بردنەوە لە سەربەخۆییماندایە

ئازا حەسیب قەرەداخی
لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران، پێكدادان لە نێوانی چەكدارانی پەكەكە و پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران روویدا.
دوای ساڵەهای ساڵ لە تەحریمی شەڕی كورد و كورد، بە لوولەی تفەنگەكانی پەكەكە و خوێنی شەهید و بریندارانی دیموكرات، جارێكی دیكە رۆژێكی ناسۆر لە شەڕی ناوخۆ تۆمار كرایەوە.
-هۆكاری شەڕەكە، كە بە گوتەی پەكەكە: "دانانی بنكەیەكی گومرگ بووە لەلایەن دیموكراتەوە لە كێلەشین"!!.
-ماوەی شەڕەكە، كە دیسان بە قەولی پەكەكە: "تەنیا 3 دەقیقەی خایاندووە"!!
-شوێن روودانی شەڕەكە، كە بە گوتەی پەكەكە: "ناوچەی قەڵەمڕەو و خاكی پەكەكەیە"!!. سێ بەهانەی بێ بەهان و زۆر لەوە بێ نرخترن كە بگەن بە زەڕەیەك لەو خۆڵەی لە بەرپێی پێشمەرگە شەهیدەكەی دیموكراتدا بە خوێن شۆرایەوە.
هەر قسەیەكیش لە بارەی ئەم پێشهاتەوە بكرێ هەر ئەوەیان باشە كە با هەمووان، حزب و لایەنە سیاسییەكان و دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان و كەسایەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان و راگەیاندن و كۆمەڵگای مەدەنی بەشدارییەكی كاریگەر بكەن، كە ئەو شەڕە نەخوازراوە لەوە زیاتر نەكێشێ و ئەم ئاگرە بەر نەبێتەوە ناو ماڵی كوردان.
رێزگرتن لە بڕیار و ئیرادەی گەلی كوردستان، كە شەڕی ناوخۆی تەحریم كردووە و بە هاناوەچوونی بانگەوازەكەی سەرۆك بارزانی و دەستپێشخەرییەكەی وەفدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی و هەر هەوڵێكی ئاشتیخوازانە، ئەرك و بەرپرسیارێتیی كوردستانییە لە ئەستۆی ئەو دوو لایەنە و، وایان لێ چاوەڕوان دەكرێ لەم قۆناغەدا كار بكەن بۆ هێوركردنەوەی بارگرژییەكان تا هەرچی زووە بەر بە پەرەسەندن و تەشەنەكردنی نەخوازراوتر بگرن. لە بری ئەوە و لەسەر بنەمای ئەو راستییە، كە هیچ لایەك لە شەڕی خۆكوژیدا براوە نییە و تەنیا خۆیشیان دۆڕاو نابن، بەڵكو زیانی زۆر گەورە بە گەلی كوردستان و دۆزە رەواكەی دەگەیەنن، بچنە سەر مێزی دانوستان و بە گفتوگۆ هەر كێشە و ناكۆكییەك كە لەنێوانیاندایە چارەسەری بكەن. دەبێ هەردووكیشیان لەوە دڵنیابن كە خەڵكی نیشتمانپەروەر لە هەر چوار پارچەكەی نیشتمان بەم پێكدادانە نیگەرانن و داوای ئاشتەواییان لێ دەكەن. بۆ ئەو ئامانجەیش، پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی هەموو نێوانگیرییەكن.
گەلی كوردستان، لە باشووری نیشتمانەكەی خۆی ئامادە دەكات بۆ ریفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی و گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە زۆر لەوە بێزارە كە لەم چركەساتە مێژووییەدا گوێی لە تەقەی تفەنگەكانی لایەنێك بێ كە رووی كردۆتە سنگی براكانی. زۆر لەوە نیگەران و خەمبارە كە گوێی لە لاوانەوەی دایكێكی كورد بێ لەسەر تەرمی كوڕە پێشمەرگەكەی، كە بە دەستی براكانی شەهید كراوە.
قۆناغێكی زێڕین بۆ گەلی كوردستان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، هاتۆتە ئاراوە. پرسی كۆتاییهاتنی نەخشەی سایكس - بیكۆ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ناوچەكە بۆتە رۆژەڤی هەمووان و بێ سڵەمینەوە باس دەكرێ، سەردەمێكە تێیدا سەرمایەگوزاریی سیاسیی كوردانەی نیشتمانپەروەرانە دەخوازێ كە بەر لە هەرچی شتێ وازهێنانە لە مەیل و كردەوەی پاوانخوازی و دروستكردنی ناوچەی قەڵەمڕەوی لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان و، پێشێلكردنی سەروەریی باشووری كوردستان، كە پەرلەمان و حكوومەت و دامودەزگا و تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە پەیوەندییە سیاسی و سنووری و ئیدارییەكان و، پێویستە رێزیان لێ بگیرێ و هەموو كوردێك چ وەك تاكەكەس و چ وەک گرووپ و رێكخراو و حزبی سیاسی لە چوارچێوەی ئەوان و بەپێی یاسا پەیڕەوكراوەكانیان بجووڵێتەوە و كار بكات.
لەم قۆناغە هەڵكشاوەدا، پێشمەرگەی كوردستان لە جیاتی هەموو جیهانی ئازادیخواز و بە نوێنەرایەتی و پاڵپشتیی ئەوان سنگی خۆی ناوە بە بەر هێرشی تیرۆریستانی داعشەوە و، هەموو رۆژێ لە میحوەرێك لە میحوەرەكانی جەنگ بە درێژایی هەموو سنووری هەرێمی كوردستان، تێكیان دەشكێنێ و پاشەكشەیان پێ دەكات و لەم جەنگە سەپێنراوەدا قوربانیی زۆر و زەوەند لەپێناوی پاراستنی سەروەری و یەكپارچەیی خاكی كوردستان دەدات، بۆیە رۆژ رۆژی كاركردنە بۆ یەك نیشتمانی و یەك چارەنووسی و یەك قەوارەی سیاسی و ئیداری، نەك بانگەواز بۆ دروستكردنی كانتۆناتی خۆسەری و دابەشكردنی كوردستان لەسەر بنەمای جیاوازیی شێوەزارەكان.
نەتەوەكانی ئەم ناوچەیە، سەدان ساڵە خودان ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن، تەنیا كورد نەبێ. ئەوان خودان ئیمپراتۆری و دەوڵەتی شۆفێنی و فاشی بوون و پەیڕەویان لە سیاسەتی لەناوبردنی كوردان كردووە، بۆیە ئامانجی ستراتیژیی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستان دامەزراندنی دەوڵەتی سەرخۆ بووە، كە پاشی سەد ساڵ دابەشكردنی نیشتمان و لكاندنی بەزۆری بە دەوڵەتە شۆفێنییەكانی ناوچەكەوە، مێژوو بۆ بەرژەوەندیی سەربەخۆیی كوردستان وەرگەڕاوە، ناكرێ و ناشێ لەم چركەساتە مێژووییەدا، كە وەرچەرخانی چارەنووسساز هاتۆتە رێمان، بانگەشە بۆ فیكری دژی دەوڵەتی نەتەوەیی بكرێ و بگوترێ سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە یان دەوڵەتی نەتەوەیی بە بەرهەمهێنەری شۆفێنییەت و ماڵكاولی لە قەڵەم بدرێ. چونكە سیاسەت و بەرنامەی لەمجۆرە هیچ نەتەوەیەكی خودان دەوڵەتی ناوچەكە ناگرێتەوە و دەوڵەتەكانی ئەوان هەڵناوەشێنێتەوە. ئەم سیاسەت و تێفكرینە تەنیا رێ لە كورد دەگرێ كە دەوڵەتی خۆی دروست بكات.
ئەزموونی هەموو دەوڵەتانی نەتەوە باڵادەستەكانی ناوچەكەمان بینیوە، كە شۆفێنی و فاشی بوون. بەڵام بەپێچەوانەی ئەوانەوە ئەزموونی هەرێمی كوردستانمان لەبەر دەستە وەك ئەزموونێكی سەركەوتوو لە پێكەوەژیان و شەراكەت لە بەڕێوەبەردنی سیاسی و ئیداری و پاراستنی مافی هەمووان، بە مافە نەتەوەیی و ئایینی و كهلتوورییەكانەوە. كەواتە نموونەی هەرێمی كوردستان وەك سمپڵی تاقیكردنەوەی دەوڵەتی كوردستان لە ئایندەدا، ئەوا ئەزموونێكی سەركەوتووی بێ وێنەمان لە ناوچەكەدا هەیە.
لەو كاتەدا، كە سەردەمی دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی نەگوزەراوە و بۆ كوردستانییان پایەكانی هەروا پتەوتر دەبێ، ئەو شتەی كە تێپەڕیوە و ئیتر باوی نەماوە حزبی شمولییە، كە بە زۆر بتەوێ حزبێكی شمولی سەرتاسەری لە هەیكەلێكی قووچەكی یەك سەركردەدا دروست بكەیت و یەك تێڕوانین و یەك سیاسەت و یەك میكانیزمی كاركردن بەسەر هەموو پارچەكانی كوردستاندا بسەپێنیت.
پاوانخوازی و دروستكردنی ناوچەی نفوز و بێ رێزیكردن بە ئیرادەی گەلی كوردستان و سەروەری و دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان و، ئیشكردن بۆ هەڵوەشانەوەی نیشتمانی یەكگرتووی كوردستان بۆ ژمارەیەك كانتۆنی خۆسەری و پشتكردنە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان ئیرادەیەكی سیاسی و بەرنامەیەكە هەر لایەنێك خۆی كردۆتە خاوەنی خۆی لێی بەرپرسە و لەبەردەم مێژوودا باجەكانی ئێستا و ئایندەی دەدات، بەڵام ناتوانێ بە گێچەڵكردن بە لایەنە سیاسییەكان و شەڕفروشتن بە حزبەكانی كوردستان بە زۆر بیسەپێنێ بەسەر هەموو ژیانی سیاسی و رەوتی مێژووی ئەم گەلەدا كە هەمیشە چاوی بڕیوەتە خۆری ئازادی و سەربەخۆیی.
لە شەڕی براكاندا، لە خۆسەپاندندا، لە لەبەریەكهەڵوەشانی سەنگەرەكان و دەڤەرەكانی نیشتمانماندا، هیچ لایەنێك براوە نابێ. بردنەوەمان لە یەكڕیزی و خەباتی هاوبەشماندایە بۆ سەربەخۆیی.




