٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دوو ریفراندۆم وەكو نوقڵانەی كۆتاییهاتنی سایكس بیكۆ

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

پاشی سەد ساڵ زانرا، كە نەخشەكەی سایكس بیكۆ نەیتوانی دەوڵەتی هاوڵاتییان و پێكەوەژیانی نەتەوە و ئیتنیك و ئایینە جیاوازەكان لە هیچ یەكێك لەو قەوارانەدا دروست بكات، كە سنوورەكانیان لەو نەخشەیەدان.

ئەگەر دەسەڵات و هەژموون و بەرژەوەندییەكانی ئیمپریالیزمی ئەو سەردەمە و دواتریش ناوچەبەندی بەشدارانی شەڕی سارد و هەڵپەكردن بۆ سەرزەمینی ئاوەگەرمەكان و نەوت لەپشتەوەی سایكس بیكۆ نەبوونایە، هەر ئەو رۆژەی كێشرا دەسڕدرایەوە و، هیچ یەكێ لەم دەوڵەتە فاشیلانەی لێ دروست نەدەبوو كە ئەوەتا پاشی سەد ساڵ جەنگی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و پەیڕەویكردنی جینۆساید و سەدان كارەساتی گەورە و قوربانیی زۆر و زەوەند، ئەوسا بڕوا هێنراوە كە كاتی ئەوە هاتووە ئەو نەخشەیە و ئەو دابەشكردنە جوگرافیاییە نەهێڵرێ و سەرلەنوێ سنوورەكانی ئەم ناوچەیە بكێشرێنەوە.

گۆڕاوە سیاسییەكان وەها نیشان دەدەن، كە عێراق یەكەمین تاقیگەی تاقیكردنەوەی هەڵوەشانەوەی نەخشە جیۆ سیاسییەكەی سایكس بیكۆ بێت.
هۆكارەكان بۆ ئەم گۆڕاوە زۆرن، گرنگترینیان ئەمانەن:
عێراق لەسەردەمی حوكمڕانیی سوننەكاندا جینۆساید و ئەنفالی كورد و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی تێدا ئەنجام درا. لە سەردەمی حوكمڕانی شیعەیشدا شەڕی مەزهەبی و ئاوارەكردن و كوشتن لەسەر ناسنامە پەرەی سەند و، دواجار بە نانبڕین و گەمارۆدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان گەیشت.

لەم عێراقەدا، كە ژمارەی پێوانەیی شكاندووە لە كوشتار و هەژاری و نەخوێندەواری و بێ خزمەتگوزاری، هەرێمی كوردستان تێیدا ئەزموونێكی تەواو جیاوازە لە گەشەی ئابووری، پێكەوه‌ژیان، ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، دیموكراسی و ئازادییەكان، كە شایستەی ئەوەیە وەكو قەوارەیەك بۆ نەخشەی نوێی ناوچەكە تاقی بكرێتەوە.

هەرێمی كوردستانی عێراق دۆزەكەی زۆرتر لە پارچەكانی دیكەی كوردستان هەڵكشاوە. دامەزراوە شەرعییەكانی دامەزراوە و ئەزموونی زیاتر لە 23 ساڵیان لە كاركردن كەڵەكەكردووە و، كۆمەڵگا و دەزگا شەرعییەكان و حزبە سیاسییەكانیش لەو ماوەیەدا دەستوپەنجەیان لەگەڵ دیموكراسی و كێبڕكێ و ململانێكانی ناو گەمەی دیموكراسی نەرم كردووە و، لەو 23 ساڵەشدا حوكمڕانێتییەكی سەركەوتووی بۆ خۆی تۆمار و سەلماندووە، كە تەنانەت توانای خۆڕاگرتنی لەبەردەم چەندین گێچەڵی بەغدا و بڕینی بوودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران هه‌بوو و خۆژێنانە نزیكەی دوو ساڵی بەڕێكردووە، كە هاوكات بووە لەگەڵ شەڕێكی فراوانی سنووردرێژ لەگەڵ دەوڵەتی تیرۆریسانی داعش و بەخێوكردن و داڵدەدانی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە.

ئەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان، جگە لە گۆڕاوە ناوخۆییەكانی، چەندین شیانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیشی بە سەركەوتوویی تۆماركردووە لە كاری سیاسی و پەیوەندیی دیبلۆماسی و كرانەوە بە ڕووی وڵاتانی ناوچەكە و دراوسێ هەرێمایەتییەكانی و وڵاتانی جیهاندا. لەم كرانەوەیەدا رووبەرێكی كراوەی بۆ جووڵەی بازرگانی و سەرمایەگوزاری لە كەرتی جۆراوجۆردا كردۆتەوە، كە ترۆپكی ئەم پرۆسێسەیش سیاسەتی سەركەوتووی نەوت و گاز بووە كە هەرێمی كوردستانی بردۆتە سەر نەخشەی جیهانیی وزە و، بازاڕێكی دروست كردووە قابیل بە داخستن نییە و بەڵكو بەردەوام زیاتر گەشە و فراوان دەبێ.
سەرهەڵدانی داعش و فراوانبوونی رووبەری هەژموونی لە ناوچەكەدا و شكستپێهێنانی دوو سوپای پڕچەكی سووریا و عێراق و، بوونە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، زۆر لە توخمە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكەی هەڵگێڕ و وەرگێڕ كرد، تا ئەوكاتەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی زەحفی داعش راگرێ و پاشان پاشەكشەی پێ بكات. بەمەیش گەلی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونە تەنیا هێز و ئیرادە لە ناوچەكە و جیهاندا، كە رووبەڕووی تیرۆر بوونەوە و شكستیان پێهێنا و ئازادی و ئاشتەوایی و بەها بەرزەكانی مەدەنییەتیان لە سەرانسەری جیهاندا پاراست. ئەمەیش تۆمارێكی نوێی خستە سەر تۆمارەكانی پێشوو كە بە كۆی هەموویان یەك راستیی بنەڕەتی بۆ جیهان دووپاتكردووە ئەویش ئەوەیە كە گەلی كوردستان شایستەی سەروەری و سەربەخۆیی خۆیەتی.

سەروەریی سەربەخۆیی ئەم گەلەیش لە هەڵوەشانەوەی سایكس بیكۆوە دەست پێ دەكات و، هەرێمی كوردستانیش ئامادەترین قەوارەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییە لەم ناوچەیەدا بۆ جێبەجێكردنی یەكەمین هەنگاو لە داڕشتنی نەخشەیەكی نوێ بۆ ناوچەكە.

بۆئەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی هیچ قسەیەكی نەرێنی و بیانوویەكیان لە دژی داڕشتنی نەخشەی نوێ و دەركەوتنی قەوارەیەكی سەربەخۆی كوردستانی لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا نەمێنێ، پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا دوو ریفراندۆم بكرێ:
1- ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كە تێیدا هەموو كوردستانی و كوردێك، لە هەرجێیەكی عێراقدا بژین، دەنگبدەن بۆ دوو بژاردەی بەڵێ و نەخێر بۆ سەربەخۆیی. دەرەنجامەكانی ئەم ریفراندۆمە بەڵگەنامەیەكی سیاسی دەبێ، دەخرێتە بەردەم كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش و وڵاتانی هەرێمایەتی، كە ئیرادەی سەربەخۆخوازی گەلی كوردستان بزانن.

2- ریفراندۆمی دووەم لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، كە بە ناوچەكانی ماددەی 140 ناسراون، بكرێ بۆ بڕیاردان لەسەر گەڕانەوەیان بۆسەر هەرێمی كوردستان. دەرەنجامی ئەم ریفراندۆمە رێكاری بێ و بە پێی دوا هەنگاوی رێكارەكانی جێبەجێكردنی ماددەی 140، جێبەجێ بكرێ و بكرێتە پەیڕەوی یاسایی و ئیتر ئەو ناوچانە ببنە بەشێك لە ئیدارەی هەرێمی كوردستان.
 

هەواڵی پەیوەندیدار