەران بێت لە بارەی چوونی خەڵك لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ نێو داعش.
لە ماوەی چەند رۆژێكدا لە دوای كەوتنی مووسڵەوە بە سەدان هەزار خێزان هەڵاتن و ڕوویان كردە هەرێمی كوردستان، كە قەیرانێكی مرۆیی و بارگرانییان لەسەر سەرچاوە سنووردارەكان دروست كرد. ئێمە پەنای 1 ملیۆن و 500 هەزار پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆییمان داوە، كە ئێستا لە سەدا 20ی دانیشتووانی كوردستان پێكدەهێنن. وێنای ئەوە بكەن كە لە ماوەی چەند مانگێكدا لە سەدا 20ی دانیشتووانەكەت زیاد بكات، چۆن دەكرێت ئیدارەی ئەم پەرەسەندنە بكرێت، بەتایبەتی كە پێویستی بە ئاوڕدانەوەی بە پەلە هەیە؟
لەوەش زیاتر، بەهۆی ئەو توانا پێشكەوتووانەی لە هێرشی سەر مووسڵەوە بە دەستیان هێنا، داعش لە 3ی ئابدا هێرشی كردە سەر شنگال، توانیویەتی دەست بەسەر شارەكەدا بگرێت و تاوانی ترسناك ئەنجام بدات. لەو كاتەدا ئێمە داوای هاوكاریی سەربازیمان لە دۆست و هاوپەیمانەكانمان كرد. ئێمە سوپاسگوزاری ئەمەریكا و ئەندامانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتین، هەروەها سوپاسگوزاری وڵاتە ئەورووپاییەكانیشین بۆ گوێگرتن لە داواكارییە بە پەلەكانی ئێمە بۆ دابینكردنی پشتیوانیی ئاسمانی گرینگ، بەڵام ئەمە بەس نییە- دەبێت كاری زیاتر بكرێت. لە ئێستادا قەیرانەكە بەردەوامە. نەك هەر تەنها بە چەكێكی سنووردار شەڕ لەگەڵ كوشندەترین گرووپی تیرۆریستی دەكەین كە مرۆڤایەتی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵكو ئەركی دابینكردنی هاوكاریی مرۆییشمان لە ئەستۆیە بۆ ئەو كەسانەی پەنایان بۆ هێناوین. هیچ كاتێك سنووری ئێمە دانەخراوە بە ڕووی ئەو كەسانەی لە سەركوتكاری و كوشتنی سیستماتیكی هەڵدێن.
باجی شەڕێكی بەردەوام، هاوشان بە بوونی 1 ملیۆن و 500 هەزار پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆیی- لە نێویاندا ئێزدی و مەسیحی و كورد و عەرەب- بارگرانییان لەسەر تواناكانی ئێمە دروست كردووە، بۆ بایەخدان بەو خەڵكانە. ئێمە ئەوانە لەخۆ دەگرین بە بێ ئەوەی پشتیوانییەكی داراییی گەورەمان پێ بگات لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە. لەوەش گرینگتر، حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق بەردەوامە لە گوشارخستنەسەر وڵاتانی رۆژئاوا تاوەكو بەغدا هەڵبستێت بە پشكنینی ئەو هاوكارییە مرۆیی و تەقەمەنی و چەكی سووك و مامناوەندانە پێش ئەوەی بگەنە هەرێمی كوردستان، بەوپێیە دەبنە هۆی دواكەوتنیان. ئەم دواخستنە هۆكارێكە بۆ لەدەستدانی ژیانی ئەو كەسانەی لە سەنگەرەكاندان و ژیانی ئەو كەسانەش دەخاتە مەترسییەوە كە پێویستیان بە ئاو و خۆراك و شەڵتەرە. پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درك بەوە بكات كە ئەمە مەترسییەكە ڕووبەڕووی ئەویش دەبێتەوە و بایەخدانی بەو خەڵكانە ئەركی ئەوە لە ئاست مرۆڤایەتیدا. لەوەش زیاتر، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە درك بەوە بكات كە پێویستە كاری زیاتر بكرێت بۆ تێكشكاندنی ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە ڕێی ددانپێدانان بەوەی پێشمەرگە پێویستی بە هاوكاری زیاترە. بە دیاریكراوی پێویستیان بەوەیە لە ڕووی سەربازییەوە پشتیوانی بكرێن و چەكی پێویستیان بۆ تەرخان بكرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی گونجاو شەڕی داعش بكەن. پێشمەرگەكانی ئێمە بە چەكی كلاشنیكۆف شەڕ دەكەن، ئەگەر بە شێوەیەكی واقیعی قسە بكەین ئەوا ناتوانن بەم چەكە سادە و بەسەرچووە سەركەوتوو بن، هەروەها با ئەو ڕاستییەمان لەبیر نەچێت، كاردانەوەیەكی نێودەوڵەتی دەبێت پێشمەرگە لەخۆ بگرێت لەبەر ئەوەی تەنها هێزن سەركەوتووانە داعشیان تێكشكاندووە لە گۆڕەپانی شەڕدا و 20000 كیلۆمەتر خاكیان ڕزگار كردووە. بە دڵنیاییەوە، سەركەوتن قوربانیی گەورەشی دەوێت. ئێمە 1200 پێشمەرگەمان لە دەست داوە لە شەڕدا. زۆربەی ئەم قوربانیانەش بەهۆی نەبوونی كەلوپەلی پێویستەوە بووە.
لە ماوەی چەند مانگی كەمی ڕابردوودا، داعش توانیویەتی لە باكوور و رۆژئاوای عێراق و رۆژهەڵاتی سووریا دەست بەسەر خاكدا بگرێت. هەرچۆنێك بێت، خۆشبەختانە هێزەكانی پێشمەرگە و گورزە ئاسمانییە بەردەوامەكانی هاوپەیمانێتیی دژ بە داعش لاوازی كردوون. پێشمەرگە لە باری هێرشبردندا دەبێت تاوەكو ئەو گرووپە بە تەواوەتی تێكدەشكێت. هەروەها بەشداربووانی ئەو هاوپەیمانێتیەش پابەندن بە ریشەكێشكردنی ئەو هەڕەشەیەی لە داعشەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە دەبێت سێ شت بكرێت:
1ـ ئاوێتەكردنی سوننەكان لە هاوپەیمانێتیی دژ بە داعش
2ـ هەوڵ و كۆششێكی بەهێز و بوونی ئامادەیی زیاتر لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆ ئەوەی رۆڵێكی چالاكتر ببینن لە شەڕەكەدا.
3ـ ئامادەیی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی پشتیوانیی تەواو لە پێشمەرگە بكەن، هەم لە سەر ئاستی ستراتیژی و هەم لەسەر ئاستی سەربازی، بە تایبەتی لە پەیوەندیدا بە چەكی پێویستەوە بۆ بردنەوەی شەڕەكە.
پوختەی مەسەلەكە ئەوەیە كە هێزەكانی پێشمەرگە ناتوانن بە تەنیا ئەم شەڕە بكەن كە چەكێكی سنوورداریان هەیە. ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی ئەركی خۆمان ئەنجام بدەین بۆ لاوازكردن و تێكشكاندنی داعش لە ناوچەكەدا، هەروەها بۆ بەشداریكردن لە سەقامگیركردنی عێراق و سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام پێویستە پێشمەرگەكانی ئێمە چەك و كەلوپەل و مەشقیان بۆ دەستەبەر بكرێت.
ڕێككەوتنێكی گشتی هەیە لە نێو شەریكەكانی هاوپەیمانێتییەكە لەبارەی رۆڵی ئیجابیی پێشمەرگەكانمان و هەرێمی كوردستان لە ئیدارەدانی ئەم شەڕە و ئەو قەیرانە مرۆییە بەردەوامەی لە ئارادایە. ئێمە وەك هەرێمی كوردستان و هێزە پێشمەرگەكانمان ناتوانین ئەو دۆخ و قەیرانەی ئێستا لەبەرچاو نەگرین. ئێمە بەرپرسیارێتیی تەواوی سەلامەت و ئاسایشی خەڵكی خۆمان لەئەستۆ دەگرین، هەروەها بەرپرسیارێتی ئەو خوشك و برایانەی پەنایان بۆ هەرێمەكەمان هێناوە، كە دەبێت بەرگرییان لێ بكەین، لە دژی هەر هێزێك كە هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتییان دەكات.
ئێمە، وەك هەرێمی كوردستان و هێزە پێشمەرگەكانمان سوپاسگوزارین بۆ ئەو پشتیوانییەی لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەبەخشرێت، بەڵام پێویستمان بە هاوكاریی سەربازی زیاتر هەیە. پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لە ڕێی گورزە ئاسمانییەكانەوە و ڕەوانەكردنی چەند بڕە چەكێك كە پێویستن بۆ شەڕكردن لە دژی داعش بەس نین بۆ تێكشكاندنی ئەم گرووپە تیرۆریستییە. تەنیا رزگاركردنی مووسڵ بەس نییە، هەروەها بە دڵنیاییەوە جێبەجێكردنی ستراتیژیەتێكی بە پەلە بەس نییە بۆ تێكشكاندنی داعش. تاوەكو داعش لە مووسڵدا بێت، ئەوا داعش هەڕەشەیەكی گەورە دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ تێكڕای عێراق و بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ تەواوی جیهان. جار لە دوای جار هەرێمی كوردستان دڵسۆزی خۆی سەلماندووە بۆ دۆست و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەلماندووە، بەڵام تاوەكو ئێستا داواكاری ئێمە بۆ دابینكردنی چەكی پێویست بۆ تێكشكاندنی داعش فەرامۆش كراوە. كاتی ئەوە هاتووە گوێ بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگیرێت و هاوكاریی بكرێت و لەم ڕوانگەیەوە هەڵسوكەوت بكرێت، ئەویش لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەكە، هەروەها پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
*ئهم باسه به زمانی ئینگلیزی له گۆڤاری (Turkish Policy Quarterly) و به زمانی كوردی له گۆڤاری گوڵاندا بڵاو كراوهتهوه.
*ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان




