٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پەرەشێنكە بۆ پوتین.. بە دوژمنی دوژمنەکەم ئوكراین دەپارێزم

سەرچاوە: KDP.info

د. محەمەد خدر مەولوود
لە هەنگاوێكی چاوەڕواننەكراودا، پەرەشێنكەی سەرۆكی ئوكراین لە ڕۆژانی  29و30 مانگی مایس دا، پاش ئەوەی ڕەگەزنامەی ئوكراینیی بەخشیە ساكاشفیلی، فەرمانی بوون بە پارێزگای شاری ئەدێسای بۆ دەرهێنا.

ئەدێسا، ئەو شارەیشە و ڕۆژی پڕ لەكار و بزاڤدایە، یەكێكە لە هەرێمە گرنگەكانی ئوكراین، بەشی هەرەزۆری دانیشتووانەكەی بە زمانی ڕووسی دەدوێن وكەلتوریڕووسیی بەسەردا زاڵە، كەوتۆتە باشووری وڵات لەسەر دەریای ڕەش دایە و ئوكراینییەكان بە (مرواری دەریا) ناوی دەبەن، نەك هەر لەبەر ئەوەی شارێكی دڵرفێنی گەشتوگوزارییە، ساڵانە گەشتیار لە هەموو لایەكەوە ڕووی تێ دەكەن، بەڵكو شارێكی بازرگانی و پیشەسازی و ئەدەبی و هونەرییشە، بە تەلاری جوانی بالێ و سینەما و هونەری و ئەندازیاری و پەیكەر و مۆزەخانەی ئەدیب و هونەرمەندانی وەك پوشكین، چایكۆفسكی، تۆلستۆی، ئانا ئەخماتەفە، تاراس شەفچێنكە و، هتد ڕازاوەتەوە. سەرباری بوونی زانكۆی مێچنیكەفە كە بە یەكێك لە زانكۆ دێرینەكانی جیهان دادەنرێت.
بوونی ساكاشفیلی بەپارێزگاری ئەو شارە زۆرێك لە ناوەندە سیاسی و ئابووری و میدیاكان و كەسایەتی دیاری ناوەوە و دەرەوەی ئوكراینی تووشی سەرسوڕمان كردوە. بەتایبەتیش مۆسكۆ كە نەیتوانی نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر ئەم كارەی كیێف بشارێتەوە.
جا ئەم میخائیل 'ساكاشفیلی'ـە كێیە؟ چۆن بوو بە پارێزگاری ئەدێسا؟ میخائیل ساكاشفیلی تا تشرینی دووەمی 2013 سەرۆكی جۆرجیا بوو، لەسەر کێشەی ئۆسیتا و هاتنەدەرەوەی یەكجارەكی جۆرجیا لەژێر نیری ڕووسیا، دوژمنی سەرسەختی پوتین و سیاسەتی مۆسكۆ بوو لەو ناوچەی كە تا ئێستاش ڕووسەكان بە قەڵەمڕەوی خۆیانی دادەنێن، ئەو تا جۆرجیای بەجێ هێشت وێڕای شەڕ و ڕووبەروبونەوەی لەگەڵ ڕووسیادا نەچووە ژێر باری مۆسكۆ.
ئەگەرچی ئێستا مۆسكۆ ساكاشفیلی بەوە تاوانبار دەكات كە لە ماوەی سەرۆكایەتیدا (5)ملێون دۆلاری جۆرجیای بەهەدەر داوە، بەڵام جۆرە نیگەرانی و ترسێكشی لە بوونی بە پارێزگاری ئەدێسای ئوكراین لێ دروست بووە، چونكە لە ساڵی پارەوە لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە رۆژهەڵات و ناوچەی دەمباسی ئوكراین چەندجارێك جوداخوازەكان شەڕوئاژاوەیان لەدەربەندەكانی ئەدێساوە پەڕاندەوە نێوسەنتەریشار،بەڵام نەیانتوانی وەك لۆگانسك و دانێستك داگیری بكەن. ئێستا كەپەرەشێنكەی سەرۆكی ئوكراین لەناوەوە ڕووبەرووی ڕەخنەی توندی ئوكرایینەكان بۆتەوە و بەئاشكرا دەڵێن (هەر سەكەشفیلی مابوو! دیارە ئوكرایینەكان كەسیشیاویان بۆ شوێنی شیاو تێدا نییە؟) لە مۆسكۆوەش لەسەر زاری سەرۆكی لیژنەی دەستووری ئەنجومەنی فیدراڵی ڕووسیا ئەندێریە لیكیشاس دەگوترێت (ئەم كارەی كیێف وڵاتی ئوكراین بەرەو هەڵدێر دەبات) پەڕەشێنكە بێ باك لە هەموو ڕەخەنەكان كە لە ماوەی 24 سەعاتدا ڕەگەزنامەی ئوكراینیی پێ دەبەخشێت و فەرمانی بوون بە پارێزگاری ئەدێسای بۆ دەردەكات، چەند مەبەستێكی هەیە؛ گرنگترینیان ئەوەیە كەوا، ساكاشفیلی دوژمنە سەرسەختەكەی ڕووسیا باشتر پارێزگاری لەو پارێزگایە گرنگە دەكات كە وەك هەرێمێكی ستراتیژی و دەوڵەمەند وایە و لە ڕووی جیۆسیاسییەوە لە باشووریدا لەنێو دەریاوە سنووری لەگەڵ (نیمچەدوورگە لەدەستچووەکەی كریم) کە مۆسكۆ دابڕی کردووە، لەبەری رۆژهەڵاتی وشكایشدا وا شەڕی جوداخوازەكان لە (ماریەپۆڵ) نزیك بۆتەوە و سەنتەری ئەو شارە لە ژێرئاگری لوولەی تۆپ و تانك و زریپۆشەكانە و بە داگیركردنی ئەوێ ئاگری شەڕ لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئەدێسا زۆر نزیك دەبێتە و لە دوو لاوە گەمارۆ دەدرێ. كەواتە ساكاشفیلی بۆ ئەو بارودۆخەی ئێستا و بۆ ئەم پۆستە و بۆ پاراستنی ئەدێسا لە كەسی دیكە شیاوترە.
بۆ پەرەشێنكەی سەرۆكی ئوكراینش ئەم كارە دوو پەیام لەخۆ دەگرێت؛ یەكەمیان بە مۆسكۆ و پوتین دەڵێ: (دۆژمنی دوژمنم دۆستم)ـە، بە ئەورووپا و ناتۆش دەڵێ: ئوكراین لە ژێر نیر و قەڵەمڕەوی ڕووسیا هاتووەتە دەر و، خۆی لەگەڵ سیستەمی ئەوروپا دەگونجێنێت و، ئەوەش بە بیری ئەوروپاییەكان دێنێتەوە كە بەرلەوەی ئەم پۆستەی ئەدێسا بداتە غەیرە ئوكراینی یەكی وەك ساكاشفیلی سەرۆكی پێشووی جۆرجیا، پۆستی چەند وەزارەتێكی وەك تەندروستی و دارایی و ئابوورییشی لە حكومەتە تازەكەیدا لە دوای لەسەركارلادانی یانیكۆفیجی لایەنگری مۆسكۆ لە ئازاری 2014 بە غەیرە ئوكراینیی دیكە بەخشیوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار