هەزمكردنی سەربەخۆیی

زكری مووسا
سەربەخۆییی كوردستان خەنجەرێك نییە لە پشتی عێراق دەدرێت و ناپاكییش نییە دژی یاسای دەولی و درواسێكان و، مەترسییش نییە بۆ ئاساییشی جیهانی. سەربەخۆییی كوردستان موزایەدەی سیاسیی حزبەكانیش نییە، دەرگەیەكیش نییە بۆ خۆسەپاندن و چەوساندنەوە و ناعەدالەتی وەك كۆمەڵێك خەڵك خوێندنەوەی بۆ دەكەن. سەربەخۆیی حەقیقەتێكە كە بەڕێوەیە و دەیەوێ بدرەوشێتەوە، بەڵام با بزانین ئەم حەقیقەتە چییە.
سایكس پیكۆ هەڵەیەكی مەزنی زلهێزەكان بوو و، ئەنجامەكەی بۆ گەلانی ناوچەكە و بە تایبەت كوردستانیان كارەساتبار بوو. سەربەخۆییی كوردستان یەكەم هەنگاوی ڕاستكردنەوەی ئەم هەڵەیە و، ڕزگاركردنی ناوچەكەیە لە تڕاژیدیا بەردەوامەكان. سەربەخۆییی كوردستان گێڕانەوەی مافێكی زەوتكراوە. ئەو مافەی لە بنەڕەتدا بوونی هەیە و نادرێت و وەریشناگیرێت، بەڵكو مومارەسە دەكرێت.
''سەربەخۆییی كوردستان دووركەوتنەوە و خۆپاراستنە لە ئاگری شەڕی شیعە و سوننە.''
عێراق بۆ یەك چركەیش هاوبەشیی ڕاستەقینەی بەخۆیەوە نەدیت. سوننەی عەرەبی دەستەڵاتدار بە ئاگر و ئاسن و جینۆساید مامەڵەی لەگەڵ كورد كرد و، شیعەی عەرەبی دەستەڵاتدار نانی كوردستانی بڕی. هەردووكیان ناتوانن كورد وەك شەریك قبووڵ بكەن و كوردیان وەك پاشكۆ دەوێت. كوردستانیش نایەوێ پاشكۆ بێت و نایشیەوێت بەشێك بێت لە ململانێ شیعە و سوننە. بۆیە سەربەخۆییی كوردستان دووركەوتنەوە و خۆپاراستنە لە ئاگری شەڕی شیعە و سوننە.
ئەگەر كوردستان نیازی پێشكەوتنی هەبێت لە گشت بوارەكاندا، ئەوا مانەوە لەگەڵ عێراقدا ڕێگری سەرەكی دەبێت لە پێشكەوتنی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. هەموو هەوڵێكی جیددیی كوردستان بۆ پێشكەوتن دواجار لەگەڵ دیواری سیادەی عێراق تووشی پێكدادان دەبێ و، دەپووكێتەوە. بۆ گەشەی زیاتر و ڕەگداكوتانی دامەزراوەكان و بنیاتنانی ژێرخانی ژیان لە كوردستان دەبێ قۆناغی سەربەخۆیی تێپەڕێنێت. كەواتە سەربەخۆیی قۆناغێكی سرووشتیی پێشكەوتنی كوردستان و پڕۆسەیەكی حەتمییە و دەبێ ڕوو بدات.
''سەربەخۆیی قۆناغێكی سرووشتیی پێشكەوتنی كوردستان و پڕۆسەیەكی حەتمییە و دەبێ ڕوو بدات.''
سەربەخۆییی كوردستان سوودی بۆ ناوچەكەیش دەبێت. لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە دەركەوتنی وڵاتێك كە سەرچاوەی تیرۆر و ناسەقامگیری نییە و بەشێكیش نییە لە ململانێی تاییفی خزمەتی پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی جیهانی دەكات. سەربەخۆییی كوردستان كێشەكانی عێراقیش كەم دەكات. ئیتر هیچ كێشەیەك بە ناوی كورد دەوڵەتی عێراق ئازار نادات.
كوردستان وەك دوورگەی دیموكراسی و مرۆڤسالارییە، پێشمەرگە بە قارەمانێتیی خۆی جیهانی ناچار كرد ڕێز لە كوردستان بگرێت و ستاییشی بكات. ئەو شاكارە دیتی دونیای لەبارەی كوردستان گۆڕی. ئیتر هیچ وڵاتێك ڕێگە بەخۆی نادات ببێتە بەربەست بۆ داواكاریی سەربەخۆیی. ئەوە بەو مانایە دێت كە توانا زاتییەكانی گەلی كوردستان وای كردووە ڕوانگای جیهان بەرانبەر مافەكانی گەلی كوردستان بگۆڕدرێت. گۆڕانكارییە خێراكانیش وای كردووە دەرفەتێكی بێوێنە بۆ كوردستان بڕەخسێت، بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێت.
''توانا زاتییەكانی گەلی كوردستان وای كردووە ڕوانگای جیهان بەرانبەر مافەكانی گەلی كوردستان بگۆڕدرێت.''
ئامانجی سەربەخۆییی كوردستان گەڕاندنەوەی ماف و ڕسكاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكە و بووژانەوەیە. بۆیەشە هەنگاوەكانی سەربەخۆیی دەبێ پشت بە شێوازی ئاشتیانە ببەستێت. ئەبێ بەغدا و جیرانەكان لەوە بگەیێندرێن كە ئەم هەنگاوە خزمەتی هەموو گەلانی ناوچەكە دەكات. كوردستان دەبێتە باشترین دراوسێ كە چاوی لە خاكی گەلانی دی نییە و قەیرانیشیان بۆ ناخوڵقێنێت.
بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە شەرعییەتێكی ئەبەدی وەربگرێت و كەس نەتوانێ بە ڕوویدا بوەستێ، پێویستە خەڵكی كوردستان لە ڕێگەی ڕیفراندۆم بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن و حزبەكان و حكوومەتیش جێبەجێكاری ئەم فەرمانەی گەل بن. پێویستە لایەنە سیاسییەكانیش لەم چركە ساتە مێژووییانەدا هەر هەموویان كوردستانی بن و ئایدیۆلۆژیا و بەرژەوەندیی حزبی ختۆكەیان نەدات زیان لە پڕۆسەكە بدەن بەڵكو پاڵپشتی بن و دەوڵەمەندی بكەن.




