٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

عێراق نموونەى وڵاتێکی خاوەن سیستەمی حوکمی پەرلەمانی

سەرچاوە: KDP.info

جه‌لال شێخ عه‌لی

ماوەیێکە مشتومڕ لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکانە دەربارەى سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان بەردەوامە و لەوپەڕی گەرموگوڕیدایە، کە ئایا سیستەمی حوکم لە هەرێمی کوردستان جۆری سەرۆکایەتى بێت یاخود پەرلەمانی.
لەسەر ئەم بابەتە لایەنە سیاسییەکان بەسەر دوو ڕا دابەش بوونە، لایەنێک لەگەڵ سیستەمی سەرۆکایەتین و لایەنى دووەم لەگەڵ پەرلەمانین، کەچی میللەت بڕیارى خۆی داوە و زۆرینەیان لەگەڵ سیستەمى سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆکن لە لایەن ئەوانەوە.
لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین باس لە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم دوو سیستەمە بکەین و کامەیان شیاوترن بۆ هەرێمى کوردستان.
لە جیهاندا چەندین سیستەمی حوکمڕانی هەن، بەڵام مەبەستی ئێمە وەک ئاماژەمان پێدا قسەکردنە تەنها لەسەر دوو مۆدێل، یەکەمیان پەرلەمانی وەک دەوڵەتى (عێراق) و سەرۆکایەتى وەك (ئەمەریکا).
سیستەمی پەرلەمانتاری مۆدێلێکی دیموکراسی حوکمکردنە کە تێیدا حکوومەت (دەستەڵاتی جێبەجێکار/کابینە) شەرعیەت لە پەرلەمان (دەستەڵاتی یاسادانان/تەشریعی) وەردەگرێت‌ و بەرپرسیشە لە بەرانبەری، واتە پەرلەمان وەک دەزگایەک کە نوێنەرایەتیی گەل دەکات چاودێری‌ و لێپێچینەوە لە حکوومەت دەکات. لەم حاڵەتە حکوومەت ‌و پەرلەمان تێکئاڵاون‌ و تەواوکەری یەکدین. لە سیستەمی پەرلەمانی دیموکراسی، سەرۆکی دەوڵەت کەسێکی جیایە لە سەرۆکی حکوومەت لەم جۆرە سیستەمەدا دەکرێت سەرۆکی دەوڵەت (هەرێم) ‌ رۆڵێکی تەشریفاتی وەربگرێت.
بە ڕای من ئەم جۆرە بۆ کۆمەڵگایەکی ئەورووپایی خاوەن ئەزموون لە دیموکراسیەت دەگونجێ زیاتر لەوەى کە بێین و لە هەرێمێکی خاوەن ئەزموونێکی نوێ وەک ئێستای کوردستان پەیرەوى بکەین، کە لە ئەنجامدا وەک حاڵی حکوومەتى ناوەندی عێراقمان بەسەر دێت و ئەبینە گرووپ گرووپ بۆ خزمەتکردنی ئەجیندای دەزگا سیخورییەکانی ولاتانی دراوسێ هەر وەک چۆن ئێستا لە بەغدا دەیبینین.
سیستەمی دووەممان سیستەمی سەرۆکایەتییە ئەویش مۆدێلێکە لە حوکمڕانی کە تێیدا حکوومەت (دەستەڵاتی جێبەجێکار) لەلایەن کەسێکەوە بەڕێوە دەچێت کە پێیدەگوترێت سەرۆک، ئەو کەسە هاوکات هەم سەرۆکی دەوڵەتە هەم سەرۆکی حکوومەتە، سەرۆک بە گشتی راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت. لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا دەستەڵاتی جێبەجێکار دەستەڵاتێکی جیایە لە پەرلەمان (دەستەڵاتی یاسادانان)‌. لەم سیستەمەدا پەرلەمان توانای چاودێری هەیە بەسەر سەرۆک، بەڵام دەستەڵاتی لێپێچینەوەی نییە لە سەرۆک لە حاڵەتی زۆر دەگمەن نەبێت، وەک ئەوەی لە ئەمه‌ریکا پێیدەگوترێت تانەلێدان وەک لێپێچینەوەکەی کۆنگرێسی ئەمه‌ریکایی لە بیل کلینتۆن.
لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا سەرۆک ‌و پەرلەمان هەر دەزگایەك لە ئاستی خۆی سەربەخۆیی خۆی هەیە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەم پەرلەمانتاران هەم سەرۆک راستەوخۆ و بە جیا لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێن، بۆیە هەردوولا شەرعیەتی خۆیان لە گەل وەرگرتووە و ئەمەش سەرچاوەی دەستەڵاتی هەردوولایە و هەرلایەنەش بەرنامە و مانداتی خۆی هەیە.
لە رووى پراکتیدا ئەوەى ئێستا لە کوردستان پەیرەو دەکرێ، سیستەمی حوکمی ((نیمچە سەرۆکایەتییە)) نەک سیستەمی سەرۆکایەتى، چونکە وەک دەزانین سەرۆک بەرپرسیارە بەرامبەر بە پەرلەمان و لەهەمان کاتدا سەرۆک دەستەلاتی سەرۆکایەتى هەیە کە لەم کاتەدا کوردستان پێویستیەتى بۆ گواستنەوەى لە قۆناغی هەرێمی بۆ قۆناغی دەوڵەتبوون، نەک تەنها پۆستێکی تەشریفاتی هەبێت وەک ئەوەى لە سیستەمی پەرلەمانی هاتووە و ڕۆژانە کۆسپ و تەگەرەى لەبەردەم دابنرێ و ڕیگا لە خەونی سەربەخۆیی بگرین بە بیانووى یاسا و دەستەلات، بۆیە ئەگەر کوردستانێکی سەربەخۆمان بوێت پێویستمان بە سیستەمی سەرۆکایەتى یاخود نیمچە سەرۆکایەتى دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار